تەقینەوەیەک لە شاری سەراوانی ئێران یەک کوژراو و سێ برینداری لێکەوتەوە ئێران

نوچه‌نێت

بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەمە، ٢١ی ئادار تەقینەوەیەک لە شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران کوژراوێک و سێ برینداری لێکەوتەوە.

ماڵپەڕی "رادیو فردا" بە گێڕانەوە لە پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای فەیلەقی قودسی هێزی زەمینی سوپای پاسداران نووسیویەتی ئەو تەقینەوە "ڕووداوێکی تیرۆریستی" بووە. 
ئەو قەرارگایەی پاسداران باسی لە وردەکارییەکان یان هۆکار و بکەرانی ئەو تەقینەوە نەکردووە.
ئەو تەقینەوە لە یەکێک لە مەیدانەکانی شاری سەراوان ڕووی داوە و سێ بریندارەکەی ئەو ڕووداوە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ڕازی ئەو شارە.
یەکێک لە بریندارانی ڕووداوەکە برینەکەی سووک بووە و چارەسەر کراوە و دۆخی دوو بریندارەکەی تر کە یەکێکیان خانمێکی دووگیانە بەرەو چاک بوونە.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا و دوای تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران لە چەند کاسبێکی سووتەمەنیبەر، چەندین خۆپیشاندان لە شارەکانی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و بە تایبەت لە شاری سەراوان بەڕێوە چوون و هێزەکانی ئاسایش و هاوڵاتیان دەرگیر بوون.
بەرپرسانی سوپای پاسداران بە دامەزراندنی بنکەکانی سووتەمەنی دەڵێن هەموو پێویستییەکانی پاکستان بە سووتەمەنی کە ڕۆژانە دەگاتە ٥ ملیۆن لیتر گازۆئیل، دەبێ لە ڕێگای پلانی "رزاق"وە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپا و حکومەتدایە، دابین بکرێت بەڵام سووتەمەنیبەرانی ناوچەکە دژی ئەو بڕیارەن و دەڵێن سوپای پاسداران هەوڵ دەدات خۆی بە تەنیا گازۆئیل بۆ پاکستان بگوازێتەوە و بیفرۆشێت. 
بەرپرسانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان دوای ئەو ڕووداوانەی کە بوونە هۆی کوژرانی سووتەمەنیبەران لە لایەن سوپای پاسدارانەوە، خۆپیشاندەرانیان بە "دوژمن" و "دژە شۆڕش" وەسف کرد و وتیان ئەو دەرگیریانە "پلانی دوژمنان" بووە. 
ژووری مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٥ی ئادار وێرای ئیدانەکردنی تەقە لە سووتەمەنیبەران و خۆپیشاندەران لە سیستان و بەلووچستان ڕایگەیاند لەوانەیە زیاتر لە ٢٣ کەس بە دەستی سوپای پاسداران و هێزەکانی ئاسایش کوژرابێت.
بەرپرسانی حکومەتی ئێران تا ئێستا تەنیا هەواڵی کوژرانی ٣ کەسیان پشتڕاست کردووەتەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین