ئەردۆغان سەرەتای ساڵی داهاتوو ملی هەڵاوسان دەشكێنین تورکیە

نوچەنێت

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، "پرسی تێچووی بژێوی رۆژانە و هەڵاوسان چارەسەر دەكەین، كە لە خشتەی كاری هەمووان دایە، هەنگاو هەنگاو رێكارەكان دەگرینە بەر هیوادارم لەسەرەتای ساڵی داهاتوو ملی هەڵاوسان بشكێنین."

ئەمڕۆ شەممە (10/ كانوونی یەكەم/ 2022) ماڵپەڕی (زەمانی توركی) بڵاویكردەوە سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، "بە بۆچوونی ئێمە ئەو فۆڕمە كلاسیكیانەی پشت بە بەرزكردنەوەی نرخی سوو بۆ دابەزاندانی هەڵاوسان دەبەستن تا ئێستا ئەنجامێكی دڵخۆشكەری نەبووە، بۆ گرێگری لە هەڵاوسان رێژەی سوو بەرزدەكەنەوە، بەڵام ئابووری ئێمە پشت بە گەشەكردن لە رێگەی بەرهەمهێنان و بەكاربردن و هەناردە و زیادەی حیساب دەبەستێت."

لە بەشێكی تری قسەكانی ئەردۆغان ئاماژەی بەوە كرد، "لەگەڵ ئەو ژێخانەی كە لە ماوەی (20) ساڵی رابردوو بونیادمان ناوە، ئێمە ئێستا لەو وڵاتانەین هەناردەمان ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەكات و لە (300) ملیار دۆلار نزیك دەبێتەوە."

سەرۆكی توركیا جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە،"ئێمە ناوەستین تا دیدی سەدەی توركیا بە هەموو رەهەندەكانی بە دەست نەهێنین، لەو خەباتەمان بەبێ پسانەوە بەردەوام دەبین."ـ

لەماوەی رابردوو تا ئێستا سەرۆكی توركیا بەردەوامە لە دابەزاندنی رێژەی سوو، ئەوەش وایكردووە رێژەی هەڵاوسان بە رێژەیەكی بەرچاو لە توركیا بەرزبێتەوە.. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین