یه‌كێتى ئه‌وروپا له‌  ئێران نیگه‌رانه‌ ئێران

نوچه‌نێت

جۆزیپ بوریل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا وێرای ئاماژەکردن بە گفتوگۆکانی خۆی لەگەڵ ئه‌نتونی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران و ڕێککەوتنی ئەتۆمی، نیگەرانی خۆی دەربارەی دوورکەوتنەوەی تاران لە بەڵێنەکانی خۆی دەربڕی.

بە پێی هەواڵێکی "ئیندپێندێنت"، بوریل دوای دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وێرای جەختکردنەوە لەسەر هاوکاریی لەگەڵ ئاژانسی نیودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پێشوازی لە ئامادەیی ئەمریکا بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی کرد و وتی "لەسەر ئەو بابەتە کار دەکەین".

پێشتر ئه‌نتۆنی بلینکن وتبووی ئێستا پێویستە ئێران هەڵوێستی خۆی ڕوون بکاتەوە. 
مەجید تەخت ڕەوانچی، نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی ئەو قسانەدا وتی "ئەمریکا خۆی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی پێشێل کردووە و ئیدارەی بایدن هێشتا سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ جێبەجێ دەکات".

بایدن چەندین هەفتە پێش ئێستا بژاردەی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گفتوگۆ لەگەڵ ئێرانی وەک سیاسەتی خۆی ڕاگەیاندووە.

بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هێشتا وەڵامی ئەو پێشنیازەیان نەداوەتەوە. بەرپرسانی ئێران جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان دەکەنەوە. لە لایەکی ترەوە عەلی خامنەیی، ڕابەری کۆماری ئیسلامی لە دوایین لێدوانی خۆیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەدا دابین نەکراون. خامنەیی چەندین مانگ پێشتر وتبووی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان پێشمەرجی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانە.

سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە ئامادەی گفتوگۆیە، پێناچێت کۆشکی سپی تا پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران بە شێوەیەکی جدی هەوڵی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە بدات.

هەرچەندە پێدەچێت گفتوگۆکان بە شێوەی نهێنی درێژەیان هەیە، بەڵام هەر دوو لایەن لە ئێستادا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی هەلومەرجن.

لە لایەکی ترەوە بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی ناوچە و لەوانە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیل، ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەو جۆرەی کە بوریل باسی لێ دەکات ئیتر وەک دەستکەوتێکی دیپلۆماسی چەندلایەنە چاوی لێ ناکرێت.

لەو هەلومەرجەدا، پێدەچێت ڕێککەوتنێکی بەربڵاوتر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەکانی وڵاتانی ناوچە بژاردەی نێوان ئەمریکا و ئێران بێت و بە لەبەرچاوگرتنی هەڵویستەکانی تاران، ئەوەش کارێکی ئاسان نییە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین