كليچدارئۆغلۆ: ناوەندى گازى رووسى لە توركيا هەڕەشە لە وڵاتەكەمان دەكات تورکیە

نوچەنێت

كەمال كليچدار ئۆغلۆ، كانديدى هاوپەيمانى ميللەت بۆ سەرۆكايەتى توركيا ئاماژە بەوە دەكات، پڕۆژەى دروستكردنى گازى رووسى لە توركيا و رەوانەكردنى بۆ وڵاتانى جيهان، هەڕەشە لە سەربەخۆيى توركيا لەبوارى وزە دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (25/ئايار/ 2023) ماڵپەڕى (ئاڕتى) بڵاويكردەوە سەبارەت بە پەيوەندييەكانى توركيا و رووسيا كەمال كليچدار ئۆغلۆ رايگەياند، من دژى ئەوە نيم پەيوەندى باشمان لەگەڵ مۆسكۆ هەبێت، بە پێچەوانەوە پەيوەندييەكانمان لە هەندێك بوارى وەك پيشەسازى كيمياوى و ئەلەمنيۆم رەنگدانەوەى بەسەر تەكنەلۆژياى وڵاتەكەمان هەبووە، بەڵكوو من دژى ئەوەم توركيا لەبوارى وزە پشت بە رووسيا ببەستێت. 

ئۆغلۆ لە بەشێكى ترى قسەكانى جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، پشتبەستنى توركيا لەبوارى وزە زۆر مەترسيدارە، ئەگەر هەيە لە داهاتوو كێشەى گەورە بۆ توركيا دروست بكات.

دەربارەى رێككەوتنەكەش گوتى، "ئێوە دەڵێن واژۆكردنى رێككەوتن لەگەڵ رووسيا بۆ دروستكردنى ناوەندێكى گازە، ئەگەر توركيا ئێستا لە (30-40%) پشت بە وزەى رووسى ببەستێت، لەدواى دروستكردنى ئەو ناوەندە ئەو پشبەستنە بۆ لە (70-80%) زياد دەبێت، ئەوەش خۆڕادەستكردنە، ئەوكات زەرەرمەند دەبين."

ئەو كانديدە پێشى وايە بۆ دەرچوون لەو هەڵوێستە، دەتواندرێت گاز لە كێڵگەكانى دەرياى ناوەڕاست دەربهێندرێت، باشان داشكانى بۆ بكرێت و بە وڵاتانى ئەوروپا بفرۆشرێت، بەبێ ئەوەى ئەو ناوەندە بەكاربهێندرێت.

پێشتر فاتيح دۆماز، وەزيرى وزە و سەرچاوە سرووشتييەكانى توركيا ئاشكراى كردبوو، كە پڕۆسەى كڕين و فرۆشتنى گاز لە ميانەى ناوەندى گاز لە توركيا پێشنيارى رووسيا بووە، بڕياريشە لە ساڵى داهاتوو دەست پێ بكات.

لە مانگى نيسانى ئەمساڵ توركيا دەستى بە هەمووارى تايبەت بە ياساى پڕۆژەى ناوەندى گازى رووسى كردووە، چاوەڕوان دەكرێت رەجەب تەيب ئەردۆغان واژۆى لەسەر بكات، بۆ ئەوەش هەنگاريا و سڕبيا ژمارەيەك وڵاتى ئەوروپا بايەخ بە كڕينى گازى رووسى لە رێگەى ناوەندى گاز لە توركيا دەدەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین