كوهین هه‌وڵى گۆڕینى بیركردنه‌وه‌ى بایدن ده‌دات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

یوسی کوهین، سەرۆکی هه‌واڵگرى ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی و دامودەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە دیدار بکات و هه‌ندێك زانیارى نهێنى له‌سه‌ر پرۆگرامى ئه‌تۆمى ئێران به‌ بایدن بدات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە هه‌شتی نیسانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ڕادیۆ فەردا"، بڵاوی کردەوە لەو کاتەوە بایدن دەسەڵاتی بە دەستەوە گرتووە، ئەوە یەکەمین سەفەری فەرمی بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلە بۆ واشنتن.

کەناڵی ١٣ی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، حکومەتی ئیسرائیل لە هەوڵدایە زەمینەی دیداری یوسی کوهین و جۆ بایدن بره‌خسێنێت.

بە پێێ ڕاپۆرتی هەندێ لە میدیاکانی ئیسرائیل بڕیارە یوسی کوهین لە دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، هەندێ بەڵگە سەبارەت بە نهێنکاریی و چەواشەکاریی ئێران دەربارەی پرۆگرامه‌ ئەتۆمییەکەی ڕادەستی ئەندامانی ئیدارەی بایدن بکات و ڕای ئەو وڵاتە سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بگۆڕێت.

هەر لەو بارەوە، بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە وەک هەڵوێستێک لە بەرانبەر ئەگەری زیندووبوونەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی وڵاتانی زلهێز لەگەڵ ئێران، وتی: "پابەند نابین بە ڕێککەوتنێک کە هەڕەشە بێ لەسەر ئاسایشمان".

گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە بەشداری وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان و گەڕانەوەی ئێران بۆ ئەو ڕێککەوتنە ڕۆژی سێشەممە لە ڤیێنا بەڕێوە چوون. بڕیارە ڕۆژی هەینی گفتوگۆکان هەر لەو شارە دەست پێ بکەنەوە.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین