له‌ ڤیێنا.. وڵاتان له‌سه‌ر دۆسیه‌ى ئه‌تۆمى ئێران كۆده‌بنه‌وه‌ ئێران

نوچه‌نێت

بڕیارە ئه‌مڕۆ لە ڤیێنا پایتەختی نەمسا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ى ئه‌تۆمى ئێران بەڕێوە بچێت و ئامانجەکەی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە لەگەڵ ئێرانە. ئه‌مریكا شاندێك ره‌وانه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌كات كه‌ لە شوێنێکی جیاواز لە شانده‌كه‌ى ئێران دادەنیشێت و پێشبینى ناكرێت هیچ دیدارێكى ناڕاسته‌وخۆ له‌نێوان ئه‌مریكا و ئێران به‌ڕێوه‌بچێت.

ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ شەشی نیسانی ٢٠٢١ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و وتوویەتی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندووە ئامادەیە لە بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ پاشگەز ببێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥. واشنتۆن لە ساڵی ٢٠١٨دا لەو ڕێککەوتنە چووە دەرەوە و دوای ئەوە ئێرانیش هەنگاو بە هەنگاو لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خۆی پاشگەز بووەوە. 
ئێران داوا دەکات هەموو گەمارۆکان هەڵبوەشێنەوە. ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە لەگەڵ لیژنەی ئەمریکا دیدار ناکات. ئەوە بە واتایە دێت کە وڵاتانی ئەوروپی لە گفتوگۆکانی داهاتوودا ڕۆڵی نێوەندگیر دەگڕێن. 
هەروەها یەکێتی ئەوروپا سەرۆکایەتی گفتوگۆکانی ئێستای لە ئەستۆیە. وڵاتانی ئێران، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ڕووسیا و بەریتانیا لە گفتوگۆکاندا بەشدار دەبن. 
ئاژانسى هه‌واڵى فەرەنسا ڕایگەیاندووە لیژنەی نوێنەرانی ئەمریکا لە شوێنێکی جودا لە لیژنە ئێرانییەکە لەگەڵ دیپلۆماتەکانی یەکێتی ئەوروپا دیدار دەکات. 
دوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتن ئەتۆمی، ئەوە یەکەم جارە نوێنەری ئەو وڵاتە لە شوێنی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان سەبارەت بەو ڕێککەوتنە ئامادە دەبێت. 
بڕیار وایە لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی ١+٤ سەبارەت بە داهاتوو و مەرجەکانی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی گفتوگۆ بکەن. 
هێشتا دیار نییە ئایا ئەمریکا گەمارۆکان هەڵدەوەشێنێتەوە یان نا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین