ژنێكی ئیسرائیلی تەنگژەیەك دەخاتە نێوان عێراق و ئیسرائیل وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ئەلیزابیس تسروكۆڤ (لیز) توێژەرێكی سیاسی ئیسرائیلییە و هەڵگری رەگەزنامەی رووسیە، شەوی رابردوو بنیامین نتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە فەرمی رايگەیاند، چەند مانگێكە تسروكۆڤ لە عێراق لەلایەن میلیشیای كەتائیبی حزبوڵای عێراق رفێندراوە. سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەرپرسیارێتی رفاندنی ئەو كچە توێژەرە دەخاتە ئەستۆی حكومەتی عێراق و تا ئێستایش حكومەتی عێراق هیچ وەڵامێكی نییە. چاوەڕوان دەكرێت ئەمەیش تەنگژەیەكی قووڵ بەدوای خۆی بهێنێ‌، لەنێوان ئەم دوو وڵاتەی كە بە فەرمی یەكتر بە نەیار دەزانن.

ئەلیزابیس تروسكۆڤ كێیە؟

ئەلیزابیس تسروكۆڤ توێژەرێكی سیاسییە و تەمەنی 36 ساڵە. ئەو كچە ئیسرائیلییە و هەڵگری رەگەزنامەی رووسییە. هەر چەندە هەندێك لە میدیاكان بڵاویانكردووەتەوە، ئەو هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریكییە، بەڵام بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە لێدوانێكی بۆ فرانس پرێس رەتیكردووەتەوە، هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریكی بێت و تەنیا ئەوە نەبێت ئاماژە بۆ ئەوە كراوە تسروكۆڤ قوتابی دكتۆرایە لە زانكۆی پرینستۆنی ئەمریكی. 

رۆژنامەیەكی ئیسرائبلی: لیز موساد نییە و دژی سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلە 

ماڵپەڕی گۆڤاری فۆرین پۆلیسى پێشتر وەها تسروكۆڤی ناساندووە، كە توێژەرێكی سیاسیە و كار لەسەر گرووپەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و بابەتەكانی لە چەندان گۆڤار و رۆژنامەی وەك فۆرین پۆلیسی و نیویۆرك تایمز و هارتسی ئیسرائیلی و چەندان ماڵپەڕی تر بڵاودەكاتەوە. هەروەها ئەندامە لە چەندان رێكخراوی تر  كە لە بوارەكانی ئاشتی و مافی مرۆڤ كار دەكەن. جگە لەمەیش فۆرین پۆلیسی دەڵێ‌، "ئەزموونی 10 زیاتر كاركردنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە".

پەیامە توندەكەی نەتانیاهۆ

نووسینگەی نتانیاهۆ پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە، “ئەلیزابیس تسروكۆڤ هاووڵاتیەكی ئیسرائیلی- رووسییە و چەند مانێگێكە لە عێراق رفێندراوە، لەلایەن میلیشیای كەتائیبی حزبوڵای شیعە دەستبەسەرە، تسروكۆڤ هێشتا لە ژیان ماوە و بەرپرسیارێتی سەلامەتی ئەو دەخەینە ئەستۆی عێراق”.

لە بەشێكی تری راگەیێندراوەكە روونكراوەتەوە، كە ئەو كچە بە پەساپۆرتی رووسی سەردانی عێراقی كردووە و بۆ ئامادەكردنی دكتۆراكەی و توێژینەوەی زانستی بۆ زانكۆی پرینستۆنی ئەمریكی".

ئایا تسروكۆڤ سەر بە موسادی ئیسرائیلی بووە؟

رۆژنامەی زە تایمز ئۆف ئیسرائیل لە راپۆرتێكدا هەندێك زانیاری لەسەر تسروكۆڤ بڵاوكردووەتەوە، بەرپرسێكی ئیسرائیلی دووپاتی كردووەتەوە، ئەو ژنە بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بە موسادی ئیسرائیلی نەبووە. 

ئەوەی جێی سەرنج بێت سەفەركردن بۆ عێراق لەلایەن ئیسرائیل رێگەپێدراو نییە، ئەی چۆن ئەو توێژەرە سەردانی عێراقی كردووە؟ بەگوێرەی زانیارییەكان تسروكۆڤ وەك هاووڵاتییەكی رووسی سەردانی عێراقی كردووە. بەڵام باس لەوە كراوە ماوەیەكيش لەگەڵ ناتان شرانسكی كە پێشتر وەزیر بووە، كاری كردووە. 

بەرسانی ئیسرائیلی دووپاتیشی دەكەنەوە كە ئەو كچە ئێستا تەندروستی باشە و ئاگاداری بارودۆخی ئەون و هەروەها لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ كەوسوكار و خێزانەكەی. وێرای ئەوەی ئەو ژنە رەگەزنامەی رووسی هەڵدەگرێت بەڵام زۆربەی كاتی لە ئیسرائیل خەریكی كاركردن و پێشتریش خزمەتی سەربازی خۆی لەو وڵاتە تەواو كردووە. 

رۆژنامەیەكی ئیسرائبل: لیز موساد نییە و دژی سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیلە 

پەیمانگەی نیولاینز كە تسروكۆڤ لەگەڵ ئەوانیش كاری كردووە، لە بەیاننامەیەك باس لەوە دەكات یەكێك لە تێگەیشتنە پێچەوانەكان ئەوەیە، لیز "تسروكۆڤ" بە “دوژمنێكی زایۆنی” دانراوە، بۆیە رفێندراوە، كەچی ئەو هەرگیز سەر بە زایۆنیزم نەبووە و بەڵكو یەكێك لە رەخنەگرە سەرسەختەكانی سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بووە، هەرچەندە رەخنەگران لەو ژنە دەڵێن، "ئەو رەگەزنامەی ئیسرائیلی هەڵگرتووە و ئەمە نیشانەیەكی نەنگییە و ناسڕێتەوە" كەچی ئەو وەك خوێنەرانی دەزانن، لەكارەكانی پەرۆشی ناوچەكە و گەلانی ناوچەكەكە بووە.

بۆچی سەردانی عێراقی كردووە؟

بەگوێرەی زانیاری بەرپرسانی عێراق لەسەرەتای 2022 وە ئەلیزابیس تسروكۆڤ سەردانی عێراقی كردووە و دواتر نزیكەی 10 جار سەردانەكەی دووبارە كردووەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو ویستویەتی توێژینەوە لەسەر گرووپەكانی شیعە لە عێراق بكات، بە تایبەتی لەگەڵ رەوتی سەدر و ئەو گرووپانەی تر كە سەر بە ئێرانن. 

زانیارییەكان دووپاتی ئەوە دەكەنەوە، تسروكۆڤ توێژەرێكی مەیدانی بووە، جگەلە عێراق لە ئوردن و سووریا و توركیایش كاری كردووە و توێژینەوەی ئەنجامداوە.

چیرۆكی رفاندنەكەی لە عێراق

بەگوێرەی ئەو زانیارییانە بێت كە بڵاوكراونەتەوە و بەرپرسانی ئیسرائیلی و عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێس و رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئەو ژنە لە 23ی ئاداری رابردوو كە سەرەتای مانگی رەمەزان بووە، لە قاوەخانەیەكی ناوچەی كەڕادەی بەغدا رفێندراوە. ئەو ڤیدیۆنانەی دەست ئەو رۆژنامە و ئاژانسانە كەوتوون، دەریدەخەن ژنێكی گەنج لە قاوەخانەكە بە یاوەری كەسێك هاتووەتە دەرەوە. ئەمەیش تسروكۆڤ و رفێنەرەكەی بووە. لە 19ی ئاداری رابردوو پەیوەندی لەگەڵ پەیمانگەی نیولاینز كردووە و پێی راگەیاندوون ئەو لە كاری مەیدانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێزار بووە و دەیەوێ‌ بگەڕێتەوە زانكۆی پرینستۆن. 

تسرۆكۆڤ لە 21ی مانگ دوایین تویتی كردووە و هەر ئەو كاتیش پەیوەندی بە دایكيیەوە كردووە، بەڵام دایكی دەڵێ‌، “وایزانیوە لە توركیایە و نەوەك عێراق”. بەر لەوەی بڕفێندرێت دوو رۆژ لە میسان "عمارە"ی باشووری عێراق بووە و گفتوگۆی لەگەڵ دوو بەرپرسی رەوتی سەدر كردووە و دواتر گەڕاوەتەوە بەغدا.

بۆچی بێدەنگی لە رفاندنەكەی كراوە؟

ئەوەی جێی سەرنجی رۆژنامەنووسان و چاودێرانی سیاسی بێت، بێدەنگی لە رفاندنی ئەو توێژەرە كراوە، هەرچەندە رۆژنامەكانی عێراق لە 28ی ئادار هەواڵی رفاندنەكەیان بڵاوكردووەتەوە، بێ‌ ئەوەی زانیاری ورد و ناسنامەی ژنەكە ئاشكرا بكەن. پەیمانگەی نیولاینز لە راگەیێندراوێكدا باس لەوە دەكات، كە هەفتەیەك دوای رفاندنی لیز "تسروكۆڤ" بە رووداوەكەیان زانیوە، بەڵام وەك رێزگرتن لە ئارەزووی خێزانەكەیان و بە ئومێدی ئازادكردنی خێرای ئەوا بابەتەكەیان بڵاونەكردووەتەوە. 

بابەتەكە هەر بە شارەوایی ماوەتەوە تا ئەو كاتەی بە زمانی ئینگلیزی مایكل رۆبن شارەزا لە كاروباری ئێران هەوڵی رفاندنی ئەو ژنە لە 14ی حوزەیرانی رابردوو بڵاوكردووەتەوە و رۆژانی دواتر میدیاكان هەواڵەكەیان بڵاوكردووەتەوە.

عێراق لەسەر رووداوەكە چی دەڵێ‌؟

بە فەرمی عێراق بێدەنگی لە رووداوەكە كردووە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بێت ماڵپەڕە عێراقییەكان لە 28ی ئاداری رابردوو هەواڵی رفاندنی لیزیان بڵاوكردووەتەوە، لەوانە ماڵپەڕی بەغداد تودەی لە 28ی مانگی ئادار لە هەواڵێكدا دەڵێ‌، "هێزە ئەمنییەكان محەمەد رەزا حوسێن نووریان لە بەغدا گرتووە كە كەسێكی ئێرانییە، ئەمە چەند كاتژمێرێك دوای رفاندنی ژنێكی رووسی لە ناوچەی كەڕادە كە رەگەزنامەی ئەمریكیش هەڵدەگرێت".

لە بەشێكی تری هەواڵەكە هاتووە، "هێزە ئەمنییەكان لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو ئێرانییە دەكەن لەسەر چۆنیەتی هاتنی بۆ عێراق و بۆ ئەو ناوچەیە كە لە 72 كاتژمێر ئەو ژنە تێیدا بووە، نووسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بە پێویستی زانیوە پرۆسەی گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئەو رووسیە فراوان بكرێت كە لە بەغدا رفێندراوە".

بەرپرسانی ئەمنی لە عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە شەشی تەمووزی 2023 باس لەوە دەكەن، تسرۆكۆڤ بۆیە رفێندراوە چونكە گومانی ئەوەی لەسەر بووە، پەیوەندی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلەوە هەبێت، رفاندنەكەیشی لەسەرەتای مانگی رەمەزان بووە و لە 23ی ئادار بووە، كاتێك لە قاوەخانەیەكی ناوچەی كەڕادەی بەغدا هاتووەتە دەرەوە. ئەو قاوەخانەیە كەسانی بیانی هاموشۆی دەكەن. 

بەگوێرەی زانیاری بەرپرسانی عێراق لەسەرەتای كانوونی یەكەمی 2022 ئەلیزابیس تسروكۆڤ سەردانی عێراقی كردووە. سەرچاوەكان باس لەوەیش دەكەن ئیسرائیلییەكان هەوڵ دەدەن لە رێگەی رووس و ئەمریكییەكان ئازادی بكەن. هەرچەندە باس لەوەیش كراوە كە باڵیۆزخانەی رووسیا لە بەغدا و تاران هیچ زانیاری لەسەر رفاندنی ئەو كچە توێژەرە نییە.  چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دوای ئەوەی سەرۆكایەتی حكومەتی ئیسرائیل هاتەدەنگ رفاندنی ئەو كچە گرژیی زیاتر بەدوای خۆی بهێنێت.

ئەوەی جێی سەرنج بێت ساڵی رابردوو لە پەرلەمانی عێراق یاسای قەدەغەكردنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بە پاڵپشتی رەوتی سەدر و لەسەر داوای موقتەدا سەدری رێبەری رەوتەكە پەسند كراوە، هەرچەندە دەستووری عێراق هیچ دەوڵەتێكی دنیای بە نەیار وەسف نەكردووە، بەڵام بەگوێرەی ئەو یاسایە ئیسرائیل دەوڵەتی نەیارە و نابێت هیچ كەسێكی عێراق هیچ جۆرە پەیوەندییەكی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت.
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین