نهێنی حەوت كودەتاكەی ئەفریقیا! وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ماڵپەڕی كەناڵی ئەلعەرەبییە لەم راپۆرتە كورتەی خوارەوە، ئەوە دەخاتەڕوو لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو حەوت كودەتا لە كیشوەری ئەفریقیا روویانداوە، هەر چەندە واشنتن دڵنیایی دەدات لەوەی مەترسی لە پەرەسەندنی كودەتاكان و گواستنەوەیان بۆ وڵاتانی تر نییە، بەڵام راپۆرتەكە بە دووری نازانێ‌ وەك یاری دۆمینۆ بێت، دەسەڵاتەكانی ئەفریقیا هاوشێوەی پوولەكانی دۆمینۆ بە هۆی كودەتاكان بە دوای یەكترەوە بكەون.

لە بەرانبەر دیمەنی ئەو كودەتایانەی كە بەم دواییە كیشوەری ئەفریقیايان هەژاند و نوێترینیان لە گابۆن بوو، چاودێرانی سیاسی مەترسیان هەیە لەوەی ئاگری ئەو كۆدەتایانە پەرە بستێنێ‌ و چەندان وڵاتی تری كیشوەرەكە بگرێتەوە. لە كاتێكدا وڵاتانی رۆژئاوا سەركۆنەی دەستبەسەراگرتنی دەسەڵاتی رەوا و دیموكراسی دەكەن، واشنتن هەمووان دڵنیا دەكاتەوە و دەڵێ‌، “لە ئێستادا هیچ مەترسییەك بۆ تەشەنەكردنی ئاگری كودەتاكان نییە”.

ئەوەی سەیر بێت ئەمریكا دڵنیایی دەدات
و لە مەترسی كودەتاكان كەم دەكاتەوە 

جۆن كێربی رێكخەری پەیوەندییە ستراتیژیەكان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپی ئەمریكا لە لێدوانێكی بۆ كەناڵی ئەلعەرەبیە، دەڵێ‌، "هێشتا زووە قسە لەسەر كاریگەری دۆمینۆیانەی كودەتاكان بكرێت"سەرەڕای ئەمەیش هەنگاوەكانی فەرماندەی سوپای لە گابۆن بە مەترسیدار و سەرە رۆیانە وەسف كردووە. هەروەها ئیدارەی ئەمریكا دووپات لەسەر بەهێزكردنی دیموكراسی لە كیشوەری ئەفریقیا و تەواوی جیهان دەكاتەوە، بەو باوەڕی كە چاكترین شێوازی حوكمڕانییە بۆ ئاشتی و خوشگوزەرانی گەلان.

حەوت كودەتای سەربازی

كەواتە هیچ نیگەرانییەكی ئەمریكی لە كودەتا یەك لە دوا یەكەكان نییە، هەر چەندە ئەگەر چاوپێداخشانەوەیەكی خێرا بكرێت، ئەوا ژمارەی سەرسوڕهێنەر دەردەكەوێت.  

لە مانگی ئابی ساڵی 2020 وە تا ئێستا ئەفریقیا حەوت كودەتای سەربازی بەخۆیەوە بینیوە و دوایین كودەتایش دوێنێ‌ چوارشەممە لە گابۆن روویدا. 

لە 26ی تەمووزی رابردوو لە نەیجەر كودەتایەكی سەربازی بۆ خستنی محەمەد بازۆمی سەرۆكی وڵاتەكە راگەیێندرا. بەمەش ژەنەڕاڵ عەبدولرەحمان تیانی بووە تاكە پیاوی بەهێزی وڵات. گرووپی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقیا "ئیكواس" لە 10ی ئاب رایگەیاند، هێزی هەرێمایەتی كارا دەكرێت بۆ ئەوەی سیستەمی دەستووری بگێڕێتەوە و بەردەوام دەبێت لە كاری دیپلۆماسی بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكە.

لە بۆركینا فاسۆ لە 24ی كانوونی دووەمی 2022 سوپا رۆش مارك كابووری لە دەسەڵات لادا و لە شوێنی ئەو كۆلۆنیل پول هینری دامیبا وەك سەرۆك دانرا. كەچی چەند مانگێگ دواتر لە ئەیلوولی هەمان ساڵ سوپا دامیبای لادا كاپتن ئیبراهیم تراوری وەك سەرۆكی قۆناغی گواستنەوە دانا تا ئەو كاتەی لە تەمووزی 2024 هەڵبژاردن دەكرێت.

لە گینیا سەرۆك ئەلفا كۆندی لە پێنجی ئەیلوولی 2021 لادرا، لە شوێنی ئەو كۆلۆنیل مامادی دومبویا وەك سەرۆك دانرا و دواتریش سوپا بەڵێنی دا لە كۆتایی 2024 هەڵبژاردن بكرێت و دەسەڵات رادەستی براوە مەدەنییەكانی هەڵبژاردنەكە دەكرێت.

لە مالی لە  ماوەی چەند مانگێك دوو كودەتا كراوە، لە 18ی ئابی 2020 سوپا ئیبراهی كیتای لە سەرۆكایەتی لادا، لە تشرینی یەكەم حكومەتێكی كاتی دانرا. لە 24ی ئایاری 2021 سوپا سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی دەستگیركرد، لە حوزەیران ئەسیمی گویتا وەك سەرۆك بۆ قۆناغی گوستانەوە دانرا. ئەم جارەیش ئەنجومەنی سەربازی بڕیاری داوە لە شوباتی 2024 هەڵبژاردن بكرێت و دەسەڵات رادەستی مەدەنییەكان بكرێتەوە. 

كەچی لە سوودان هەر چەندە وەسفی رووداوەكان لەلایەن سوودانییەكان جیاوازە، بەڵام زۆرینەی وڵاتانی رۆژئاوا ئەو رێكارییانەی كە سوپا لە 25ی ئۆكتۆبەری 2021 كردوویەتی، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی مەدەنی بە سەرۆكایەتی عەبدوڵا حەمدوك، بە كودەتای دەزانن بەسەر رەوتی دیموكراسییەوە. بەڵام هەر چۆنێك بێت سوودان بەدەست تەنگژەیەكی سەختەوە دەناڵێنی و لە ناوەڕاستی نیسانی رابردوو جەنگێكی توند لە نێوان سوپا و هێزەكانی پاڵپشتی خێرا هەڵگیرساوە.

سەرچاوە ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین