ئەمریکا: واشنتۆن و پەکین سەبارەت بە ئێران بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە ئێران

نوچه‌نێت

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و چین لە بواری سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران سازگار و هاوئاهەنگن و ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لە نێوان ئێران و چین کاریگەری لەسەر هاوکارییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکین نابێت.


بە پێی هەواڵێکی "بی بی سی"، ند پرایس خۆی بوارد لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە کە ئایا حکومەتی ئەمریکا گرێبەستی هاوکاریی نێوان ئێران و چینی تاوتوێ کردووە یان نا.

پرایس لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی ڕۆژی چوارشەممه‌ ٣١ی ئادار وتی: "هەروا کە ئاگادارن ئەوەی پەیوەندییەکانی ئێمە و چین پێناسە دەکات پێشبڕکییە، بەڵام لە هەندێ بواردا و سەبارەت بە چەند پرسێک هاوئاهەنگی تاکتیکیمان پێکەوە هەیە".

"ئێران یەکێکە لەو پرسانەی کە ئەمریكا و چین پێکەوە هاوکاری دەکەن. چین پێشتر لە ڕێگای هەوڵەکانییەوە بۆ ڕێگریکردن لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران هاوکاریی کردووە".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتیشی: "هەڵبەت پەکین نایەوێت ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆم بگات و ئەو ناوچەیە کە چین بەرژەوەندی تیایدا هەیە بەرەو ناسەقامگیری ببات".

هەواڵنێری فەڕەنسا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە گرێبەستی هاوکاری ٢٥ ساڵەی ئێران و چین ناڕەزایەتی هەندێ لە کۆماریخوازانی ئەمریکای لێکەوتووەتە و ئیمزاکردنی ئەو گرێبەستە وەک پێکهێنانی بەرەیەکی نوێی دژە ئەمریکا دەزانن. ئەو ڕێککەوتنە لە ناوخۆی ئێرانیشدا ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی توند بووەتەوە.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، دوای ئەوەی ئەو گرێبەستە لە تاران ئیمزا کرا وتی چەندین ساڵە نیگەرانی پەرەسەندنی هاوکاریی و هاوبەشیی چین و ئێرانە.

چین یەکێک بوو لەو شەش وڵاتەی لە ساڵی ٢٠١٥دا ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئێران ئیمزا کرد. بە پێی ئەو ڕێککەوتنە ئێران قەبووڵی کرد کۆتایی بە هەندێ لە چالاکییە هەستیارە ئەتۆمییەکانی خۆی لە بەرانبەر هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکاندا  بێنێت.

ئیدارەی پێشووی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ لەو ڕێککەوتنە چووە دەرەوە، بەڵام ئیدارەی بایدن هەوڵی زیندووکردنەوەی دەدات، هەرچەندە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەبێ ئێران سەرەتا هەموو بەڵێنەکانی بە پێی ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکاتەوە بۆ ئەوەی گەمارۆکانی سەردەمی ترەمپ هەڵبوەشێنەوە.

پرایس وتی، " چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  لە درێژەپێدان بە هەوڵەکانیان بە مەبەستی پەیداکردنی ڕێگایەک بۆ گەڕانەوەی ئێران و ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە".

لەو کاتەوە ئیدارەی ترەمپ هەمدیسان گەمارۆی خستە سەر ئێران، چین هێشتا کڕیاری سەرەکی نەوتی ئێران بووە، هەرچەندە ڕێژەی نەوتی هاوردەی ئەو وڵاتە بە هۆی گەمارۆکان کەم بووەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی وردەکاریییەکانی گرێبەستی هاوکاری نێوان ئێران و چین ئاشکرا نەکراون بەڵام ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن چین هێشتا درێژە بە هاوردەکردنی نەوتی ئێران بە نرخی کەم دەدات. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین