ئایا رووسیا پاڵپشتی بزووتنەوەى حەماس دەكات؟ وەرگێڕان

نوچەنێت

وەرگێڕانى: ئيسماعيل تەها 

هەڵوێستی ئێستاى رووسیا بەرانبەر جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس رەنگدانەوەی هاوسەنگییەكی وردە، كە لەنێوان هەردوولا پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی خۆى دەكات؟

رووسیا پەیوەندییەكی مێژوویی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس هەیە، پێشوازی لە ژمارەیەك شاندی فەرمى ئەو رێكخراوە كردووە، كە بە رێكخراوێكی تیرۆرستی نازانێت، لە چەندین بۆنەش بەرگری لێكردوون.

لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخی ئیسرائیل و حەماس لە شەممەی رابردوو، ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكراینا كە وڵاتەكەی بەرەنگاری هێرشەكانی رووسیا بۆتەوە، حەماسی بە پاڵشتی مۆسكۆ تۆمەتبار كرد، جەختی لەسەر ئەوەكردەوە، ئێمە لەوە دڵنیاین رووسیا بە هەر رێگەیەك بێت پاڵپشتی حەماس دەكات.

لەسەرەتای هێرشەكەی ئەم هەفتەیە لێداونەكانی مۆسكۆ رەنگدانەوەی ململانێ هاوشێوەكانی نێوان هەردوولایەنی شەڕكەر و پەیوەندییە بە توندوتۆڵەكانى لەگەڵ حەماس و ئیسرائیل، بەرپرسانی رووسیا سەرزەنشتی هەردوولایەنى شەڕكەر دەكەن.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دووبارە داوای راگرتنی ئەو جەنگەی كرد، ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆكی رووسیا ئەو ململانێیەی بە شكستی سیاسەتی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوبرد، نیگەرانیی خۆشی لە زیادبوونی كارەساتەكە لە ژمارەی كوژراوانی سڤیل لە ئیسرائیل و غەززە دەربڕ.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن بی سی ئەمەریكی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە مۆسكۆ هێڵێكی وردی پەيوەندى دیپلۆماسی لەنێوان ئیسرائیل و هاوپەیمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست پەیڕەو دەكات.

رووسیا پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل بەهێز بوو، بەڵام لە سەرەتای جەنگی ئۆكراینا لە ساڵی رابردوو، پەیوەندییە سەربازییەكانی لەگەڵ ئێران بەهێزكرد، كە هاوكاری دارایی بە حەماس دەدات.

تاتيانا ستانۆڤايا، لە ناوەندى كارنينگى بۆ شيكارى دەڵێت، هەڵوێستى رووسيا لە ململانێى ئێستاى حەماس ــ ئيسرائيل ئاڵۆزە. لەلايەك بۆ نێوەندگيرى فەڵەستينيەكان و پەيوەندييەكانى لەگەڵ حماس سوود لەو مێژوويەى لەگەڵ ئەو رێكخراوە هەيەتى وەردەگرێت، بۆ ئەوەى جێدەستى لە پڕۆسەى ئاشتى هەبێت، بە بايەخەوە سەيرى پەيوەندييەكانيشى لەگەڵ ئێران و وڵاتانى عەرەبى دەكات، لە لايەكى ديكەوە پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئيسرائيل بەبەهێزى هێشتۆتەوە لە سووريا هەماهەنگيان هەيە.

مێژووى پەيوەندييەكانى رووسيا و حەماس 

رووسيا و حەماس پەيوەنديان بەهێزە، بە جۆرێكە ئەو پەيوەندييە واى كردووە ئاماژە بۆ تێوەگلانى رووسيا لە هێرشى ئەم دواييە بكرێت. 

بە درێژايى مێژوو مۆسكۆ پێشوازى لە شاندەكانى حەماس كردووە هەندێك جاريش هەوڵى نێوەندگيرى لەنێوان فەتح و حەماسى داوە، چەندين جار پێكەوە گفتوگۆيان لەسەر پڕۆسەى ئاشتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست كردووە.

لەدواى هەڵبژاردنەكانى (2006) لە فەڵەستين شاندێكى بزووتنەوەى حەماس بە سەرۆكايەتى خالد مەشعەل، سەرۆكى مەكتەبى سياسى ئەو رێكخراوە سەردانى مۆسكۆيان كردووە لەگەڵ سێرگى لاڤرۆڤ كۆبوونەوە گفتوگۆيان لەسەر پڕۆسەى ئاشتى و چەند بابەتێكى ديكە كرد.

بەر لە كۆبوونەوەكەش ڤلاديمێر پووتين، سەرۆكى رووسيا رايگەياند، حەماس بە رێكخراوێكى تيرۆرستى نازانێت.

لە ساڵانى رابردوو رووسيا روخنەى توندى لە ئۆپراسيۆنە سەربازييەكانى ئيسرائيل بۆ سەر كەرتى غەززە لە (2008 و 2009) و لە ئۆپراسيۆنى (2012) و جەنگى (2014) هەروەها هێرش بۆ سەر كەشتى مەڕمەڕە لە (2010) گرتووە.لەدواى ئەوەى ئيسرائيل فەرماندەيەكى حەماس و شەش هاووڵاتى كوشت، لاڤرۆڤ لە دواى كۆبوونەوەى لەگەڵ وەزيرانى دەرەوەى كەنداو لە رياز داواى وەستاندنى هێرش و توندوتيژييەكانى كرد.

هەر سەبارەت بەو هێرشانە گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى رووسيا رايگەياند، هێرشەكانى سەر باشوورى ئيسرائيل و بۆردوومانەكانى ئيسرائيل بۆ سەر غززە لەگەڵ ئامانجان يەك ناگرێتەوە هەرگيز جێگەى قبووڵ نييە.

لە (2010) ڤلاديمێر پووتين، كە ئەو كاتە سەرۆك وەزيران بوو داواى لێكۆڵينەوەى نێودەوڵەتى كرد لەو هێرشەى ئيسرائيل بۆ سەر تيمى هاوكارييەكان بۆ سەر غەززە و بە پێشێلكردنى ئاشكراى ياساى نێودەوڵەتى ناوبرد و داواى كۆتاييهێنان بە گەمارۆى سەر كەرتى غەززەى كرد.

لە جەنگى (2014) سەرۆكى رووسيا پەيوەندى بە بنيامين ناتەنياهۆ، سەرۆك وەزيرانى ئيسرائيل كرد، هانى دا هێرشەكانى سەر كەرتى غەززە بووەستێنێت، كە بۆتە كوژارنى چەندين هاووڵاتى سڤيل.

لە (27)ى نيسانى (2011) مۆسكۆ پێشوازى لە ئاشتەوايى نيشتميانى نێوان فەتح و حەماسى كرد، بەگوێرەى ئەو رێككەوتنە حكومەتێكى نيشتيمانى پێكدێت، لە ماوەى ساڵێكدا هەڵبژاردنى سەرۆكايەتى و پەرلەمانى بە رێوە دەچێت، لە مانگى ئايارى (2011) رووسيا ميواندارى بەرپرسانى فەتح و حەماسي كرد بۆ بەهێزكردنى هەوڵەكانى ئاشتەوايى.

دواين سەردانى شاندى حەماس بۆ رووسيا مانگى ئادارى ئەمساڵ بوو، كە شاندە لەگەڵ بەرپرسانى رووسيا گفتوگۆيان كردووە، بەگوێرەى لێدوانى وەزارەتى دەرەوەى رووسيا هەڵوێستى مۆسكۆ سەبارەت پاڵپشتى چارەسەرى دادپەروەرانەى كێشەى فەڵەستين نەگۆڕە.

ساڵى رابردوو لە مانگى ئايار و ئەيلوول بەرپرسانى حەماس سەردانى مۆسكۆيان كرد و لەگەڵ بەرپرسانى وەزارتى دەرەوەى ئەو وڵاتە كۆبوونەوە، كە موسا ئەبوو مەرزوق سەرۆكى بەرپرسى نووسينگەى پەيوەندييە نێودەوڵەتييەكان سەرۆكى شاندەكە بوو، گفتوگۆيان سەبارەت بە توندوتيژييەكانى قوددس بوو.

ئەو سەردانە دواى ئاڵۆزيى پەيوەندييەكانى رووسيا و ئيسرائيل بوو، كە وەزيرى دەرەوەى رووسيا باسى لەوە كرد بووە، كە هێتلەر كەسێكى جوو بووە.

لە مانگى ئەيلوولى ساڵى رابردوو ئيسماعيل هەنيە، لە سەر بانگهێشتى فەرمانى رووسيا سەردانى مۆسكۆى كردووە لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە گفتوگۆيان لەسەر رووداوەكانى ناوچەكە و جيهان كرد.

راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن بە درێژايى ساڵى رابردوو و لە پێش جەنگى ئۆكرايناوە چەكدارانى حەماس سيستەمى چەكى رووسى وەك مووشەكى دژە تانك و دژە فڕۆكە و مووشەكى سەرشان بەكار دەهێنن، بەڵام ئەو راپۆرتانە پشت راست نەكراينەوە.

هانا نۆت، چاودێرى سياسى لە ناوەندى جيمس مارتن و پسپۆڕ لە سياسەتى رووسيا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەڵێت، هيچ بەڵگەيەك نييە رووسيا راستەوخۆ چەكى بۆ حەماس رەوانە كردبێت.

ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوەش دەكات، لەو كاتەوەى حەماس لە فەڵەستين سەركەوت لە هەڵبژاردنەكان رووسيا پێشوازيان لێ دەكات، لە چەند ساڵى رابردووش رووسيا چالاكانەتر كارى كردووە، هەوڵى داوە نێوەندگيرى لە نێوان گرووپە جۆراوجۆرەكانى فەڵەستين بكات، حەماسيش بە رێكخراوێكى تيرۆرستى نازانێت.

لە بەشێكى ديكەى قسەكانى هانا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەوە جۆرێكە لەو پێگەى رووسەكان لە پرۆسەى ئاشتى، چونكە ئەوان لە چەند ساڵى رابردوو نيگەرانى خۆيان لەوە دەربڕيووە كە ئەمەريكييەكان پرۆسەى ئاشتيان قۆرغكردووە، بەتايبەت ئيدارەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكى پێشووى ئەمەريكا و گرێبەستى سەدە، بۆيە هەوڵيان داوە لەو پێگەيە پشكيان هەبێت، شانازى بەوەش دەكەن گفتوگۆ هەموو لايەنەكانى فەڵەستينى دەكەن. 

ئەو نووسەرە دەشڵێت، ئيسرائيل پاڵپشتى تەواوى فەڵەستينى كردووە، دەكرێت بڵێين لەو ململانێيەش هەڵوێستى هاوسەنگى هەيە، سەرەڕاى پەيوەندييەكانى لەگەڵ حەماس، بەڵام ئەوەى لێ ناخوێندرێتەوە كە جۆرێك لە پاڵپشتى راستەوخۆى حەماسى كردبێت، زێدەڕەوييە بگوترێت رووسيا پاڵپشتى ئەو هێرشەى كردووە.

هانا پێى وايە، سەردانى ئەميندارى كۆمكارى وڵاتانى عەرەبى بۆ مۆسكۆ و پێشوازيى لە لايەن لاڤرۆڤەوە وەك بيرخستنەوەيەكە كە رووسيا پێگەيەكى بەرزى لە رۆژهەڵاتى ناوەراست هەيە.

بەڵام بەگوێرەى هەڵسەنگاندنى ئاركادى دۆبنۆڤ، پسپۆڕسى سياسەتى دەرەوەى رووسيا بۆ رۆژنامەى لۆمۆندى فەڕەسى، مۆسكۆ وەك نێوەندگيرێكى متمانە پێكراو هاتە ناو دانوستاندنەكان، بەڵام ئەگەر هەيە ئەو رۆڵەى لەگەڵ دەستپێكردنى هێرشەكانى بۆ سەر ئۆكراينا لە مانگى شوباتى ساڵى رادوو كۆتايى هاتبێت.

سى ئێن بى سى جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە ئەو جەنگەى لە ئۆكراينا هەيە ئيسرائيلى خستۆتە دۆخێكى نەخوازراو لەگەڵ فشارى هاوپەيمانە رۆژئاواييەكان و بەتايبەت ئەمەريكا كە فشارى لەسەر ناتەنياهۆ دەكرد كە پاڵپشتى پووتين نەكات، بەڵكوو پاڵپشتى ئۆكراينا بكات.

سەرەڕاى داواى چارەسەرى ديپلۆماسى بۆ كۆتاييهێنان بەو كێشەيە، بەڵام ئيسرائيل تا ئێستا بەردەوامە لە رەوانەكردنى چەك بۆ ئۆكراينا و پاڵپشتى سەپاندنى سزا بەسەر رووسيا بەهۆى ئەم جەنگە، پەيوەندييەكانيان لاواز بووە.

ئيسرائيل ئۆف تايمز بڵاوى كردەوە، لەدواى جەنگى ئۆكراينا پەيوەندييەكانى مۆسكۆ و تەلئەبيب زۆر بەخێرايى پاشەكشەى كرد، تەنانەت لە كاتێكدا ئيسرائيل هەوڵى دەدات پارێزگارى لە هاوسەنگى بكات، لە پێناو بەردەوامى هەماهەنگى لە سووريا، بەڵام كاتێك ئيسرائيل هاوكارى مرۆيى پێشكەش بە ئۆكراينا كرد، پەيوەندييەكانى رووسيا و ئيسرائيل ئاڵۆزبوون.

وەڵامى رووسيا هەڵگيرسانى توندوتيژييەكان لە ئيسرائيل فرەلايەنە، كە بريتييە لە راگرتنى شەڕ، وەزارەتى دەرەوەش دەيەوێت ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ رەخنەگرتن لە رۆژئاوا سەبارەت بە رێككەوتنەكانى ئاشتى لەنێوان ئيسرائيل و فەڵەستين.

پەيمانگەى لێكۆڵينەوەى كاروبارى جەنگ باس لەوە دەكات، رووسيا دەيەوێت ئەو جەنگەى ئێستا بۆ دوورخستنەوەى فۆكەس لەسەر جەنگى ئۆكراينا دووربخاتەوە، سێرگى ماردان شارەزاى بەناوبانگى رووسيا دەڵێت، مۆسكۆ سوود لەو ئاڵۆزييانە وەردەگرێت، چونكە بۆ ماوەيەك جيهان سەرنجى لەسەر ئۆكراينا نامێنێت، جارێكى ديكە بە كوژانەوەى ئەو شەڕە هەميشەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست سەرقاڵ دەبن.

سەرچاوە: حورە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین