ئیسرائیل داوا لە دانیشتوانی غەززە دەكات ماڵەكانیان چۆڵ بكەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتوانی شاری غەززە كرد ماڵەكانیان چۆڵ بكەن روو لە باشوور بكەن، ئەوەش لە پێناو پاراستنی گیانی خۆیانە.

ئەمڕۆ هەینی (13/تشرینی یەكەم/ 2023) ماڵپەڕی (ئەنادۆڵ) بڵاوی كردەوە، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێكدا كە لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) بڵاوی كردەوە، داوا لە هەموو دانیشتوانی غەززە دەكات ماڵەكانیان چۆڵ بكەن و لە ناوچەكانی باشووری غەززە ببێننەوە.

لە بەشێكی دیكەی راگەیێندراوەكە هاتووە، بزووتنەوەی حەماس هێرشی كردۆتە سەر ئیسرائیل، غەززەش ئەو ناوچەیە كە چالاكی سەربازی تێدا ئەنجام دەدرێت، سوپای ئیسرائیل داوا لە دانیشتوانیش دەكات لە پێناو پاراستنی خۆتان لە غەززە دەرچن، لە ناوچەكانی نزیك لە سنووری ئیسرائیلیش نزیك مەبنەوە.

سەبارەت بە وادەی هێرشەكەش سوپای ئیسرائیل جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، لە رۆژانی داهاتووش هێرشەكانیان بۆ سەر غەززە بەردەوام دەبێت، ناشیانەوێت ئازاری هاووڵاتیانی سڤیل بدەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆش، ستیڤان دۆگاریك، گوتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، ئیسرائیل پێی راگەیاندوون، پێویستە لە ماوەی (24) كاتژمێر باكووری كەرتی غەززە چۆڵ بكرێت.

رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرەنوتی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە، ئەو راگەیێندراوەی سوپای ئیسرائیل ئاماژەیە بۆ ئۆپراسیۆنی وشكانی لە ناو كەرتی غەززە.

لەدوای هێرشەكەی هەفتەی رابردوو ئیسرائیل بە چڕی بۆردوومانی كەرتی غەززە دەكات، شەوی رابردوو (750) شوێنیان بۆردوومان كردووە، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل لەو بوردوومانە ماڵی بەرپرسانی حەماس و كۆگای تەقەمەنی و چەندین ناوەندی گرنگی سەربازی ئەو رێكخراوە كراوەتە ئامانج. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین