توركيا خزمەتگوزارى بۆ گەشتە ئاسمانييەكانى رووسيا رادەگرێت تورکیە

نوچەنێت

دەستەى فڕۆكەوانى توركيا خزمەتگوزارى كۆمپانيا فڕۆكەوانييەكانى رووسيا و بيلارووسيا رادەگرێت، ئەوەش لەگەڵ سزاكانى رۆژئاوا بەهۆى جەنگى مۆسكۆ دژ بە ئۆكراينا يەكدەگرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە (چوارى/شوبات/2023) ماڵپەڕى (خەليج جەديد) بڵاويكردەوە لەدواى ديدارى بەرپرسانى ئەمەريكا لەگەڵ حكومەتى توركيا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هاوئاهەنگى سەبارەت بە كۆتوبەندەكانى سەر رووسيا، دەستەى فڕۆكەوانى توركيا داوايەكى ئاڕاستەى كۆمپانياكانى بوارى فڕۆكەوانى رووسيا و بيلارووسياكردووە، كە خزمەتگوزارييەكانى بوارى فڕۆكەوانى بۆ كۆمپانياكانيان رادەگرێت.

لە بەشێكى پەيامەكە هاتووە، هەندێك گەشتى هێڵە ئاسمانييەكانى ئەو دوو وڵاتە كە زياتر لە (25%) تەكنەلۆژياى ئەمەريكى تێدايە دەوەستێت.

دەستەكە ئەوەشى ئاشكراكردووە، پيشەسازى فڕۆكەوانى توركيا پەيامێكى هۆشدارى لە وەزارەتى گەنجينەى ئەمەريكا پێگەيشتووە، ئەو پەيامەى دەستەى فڕۆكەوانى توركيا، وەڵامى رێكارەكانى هەناردەى ئەمەريكايە پەيوەست بە جەنگى رووسيا دژ بە ئۆكراينا.

دەستەى فڕۆكەوانى توركيا بۆ رێگرتن لە مەترسى و سزاكان بۆ سەر بەرژەوەنديى وڵاتەكەى، بەپێويستى دەزانێت رێكارى تايبەت بگرێتەبەر، بۆيە بەو دوو وڵاتەى راگەياندووە، ناتوانين خوزمەتگوازى گەشتە ئاسمانييەكانتان دابين بكەين.

هەفتەى رابردوو رۆژنامەى وۆڵ ستريت جۆرناڵ لە راپۆرتێكدا ئاشكرايكرد، ئەمەريكا فشار دەخاتە سەر توركيا بۆ رێگرى لە فڕينى فڕۆكەى رووسى بە ئاسمانى وڵاتەكەى.

لەدواى هێرشى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا ئەمەريكا چەند جارێك هۆشدارى داوەتە توركيا كە پێويستە پابەندى ئەو سزايانەى ئەمەريكا و ئەوروپا بێت بۆ سەر رووسيا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین