وەزارەتی دەرەوەی توركیا وەڵامی یەكێتی ئەوروپا دەداتەوە هەواڵ

نوچەنێت

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیێندراوێكدا رەخنەی لە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی كاروباری گشتی سەر بە پەیوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپا دەگرێت و رایدەگەینێت، "یەكێتی ئەوروپا ناتوانێت بەشێوەیەكی دروست گۆڕانكارییەكان لە سیستەمی نێودەوڵەتی بخوێنێتەوە."

ئەمڕۆ چوارشەممە (14/كانووی یەكەم/2022) ماڵپەڕی (ئەنادۆڵ) بڵاویكردەوە وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیێندراوێك دەڵیت، "بڕیارەكانی یەكێتی ئەوروپا كە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا دەكاتە قوربانی، لەبەر هەندێك وڵاتە كە بەشدارنین لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا و هیچ ئەجێندایەكی ئەرێنیان بۆ توركیا و ئەوروپا نییە."

لە بەشێكی تری راگەیێندراوەكە هاتووە، "بڕیارەكانی ئەنجوومەنی گشتی یەكێتی ئەوروپا سەبارەت بە توركیا لە رووانینێكی تەنگ بەرانبەر ئەنقەرە سەرچاوەی گرتووە، ئەوەش دەریدەخات یەكێتی ئەوروپا ناتوانێت بەشێوەیەكی دروست گۆڕانكارییەكان لە سیستەمی نێودەوڵەتی بخوێنێتەوە."

وەزارەتی دەرەوەی توركیا جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، "بانگەشەكانی یەكێتی ئەوروپا سەبارەت بە دیموكراسی و سەروەری یاسا و مافەكانی مرۆڤ لە وڵاتەكان رەت دەكەینەوە، لێدوانەكانی سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەند و دوورگەی قوبڕس مایەی نیگەرانین، سەبارەت سزاكانی سەر رووسیاش هەرچەندە توركیا لایەنێك نییە لەو سزایانە، بەڵام گومانە خستنە سەر وڵاتەكەمان ئاڕاستەیەكە ئامانجدارە بەرانبەر توركیا."

دەربارەی بڕیارەكانی یەكێتی ئەوروپاش دەڵێت، "بۆ ئەوەی توركیا بڕیارەكانی یەكێتی ئەوروپا بەجدی وەربگرێت، پێویستە توركیا وەك دەوڵەتێكی پاڵێوراو حیساب بكات و گفتوگۆكانی ئەندامێتی بەڕێوە بچێت، خواستی سیاسی پێویست لەو بارەوەیە دەربخات."

لە بەشێكی تری راگەیێندراوەكە یەكێتی ئەوروپا بەوە تۆمەتبار دەكات كە هەوڵە دیپلۆماسیەكانی توركیای بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆكراینا و پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ یەكپارچەیی خاكی ئۆكراینای پشتگوێخستووە.

لە چەند رۆژی رابردوو یەكێتی ئەوروپا رەخنەی لە پەیوەندییەكانی توركیا و رووسیا گرت و پەیوەندییەكانی بە پشتگوێخستنی سزاكانی ئەوروپا ناوبرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین