عێراق ناسەقامگیرترین شوێن بۆ كاری دیپلۆماسی وەرگێڕان

نوچه‌نێت

لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بە دەیان جار و بە شێوازی جیاواز هێرش كراوەتە سەر شاندە دیپلۆماسییەكان، كەچی عەبدولەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق لەدوایین لێدوانی دەڵێ‌، "ئامانجێك هەیە دەیانەوێ‌ عێراق وەك شوێنێكی ناسەقامگیر بۆ شاندە دیپلۆماسییەكان دەربخەن".

رۆژی 20ی ئەم مانگە لە كاردانەوەیەكی توند بەرانبەر بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید، لایەنگرانی سەدر هەڵیانكوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید و سوتاندیان، ئەمەش رەخنەیەكی زۆری لێكەوتەوە و بە تایبەتی لەلایەن ئەمریكاوە، كە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە داوای لە عێراق كرد، رێز لە پابەندبوونی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پاراستنی شاندە دیپلۆماسیەكان بگرێت و نابێت ئەو جۆرە شاندانە بكرێنە ئامانجی توندوتیژی.

20 ساڵە مەینەتی شاندە بیانییەكان بەردەوامە

هەرچەندە هەندێك لە بەرپرسانی عێراق بە سەرۆك كۆماریشەوە لەو رەخنەیە نیگەران بوون، كە بەهۆی سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید رووبەڕووی دەسەڵاتی عێراق بووەوە، بەڵام بە ئامانجگرتنی شاندە بیانییەكان و دیپلۆماسییەكان لە عێراق تەنیا چەند حاڵەتێك نەبووە، بەڵكو دیاردەیەكە بە درێژایی 20 ساڵی رابردوو واتە لەدوای كەوتنی رژێمی بەعس لە 2003 وە بوونی هەیە.

شێوازەكانی رفاندن و كوشتن و دانانەوەی بۆمبی چێندراو و هێرشی مووشەكی و هەڵكوتانەسەر بارەگاكان لە عێراق بوونیان هەبووە. هەندێك لەو كردەوانە بە ناوی "بەرەنگاربوونەوەی داگیركاری" لەلایەن هەندێك لایەنی نەناسراو ئەنجام دراون، كە زۆرجار وڵاتانی رۆژئاوا دووپاتی دەكەنەوە، میلیشیاكانی شیعەی سەربە ئێران لەپشتیان بن. هەندێكیش بە ئاشكرا ئەنجام دەدرێن، وەك هەڵكوتانەسەر بارەگە دیپلۆماسییەكان لە نموونەی باڵیۆزخانەی سوید و ئەمریكا لەلایەن لایەنگرانی سەدر و لایەنگرانی میلیشیاكانی تری شیعە. هەندێكیش كردەی توندوتیژیش لەلایەن تیرۆریستانەوە ئەنجام دراون، لەوانە كردنە ئامانجی بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە ئابی 2003 وە.

چەند نموونەیەك لە كردەی توندڕەوی دەرهەق بە دیپلۆماتكاران و بیانییەكان

لە 19ی ئابی 2003 كردەیەكی خۆكوژی لە دژی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئەنجام دەدرێت، كە 22 كەس دەكاتە قوربانی دوای ئەمە گرووپە تیرۆریستییەكان لە هەر شوێنێك بۆیان گونجا بێت ئەوا كەسانی بیانیان كردووەتە ئامانج. لەلایەن میلیشیاكانیشەوە ئەم دیاردەیە هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2018وە تایبەت بە شاندە دیپلۆماسییەكان توندوتیژی ئەنجام دراوە. لەوانە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە بەسرە بەهۆی هێرشی مووشەكی و هەڵكوتانەسەری داخرا. دواتر هێرشی مووشەكی بووە دیاردەیەك لە دژی باڵیۆزخانەكان تا سەرەتای دەستبەكاربوونی حكومەتی محەمەد شیاع سوودانی بەردەوام بوو. 

تەنیا لە ساڵێكدا 75 هێرشی مووشەكی بۆ سەر شاندی دیپلۆماسی ئەنجام دراون

تەنیا شاندی دیپلۆماسی ئەمریكا نەكراوەتە ئامانج، بەڵكو چەندان وڵاتی تر لە بەغدا كراونەتە ئامانج، لەوانە لە مانگی ئەیلوولی 2020 بۆمبێكی چێندراو بە كاروانی دیپلۆماسی بەریتانیا تەقیەوە، لە مانگی ئابی 2022 كاروانێكی دیپلۆماسی ئوسترالیا لە عێراق كرایە ئامانج. چەندان جار چالاكوان و كەسایەتییەكانی ئەڵمانیا ئەوانەی لە عێراق كار دەكەن، رفێندراون. دوایین جار هیلا مۆیس كە چالاكوانێكی كولتووری ئەڵمانی بوو لە مانگی تەمووزی 2020 لە بەغدا رفێندرا. لە ناوەڕاستی ئەم مانگەیش سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاشكرای كرد هاووڵاتیەكی ئیسرائیلی كە رەگەزنامەی رووسی هەیە بە ناوی ئەلیزابیس تسروكۆڤ لە عێراق لەلایەن میلیشاكانی عێراقەوە لە مانگی ئاداری رابردوو رفێندراوە كە نووسەر و توێژەرێكی بەناوبانگە.

هێرشە مووشەكییەكان لە ژماردن نایەن

هێرشە مووشەكییەكان دیاردەیەكی جیاواز بوو، لە لایەن میلیشیاكانەوە ئەنجام دەدرا لە دژی شاندی دیپلۆماسی ئەمریكا و ناوچەی سەوزی بەغدا و تەنانەت چەندان هێرشیش كرایە سەر هەولێر. بەگوێرەی راپۆرتێكی كەناڵی جەزیرە كە پێشتر بڵاوكراوەتەوە تەنیا لە ساڵی 2020 نزیكەی 75 هێرشی مووشەكی دژ بە شاندی دیپلۆماسی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان ئەنجامدراون. 

ئەو هێرشانە سەرەتا لە بەسرە دەستیپێكرد و دواتر بۆ بەغدا گوێزرایەوە، وڵاتانی رۆژئاوا بە ئاشكرا لایەنە شیعەكانی سەربە ئێرانیان تۆمەتبار دەكرد. بە تایبەتی دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەق قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی لە كانوونی دووەمی ساڵی 2020 ئەو هێرشە مووشەكیانە زیادیان كرد. 

هەر چەندە ئەمریكا و وڵاتانی تر داوایان لە حكومەتی عادل عەبدولمەهدی و دواتر حكومەتی مستەفا كازمی دەكرد، سنوورێك بۆ ئەو هێرشانە دابنێ‌، كەچی ئەو سەرۆكانە نەیانتوانی چارەسەری ئەو كێشەیە بكەن، بەڵام لەدوای هاتنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ دەسەڵات، ئەو هێرشانە تەواو كەمیان كردووە و یان نەماون، چونكە لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە میلیشیاكانیش لەخۆ دەگرێت ئەوان پاڵپشتی ئەو حكومەتە دەكەن و بەگوێرەی لێكدانەوەی چاودێرانی سیاسی نایانەوێ‌ حكومەتی سوودانی تۆمەتبار بكەن.

سەدر پێشتر رەخنەی لە ئامانجگرتنی شاندە دیپلۆماسییەكان دەگرت و ئەو جارە لایەنگرانی باڵیۆزخانەكەیان سوتاند

بەڵام ئەم جارە لەلایەن لایەنگرانی سەدرەوە هێرش كرایە سەر باڵیۆزخانەی سوید و سوتێنرا، كە پێشتر سەدر خۆی یەكێك بوو لەوانەی بەردەوام رەخنەی لە بەئامانجگرتنی شاندە دیپلۆماسییەكان دەگرت، لەوانە لە ساڵی 2021 لە تویتێكدا سەبارەت بە ئامانجگرتنی شاندە دیپلۆماسییەاكان موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر دەڵێ‌، "دەبینم بەكارهێنانی چەك و بۆردومانكردن و بە ئامانجگرتنی شاندە دیپلۆماسییەكان لە عێراق زیاد دەبێت و ئەمە مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتیان زیاد دەكات و شكۆی دەوڵەت زیاتر و زیاتر لاواز دەكات" سەدر ئەو هێرشانە بە "تفگە" ناو دەبات كە لە زمانی عێراقی بە "شێتانە و سەرەرۆی دێت!"

ئەمریكا هەڕەشە دەكات و  باڵیۆزەكان كۆدەبنەوە 

لە مانگی ئەیلوولی 2020 مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق هەڕەشەی كێشانەوەی شاندی دیپلۆماسی ئەمریكای كرد، لە حاڵەتێكدا ئەگەر عێراق نەتوانێ‌ دیاردەی بە ئامانجگرتنی شاندە دیپلۆماسییەكان رابگرێت. هاوكات لە 29ی ئەیلوولی 2020 سەرجەم باڵیۆز و شاندە دیپلۆماسییە عەرەبی و ئەوروپی و وڵاتانی تر لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا كۆبوونەوە و لەكۆتایی كۆبوونەوكە  داوایان كرد ئاسایشی شاندە دیپلۆماسییەكان بپارێزرێت، هێرشە مووشەكیەكان بوەستێ، پاڵپشتی حكومەتی سوودانی بكرێت.

رێككەوتنامەی ڤێینا چییە كە داوا دەكرێت عێراق پابەندی بێت؟

لە مانگی نیسانی ساڵی 1961 رێككەوتننامەی ڤێینا لە نێوان وڵاتان ئەنجام دراوە و عێراق لە ساڵی 1968 چووەتە ناو رێككەوتنەكەوە، ئەو رێككەوتنامەیە بۆ پاراستنی كاری دیپلۆماسی كراوە، لە 53 مادە پێكهاتووە. لە مادەكانی 22 و 24 و 45 باس لە پاراستنی شاندی دیپلۆماسی و كەلوپەل و بەڵگەنامەكانی كراوە لە مادەی 22 هاتووە، رێز لە باڵەخانەی شاندە دیپلۆماسییەكان دەگیرێت و تەنانەت بۆ نوێنەرانی دەوڵەتیش نییە بچنە ناوییەوە، تەنیا بە رەزامەندی سەرۆكی شاند نەبێت و دەبێت رێگری لە هەر هەڵكوتانەسەر و زیانگەیاندن بكرێت. لە مادەی 24 دووپات لە پاراستنی بەڵگەنامەكانی شاندی دیپلۆماسی دەكرێت و لە مادەی 45یش دووپات لەوە دەكرێتەوە، تەنانەت لە حاڵەتی پچڕانی پەیوەندی نێوان دوو وڵات و لە كاتی هەڵگیرسانی شەڕی چەكداری دەبێت باڵەخانەی شاندی دیپلۆماسی بپارێزرێت و جگە لەمەیش حكومەت هەوڵ بدات پاسەوانی بۆ دابنێت.

لە ساڵانی رابردوودا چەندان جار داوا لە عێراق دراوە پێشێلی ئەو رێككەوتنە نەكات، دوایین جاریش كاتێك باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق سوتێندرا و عێراق پچرانی پەیوەندی دیپلۆماسی خۆی راگەیاند، وەزیری دەرەوەی سوید و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایش داوایان لە عێراق كرد پابەندی ئەو رێككەوتنە بێت، كەچی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە وەڵامدا دووپاتی لەسەر پابەندبوونی خۆی بەو رێككەوتنە كردووە، عەبدولەتیف رەشیدی سەرۆك كۆماری عێراقیش گوتی گوایە كە بە ئەنقەست وا نیشانی جیهان دەدرێت "عێراق شوێنێكی سەلامەت نییە بۆ شاندە دیپلۆماسییەكان".
 

 


 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین