ئه‌مریكا به‌ مه‌رج ئاماده‌یه‌ به‌شێك له‌ سزاكانى سه‌ر ئێران هه‌ڵبگرێت‌

نوچه‌نێت

له‌كاتێكدا كه‌ بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ گفتوگۆیه‌كى باڵا له‌باره‌ى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌مریكا ئاماده‌یى نیشان داوه‌ هه‌ندێك له‌ سزاكانى سه‌ر ئێران هه‌ڵبگرێت به‌و مه‌رجه‌ى ئێران پیتاندنى یۆرانیۆم به‌ رێژه‌یه‌كى به‌رز كه‌م بكاته‌وه‌.

ئەمڕۆ سێشەممه‌ شەشی نیسان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گفتوگۆکانی ڤیێنا بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەشداری دەکات، بە بێ ئەوەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران ئەنجام بدات. وڵاتانی ئەوروپی کە ئەو ڕێککەوتنەیان ئیمزا کردووە ڕۆڵی نێوەندگیر ل نێوان نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران لەو گفتوگۆیانەدا دەگێڕن. 


ماڵپەڕی هەواڵی "ڕادیۆ فەرەنسا" ڕایگەیاندووە، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتوویەتی گفتوگۆکان بە بێ دیداری ڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا ئاسان نین، ئەگەرچی ئەوە بابەتێکی نوێش نییە.

ئەمریکا ڕایگەیاندووە ئامادەیە هەندێ لە گەمارۆکان و لەوانە ده‌ستپێڕاگه‌یشتنى ئێران بۆ ئاڵوگۆڕی بانکیی نێودەوڵەتی، دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی هەڵبوەشێنێتەوە بەو مەرجەی تاران پیتاندنی یورانیۆم بە ڕێژەی به‌رز ڕاوەستێنێت.

ند پرایس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتوویەتی وڵاتەکەی ئاگادارە کێشەی زۆر لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێراندا لە ئارادان. پرایس هەروەها وتوویەتی، "هەرچەندە ئەمریکا ئامادەیە گەمارۆکان هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ئەو کارە بە شێوەی تاکلایەنە یان وەک سازش بۆ ڕازیکردنی ئێران ئەنجام نادرێت".

پاشان جەختی کردووەتەوە کە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران لە بەرانبەر سنووردارکردنی هەتاهەتایی و کۆنتڕۆڵکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێن.

ئێران جێبەجێکردنەوەی بەڵێنەکانی خۆی بە پێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی گرێ داوەتەوە بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو گەمارۆکان و وتوویەتی، "تا کاتێ هەموو ئەو گەمارۆیانە هەڵنەوەشێنەوە ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکە".

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین