ئەمریکا هۆشداری بە ئیمارات دەدات سەبارەت بە نزیکبوونەوەی لە چین عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت:

هەواڵگریی ئەمریکا چەند مانگێک لەمەوبەر بەهۆی مانگە دەستکردەکانەوە زانیویەتی چین خەریکی بونیاتنانی بنکەیەکی سەربازییە لە بەندەری ئیمارات، ئەوش ئەمریکای توڕە و نیگەران کردووە.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمریکی بە ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"یان وتووە لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە چەند گرتەیەکی نهێنی کەناراوەکانی ئیمارات تۆمارکراون و دوای لیکۆڵینەوە بەرپرسە ئەمریکییەکان گەشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە لەوێدا چین خەریکی بنیاتنانی پێگەی سەربازییە.

دوای فشاری زۆری ئیدارەی بایدن لەسەر ئیمارات، و لەناویاندا هۆشداریی کەسیی جۆ بایدن بە محەممەد بن زاید، کارەکان لە پێگەکەدا ڕاوەستێنراون.

بەرپرسانی حکومەتی ئیمارات ڕەتیان کردووەتەوە ئاگاداری ئەوە بووبن چین بە مەبەستی سەربازی ئەو بنکەیە بنیات دەنێت.

بەرپرسانی ئەمریکا بە ڕۆژنامەکەیان وتووە، کە سەرۆک جۆ بایدن بە شەخسی دوو جار (جارێک لە مانگی ئایاری ئەمساڵ و جاری دووەم لە مانگی ئاب) نیگەرانیی خۆی گەیاندووەتە محەممەد بن زاید وەلی عەهدی ئیمارات سەبارەت بە هەژموونی ڕوو لە زیادی چین لە ئیماراتدا، لە وەڵامدا بن زاید وتوویەتی، کە بە ڕوونی لە نیگەرانیی ئەمریکا تێگەیشتووە لەم بارەیەوە.

واشنتن هۆشداری داوەتە ئیمارات کە بوونی سەربازیی چین لەسەر خاکی ئیمارات، دەبێتە هەڕەشە لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیمارات.

بە فشاری ئەمریکا هەریەکە لە راوێژکاری ئاساییشی نیشتیمانیی ئەمریکا و نێردەی تایبەتیی سەرۆک جۆ بایدن براونەتە شوێنی بنیاتنانی پێگەکە لە ئیمارات.

پێشووتریش وەکو ناڕەزایی لە بەرامبەر نزیکبوونەوەی ئیمارات لە چین، لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا پێدانی فڕۆکەی ئێف ٣٥ بە ئیمارات دوا خرا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین