پەيمانگەى ئاسايشى نەتەوەيى ئيسرائيل پێشنيارى مامەڵەكردنێكى نوێ لەگەڵ توركيا دەكات وەرگێڕان

نوچەنێت

وەرگێرانى: ئيسماعيل تەها

پەيمانگەى لێكۆڵينەوەى ئاسايشيى نەتەوەيى ئيسرائيلى لە راپۆرتێكدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، سەرەڕايى توندى هەڵوێستى توركيا بەرانبەر تەلئەبيب، بەڵام هێشتا دەكرێت لە چەند بوارێك پێكەوە هاوكاربين.

سەرەڕاى هەموو بەربەستە زۆرەكان لەبەردەم پارێزگاريى لە هاوكارى نێوان توركيا و ئيسرائيل، بەڵام هێشتا ئەوە باشترە لە جێهێشتنى گۆڕەپانەكە بۆ  هەڵسوكەوتى توركيا، كە پشت بە دژايەتى ئيسرائيل دەبەستێت، هەر تەنيا ئەوەنييە بڕوا بە قسەكانى بزووتنەوەى حەماس دەكات، بەڵكوو برەويش بە قسەكانيان دەدات.

لەدواى هێرشەكانى رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا بۆ سەر بنيامين ناتەنياهۆ، سەرۆك وەزيرانى ئيسرائيل و وڵاتەكەى پەيوەندييەكانى نێوان تەلئەبيب و ئەنقەرە جارێكى ديكە ئاڵۆزى تێكەوت.

لە چەند رۆژى رابردوو ئەردۆغان دووبارە رايگەياند، وڵاتەكەى رەتى دەكاتەوە حەماس بە تيرۆرست بناسێنێت و بەڵێنيشى دا توركيا بەرانبەر جيهان دەنگى فەڵەستين بێت، پێش ئەوەش بەڵێنى دا ئيسرائيل لە جيهان گۆشەگير بكات. 

سەرۆك كۆمارى توركيا جەختى لەسەر ئەوەش كردەوە، بەهيچ جۆرێك بنيامين ناتەنياهۆ ئەو كەسە نييە قسەى لەگەڵ بكەين.

بەر لە دوو هەفتەش توركيا رايگەياند، بەهۆى هێرشە بەردەوامەكانى سوپاى ئيسرائيل بۆ سەر خەڵكى سڤيل و رەتكردنەوەى وەستاندنى هێرشەكان باڵيۆزى گەڕاندەنەوە ئەنقەرە بۆ راوێژكردن.

ئەردۆغان ئيسرائيلى تۆمەتباركردن بە ئەنجامدانى تاوانى دژ بە مرۆڤايەتى لە غەزە، هەروەك راشيگەياند، كارى لە پێشينەمان راگرتنى گشتگيرى هێرشەكانە، ئەوەش واى كرد ئيسرائيل نوێنەرى ديپلۆماسى خۆى لە توركيا بانگ بكاتەوە.

لەدواى هێرشە سەرەتاييەكانى ئەردۆغان، سەرۆك وەزيرانى ئيسرائيل سەرۆكى توركياى بە هێرشكردنە سەر لادێكانى ناو سنوورى توركيا تۆمەتبار كرد.

لەدواى رەخنە راستەوخۆكانى سەرۆك كۆمارى توركيا يائير لابيد، سەرۆك وەزيرانى پێشووى ئيسرائيل و ئيلى كۆهين وەزيرى دەرەوەى توركيا رەخنەى تونديان لە ئەردۆغان گرت.

لە چەند رۆژى رابردوو ئەو چالاكوانانەى كە كەشتى ئازاديان لە مانگى ئايارى (2010 ) بەرەو غەزە بەرێكخست رايانگەياند، كەشتييەكى ديكە بەرەو غەزە بەرێك دەكەن داواشيان لە خەڵكى توركيا كرد هاوكاريى مرۆيى پێشكەش بكەن.

رووداوى مەڕمەڕە كاريگەرى گەورەى لەسەر پەيوەندييەكانى تورك و جوو هەبوو، چاسەركردنى ئەو كێشەيە چەندين ساڵى پێويست بوو تاوەكوو گەيشتنە دەستەواژەيەك كە لاى هەردوو نەتەوە مايەى قبووڵكردن بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەى ئەو پرسە لە رووى سياسييەوە چارەسەركرا، بەڵام گفتوگۆ ياساييەكانى لە دادگاى تاوانەكانى نێودەوڵەتى بەردەوام بوو، لە كۆتايش نەگەيشتنە رێككەوتن لەسەر بە نێودەوڵەتى كردنى ئەو دۆسيە.

كەشتى مەڕمەڕە لە (2010 ) بەشداربوو لە كەشتى ئازادى بۆ غەزە، ئيسرائيل رەخنەى لەو كەشتييە هەبوو، دواى نزيكبوونەوەيان لە كەناراوەكانى غەزە چەند چالاكوانێكى تورك لەسەر پشتى كەشتييەكە كوژران، ئەوەش بووە هۆى ئەوەى ماوەى چەندين ساڵ پەيوەندييەكانى نێوان توركيا و ئيسرائيل بچڕێت.

لەدواى (2010) چەند هەوڵێكى ديكە هەبوو، بۆ بەرێكردنى كەشتى ديكە بە ئاراستەى غەزە، بەڵام بە كۆمەڵێك رێكارى دژ و سياسى رێگەنەدرا ئەو كەشتيانە بچن.

سەرەڕاى ئەوەى توركيا ئەندامى دادگاى نێودەوڵەتى تاوانەكان نييە، بەڵام ئەردۆغان لە لێدوانەكانى جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە پێويستە كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى تەنيا قسە نەكات، بەڵكوو پێويستە هەنگاوى كردارى دژ بە ئيسرائيل لەسەر ئاساتى ياسايى بگرێتەبەر.

سەرەڕاى هەموو ئاڵۆزييەكانى نێوانيان، بەڵام پێويستە بايەخ بەو بوارانە بدرێت، كە تائێستا توركيا و ئيسرائيل دەتوانن هەماهەنگى لەگەڵ يەكتر بكەن.

گەيشتنى كاروانێكى نەخۆشى شێرپەنجە لە غەزەوە بۆ توركيا لە رێگەى ميسرەوە، بە هەماهەنگى ميسرى ــ توركى ــ ئيسرائيلى دادەندرێت.

پێويستە ئەوەمان لەبير بێت، سەرەڕاى بەهێزبوونەوەى پەيوەندى توركيا و ئيسرائيل بەڵام مامەڵەى توركيا لەگەڵ فەڵەستين، بەشێوەيەكى زۆر گەورە لەژێر كۆنتڕۆڵى ئيسرائيلە، ئەوەش خاڵێكى لاوازە بۆ ئەنقەرە.

سەرچاوە: خەليج جەديد

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین