ئەمریکا دوو فەرماندەی باڵای حووسییەکانی یەمەنی خستە لیستی تیرۆرەوه‌ ئێران

نوچه‌نێت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوو بەرپرسی باڵای سەربازیی حووسییەکانی یەمەن، کە گرووپێکی شیعە مەزهەبی نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێرانە خستە لیستی تیرۆرەوە.

بەپێی هەواڵی "ڕادیو فردا"، ئاندرا گاکی، بەڕێوەبەری ژووری کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایەی دەرەکی، سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند ئەحسەن ئەلحەمزی فەرماندەی هێزی ئاسمانی و مەنسوور ئەلسەعدی فەرماندەی هێزی دەریایی حووسییەکان بەهۆی وەرگرتنی چەک وکەلوپەلی سەربازیی لە کۆماری ئیسلامی و پەلاماردانی وڵاتانی دراوسێ و هێرش بۆ سەر کەشتییەکان خرانە لیستی تیرۆرەوە.

ئیدارەی جۆ بایدن مانگی پێشوو (شوبات) ڕایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی مرۆیی نالەباری یەمەن، گرووپی حووسییەکان لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دێنێتە دەرەوە، بەڵام ئەوە بڕیارە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە وەک تاک خراونەتە لیستی تیرۆرەوە و گەمارۆیان لەسەرە.

ئەوە یەکەم جارە ئیدارەی بایدن بەرپرسانی باڵای حووسییەکان بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

گاکی وتیشی ئەمریکا لێپرسینەوە لە ڕابەرانی حووسی بە هۆی کردەوەکانیان دەکات، واتە ئەو ڕابەرانەی کە دەبنە هۆی ڕەنج و مەینەتی هاوڵاتیانی یەمەن.

هەروەها وتی جگە لەوە، هێرشی حووسییەکان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و کەشتییەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا لەئاراستەی "ئامانجەکانی ئێران بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچە"کەدایە.

بە وتەی خاتوو گاکی، ئەو دوو فەرماندە کە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، ڕۆڵیان هەبووە لە خراپتربوونی دۆخی هاوڵاتیانی یەمەندا. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین