میدیاكانى ئێران چۆن باسى دیداره‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى و ماكرۆن ده‌كه‌ن؟ ناوخۆیی

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی فەرەنسا ڕۆژی ٢٩ی ئاداری مانگی ڕابردوو سه‌ردانى پاریسى كرد و لە کۆشکی ئێلیزی لەگەڵ ئێمانۆئێل ماکرۆن و لە باڵه‌خانه‌ى وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ ژان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. هەندێ لە میدیاکانی ئێران هەواڵی ئەو دیدار و سەفەرەیان گواستەوە.

هەواڵنێریی خوێندکارانی ئێران "ئیسنا" ڕۆژی سێ شەم ٣٠ی ئادار لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، " سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دیدار لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی باڵای فەرەنسا گەیشتە ئەو وڵاتە. بارزانی لە کۆشکی ئێلیزی لە لایەن ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لێ کرا. 
نێچیرڤان بارزانی لەسەر بانگهێشتی ماکرۆن، لەگەڵ فەوزی حەریری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکایەتی هەرێم و فەلاح مستەفا ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئەو سەفەرەی ئەنجام داوە. 
ئەوە سێیەم جارە نێچیرڤان بارزانی سەردانی فەرەنسا دەکات و ئەو دیدارە لە سییەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی گەلی کورد لە ساڵی ١٩٩١ و قەدەغەکردنی فڕین لە ئاسمانی کوردستان و باشووری عێراق لەو ساڵەدا ئەنجام دراوە. 
بڕیارە بارزانی لە دیدار لەگەڵ ماکرۆن سەبارەت بە پەرەپێدان بە پەیوەندییە هەرێم و عێراق لەگەڵ فەرەنسا، بارودۆخی هەرێم و عێراق و ناوچە، ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی، ئەرکەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، گرنگیی هاوکاریی و هاوبەشی هەموو لایەنەکان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش و هەروەها چەندین پرسی تر پێکەوە باس و گفتوگۆ بکەن. 

فه‌ڕه‌نسا زیاتر له‌ هه‌ر وڵاتێكى تر 
درێژه‌ى به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان داوه


ماڵپەڕی "تەسنیم"، ڕۆژی ٣١ی ئادار سەبارەت بەو دیدارە دەنووسێت: نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئێلیزی دیداری کرد. لەو دیدارەدا ماکرۆن سوپاسی سه‌ردانه‌كه‌ى بارزانی کرد بۆ پاریس و جەختی لەسەر درێژەپێدان بە چالاکییە هاوبەشەکان و پشتیوانی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش کردەوە. 
هەروەها هەر دوو لایەن باسیان لە گۆڕانکارییەکانی ئەو دواییانەی عێراق، هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵات و ڕێکارەکان بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشە و مەترسییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کردەوە. بارزانی و ماکرۆن وێرای جەختکردنەوە لەسەر پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان، هاوکارییەکان و هاوبەشێ بەغدا و هەولێر لەگەڵ پاریس هەبوونی تێگەیشتنێکی هاوبەشیان بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێویست زانی. 
لە درێژەدا ماکرۆن بە ئاماژە کردن بە سەفەرەکەی ئەو دواییانەی پاپا فرانسیس ڕابەری مەعنەوی کاسۆلیکەکانی جیهان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و گرنگیی ئەو سەفەرە وتی ئاگادارە کە پاپا لەو سەفەرە ڕازی بووە. 
بارزانیش وتی سەفەری پاپا بۆ بەغدا و هەولێر کاریگەری ئه‌رێنى لەسەر هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەی عێراق هەبووە. 

کەناڵی تەلەڤزیۆنی "ئێران ئێنرنەشناڵ"، لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بەو سەفەرەی سەرۆکی هەرێم دەڵێت: دیداری نێچیرڤان بارزانی لەسەر داوای سەرۆکی فەرەنسا ئەنجام دراوە و لە دیداری نێوان ماکرۆن و بارزانیدا پرسی جۆراوجۆر و لەوانە کۆرۆنا، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆر و داعش، ئەرکەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە ناوچە باس و گفتوگۆیان لەسەر کراوە. 
هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە دەکرێ کە پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان زۆر باشن و فەرەنسا بە درێژایی سی ساڵی ڕابردوو بەردەوام لە ڕووی سیاسیی، ئابووریی و سەربازییەوە پشتیوانی لە هەرێم کردووە و تەنانەت لەو چەند ساڵەی دواییدا کە هەندێ لە وڵاتانی تر هەوڵیان داوە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێم کەم بکەنەوە فەڕەنسا درێژەی بە پەیوەندییەکانی داوە و هەوڵی داوە پەرەیان پێ بدات. 
لە درێژەدا باس لەوە کراوە لە ئێستا پرسەکانی ناوچە بۆ ماکرۆن ئێجگار گرنگن و هەندێ لە شارەزایان لەو بڕوایەدان سەرۆکی فەرەنسا دەیەوێ لە سیاستگوزاری نوێی خۆیدا لە بارزانی یارمەتی وەربگرێت بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیریی زیاتر لە عێراقدا، چونکە ماکرۆن لەو بڕوایەدایە نێچیرڤان بارزانی سیاسەتوانێکە کە لە لایەن هەموو حزبەکانی هەرێم و تەنانەت لاینەکانی عێراقەوە پشتیوانی دەکرێ و ڕێزی لێ دەگیرێ و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێران و تورکیا هەیە کە لە عێراقدا پێگە و نفوزیان هەیە. 
لە ڕوانگەی سەرۆکی فەرەنساوە ئەو دوو وڵاتە دەتوانن عێراق ناسەقامگیر بکەن و لەوانەیە ماکرۆن لە هەوڵی ئەوەدا بێ لە بارزانی یارمەتی وەربگرێ بۆ سەقامگیرکردنی زیاتر و سنووردارکردنی چالاکییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە عێراق و هەروەها هەرێمی لە کوردستان.
 

ماکرۆن لەو بڕوایەدایە نێچیرڤان بارزانی سیاسەتوانێکە 
لە لایەن حزبەکانی هەرێم و تەنانەت لایه‌نەکانی عێراقەوە پشتیوانی دەکرێ

 

هەواڵنێریی کۆماری ئیسلامیی "ئیرنا"، لە ڕاپۆرتێکدا باس لە پەراوێزەکانی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا دەکات و دەڵێت: لە حاڵێکدا هەفتەی ڕابردوو چەند لێدوانێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە کەمکەردنەوەی هێزە سەربازییە دەرەکییەکان لەو وڵاتەدا بڵاو کرانەوە، ئێستا لە میانەی سەفەری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پاریس، وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتی باس لە بەردەوامی ئامادەبوونی ئەو هێزانە لە عێراق دەکەنەوە. 
بە بڵاوبوونەوەی وردەکاریی زیاتر لە دیدارەکەی نێچیرڤان بارزانی و ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، دەرکەوت بەشێ لە قسەکانیان تەرخان کراوە بۆ پرسی درێژەدان بە ئامادەبوونی هاوپەیمانێتی ئەمریکیی لە عێراقدا. 
ئەو گفتوگۆیە بە لەبەرچاوگرتنی شانۆی سیاسیی عێراق، هەمدیسان پەرە بە گرژیی و ناکۆکییەکان دەدات. 
هێزەکانی هاوپەیمانێتی کە بە پاساوی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش لە ساڵی ٢٠١٤ هاتنە عێراق، سەرەڕای کۆتاییهاتنی داعش و سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانی عێراق یاسای قەدەغەکردنی هەبوونی هێزە دەرەکییەکانی لەو وڵاتە پەسەند کرد، بەڵام هێشتا لە عێراق ماونەتەوە. 
ڕۆژی ڕابردوو و دوای چەند کاژێر لە بڵاوبوونەوەی چەند هەواڵێک سەبارەت بە هێرشی شەوانە بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە، میدیاکانی عێراق ڕایانگەیاند هاوپەیمانێتی ئەمریکیی دەیەوێت درێژە بە پشتیوانی دارایی و سەربازیی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بدات. 
بە پێی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، ئەو هاوپەیمانێتییە بە ڕابەرایەتی ئەمریکا هێزەکانی پێشمەرگەی دڵنیا کردووەتەوە درێژە بە پشتیوانی لەو هێزە دەدات بۆ ئەوەی بیانکەتە هێزێکی "ئاکادیمی و پێشکەوتوو" و لەو نێوەدا ئاستەنگ و ڕێگرەکان بۆ یارمەتیدان بە هێزی پێشمەرگە بسڕنەوە. 
هەڵبەت سەرەڕای ئەو هەنگاوە بچووکانە، ئەگەرچی بەردەوامن، هاوپەیمانێتی ئەمریکی هەندێ جار بە چوونەدەرەوە لە بەشێک لە بنکەکانی خۆی لە عێراق، وا دەنوێنێ کە دەیەوێت ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵێ بەڵام هێشتا جووڵەکانی ئەو هاوپەیمانێتییە لە عێراق، گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازیی و هەروەها ئالوگۆڕییان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر کۆتایی پێ نەهاتووە. 


ماکرۆن لە هەوڵی ئەوەدایه‌  
لە بارزانی یارمەتی وەربگرێ بۆ سەقامگیرکردنی زیاتر 


لە درێژەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانێتی ئەمریکیی، دەوڵەتی کەنەدا ڕایگەیاند زیاتر لە ٤٣ ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی خۆی بە سووریا و عێراق دەدات. هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند ئەرکی ٨٥٠ ‌هێزی سەربازیی کەنەدا لە عێراق لەژێر ناوی هاوپەیمانێتی لانیکەم بۆ ساڵێکی تر درێژ کراوەتەوە. 
هەروەها ئەو ڕاپۆرتە باسی ئەوە دەکات کە هەرچەندە ئەمریکا لە چەند شوێنی سووریا کشاوەتەوە بەڵام بە کردەوە درێژەی بە ئامادەبوونی خۆی لەو وڵاتە بە تایبەت بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی نەوتی سووریا داوە. 
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە خاڵە ناڕوونەکانی ئەو ڕووداوانە ئێجگار زۆرن. لە لایەکەوە بە ئامادەبوونی بارزانی لە فەرەنسا هەواڵی پشتیوانی هاوپەیمانێتی ئەمریکا لە پێشمەرگە بڵاو دەبێتەوە و لە لایەکی ترەوە بەشێک لە هێزە دەرەکییەکانی عێراق، ئەرکیان درێژ دەکرێتەوە و لە هەندێ ناوچەی عێراقیش بنکەکان ڕادەستی سوپای عێراق دەکرێنەوە بەڵام هێشتا دیار نییە کام لایەن پلانێکی لە مێشکدایە. 
بە پێی وردەکارییەکان لە دیداری نێوان نێچیرڤان بارزانی و ماکرۆندا سەبارەت بە پشتیوانی پاریس لە عێراق و هەرێمی کوردستان و سەروەرییان باس کراوە. سەرۆکی فەرەنسا جەختی کردووەتە لەسەر پشتیوانی خۆی لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە عێراق بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە جێگیربوونی سەقامگیری لە عێراق.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین