ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی: ڕێژەی پیتاندنی یورانیۆم لە بنکەی نەتەنز گەیشتە ٦٣٪ ئێران
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، نموونە تۆمارکراوەکان لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز دەری دەخەن کە پیتاندنی ئورانیۆم گەیشتووە ٦٣٪.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ڕادیۆ فەردا" بڵاوی کردەوە، ئەو ڕێژەیە کەمێ زیاترە لە پیتاندنی ٦٠%کە ئێران مانگی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو دەستی پێدەکات.  
ڕۆیتەرز دەڵێت، ئەو دوایین ڕاپۆرتەی ئاژانس سەبارەت بە یورانیۆمی پیتێندراو دەتوانێ گفتوگۆکانی زیندووە کردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە لە ڤیێنا بەڕێوە دەچن تووشی کێشە و گرفت بکات. 
دوای تەقینەوەکەی ڕۆژی ١٠ی نیسانی مانگی ڕابردوو لە بنکەی پیتاندنی یورانیۆم لە نەتەنز، کۆماری ئیسلامیی ڕایگەیاند لە وەڵامی ئەو ڕووداوەدا، دەیەوێت دەست بکات بە پیتاندنی یورانیۆم بە ڕێژەی ٦٠٪. ئاژانس ڕۆژی ١٩ی نیسان پشتڕاستی کردەوە کە ئێران هەوڵەکانی بۆ پیتاندن لەو ئاستەدا دەست پێکردووە.
لە بەشێک لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا هاتووە، لێکدانەوەی نموونە تۆمارکراوەکان لە ڕێکەوتی ٢٢ی نیساندا، لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییەوە دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژەی پیتاندنی يورانیۆم گەیشتووە  ٦٣٪. 
سەرەڕای ئەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی پیتاندنی تا ئەو ڕێژەیە هیچ ڕوونکردنەوەیێکی نەداوە. 
خولی چوارەمی گفتوگۆکانی ئێران و وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، واتە ڕووسیا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا لە ڕۆژی حه‌وتی نیسانەوە لە یەکێک لە هۆتیلەکانی شاری ڤیێنا دەستی پێکرد و شاندێکی ئەمریکاش لە هوتێلێکی تری ئەو شەقامەدا جێگیر کراون. 
ئێران ئامادە نەبووە لە گفتوگۆکان بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا گفتوگۆ بکات. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین