تورکیا لە سۆماڵ... لە هاوکاریى مرۆییەوە بۆ هاوبەشى ستراتیژى شیکاری

نوچەنێت

وەرگێرانى: ئیسماعیل تەها

تونچ دەمیرتاش، نووسەر لە ناوەندى سیتاى تورکى بابەتێکى بڵاوکردۆتەوە، کە تێیدا باس لە هەنگاوێکى نوێ دەکات، کە ئەو هەنگاوە بووە جێگەى بایەخى ناوەندە سیاسی و زانستییەکان لەسەر هەردوو ئاستى جیهانى و نیشتیمانى، تورکیا لە چەند رۆژى رابردوو پلانى درووستکردنى بنکەیەکى ئاسمانى لە سۆماڵ راگەیاند.

ئەو راگەیاندنە چەندین پرسیارى لەسەر هۆکارى هەڵبژاردنى ئەفریقیا بە گشتى و سۆماڵ بە دیاریکراوى بەدواى خۆیدا هێنا، ئایا ئەو بڕیارە تەنیا لە چەند هەڵسەنگاندنێک لەلایەنى تەکنەلۆژى سەرچاوەى گرتووە، یاخوود هەڵگرى رەهەندى ستراتیژى و سیاسى قووڵترە.

هاوبەشییەکان لە بوارى ئاسمانى

سۆماڵ دەکەوێتە پێگەیەکى ستراتیژی کەموێنە نزیکە لە سەر هێڵى ئیستوایى، کە خێرایى سووڕانەوەى زەویى لەو پەڕى دوورووییەوەیە، بەوەش ئەو پێگەیە پاڵنەرێکى سرووشتى دەبەخشێتە مووشەکەکان بۆ گەیشتن بەخولگەکەکان بە کەمترین سووتەمەنى و هەڵگرى زیاتر ئاسانکارى دەکات، بەوەش تێچووى رەوانەکردن و لێهاتوویى چالاکییە ئاسمانییەکان کەم دەکاتەوە، لەبەر ئەوەشە زۆربەى هێزە ئاسمانییە گەورەکان لەنزیک هێڵى ئیستوا ناوەندەکانى رەوانەکردنى مووشەک دادەمەزرێنن.

ئەو هەنگاوەى تورکیا جیاواز نییە لە ناوەندە زانستییەکان، پشتى بەهەمان لۆژیک بەستووە، تەنیا ئەوەندە هەیە ئەو بنکە ئاسمانییە تایبەتمەندییەکەى ئەوەیەکە لە کەناراوەکانى سۆماڵ لەسەر دەریاى هندیە، کە ناوچەیەکى ئارامە بۆ کەوتنەوەى پارچەى مووشەکەکان لەدواى هاوێشتنیان.

ئەو پڕۆژەیە کورت نەبۆتەوە لەسەر یەکلایەنى تەکنیکى، بەڵکوو لەگەڵ چەندین ئامانج و دیدى تورکیا بۆ ئەفریقیا لەچوارچێوەى سەدەى تورکیا یەکدەگرێتەوە، ئەنقەرە هەوڵى بەدەستهێنانى دەستکەوتى جۆرى لە بۆشایی ئاسمان دەدات، لە نیشتنەوە لەسەر مانگ بۆ درووستکردنى مانگى دەستکردى ناوخۆیى، چونکە درکى بەوە بوون بەخاوەن شوێنى هەڵدانى ستراتیژى لە دەرەوەى سنوورەکانى، دەبێتە بەهێزکردنى ئامادەیى نێودەوڵەتى لەو بوارە.

ئەو پڕۆژەیە گواستنەوەیەکى جۆرییە لە ئامادەیى تورکیا لە کیشوەرى ئەفریقیا، لە وێنەى هاوبەشێکى مرۆیى کە تەرکیزى لەسەر هاوکارى و گەشەکردنەوە دەگۆڕێت بۆ هاوبەشێکى تەکنەلۆژیی پێشکەوتوو، کار لەسەر پەرەپێدانى توانا زانستى و تەکنەلۆژى بە شێوەیەکى هاوبەش لەگەڵ گشت هاوبەشە ئەفریقییەکانى.

ئەو پڕۆژەیە بۆ سۆماڵیش دەرفەتێکى زێڕینە بۆ گۆڕینى وێنەى لە ئاستى نێودەوڵەتى، کە چەندین دەیەیە ناوى تیرۆر و برسێتى و جەنگى ناوخۆیى پێ لکاوە، ئەمرۆ دەرەفەتێکى لەبەردەمە کە وەک دەوڵەتێک میواندار بۆ پڕۆژەى پێشکەوتووى ئاسمانى دەناسێندرێت، وەبەرهێنانى لەو جۆرە، متمانەى وەبەرهێنەران بەهێز دەکات، وێنەکەى لە وڵاتێکى مەترسیدار دەگۆڕێت، بۆ هاوبەشێکى بەهێز بۆ هەماهەنگى.

فۆناغێکى نوێ

ئەو پڕۆژەیە دەرفەتى کارکردن و راهێنان بۆ دانیشتوانى ئەو وڵاتە دەرەخسێنێت، ئەوەش دەبێتە بەهێزکردنى گەشەى مرۆیى و کامڵکردنى هەوڵەکانى پێشووى تورکیا لە بونیادنانى نەخۆشخانە و قوتابخانە و رێگەوبان لە مەقدیشۆ و ناوچەکانى دیکە، بۆیە حەسەن شێخ مەحموود، سەرۆکى سۆماڵ باسى لە بایەخى ئەو پڕۆژەیە کرد و گوتى، ئەو ئەو پڕۆژە سوودى لە ملیارەها دۆلار زیاترە، بەهاى راستەقینەى بە پارە بەراودناکرێت، ئەو پڕۆژەیە تۆمارێکى نوێ لە پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و سۆماڵ دەنووسێتەوە، کە لە سەردانى رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا لە (2011) سەردانى مەقدیشۆى کرد.

تورکیا لە رێگەى کردنەوەى گەورەترین باڵیۆزخانەى لە جیهان کە دەکەوێتە سۆماڵ پێگەى خۆى لەو وڵاتە بەهێز کرد، هەروەها بنکەى مەشقى سەربازیى لەو وڵاتە درووستکرد، پاشان وەبەرهێنانى لە تەندروستى و ژێرخانى سۆماڵ کرد.

بە تێپەڕینى کات متمانەى گەلى سۆماڵ بە ئەنقەرە بەهێز بوو، پەیوەندییەکە لە هاوکارى یەکلایەنە گۆڕا بۆ هاوبەشى لەسەر بنەماى بەرژەوەندى دوولایەنە و دیدى هاوبەش.

ئەو پڕۆژەیە هەنگاوێکە بەرەو بە دیموکراسیکردنى بۆشایی ئاسمان، چونکە دەبێتە هۆى تێکشکاندنى قۆرغکارى هێزە گەورەکان لەو بوارە، کە دەتواندرێت لە رێگەیەوە هەماهەنگى لە تەکنەلۆژیاى پێشکەوتوو بکرێت، بەوەش فەزا لە  گۆڕەپانى ململانێى سنووردار بۆ چینێکى بژاردە، بۆ گۆڕەپانێکى کراوەکە بۆ دیدى هاوبەش لەنێوان گەلان و ناوچە جۆراوجۆرەکان.

تورکیا ئامادەکارى بۆ جێبەجێکردنى بنکەیەکى ئاسمانى لەسەر خاکى سۆماڵ دەکات، ئەوەش هەنگاوێکە هەڵگرى چەندین رەهەندى سیاسى و ئابووریى و ئەمنییە، رەهەندى تەکنیکى تێدەپەڕنێت.

پێگەى جوگرافى رۆژهەڵاتى ئەفریقیا قورسایەکى ستراتیژیى گەورەى داوەتە ئەو پڕۆژەیە، هەرچەندە تاوەکوو ئێستا هیچ کاردانەوەیەکى ئاراشکرا و روون نەبوو، بەڵام ئەو بنکەیە وایکردووە بکەوێتە ژێر چاودێرى هێزە گەورە نێودەوڵەتییەکان.

دەستکەوتە ستراتیژییەکان

رۆژهەڵاتى ئەفریقیا یەکێکە لە ناوچە هەستیارەکان لە جیهان، ئەوەش لەبەر نزیکیەتى لە رێگە ئاوییە نێودەوڵەتیی و گەورە سەرەکییەکان، جگە لەوەش شوێنەکەى لەنێوان زەریاى هیندى و دەریاى سوورە.

بوونى هەمیشەیى تورکیا و تەکنەلۆژیى بەرز لەو ناوچەیە دەبێتە دووبارە داڕشتنەوەى هەندێک هاوسەنگى هەرێمى و نێودەوڵەتی.

سەرەڕاى ئەوەى ئەو پڕۆژەیە ئامانجەکانى مەدەنین، بەڵام سرووشتى تەکنەلۆژیاى ئاسمانى بەکارهێنانى دوولایەنە، بوارى شرۆڤەى دیکە دەکاتەوە، هەندێک لە چاودێران پێیانوایە ئەو پڕۆژەیە کاریگەرى لەسەر بەهێزکردنى توانا بەرگرییەکانى تورکیا دەبێت.

ئەنقەرە و مەقدیشۆ جەختیان لەسەر هەماهەنگى لەچوارچێوەى یاساى نێودەوڵەتى بە ئاستێکى زۆر بەرز و شەفاف کردەوە، ئەوەشى دەبێتە قووڵکردنەوەى وێنەى ئەو پڕۆژەیە وەک دەستپێشخەرییەکى ئاشاتیانەى هەماهەنگى زانستى و تەکنەلۆژییە.

لەسەر ئاستى ناوخۆیى ئاسایش دیارترین ئاڵەنگەرییەکانە، رێکخراوى تیرۆرستى شەباب تاوەکوو ئێستا لە هەندێک ناوچەى سۆماڵ چالاکە، ئەوەش مەترسى بە ئامانجگرتنى ئەو پڕۆژەیە هەیە، بەڵام لە گۆڕەپانى ئەمنى سۆماڵ تورکیا هێزێکى نامۆ نییە، چەندین ساڵە مەشق بە هێزەکانى سۆماڵ دەکات، پاڵپشتى تواناکانیان دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەى هەڕەشەکان دەکات، ئەو ناوچەیەى ئەو بنکەیەى لێ دادەمەزرینێت، دەکەوێتە ژێر رێکارە توندەکانى پارێزگارى بە بەکارهێنانى نوێترین سیستەمەکانى پیشەسازیى بەرگرى تورکیا.

لە لایەنى مەترسییەوە ئەو پڕۆژەیە هەڵگرى دەرفەتێکى گرنگە بۆ سۆماڵ، میواندارى وەبەرهێنان بەو قەبارەیە لە رێگەى درووستکردنى دەرفەتى کار و گواستنەوەى تەکنەلۆژیا کاریگەرى لە بەهێزکردنى سەقامگیرى دەبێت، لە ئاستى نێودەوڵەتیش وێنەى ئەو وڵاتە جوان دەکات.

لەدواى چەندین دەیە لە ململانێ و نەبوونى ئاسایش، وەبەرهێنانى پێشکەوتووى بیانى روو لەو وڵاتە دەکات، ئەوەش بۆ گەلى سۆماڵ پاڵنەرێکى مەعنەوى و مادى بەهێزە.

پڕۆژەى بونیادانى ناساى تورکیا لە سۆماڵ تەنیا شوێنێک نییە بۆ رەوانەکردنى مووشەک، بەڵکوو بەشیکە لە ستراتیژیەتێکى فرەڕەهەند لە سۆماڵ، کە کۆکردنەوەى تمووحى زانستى و ئامادەیى جیۆسیاسى و رۆڵى گەشەپێدان.

ئەو قازانجە دوولایەنە تورکیا پێشنیارى کردووە، کە نموونەیەکى روونە لەسەر (هێزى زیرەک) کە تەکنەلۆژیا بۆ بەهێزکردنى هەژموون و بونیادنانى کۆمپانیاکانە.

ئەگەرى بەهێز ئەوەیە لە ماوەیەکى نزیک جیهان مووشەکە تورکیەکان لە ئاسمانى سۆماڵ دەبینێت، کە ئەوەش بەرجەستەکردنى سووربوونەوەى هەردوو وڵاتە لەسەر هەنگاونان بەرەو ئاسمان.

سەرچاوە: ماڵپەڕى ئیستقلال

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین