بایدن له‌ رێككه‌وتنى چین و ئێران نیگه‌رانه‌ ئێران

نوچه‌نێت

جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئاماژەیەکی کورتدا سەبارەت بە هاوکاری کۆماری ئیسلامیی و چین، وتی "جێگای نیگەرانییە".

بە پێی هەواڵێکی "دەنگی ئەمریکا"، جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێوارەی یەکشەممە ٢٨ی ئادار لە وەڵامی پرسیاری چەند ڕۆژنامەوانێکدا سەبارەت بە ئیمزاکردنی بەڵگەی هاوکاری نێوان ئێران و چین تەنیا وتی: "ساڵێکە نیگەرانی ئەوەم".

پاشان بە بێ ڕوونکردنەوەی زیاتر ڕۆژنامەوانەکانی بەجێهێشت و بەرەو فڕۆکەکەی ڕۆیشت.

وەزیرانی دەرەوەی چین و ئێران ڕۆژی شەممە لە مەراسیمێکدا کە ڕاستەوخۆ لە تەلەڤزیۆنی حکومەتی ئێرانەوە بڵاو دەبووەوە، ڕێککەوتننامەی هاوکاری ٢٥ ساڵەی نێوان هەر دوو وڵاتیان ئیمزا کرد.

بەرپرسانی هەر دوو وڵات خۆیان دەبوێرن لە بڵاوکردنەوەی وردەکارییەکان و ڕەخنەگرانیش لەگەڵ گرێبەستی تورکمانچا لەسەردەمی قاجاڕەکان بەراوردی دەکەن.

ئیمزاکردنی ئەو گرێبەستە، بەرپه‌رچدانەوەی زۆریشی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە و بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕانە بە چەندین هاشتاگ وەک "تورکمانچا- چینی"، "ئێران بۆ فرۆشتن نییە" و " نا بۆ گرێبەستی ٢٥ ساڵە" دژایەتی خۆیان دەربڕی.

ژمارەیەک لە چالاکانیش بە ڕێكخستنی هەڵمەتی " کۆتایی بە فرۆشتنی ئێران بێنن" دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی ئیمزا لە ئینتەرنێت و تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار و 400 ئیمزایان کۆکردووەتوە. لەو هەڵمەتدا ڕوو لە سەرۆکی چین نووسراوە: "دەسەڵاتی ئێران بەرەو داڕووخان دەچێت و نوێنەری گەلی ئێران نییە". 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین