كاریگەریی درۆنی تورکیا لەسەر جەنگی ئەمڕۆدا
نوچەنێت
ئامادەكردنی: دنیا ئەحمەد
ناوی فرۆکەی بێفرۆکەوانیە و ناوە جیهانییەکەی درۆنە " DRONE" كە لە زمانی ئینگلیزی وەرگیراوە، بەو هەنگە نێرانە دەگوترێن کە شاژن گەردەن (تلقیح) دەکەن.
درۆن یەکێکە لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی تورکیا لە بواری تەکنەلۆژیای سەربازی، لە ئێستادا تورکیا بە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری درۆن هەژمار دەکرێت لەدوای ئەمریکا، تێچووی هەر درۆنێک نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلارە و چەندین وڵات گرێبەستی کڕینیان لەگەڵ تورکیا هەیە، هەروەها لە درۆندا تورکیا یەکێکە لە ڕیزبەندی سێ یەکەمین وڵاتەکانی جیهان.
دروستكەری درۆنی تورکی
ئۆزدەمير بەيرەكدار ناسراو بە باوکى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى تورکی، لە ساڵی (1949) لە ناوچەى ساربيرى ئيستەنبۆڵ لە دايك بووە، ئەو پياوە توانى پيشەسازى سەربازى توركيا زۆر بەرەوپێش ببات، خاوەنى كۆمپانياى بايكارى پيشەسازى سەربازى بوو، لە دروستكردنى درۆن رۆڵێكى گرنگى هەبوو، توركياى لەسەر ئاستى جيهان كردە ژمارەيەكى گەورەى پيشەسازى سەربازى، بەيرەكدار سێ كوڕى هەيە و یەکێک لە کورەکانی زاوای سەرۆکی تورکیا.
كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی درۆنی توركی
كۆمپانياى بايكار:ئۆزدەمير بايكار لە (1986) كۆمانياى (Baykar Makina) ـی دامەزراند، ئەوكاتە لە ژێر رێنمايى حكومەت بۆ بەشدارى لە هێنانى ئوتومبێل كارى دەكرد، كارى لەسەر ديزاين و دروستكردنى زۆربەى پارچە گرنگەكانى ئۆتۆمبێل كرد.
کۆمپانیای بەیراکدار و درۆنی بەیراکدار، كە پەيوەستە بە سەلچوق بەيرەكدارى كوڕى ئۆزدەمیر بایکار، چونكە چەند پڕۆژەيەك لەو بوارە بەڕێوە دەبات، باوكيشى ڕۆڵى سەرەكى هەبوو تا توانى ئەو بوارە بۆ منداڵەكانى برەخسێنێت. سەلجوق کورە بچووکی ئۆزدەمیر، لە (2016) هاوسەرگيرى لەگەڵ سومەيەى كچى ئەردۆغان كردووە و زاوای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیایە، حكومەتى توركيا و بەتایبەت ئەردۆغان رۆڵى گرنگى هەبوو لە پاڵپشتيكردنى بەرەوپێشبردنى بەرهەمى ناوخۆيى و سيستەمى تەكنەلۆژياى پێشكەوتوو، بۆ ئەو مەبەستەش چەندين ناوەندى گەورەى دروستكرد بۆ بەرەوپێشبردنى تواناى وڵاتەكەى لە بوارى تەكنەلۆژيادا.
تورکیا بۆچی ویستی درۆن لە چەند وڵاتێک بکڕێت؟
بيرۆكەى دروستكردنى ئەو كۆمپانيايە دەگەڕێتەوە بۆ نەوەتەكان، ئەو كات ئۆزدەمیر بایکار ئەندامى پارتى رەفاهى توركى بوو، سەرەتا لەگەڵ نەجمەدين ئەربەكان گفتوگۆى لەسەر ئەو بيرۆكەيە كرد، دواتر هەوڵى دا پەرە بە بيرۆكەكەى بدات.
هۆكارى ئەو پڕۆژەيە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، حكومەتى توركيا داواى درۆنی لە ئيسرائيل و ئەمريكا كرد، بەڵام ئەو دوو وڵاتە يارييان بە داواكانى توركيا دەكرد، توركياش ئامانجى لە كڕينى درۆن بەكارهێنانى بوو دژ بە پارتى كرێكارانى كوردستان (پەکەکە)، لە هەمان كاتيش ترسى لەوە هەبوو ئەودرۆنانەی لە ئيسرائيل دەيكڕێت، كۆنتڕۆڵەكەى هەر لە دەستى ئيسرائيل بمێنێتەوە، ئيسرائيل لەو رێگەيەوە يارى بە چارەنووسى ئاسايشى نەتەوەيى توركيا بكات، بۆيە بەيرەكدار ويستى پڕۆژەيەكى نیشتيمانى دامەزرێنێت، وڵاتەكەى لە پاشكۆيەتى سەربازى وڵاتانى دەرەكى دەرباز بكات.
بۆچی وڵاتان زیاتر ڕوو لە کڕینی درۆنی تورکیا دەکەن؟
درۆنی توركی بەراورد بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمەریكی و ئیسرائیلی تێچووی زۆر كەمترە، میكانزمی كۆنتڕۆڵی هەناردەی چەكی توركی كۆت و بەندی كەمترە لەو میكانزمانەی كە واشنتن و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی كاری پێدەكەن.
ئەو تێكەڵییە وایكردووە درۆنیی توركی ببێتە هۆی زیادبوونی بایەخی لای ئەو وڵاتانەی كە بوودجەی گەورەیان نییە، كە ناتوانن تەکنەلۆژیای سەربازیی گرانبەها بكڕن، ئەنجامی ئەوە روون دەبێتەوە كە توركیا گەورەترین سەرچاوەی درۆنە لە جیهان، لە پێش چین و ئەمەریكایە، هاوکات ئاماژەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، ئەو گەشەكردنە لەو نزیكانە سست نابێتەوە، بەڵكوو بە پێچەوانە هەناردەکردنی درۆن بۆ دەرەوە بۆ ئامرازێكی سەرەكی لە سیاسەتی دەرەوەی حكومەتی توركیا گۆڕاوە.
نیگەرانییەکانی وڵاتان بەرامبەر بە بەرەوپێشووەچوونی پیشەسازی بەرگریی تورکیا بەتایبەت (درۆن)
یەکەم: یۆنان
یەکێک لەو وڵاتانە یۆنانە، پێیوایە تورکیا لەمەوبەدوا بۆتە کێشە لە بەردەمیان و لە داهاتوودا وڵاتانی ئەوروپا وەک بەشێک لە تەلارسازی ئەمنی هاوبەشەکانیان سەیری تورکیا دەکەن، هەروەها وڵاتانی رۆژئاوا هەموو رێککەوتنێک لەو بوارە لەگەڵ تورکیا واژۆ بکەن.
لەدوای ئەوەی ڕۆبێرتۆ سینگۆلانی بەڕێوەبەری کۆمپانیای لیۆناردۆی بەرگریی ئیتاڵیا بە فەرمی ڕێککەتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای کزڵئێلمای تورکی رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی میژوویی بوو بۆ کۆمپانیای کزڵئێلما کە یەکێکە لە داهێنەرەکانی پیشەسازی بەرگریی تورکیا و جێگەی نیگەرانیشە بۆ نەیارانی تورکیا، کە رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا دەکات. لەئێستادا بەرپرسانی باڵای سەربازیی یۆنان پێیان وایە ئەوان لەڕووی بەهێزی سوپاوە لەدوای تورکیاوەن بەتایبەت لەم دواییانەدا رێککەوتنی تورکیا لەگەڵ ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا بۆ کڕینی ژمارەیەک لە فڕۆکەی جەنگی یۆرۆفایتەر.
دووەم: ئیسرائیل
ئیسرائیلیش یەکێکە لەو وڵاتانەی نیگەرانە لە پێشکەوتنی تورکیا بەتایبەت لە بەرهەمهێنانی درۆن، ئیسرائیل پێیوایە بەرهەمهێنانی درۆن لەلایەن کۆمپانیاکانی بایکار و توساش پێگەیەکی بەهێزی بە تورکیا داوە و دەشڵێن، "تورکیا رێگەی سەرکردایەتی جیهانی بەدەستهێناوە." هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردۆتەوە، ئیسرائیل لە ساڵی (2024) تەنها (1%)ـی درۆنی هەناردەکردووە، بەڵام تورکیا لە (33-25%)ـی تێپەڕاندووە و زیاتر لە (600) جۆری درۆنی بایراکتاری (تی بی 2)ـی هەناردە کردووە.
جگە لەو وڵاتانە، هەر چەندە تورکیا لە بواری وەبەرهێنانی درۆن پێشکەوتنێکی بەرچاوی هەیە و لە زۆربەی جەنگەکان ڕۆلێکی تایبەت دەگێرێت، بەڵام شارەزایانی بواری پیشەسازی بەگریی ئەمەریکا پێیان وایە لە زۆربەی جەنگەکان درۆنی تورکیا زیانێکی زۆری لە خەڵکی سڤیل داوە و زیانێکی زۆریش بە ناوچەکان دەگەیێنێت. هاوکات بەرەوپێشچوونی پیشەسازی بەرگریی تورکیا لە فڕۆشتنی درۆن هەندێك وڵاتى ئەوروپاى ناچاركرد رێوشوێنى نوێ بگرنە بەر.
سهركهوتنی درۆنی توركیا ههندێك وڵاتی ناچار كرد چاو به گرێبهستیهكانیان بخشێننهوه، ئەڵمانیا لەو وڵاتانەیە دواى سەركەوتنەكانى درۆنی توركیا لە بەرەكانى جەنگ و وێرانكردنى چەندین سیستەمى بەرگرى، داواى نوێكردنەوەى سیستەمى بەرگریى ئاسمانى كرد. بەریتانیا بڕیارى دا پاشگەزبێتەوە لە كڕینى فرۆكەى بێفڕۆكەوانى جۆرى برۆتیكرتى گەورەى ئەمریكى و بیگۆڕێت بە جۆرى درۆنی بەیراکتار ئەكینجى توركیا، كە زۆر لێهاتووترە و نرخەكەشى زۆر هەرزانترە.
جۆرەکانی درۆنی تورکیا
درۆنی بایراکتار ئاکنجی: درۆنی ئاکنجی لە (29)ـی ئابی لەساڵی (2021) لەلایەن کۆماپانیای پیشەسازی بایراکتار بەرهەمهێندرا، سەرکەوتووانە توانیویەتی بۆ ماوەی زیاتر لە ھەزار کاتژمێر بفڕێت. درێژیەکەی (12.2)مەترە، درێژی باڵەکانی (20.0) مەترە، بەرزییەکەی (4.1)مەترەم، کێشی گشتی (1.500) کیلۆگرامە و زۆرترین خێرایی (361)کم/لەیەک کاتژمێردا و توانای بەرگەگرتنی (24) کاتژمێر مانەوەی لە ئاسماندا هەیە،سێ جۆر موووشەک هەڵدەگرێت وەک جۆرەکانی (MK-81،MK-82،MK-83)، ئەو درۆنە لە فڕیندا(100)ھەزار کاتژمێری تێپەراندووە بەوەش دەستکەوتێکی گرنگی لە مێژووی فڕۆکەوانی تورکیا بەدەستھێنا، درۆنی بایراکتار ئاکنجی، لە توانیایدایە بەرزترین ئاستی بەرزی فڕین تۆمار بکات کە ( (45ھەزار و (118) پێ بووە.
هەروەها سێ جۆری دیكەی هەیە لەوانەش ( Akıncı A, Akıncı B, Akıncı c) ئەمانەش هەریەکەیان بە بزوێنەری جیاواز کاردەکەن، ئەوە سەرەڕاى تواناى هەڵگرتنى (5,5) تۆن لە چەک كە دەتوانێت بۆمبى وێرانكەر هەڵبگرێت.
تورکیا لە ساڵی (2022) رایگەیاند، کە یەکەم گرێبەستی فڕۆشتنی بایراکتار ئاکنجی واژۆکردووە، بەڵام ئاماژەی بەهیچ وڵاتێک نەکرد، لە (18)ـی تەمووزی (2023) بە فەرمی تورکیا ئەو جۆرە فڕۆکەیەی بۆ پێنج وڵات هاناردەکرد.
تاوەکو ئێستا هەریەک لە وڵاتانی پاکستان و ئازەربایجان و قیرغستان و ئەسیوپیا و بورکینا فاسۆ و مالی و سعودیە واژۆی کڕینیان لەگەڵ لە تورکیا کردووە، سەرەرای ئەو رێککەوتنانە کۆمپانیای بایراکتار ژمارەی هەناردەکردنی ئەو جۆرە درۆنانەی بەنادیاری هێشتۆتەوە.
درۆنی بایراکتار کاڵکان: لە ساڵی (2019) لەلایەن کۆمپانیای بایراکتار نمایشکرا. هەروەها بەفەرمی لە ساڵی (2023) لەنێو هێزی دەریایی جێگیرکرا. ئەو درۆنە چەند تایبەتمەندییەکی هەیە دەتوانێت بە سێ شێواز بنیشێتەوە، نیشتنەوەی لای ڕاست و نیشتنەوەی خودی فڕۆکەکە و نیشتنەوە بەپەرەشوت. دەتوانێت چاودێری و بەدواداچوون بكات و شوێنی بە ئامانج گیراو دیاری بکات و بەئاسانی بگەرێتەوە شوێنی خۆی. درێژی باڵەکانی (5) مەترە زۆرترین کێشی بەرزبوونەوەی (30) کیلۆگرامە و دەتوانێت (12) کاتژمێر لە ئاسمان بمێنێتەوە.
درۆنی بایراکتار مینی ئیها: جۆرێکی دیکەی درۆنی دروستکراوی کۆمپانیای بەیراکتارە لە ساڵی (2005) نمایشکرا، بۆ یەکەمجار سوپای تورکیا لە ساڵی (2007) لە ئۆپەراسیۆنەکان بەکاریهێنا، دەتوانێ سیخوری و چاودێری شوێنی مەبەست بکات لە شەو و ڕۆژدا. توانای فڕینی (2000) پێیە و مەودای پەیوەندی (15)کم بەوردی ئامانجەکەی دیاری دەکات. بۆ یەکەمجار لە ساڵی (2012) هەناردەی قەتەر کرا. لە مێژووی سیستەمی بەرگریی فڕۆکەوانی تورکیا یەکەم درۆن بوو هەناردەی دەرەوەی وڵات کرابێت. ئۆکرایناش یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەو جۆرە درۆنە بەکاردەهێنێت. هەروەها بايكار لە سەرەتاى دامەزراندى كۆمپانياى سەربازى، بەهەماهەنگى سوپاى توركيا لە باشوورى ڕۆژهەڵاتى ئەنادۆڵ چەند لێكۆڵينەوەيەكى ئەنجام دا، پاشان پەرەى بە (Bayraktar Mini UAV) دا و وە یەکەم درۆنى توركى بوو لە (2005 تا 2009) کاری لەسەر کرد.
فڕۆکەی جەنگی بێفرۆکەوانی بایراکتار کزڵئێلما: کۆمپانیای بایراکتار لە ساڵی (2022) بۆ یەکەمینجار جۆرێکی دیکەی درۆنی بەناوی (کزڵئێلما) لە سامسونگ نمایش کرد، یەکێک لە تایبەتمەندی کزڵئێلمای ئەوەیە کە بە یەکەمین فڕۆکەی جەنگیی بێفڕۆکەوانی تورکیا دادەنرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر تورکیا درۆنەکانی وەکو (IHA و SIH)ـی بەرهەمهێناوە و هەناردەی وڵاتانی کردووە.
تایبەتمەندی ئەوە جۆرە درۆنە، دەتوانێت ئامانج دیاری بکات و بە وردی بیپێکێت، هەروەها درێژی ئەو فڕۆکە جەنگییە (14.7) مەترە، زۆرترین بەرزبوونەوەی کێشی (6) هەزار کیلۆمەترە و دەتوانێت ( (4کاتژمێر لە ئاسمان بمێنێتەوە و زۆرترین خێرای (1.100) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بفڕێت. جگە لەمەش تورکیا تاوەکو ساڵی (2024) توانی بەرهەمهێنانی بە کۆمەڵی فڕۆکەی جەنگی کزڵئێلما بەرهەمبهێنێت.
سڵچوک بایراکدار لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە فڕۆکەی جەنگی بێ فڕۆکەوانی کزڵئێڵما دەڵێت، "ئەو فڕۆکە لە توانایدا هەیە چەک لەژێر باڵەکانیدا هەڵبگرێت، ناتوانرێت بەئاسانی لە ڕاداردا ببینرێت، تاڕادەیەک توانیومانە زیرەکی دەستکرد تێیدا بەکاربهێنیی تاوەکو ئاستێکی بەرزی سەربەخۆی هەبێت، هەروەها دەتوانێت بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی فڕۆکەی دوژمن بکاتە ئامانج لە رێگەی حەساسەوە دیاری بکات."
هاوکات ڕۆژی (26-11-2022)، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سهرۆکكۆماری توركیا رایگەیاند، کۆتاییەکانی ساڵی (2023) دەست بە بەرهەمهێنانی بە کۆمەڵی فڕۆکەی جەنگیی بێفڕۆکەوانی کزڵئێلما دەکەن.
جۆرەکانی دیکەی درۆنی تورکیا
کۆمپانای بایراکتار جگە لەو درۆنانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردووە، چەند جۆری دیکەی بەرهەمهێناوە وەک (Baykar Bayraktar TB3، Havelsan BAHA، STM Kargu، Vestel Karayel)، (TUSAŞ Aksungur، TUSAŞ Anka ، TUSAŞ Anka-3، TUSAŞ Baykuş ، TUSAŞ Gözcü ، TUSAŞ Martı، TUSAŞ Şimşek)
ـــ کۆمپانیای توساش ئەم كۆمپانیایە لە ساڵی (1973) دەچێتە نێو پیشەسازی بەرگریی و ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کۆمپانیایەکی تایبەت و پشکدارە سەر بە سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە و فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر دروست دەکات، هەروەها کاری بەمۆدێرنەکردن و بەرهەمهێنانی فڕۆکەی مەدەنی، فڕۆکەی جەنگیی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێلیکۆپتەر و سیستەمەکانی تایبەت بە بۆشایی ئاسمان بەرهەمدەهێنێت.
بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیایە پێکدێن لە دروستکردنی چوار جۆری جیاوازی فڕۆکەی جەنگیی، شەش جۆری جیاوازی هێلیکۆپتەری جەنگی، (13) جۆری جیاوازی درۆن و چوار جۆری جیاوازی مانگی دەستکرد.
درۆنی بایراکتار تی بی 2 (Baykar Bayraktar TB2):
بەناوبانگترین جۆری درۆنی تورکیایە، لە (29)ـی نیسانی ساڵی (2014)، لەلایەن کۆمپانیای بایراکتارەوە دروستکراوە، لە نێوخۆی تورکیادا لەلایەن هێزی چەکدار، فەرماندەی گشتی جەندەرمە و ئاسایش و هەوڵگریی تورکیا بەکاردەهێنرێت. تێچووی هەر درۆنێکی بەیراکتاری تی بی 2 (5.37) ملیۆن دۆلارە.
ئەو درۆنە لەو ئۆپەراسیۆن و شەڕانەی بەکارهاتووە، نزیکەی (١٠٠٠٠٠٠) کاتژمێری تێپەراندووە لە فڕین. هەربۆیەش درۆنی بایراکتار تی بی 2 توانیتی درێژترین ماوە لە ئاسمان بمێنێتەوە لە چاو هەموو درۆنەکانی دیکەی وڵاتان، هەروەها بە نێوبانگترینیان درۆنەکانی تورکیا تی بی 2 کە پڕ فرۆشترینیانە.
تایبەتمەندی درۆنی تی بی2 (Bayraktar TB-2):
بەشێوەیەکی تەكتیكی دیزاین كراوە، ئاستی بەرزبوونەوەی مامناوەندە، فڕینی درێژمەودایە، توانای ئەنجامدانی ئەركی هەواڵگریی و چاودێری و ڕووماڵكردن و بۆردوومان و جۆری سیخوری و شەڕکەری هەیە. هەروەها زۆرێك لە چاودێران ئەو فڕۆكەیە بە دێوەزمە ناوی دەبەن. هاوکات پێش ئەوەی لە هێڵەكانی بەرگری نەمێنێت، پشت بە سیستەمی موشەكی ئاراستەكراو بە لێزەر دەبەستێت، ئاستی پێكانی ئامانجەكانی بەرزە، ئەو درۆنە لە هەمان كاتدا سیستەمی گواستنەوەی وێنەی هەیە، كە بە جۆرێكی هەرزانی ئەو تەكنەلۆژیایە دادەندرێت، كە نرخەكەی لە (10%)ی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی جۆری (Reaper)ی ئەمەریكیە.
هەروەها تواناى بزربوونى لەبەر ڕادەرەكان و هەڵگرتنى مووشەك و بۆمبى كاراى زیرەكی هەیە، دیارترین تایبەتمەندى تواناى كۆنترۆڵكردنى ئۆتۆماتیكى خاوەنى سیستەمى فرۆكەوانى ڕاستەوخۆیە، كە سەر پشكە لە نیشتنەوە و فڕین، توانایەكى بەرزى یاریكردن و پێكانى ئامانجە جێگیر و جوڵاوەكانى هەیە . هەروەها درۆنی بایراکتار تی بی 2 دەتوانیت چوار مووشەکی ئاراستەکراوی جۆری( MAM-L و MAM-C)ـی کۆمپانیای راکستار هەڵبگرێت.
چەند تایبەتمەندێکی تایبەتی درۆنی بایراکتاری تی بی 2:
مەودای ئۆپراسیۆنی (6000) کیلۆمەترە، بەردەوامی لە فڕین (24) کاتژمێر، بەرزی فڕین (8200) مەتر، خێرایی: (220) کیلۆمەتر لە یەک کاتژمێر، درێژی: (6.5)مەتر ، درێژی باڵەکان (12) مەتر، هەڵگری (4) مووشەکی (MAM-L ، MAM-C)یە.
ڕۆڵی درۆنی بایراکتار تی بی 2 لە چەند جەنگێكدا
شەڕی پەکەکە: لەدوای ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە، سوپای تورکیا شێوازی بەکارهێنانی چەکی لە شەڕدا گۆڕی، ئاراستەی هێرشەکانی بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن گۆری و دەیان هێرشی کردە سەر ئامانجەکانی ناوچە کوردییەکانی سەر سنووری عێراق و سووریا. تورکیا بۆ یەکەمین جار درۆنی لە ساڵی (2016)دا، بۆسەر پێگەکانی پەکەکە و یەپەگە بەکارهێنا، بەتایبەت لە ئۆپەراسیۆنی فرات کاڵکان لە ساڵی (2016) زیانێکی زۆری بەو رێکخراوە گەیاند، هەروەها لە ساڵی (2018) لە ئۆپەراسیۆنی چلەی زەیتون بەکارهاتووە دژی ئەندامانی پارتی کرێکانی کوردستان، بەڵام لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا زۆربەی خەڵکی سڤیل بوونەتە قوربانی و زیانێکی زۆریشی بە ناوچەکە گەیاندووە. لە ساڵی (2019) سوپای تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی جولەی بەرشپنار چەند جۆرە درۆنێکیان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە بەکار هێناوە. بەهەمان شێوە لە ساڵی (2020) لە ئۆپەراسیۆنی بەهار کاڵکان درۆن بەکارهێنراوە لەدژی ئەو رێکخراوە، تەنیا لە ئۆپراسیۆنی زەیتین داڵ بەهۆی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەوە (449) پەکەکە کوژران و زیانێکی زۆریش بە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان گەیشت و بەهۆیەوە چەندین گوند چۆڵکراوە، هاوکات لەپاڵ هێرشەکانی بۆسەر باکووری کوردستان سوپای تورکیا بەدرۆن هێرشی کردۆتە سەر پێگەکانی یەپەگە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە سووریا.
شەڕی دووەمی ناوخۆی لیبیا: بەشداری کردنی تورکیا لە جەنگی ناوخۆی لیبیا و بەشداری کردنی راستەوخۆی درۆنی بایراکتار و پێشتوانی کردنی تورکیا لە دەوڵەتی وەفاق لە دژی جەنرال حەفتەر، ناوی ئەم درۆنە زیاتر ناوبانگی پەیدا کرد و لەگەڵ بەشداری کردنی ئەم درۆنە لە جەنگی لیبیا ئاراستەی جەنگ گورا، هێزی جەنرال حەفتەر کە سەرکەوتنیان بە دەست هێنابوو و خۆیان بۆ هێرش بۆ تەرابلس ئامادە دەکرد بەهۆی هێرشی کوشندەی ئەو درۆنانەی تورکیا ناچار بوون پاشەکەشە بکەن.
فڕۆشتنی درۆنی بایراکتار تی بی ٢ـی تورکیا بە لیبیا و رێککەوتنەکەش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان دانیپێدانرابوو، سوپای لیبیاش لە جەنگی دووەمی ناوخۆی بەکاری هێنا.
سەبارەت بە توانای ئەو درۆنە لەم جەنگە ماڵپەڕی جیهانی ئۆرێکس دەڵێت، بەلایەنی کەم تانکێکی زریپۆشی تێکشکاندووە، سیستەمی مووشەکی بەرگریی ئاسمانی و ئۆتۆمبێلەک و سی فڕۆکەی جەنگی و یەک فڕۆکەی گواستنەوە و چەند جۆرێکی دیکەی لەناو بردووە. ئەو ماڵپەرە دەشڵێت، ئەو داتایانەی لەبارەی درۆنی تورکیا بڵاوکردۆتەوە زیاتر لەوەی باس کراوە بۆ ڕایگشتی.
سەبارەت بە تێکشکانی ژمارەی درۆنی تورکیا هەریەک لە ڕووسیا و سوپای لیبیا داتای جیاوازیان بڵاوکردۆتەوە هەندێکیان دەڵێن (27) دانەبووە و هەندێکیشیان دەلێن (11) دانە بووە، بەڵام ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لەسەرانسەری جیهانیش باسی لێوەکراوە و بۆتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ تورکیا.
جەنگی ئازەربایجان و ئەرمینیا: زاکیر حەسانۆڤ وەزیری بەرگریی ئازەربایجان لە ساڵی (2020) ڕایگەیاند، ژمارەیەک درۆنی تی بی 2 لە تورکیا دەکڕن، هاوکات ئەو درۆنانەی تورکیا لە شەڕی قەرەباغ لەساڵی (2020) سەرکەوتنێکی زۆر گەورەی بەدەستهێنا لە دژی سوپای ئەرمینیا، ئازەربایجان توانیان بە درۆنی تورکیا (180) پارچە تۆپخانە لە ناوبەرێت و ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سوپایان کردە ئامانج، نزیکەی (85) تەنک و سێ سیستەمی مووشەکی بالیستیکی و یەک سیستەمی فڕە مووشەکی هەڵدان و پێنج ئۆتۆمبێلی شەڕکەری زریپۆش و (178) ئۆتۆمبێلی سەرباز هەڵگریان و چەندین جێبیان بەهۆی درۆنی تورکیا تێکشکان. لە کۆی ئەو ئامانجانەی کە ژمارەیان (٧٧٢) بوو لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە بە درۆنی TB2))، تەنانەت (535)یان بە درۆنەکانی تورکیا پێکاوە. بەگوێرەی داتاکان لەو جەنگەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا زیاتر لە یەک ملیار دۆلار زیانیان بە ئەرمینیا گەیاندووە.
شەڕی سوودان و هێزەکانی پاڵپشتی خێرا: لەدوای ئەوەی تورکیا چەند دانەیەک لە درۆن دەنێرێت بۆ سوپاى سوودان، ئەوەش بۆتە هۆى بەرەوپێشچوونى گرنگ دژ بە هێزەکانى پاڵپشتى خێرا لە خەتووم و ئەبیەز.
لە ساڵی (2025)، بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕى (میدل ئیست ئاى) سوپای سودان بە درۆنیى بەیرەکدار تى بى 2ـی تورکی چەندین هێرشیان کردۆتە سەر کاروانەکانى هێزەکانى پاڵپشتى خێرا لە ویلایەتى جەزیرە و خەرتووم و دەوروبەرى.
ئەو هێزانەش ئاشکاری دەکەن، ڕووبەڕووبونەوە بەرامبەر بە بەیرەکدار زۆر قوورسە، چونکە بە چاو نابیندرێت و ناتوانرێت وا بەئاسانی بیکەیە ئامانج و لە پڕ خۆت بە مردوویى دەبینیتەوە.
جەنگی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا: ئۆکڕاینا لە ساڵی (2019) شەش درۆنی بایراکتار تی بی 2و سێ وێستگەی کۆنترۆڵکردنی زەمینی کڕی لە هەستکردن بە توانای ئەو درۆنە، هێزی دەریایی ئۆکراینا لە ساڵی (2021) پێنج دانەی تری لە تورکیا کڕی.
بۆ یەکەمجار ئۆکراینا درۆنی تورکیای لە ساڵی (2021) وەک چاودێر و سیخوری بۆ سەر دۆنباس بەکاریهێنا لە دژی ڕووسیا، هەروەها لەهەمان ساڵ درۆنی تورکیا توانی هاویتزەرێکی (D-30) سەر بە ڕووسیا تێک بشکێنێت بەمەش ڕۆڵێکی چالاکی هەبوو بۆ ئۆکراینا.
هەرچەندە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئۆکراینا ڕایگەیاند، پێنج جۆر درۆنی بایراکتار تی بی 2یان تێکشکاندووە، بەڵام ئۆکراینا هەواڵەکی بە درۆخستەوە و هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆش پشتراستیان نەکردەوە چونکە هیچ تۆمارێکی ڤیدیۆیی نەبوو.
سوپای ئۆکراینا لە ساڵی (2022) لە کورتە ڤیدیۆیەکدا لە تویتەر هێرشی درۆنەکانی تورکیایان بۆ سەر سوپای ڕووسیا بڵاوکردەوە کە تیایدا چەند ئۆتۆمبێڵێکی سەربازیی ڕووسیایان تێکشکاندووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان ئۆکراینا بە درۆنی تورکیا لە درێژەی ڕووبەرووبوونەوەکانیان لەو جەنگە زیانێکی زۆرییان بە ڕووسیا گەیاندووە. هەروەها چەندین تەنک و سیستەمی مووشەکی ڕووکار بۆ ئاسمان و دوو شەمەندەفەری سووتەمەنی و چەند سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی لەناوبردووە.
لەدوای ئەو سەرکەوتنەی ئۆکراینا بە درۆنی تورکیا بەرامبەر ڕووسیا هەریەک لە وڵاتانی لیتوانیا و نەرویج و پۆڵەندا و کەنەدا و لاتڤیا هەڵمەتێکیان بۆ کۆکردنەوەی پارە ڕاگەیاند بۆ ئەوەی ئۆکراینا بتوانێت درۆنی بایراکتار تی بی ٢ لە ئەنقەرە بکرێت دژی ڕووسیا بەکاریبهێنێت.
ڕۆڵی درۆنی بایراکتار (TB2) لە ئەفریقیا
توركیا لە رێگەی درۆن هەژموونی خۆی بەرهەم دەهێنێت، كە لە رێگەی ئەم ئامرازەوە لە رووی ئەمنییەوە هەژموونی لە كیشوەری ئەفریقیا فراوان دەكات.ژمارەیەك لە سەركردەكانی وڵاتانی ئەفریقیا ستایشی رۆڵی درۆنیی توركیا دەكەن، بەو جۆرە وەسفی دەكەن كە رێسای یارییەكانی گۆڕیووە.
لەم چەند ساڵەی رابردوو رۆڵی توركیا وەك هێزێكی كاریگەر لە بواری ئەمنی بەرزبۆتەوە، لە (2024) هەناردەی لە كەرتی درۆن ژمارەی پێوانەیی تێپەڕاند، گەیشتە حەوت ملیار و (100) ملیۆن دۆلار، ئەوەش وایكردووە، كە بازاڕی ئەفریقیا بەتایبەت لە گەورەترین كڕیارەكان بێت، ئەوەش لەدوای ئەوە دێت كە هەناردەی توركیا پێشتر بۆ تونس و مۆریتانیا بوو، ئەمرۆ هەناردەی بۆ (18) وڵاتی ئەفریقیا بە رێژەی لە (10%) زیادی كردووە.
لەم ساڵانەی رابردوو، توركیا بووە سەرچاوەی یەكەم لە رەوانەكردنی درۆن كە لە بازاڕەكانی كیشوەری ئەفریقیا زۆر بە خێرایی گەشەی كرد.فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ڕۆڵێکی باشی هەبووە بۆ سەرکەوتنی ئەسیوبیا بەسەر چەکدارانی بەرەی گەلی ئازادیخوازی، لەگەڵ ئەو سەرکەوتنە و دواى دەركەوتنى درۆنی توركى لە شەڕەكانى ئەسيوبيا بەرپرسانى توركيا سووربوون لەسەر ئەوەى پێدانى درۆن بە ئەديس ئەبابا، پەيوەندى بە بوارى بازرگانى چەك هەيە، كە لە (2020) بە بڕى (235) مليۆن دۆلار چەكى لە توركيا كڕيووە، ئەمساڵيش بە بڕى (95) مليۆن دۆلار چەكى كڕيوە.
ئەو وڵاتانەی درۆنی بایراکتار تی بی 2 بەکاردەهێنن
بەگوێرەی زانیارییەکان تا کۆتاییەکانی ساڵی (2023)، (31) وڵات ئەو درۆنانەی تورکیایان بەکارهێناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تورکیا بەفەرمی ناوی هەندێک لە وڵاتانی ئاشکرا نەکردووە بەنهێنێ هێشتوویەتەوە.
ئەو وڵاتانەی بەفەرمی درۆنی بایراکتار تی بی ٢ یان کڕیوە.
1- قەتەر لە ساڵی (2019) تورکیا شەش دانەی بۆ هەناردەکردووە.
2- لیبیا لە ساڵی (2020) تورکیا ژمارەیەکی نادیار لە درۆنی بۆ هەناردە کردووە.
3- ئۆکراینا لە ساڵی (2020) سەرەتا تورکیا (١٢) دانە درۆنی بۆ هەناردە کردن، بەڵام دواتر (48) دانەی تر فڕۆشرایە ئۆکراینا، لەدوای دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ڕووسیا ئۆکراینا (50) دانەی دیکەی لە تورکیا وەرگرتووە.
4- ئازەربایجان لە ساڵی (2020) تورکیا ژمارەیەکی نادیاری درۆنی تی بی ٢ بۆ هەناردەی کرد.
5- تورکمانستان لە ساڵی (2021) تورکیا ژمارەیەکی نادیاری درۆنی تی بی ٢ هەناردەی ئەو وڵاتە کرد.
6- مەغریب لە ساڵی (2021) تورکیا چەند درۆنێکی هەناردەکردووە بەڵام بەنهێنی لەدوای دەرکەوتنی ئەو درۆنە لە ئاسمانەکی مەغریب ئەوکات ئاشکرابوو کە جۆری درۆنەکە سەر بە تورکیایە.
7- ئەسیوپیالە ساڵی (2021) تورکیا ژمارەیەکی نادیاری ئەو جۆرە درۆنەی هەناردەی ئەو وڵاتە کرد.
8- قیرغیزستان بەهەمان شێوە لە ساڵی (2021) ژمارەیەکی نادیار لە درۆنی تورکیای کڕیوە.
9- سۆماڵ، پاکستان، جیبۆتی، بورکیا فاسۆ، ڕواندا، تۆکۆ، نێجیریا، پۆلەندا، مالی ، ئەلبانیا، ماڵدیڤ و بەگلادیش بەهەمان شێوە درۆنی جۆری بایراکتار تی بی ٢یان لە تورکیا کڕیوە.
ئەو وڵاتانەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ تورکیا واژۆکردووە و دەیانەوێت لە داهاتوودا درۆنی بایراکتار تی بی 2 بکڕن:
هەریەک لە کرواتیا، کوێت و ژاپۆن لە داهاتوویەکی نزیکدا تورکیا چەند دانەیەک لەو فڕۆکەیە هەناردەی ئەو سێ وڵاتە دەکات، هاوکات دوای ئەوەی ئیتاڵیا چەند دانەیەک لە درۆنی تورکی کریوە لەئێستادا دەیەوێت ژمارەیەک لە بەیراکتارتی بی 3 لە تورکیا بکرێت بەهۆی ئەوەی تیادا ژیری دەستکرد بەشێوەیەکی سەردەمیانە بەکارهێنراوە و دەتوانێت ورد تر ئامانجەکەی بپێکێت.
هاوكات ژمارەیەك وڵاتی دیكە بەنهێنی ڕێککەوتنیان بۆ کڕینی درۆنی بایراکتار لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووە. لەوبارەیەوە تورکیا رایگەیاند، لە مانگی ئابی (2021) رێککەوتنێکیان لەگەڵ عێراق واژۆکردووە بۆ کرینی درۆنی بایراکتار (TB2)، بەگوێرەی زانیارییەکان عێراق ڕێککەوتنیان بۆ ژمارەیەکی نادیاری درۆن لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووە.
هەروەها وڵاتانی (سعودیە، کازجستان، بۆسنە، هەرخەکۆڤینا، هەنگاریا، لاتڤیا، لیتوانیا، فیلاند، ئەلسەلڤادۆر، سربیا، سلۆڤاکیا، ئیکوادۆر، ڕۆمانیا، ئیمارات، ئیتاڵیا)ـش پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا درۆنی تورکی بکڕن، هەرچەندە تورکیاش بەفەرمی ڕاینەگەیاندووە لە فڕۆشتنی ئەو درۆنانە بەو وڵاتانە.
وڵاتانی ئەوروپا ڕوو لە درۆنی تورکی دەکەن
هەروەها لە ساڵی (2021) پۆلۆنیا (24) دانە درۆنی بایراکتار تی بی 2لە تورکیا دەکڕن. ئەمەش دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ تورکیا وڵاتێکی ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ و ئەندامی یەکێتی ئەوروپا رێککەوتنێکی ئاوا لەگەڵ تورکیا واژۆ بکات. لەم کۆتاییانەدا تورکیا لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی درۆن یەکێکە لە وڵاتە پێشکوتووەکانی ئەو سەردەمە، وڵاتانی ئەوروپا و کەندا بەلێشاو دەستیانکردووە بە گرێبەستی کڕینی دۆرنی تورکی، بۆ تورکیا سەرکەوتنێکی گرنگە چەند وڵاتێکی وەک ئیتاڵیا و ڕۆما کە خاوەنی کەشتی فڕۆکەهەڵگریی کاڤۆرە و دەیانەوێت چەند درۆنێکی پێشکەوتووی تورکیا بکرن ئەو هەنگاوەش بۆ تورکیا دەبێتە دەرگایەکی نوێ بەڕووی پیشەسازی بەرگریی ئەنقەرە. هەروەها شارەزایانی بواری سەربازیی هۆکاری ڕووتێکردنی هەندێک لە وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ وەک پۆلۆنیا و ڕۆما و کرواتیا دەگەرێنەوە بۆ ئەمانەی خوارەوە:
یەکەم: تورکیا وەک هاوپەیمانێکی ناتۆ بە دووەم وڵات دادەنرێت دوای ئەمریکا لە خاوەنی گەورەترین سوپا، هەروەها ئەزمونێکی باشی هەیە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە وڵاتانی ناوچەکە.
دووەم: فراوانبوونی ئەزمونی سەربازیی و بەرهەمە ناوخۆییەکانی پیشەسازی بەرگریی و کاریگەری دەرکەوتنی بەهەمەکانیان لە چەند جەنگێکی رابردوو وایکردووە زیاتر وڵاتان ڕوو لە درۆن و بەرهەمی سەربازیی ئەنقەرە بکەن، لەلایەکی تر لەچاو وڵاتە زلهێزەکانی ئەوروپا نرخی بەرهەمە سەربازییەکانیان کەمترە.
سێیەمیان: هەژموونی فراوانبوونی تورکیا لە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت لە باکووری ئەفریقا، لیبیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست وایکردووە گرنگییەکی تایبەتی هەبێت بەتایبەت بۆ ئەولەویەتەکانی ئەمنی ئیتاڵیا بۆیەش تادێت پەیوەندییەکانیان لەم کۆتاییانەدا فراوانتر دەبێت لە ڕووی رێککەوتنی سەربازییەوە
زیانەکانی درۆنی تورکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان
زیادبوونی رێژەی بەکارهێنانی درۆنی تورکیا لە ئاسمانی هەرێمی کوردستاندا، ترسی لەسەر ژیانی خەڵک دروستکردووە و زیانێکی زۆریشی بە چەند ناوچەیەک گەیاندووە. بەتایبەت لەماوەی ڕابردوو چیاکانی باشووری کوردستان بەهۆی مانەوەی پەکەکە لەو شوێنانە تورکیا ماوەی چەند ساڵێکە بە درۆن هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە ئەنجام دەدات و زیانێکی زۆریشی بەلادێکان گەیاندووە. تەنانەت بۆ ئامانجگرتنی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە چەند پارێزگایەکی هەرێم تورکیا هێرشی درۆنی ئەنجام داوە.
لەم ساڵانەی کۆتایی تورکیا چەند هێرشی درۆنی کردیتە سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. هێرشە درۆنیەکان بۆ سەر هەرێم پێشهاتێکی مەترسیدار و سەرەتای قۆناغێکی مەترسیدارە و دەبێت رێگری لێ بکرێت، چونکە زیانێکی ماددی زۆری بەناوچەکان گەیاندووە. هەروەها ئەو درۆنانەی کە هێرشی پێ ئەنجام دەدرێت بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەتایبەت ئەوانەی لەلایەن حەشدی شەحبی و پەکەکەوە بەکار دەهێنرێت زیاتر درۆنی بۆمبڕێژكراون نەک مووشەک هەڵگر، هاوشێوەی درۆنەکانی وڵاتانی دراوسێ و تەنیا ئەو شوێنەی ئامانجیانە پێیدا دەتەقێننەوە.
ئەنجام:
ــ نەفرۆشتنی درۆن لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریكاوە بە توركیا، وایكرد ئەو وڵاتە بیر لەوە بكاتەوە خۆی ببێتە یەكێك لە ناوەندە هەرە گەورەكانی بەرهەمهێنانی درۆنی پێشكەوتوو لە جیهان، هاوكات لە ڕووی بەرهەمە سەربازییەکانەوە پشت لە بەرهەمەکانی وڵاتانی دەرەوە بکات و پشت بە بەرهەمە ناوخۆییەکانی دروستکراوی خۆیان ببەستێت ئامانجی سەرەکی ئەو هەنگاوەش پاراستنی ئاسایش، لەڕووی هەواڵگرییەوەش ترسى لەوە هەبوو ئەو درۆنانەی لە ئيسرائيل دەيكڕێت، كۆنتڕۆڵەكەى هەر لە دەستى ئيسرائيل بمێنێتەوە، لەو رێگەيەوە يارى بە چارەنووسى ئاسايشى نەتەوەيى توركيا بكات.
ــ بە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی شەڕی دژی پەكەكە هانای بۆ دروستکردنی درۆن و فڕۆکەی جەنگی برد. هەروەها ئەنقەرە بە بەرەوپێشوەچوونی پیشەسازی بەرگریی بە تایبەت لە دروستکردنی درۆن دەیەوێت ببێتە ناوەندێکی سەرەکی هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و هەم لە ڕۆژئاوا، بەتایبەت کە نرخی بەرهەمەکانیان لە وڵاتە زلهێنزەکان کەمتر.
ــ بەدروستکردنی درۆن کە بەشێوەیەکی زۆر خێرا بەرەوپێشوەچوونی لەو بوارە بەدەستهێناوە دەیەوێت سەقامگیری خۆی لە ناوچەکە دژی هەر هەڕەشەیەک بپارێزی، لەلایەكی دیكە تورکیا بە دووەم وڵات دێت لە ڕیزبەندی بەهێزی سوپاوە لە هاوپەیمانی ناتۆ، بە دروستکردنی درۆن و فراوانکردنی زیاتری ئەو بەرهەمە دەیەوێت پێگەی خۆی لەو هاوپەیمانییە بەهێزتر بکات.
ــ خاڵیکی دیکەی هەناردەکردنی درۆن بەتایبەت بۆ لیبیا و ئەفریقیا و سۆماڵ دەیەوێت لەم وڵاتانە ئەژموونی خۆی زیاتر جێگیر بکات.
ــ دروستكردنی چەندین جۆری درۆنی پێشكەوتوو لەلایەن كۆمپانیا توركییەكانەوە، نیگەرانی لەلای هەندێ وڵات دروستكردووە، لەوانە ئیسرائیل، لە بەرامبەر ژمارەیەك وڵات كە گرێبەستی درۆنیان لەگەڵ ئەمەریكا واژۆ كردبوو، پەشیمان بوونەوە و لەگەڵ توركیا بۆ كڕینی درۆن دەستیان بە گفتوگۆ كردووە.
سەرچاوەکان:
Bayraktar KIZILELMA, 8. uçuş testini başarıyla tamamladı
Selçuk Bayraktar KIZILELMA’nın yol açacağı etkileri anlattı
''Türkler İHA'larla ilerliyor'' endişesi: Türkiye için her şeyi yapmaya hazırlar
Baykar Avrupa pazarına açılıyor! KIZILELMA artık İtalya’da üretilecek
‘Türkiye’nin çok gerisindeyiz!’
İsrail medyası konum verdi! 'Türkiye ile İHA savaşı, olası çatışma kapıda'
İHA ve SİHA üretiminde Türkiye dünyada yükselen bir güç mü?
توركيا نۆ جۆر فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى بەرهەمهێناوە
ئێران و ئيمارات و توركيا هاوسەنگى شەڕ لە ئەسيوبيا دەگۆڕن
فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا مەترسی لە ئەفریقیا درووست دەكات
تورکیا پاڵپشتى سوپاى سوودان دەکات
دواى سزادانى لهلایهن ئهمریكاوه توركیا بیر له چى دهكاتهوه؟
ئیسرائیل: مووشەکەکانی تورکیا ڕەنگە هەموو هاوسەنگییەکانی هێز بگۆرێت
ئۆزدەمير بەيرەكدار؛ باوکى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى تورکی
دواى سزادانى لهلایهن ئهمریكاوه توركیا بیر له چى دهكاتهوه؟
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment