سعوودیە پشتیوانی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی درێژخایەنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات وەرگێڕان

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

عادل جوبەیر، وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەی سعوودیە لە دیمانەیەکدا هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە ئەمریکا و قەیرانی ئەتۆمی ئێران، پرسی ماڤی مرۆڤ لە سعوودیە و پەیوەندییەکانی سعوودیە و پرسی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوون کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی "دویچە ویلە"، عادل جوبەیر وەزیری پێشووی سعوودیه و وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە دیمانەیەکی تایبەت لەگەڵ "عەرەب نیوز"دا باسی لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و قەیرانی ئەتۆمی ئێران و پرسەکانی تری ناوچە کرد. 
جوبەیر دەڵێت، پەیوەندییەکانی سعوودیه و ئەمریکا بە هاتنی بایدن گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە و وەک پێشوو "بەگوڕ و هەمەلایەنەن". 
جوبەیر وتی: "ئیدارەی بایدن بە ئاشکرا ڕوونی کردووەتەوە کە لە بەرانبەر هەڕەشە دەرەکییەکاندا بەرگریی لە سعوودیه دەکات". 
وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەی سعوودیە وتی، "بۆیە من گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لەنێوان ئیدارەی ئێستا و ڕابردووی ئەمریکادا لە پەیوەندی لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیه نابینم". 
جوبەیر وێرای ئاماژەکردن بە پەیوەندییە هەشتا ساڵەکانی نێوان ئەمریکا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەبیری هێناوە کە ئەو پەیوەندییانە فاکتەرێکی سەرەکین لە ئاراستەی سەقامگیریی و ئاسایشی جیهانیدا: "ئێمە هەوڵ دەدەین سەقامگیری بۆ ناوچەکە دابین بکەین، چ لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین و چ لە لوبنان یان سووریا، عێراق و ئێران و ئەفغانستان. ئێمە هەوڵ دەدەین ئاستی ناکۆکییەکانی نێوان هیند و پاکستان کەم بکەینەوە یان سەقامگیری بگەڕێنینەوە بۆ سودان. کۆتایی بە شەڕ لە لیبیا بێنین یان لەگەڵ گرووپی پێنج وڵاتی کەرانە لە دژی بوکۆحەرام شەڕ بکەین".

قەیرانی ئەتۆمی ئێران
جوبەیر سەبارەت بە قەیرانی ئەتۆمی ئێران وتی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ڕوونیان کردووەتەوە کە دەیانەوێت ئێران بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی. جوبەیر وتی ئەوان هەوڵ دەدەن بۆ ڕێککەوتنێک کە بە وتەی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، "پتەوتر و درێژخایەنتر" بێت. جەختیشی کردەوە کە سعوودیە پشتیوانی ئەو ڕوانگەیە دەکات. 
جوبەیر هەروەها وتی، سعوودیە خوازیاری ئەوە نییە کە ئێران لە ڕووی کاتەوە بە شێوەی بێسنوور دەرفەتی پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت: "ئێمە خوازیاری ڕێوشوێنی پشکنینی ئەتۆمی هەمەلایەنە و وردترین بۆ ئەوەی دڵنیا بینیەوە کە ئەگەر پێویست بکات بکرێ لە ئێراندا بە شیوەیەکی هەمەلایەنە پشکنین ئەنجام بدرێت". 
جوبەیر سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆ و پەیوەندی ئەو هێرشانە بە ئێرانەوە وتی: "هەموو مووشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان کە سعوودیا دەکەنە ئامانج، لە لایەن ئێرانەوە بەرهەم دێن و ڕەوانە دەکرێن". هەروەها وتی "هەندێ لەوانە، بەو جۆرەی کە دەڵێن، لە لایەن باکوورەوە دەتەقێنردرێن و هەندێکیان لە دەریاوە".

سەبارەت بە قەیرانی یەمەن
لە ڕوانگەی جوبەیرەوە، لەو ڕۆژوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری دا حوسییەکان لە لیستی تیرۆر بێنێتە دەرەوە، لە هەمان ڕۆژدا ئەو کەسانەی هەوڵی دابەشکردنی یەمەن دەدەن فڕۆکەخانەی مەدەنی سعوودیەیان کردە ئامانج و ئەوە نیشانی دا کە ئەمریکا بەو کارەی خۆی یارمەتی بە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی یەمەن نەکردووە. 
وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەی پاشایەتی سعوودیه لەو پەیوەندییەدا وتی: "تالیبانی ئەفغانستانیش لە لیستی تیرۆردایە و ئەوە ڕێگر نەبووە لە یارمەتیدان بەو وڵاتە. لە سووریا داعش لە لیستی تیرۆردایە و ئەوە ڕێگر نەبووە بۆ یارمەتیدان بە سووریا. حیزبوڵا لە لیستی تیرۆردایە و ئەوە ڕێگر نەبووە کە یارمەتییەکان بۆ لوبنان ڕەوانە بکرێن". جوبەیر ئاماژەی بە ئەلشەباب و بوکۆحەرام کرد کە هەردووکیان لە لیستی تیرۆریستیدان، بەڵام هیچ یەک لەو نموونانە ڕێگر نەبووە لە یارمەتیدانی گرووپی پێنج وڵاتی کەنار. 
جوبەیر لە پەیوەندی لەگەڵ حوسییەکاندا وتی: "ئێمە لەو بڕوایەداین ڕێگا چارەی سیاسیی بۆ ئەو پرسە هەیە. هەوڵ دەدەین بگەینە ڕێگاچارەیەکی سیاسیی و هەر لە سەرەتای ناکۆکییەکانیشەوە لەو ئاراستەیەدا هەوڵمان داوە".  

دەربارەی مافی مرۆڤ لە سعوودیە
جوبەیر لە سیاسەتەکانی سعوودیە سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ بەرگریی کرد: "ئێمە لەو بڕوایەداین سعوودیە پێشکەوتنی بەرچاوی لە بواری مافی مرۆڤدا هەبووە. پەنجا ساڵ پێش ئێستا قوتابخانەیەکمان بۆ ژنان نەبوو، ئەمڕۆکە ٥٥ لە سەدی خوێندکارانی زانکۆ ژنن. حەفتا ساڵ پێش ئێستا ٩٠ لە سەدی هاووڵاتیان نەخوێندەوار بوون، ئێستا هەمووان دەتوانن بخوێننەوە و بنووسن و بڕۆنە قوتابخانە". 
جوبەیر سەبارەت بەو پرسە وتی: " ڕێژەی مردنی منداڵان لە حەفتا یان هەشتا ساڵی ڕابردوودا زۆر بەرز بوو. ئەمڕۆکە لەوانەیە دوو یان سێ منداڵی ژێر دوو ساڵ تەمەن گیانی خۆیان لە دەست بدەن. ئەو ڕێژەیە لەگەڵ ئەمریکا یان ئەورووپا بەرابەرە. لە نەوەی ئەمڕۆدا تەمەنی ژیان بە کردەوە دوو بەرابەر بووەتەوە و هۆکارەکەی ئەوەیە ئێمە گرنگی بە هاوڵاتیانی خۆمان دەدەین، ئاسایش و کەلوپەلی تەندرووستی و پەروەدە و دەرفەتیان بۆ دابین دەکەین".
جوبەیر ئاماژەی بە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان لە سیستەمی یاسایی وڵات و پێدانی ئازادی زیاتر بە ژنان و ڕۆڵی کاریگەرتری گەنجان کرد و ئەوەی بە نیشانەی کرانەوەیی کۆمەڵگە دانا کە زەمینە بۆ گەنجانی ئەو وڵاتە دابین دەکات بگەنە هیوا و ئاواتەکانیان.

سەبارەت بە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
سەرەڕای "ئاساییکردنەوەی" پەیوەندییەکانی هەندێ لە وڵاتانی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل، لە ڕوانگەی جوبەیرەوە، هەڵوێستەکانی سعوودیه لە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو گۆڕانکارییان بەسردا نەهاتووە: "ئێمە خوازیاری ڕێگاچارەی دوو دەوڵەتیین، لەسەر بنەمای دەستپێشخەریی ئاشتیی عەرەبی و بڕیارنامەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتێکی فەلەستینی کە شان بە شانی ئیسرائیل لە ئاشتی و ئاسایشدا بژێت. ئەوە وەک هەڵوێستی ئێمە دەمێنێتەوە". 
جوبەیر سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەندێ لە وڵاتانی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل وتی: "ئەوانە بڕیاری سەربەخۆی هەر وڵاتێکن کە خۆیان دەبێ ڕایبگەیەنن. هەروا کە پێشتر وتوومانە، ئەگەر ئەو هەوڵانە گۆڕانکارییەک لە هەڵویستەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین یان لاوازکردنی هەڵویستەکانی ئیسرائیل دەربارەی گفتوگۆ (ئاشتی) بێننە ئاراوە، دەتوانن سوودمەند بن".
جوبەیر لە کۆتاییدا سەبارەت بە هەڵویستەکانی سعوودیە و ئیسرائیل وتی: "ئەوەی پەیوەندی بە پاشایەتی سعوودیەوە هەیە، بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە تەنیا کاتێ دەکرێت کە ڕێککەوتنێکی ئاشتی ئەنجام بدرێت". 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین