گرنگترین وێستگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌باى ئێران په‌كى ده‌كه‌وێت ئێران

نوچه‌نێت

جێگری ڕیکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران راگه‌یاند، بەهۆی ئەو دۆخەی ئێستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران و کێشەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و گەمارۆ بانکییەکان ڕووبەڕووی هەندێ کێشە لە بواری دابینکردن و گواستنەوەی دراو بە مەبەستی دابینکردنی هەندێ لە پێداویستییەکانی بنکەی یەکەمی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر بوونەتەوە و ئەگەر ڕێگاچارەیەک پەیدا نەکەن، بەرهەمهێنانی کارەبای ئەو بنکەیە تووشی گرفت دەبێت و ترسی ئەوەیان هەیە چالاکییەکانی ڕاوەستن.

بە پێی هەواڵێکی "ایران امروز"، مەحمود جەعفەری جێگری ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی و بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەرهەمهێنان و پەرەپێدان بە وزەی ئەتۆمی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ "ایسنا" دەربارەی دۆخ و چالاکییەکانی بنکەی یەکەمی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر لە ساڵی ڕابردوودا و هەروەها ڕۆڵی ئەو بنکەیە لە کەمبوونەوەی سووتەمەنییە فۆسیلییەکان و کەمبوونەوەی پیسی ژینگە وتی: "بنکەی یەکەمی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر لە ساڵی ٢٠١١ وە دەستی بە بەرهەمهێنانی کارەبا کردووە و لە مانگی تەشرینی یەکەمی ٢٠١٣دا کۆمپانیای ڕووسیی بە تەواوەتی ڕادەستی کۆمپانیایەکی ئێرانیی کرد و چووە قۆناغی بەرهەمهێنانی کارەبای بازرگانی. لە ساڵی ٢٠١٣وە ئەو بنکەیە زیاتر لە پێنج ملیارد و نیو کیلۆوات کاژێر کارەبای بەرهەم هێناوە. 
بە وتەی جەعفەری ئەگەر بەهای ئەو بڕه‌ کارەبایه‌ى بەرهەم هاتووە بە پێی لانیکەمی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان هەڵبسەنگێندرێ نزیکەی چوار ملیار دۆلار دەکات. 


جەعفەری وتی پێویستە زۆرێک لە کەلوپەل و پێداویستییەکانی وێستگەی ئەتۆمی لە دەرەوە ی ئێران هاورده‌ بکرێن و تا ئێستا کۆمپانیا ڕووسەکان زۆر بە باشی بەڵینەکانی خۆیان لەو بوارەدا جێبەجێ کردووە.

جەعفەری هاوکات باسی ئەوەی کرد کە لەو ساڵانەی دواییدا تووشی هەندێ کێشەی سەرەکی و لەوانە گۆڕانکاری لە نرخی دراو و چەندین گرفتی پەیوەندیدار بە گەمارۆکانی سەر بانکەکان بوونەتەوە و ئەوەش وای کردووە دابینکردنی بودجەی کڕین و هاوردەکردنی تەکنۆلۆژیا و پێداویستییەکان و سووتەمەنی ئەو بنکەیە تەنانەت لە مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا ڕووسەکان تووشی کێشە بێتەوە. بە وتەی جەعفەری سەرەڕائ هەوڵی هەموو بەرپرسانی ئێران تا ئێستا ئەو کێشانە چارەسەر نەکراون.

جێگری ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: ئەگەر بە خێرایی ڕێگاچارەیەک بۆ کێشە داراییەکان پەیدا نەبێت، ئەگەری زۆرە بەرهەمهێنانی کارەبا لە بنکەی یەکەمی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر لە ساڵی داهاتوودا بەرەوڕووی کێشەی جدی بێتەوە و بە وتەی ئەو لەوانەیە چالاکییەکانی یەکەمین وێستگەی ئەتۆمی لە جیهانی ئیسلامدا ڕاوەستێن.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین