جۆ بایدن: ئێرانییەکان لە گفتوگۆکاندا جددین

نوچه‌نێت

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت ئێرانییەکان لە گفتوگۆکان بۆ زیندووەکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جددین بەڵام دیار نییە ئامادەن بە کردەوە هەنگاو هەڵگرن یان نا. گوتەبێژی کۆشکی سپیش وێرای ئاماژەکردن بە پێشکەوتنەکان، گفتوگۆکانی ڤیێنای بە دژوار و درێژخایەن وەسف کرد.

ئەمرۆ شەممە ٨ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە جددیبوونی ئێرانییەکان لە گفتوگۆکانی ڤیێنا گوتی: "بەڵێ ئەوان جدین بەڵام دیار نییە تا کوێ دەتوانن بەرەو پێشەوە بچن". 
جۆ بایدن گوتیشی، نازانین ئەوان تا چ ڕادەیەک ئامادەی کاری کردەیین و ئەوە دوو بابەتی جیاوازن. 
هاوکات گوتەبێژی کۆشکی سپی سەبارەت بە گفتوگۆکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی لە ڤیێنا گوتی، "ئەمریکا هەر سەرەتا دەیزانی ئەو گفتوگۆیانە دژوار و درێژخایەن دەبن". 
هاوکات جین ساکی پرۆسەی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی بە "نیشانەیەکی باش" ناو برد بەڵام جارێکی تر جەختی کردەوە کە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان پێویستی بە گەڕانەوەی ئێران بۆ جێبەجێکردنەوەی بەڵێنەکانی خۆی هەیە، ساکی لەو بارەوە گوتی: "ئێمە ئامادەین ئەو گەمارۆیانە کە ڕێگرن لە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەڵبوەشێنینەوە، بەڵام ئەوە تەنیا لە کاتێکدا دەبێت کە ئێرانیش ئامادە بێت بەڵێنەکانی خۆی بە پێی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە جێبەجێ بکات". 
سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەی ڤیێنا لە ئەکاونتی تویتەری تایبەت بە خۆی نووسی، گەڕانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، سەد لە سەد پەیوەندی بە بڕیاری خودی ئەمریکاوە هەیە.

خەتیب زادە پێشتر لە گفتوگۆ لەگەڵ کەناڵی "NBC"  ڕایگەیاندبوو گفتوگۆکانی ڤیێنا بۆ چەقەکردن نین بەڵام لە ژینگەیەکی ئەرێنیدا دەچنە پێش و داڕشتنی دەقی ڕێککەوتنی نێوان دوو لایەن دەستی پێکردووە.

بەڵام وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە ڕۆژنامەی "گاردیان"ی گوتووە ئێران بە پێچەوانەی ئەمریکا، مەیلی خۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی نیشان نەداوە.

چوارەمین خولی گفتوگۆکانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێوارەی هەینی هەفتی ئایار لە ڤیێنا، دوای ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی سێ لێژنە بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کۆتایی پێهات. کۆبوونەوەکان لە ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان بەڕێوە دەچن و شاندەکەی ئەمریکا بە شیوەی ناڕاستەوخۆ لە دانیشتنەکاندا بەشدار دەبێت.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین