نێچیرڤان بارزانى كاره‌كته‌رێكى گرنگى بزاوه‌كه‌ى به‌غدا ناوخۆیی

شیكارى تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ بزاوێكى سیاسى و دیپلۆماسى له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، له‌و كاته‌یشدا نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غداى كرد و له‌میانه‌ى ئه‌م دیداره‌ و كۆبوونه‌وانه‌ى كه‌ ئه‌نجامى داون و ئه‌و خوێندنه‌وانه‌ى رۆژنامه‌كان بۆ سه‌ردانه‌كه‌ كردوویانه‌، نێچیرڤان بارزانى وه‌ك كاره‌كته‌رێكى سیاسى گرنگى عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و ئه‌مه‌یش وا له‌ ئه‌میندارى گشتى كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى ده‌كات بانگهێشتى نێچیرڤان بارزانى بۆ كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى بكات.

رۆژى شه‌ممه‌ى رابردوو 10ى نیسان، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غداى كرد و تا ئێستایش سه‌ردانه‌كه‌ى به‌رده‌وامه‌ و له‌ ماوه‌ى ئه‌م سێ رۆژه‌دا جیا له‌ كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى عێراق، له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق و چه‌ندان شاندى دیپلۆماسى له‌وانه‌ نوێنه‌رایه‌تى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌میندارى گشتى كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى كۆبووه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بوو سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى له‌ كاتێكدا بوو كه‌ له‌ به‌غدا بزاوێكى سیاسى هه‌بوو چه‌ندان كۆنگره‌ به‌ڕێوه ‌ده‌چوو، به‌ڵام رۆژنامه‌كان پانتاییه‌كى زیاتریان بۆ رووماڵكردنى سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى ته‌رخان كرد.
 

رۆژنامه‌ عه‌ره‌بى و عێراقییه‌كان چۆن له‌سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى ده‌ڕوانن؟

له‌ماوه‌ى ئه‌م سێ رۆژه‌دا ده‌یان رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى هه‌واڵ و راپۆرتیان له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، خاڵى هاوبه‌ش له‌و راپۆرتانه‌دا ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر هه‌موو رۆژنامه‌كان به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى فه‌رمى و وه‌رگرتنى زانیارى له‌سه‌رچاوه‌ى تایبه‌ت دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ نێچیرڤان بارزانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ به‌غدایه‌.. "نێچیرڤان بارزانى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان" مانێشتى سه‌ره‌كى زۆربه‌ى ئه‌و بابه‌تانه‌یه‌ كه‌ له‌ رۆژنامه‌كان نووسراون، مه‌به‌ستی كێشه‌كانیش ته‌نیا ئه‌و كێشانه‌ نیین كه‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ن. به‌ڵكو هه‌موو كێشه‌كانى عێراقیش ده‌گرێته‌وه‌.

 

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت دوێنێ و ئه‌مڕۆ دوو راپۆرتى جیاوازى له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى بۆ به‌غدا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، راپۆرته‌كه‌ى دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 11ى نیسان به‌م ناونیشانه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، "نێچیرڤان بارزانى له‌ به‌غدایه‌ بۆ تاوتوێكردنى رێگه‌چاره‌ى كۆتاییهێنان به‌ كێشه‌كان".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 12ى نیسان هه‌مان رۆژنامه‌ و به‌مانێشتێكى هاوشێوه‌ى دوێنێ راپۆرتێكى ترى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ ناونیشانه‌كه‌ى هاتووه‌، "نێچیرڤان بارزانى له‌ به‌غدا به‌ دواى چاره‌سه‌ره‌ هاوبه‌شه‌كانى كێشه‌كانى عێراق ده‌گه‌ڕێت".

راپۆرته‌كه‌ى رۆژى رابردووى رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت باسى له‌وه‌ كێشانه‌ كردبوو كه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌ن، نێچیرڤان بارزانى ده‌یه‌وێ چاره‌سه‌ره‌ی هه‌میشه‌ییان بۆ بدۆزێته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك له‌ ناونیشانه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ تێبینى ده‌كرێت باس له‌ كێشه‌كانى عێراقیش ده‌كرێت و رۆژنامه‌كه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌ نێچیرڤان بارزانى پێیوایه‌ دواى 18 ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر رووخانى رژێمى به‌عس و 18 ساڵ له‌ قۆناغى گواستنه‌وه‌ كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ عێراق به‌ره‌و سه‌قامگیرى بچێت. فه‌لاح مسته‌فا راوێژكارى سه‌رۆكى هه‌رێم كوردستان بۆ رۆژنامه‌كه‌ قسه‌ى كردووه‌ و دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌و بیركردنه‌وه‌ ستراتیژییه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ته‌وه‌.

رۆژنامه‌ى سه‌باحى عێراقى كه‌ رۆژنامه‌یه‌كى فه‌رمى حكومه‌تى عێراقه‌ و ئه‌مڕۆ راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێ نێچیرڤان بارزانى له‌ به‌غدا تاوتوێى سێ ته‌وه‌ر ده‌كات. رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كانى عێراق دووپات له‌سه‌ر پاڵپشتى سه‌قامگیرى و زمانكردنى ئاسایشى هاووڵاتیان و دابینكردنى پێداویستییه‌كان ده‌كاته‌وه‌ و به‌ گرنگى ده‌زانێ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ له‌كاتى خۆى بكرێت".

هه‌ر رۆژنامه‌ى سه‌باح‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌یت ئه‌میندارى گشتى كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى ستایشى رۆڵى هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌ و باسى له‌وه‌ كردووه‌، "سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ كوردستان په‌یامێك بۆ وڵاتانى عه‌ر‌ه‌بى بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌چوارچێوه‌ى عێراقى فیدڕاڵى به‌هێز بكه‌ن وبه‌ تایبه‌تى له‌ بوارى بازرگانى و وه‌به‌رهێناندا".

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب كه‌ له‌ له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت له‌ راپۆرتێكدا ئه‌مڕۆ باس له‌وه‌ ده‌كات سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ هێوركردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌ شیعه‌كانه‌ كه‌ هه‌ندێكیان به‌مدواییه‌ له‌رێى شه‌ڕى بودجه‌وه‌ دژایه‌تیان هه‌رێمى كوردستانیان ده‌كرد.

رۆژنامه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات سه‌رچاوه‌كان له‌ به‌غداوه‌ زانیارى ئه‌وه‌یان پێداوه‌ كورد ئێستا هه‌ست به‌ ئاسووده‌ییه‌ك ده‌كات و ده‌یه‌وێ په‌یوه‌ندى خۆى له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌هێزتر و سه‌قامگیرتر بكات، چونكه‌ ئه‌مه‌ له‌ رووى ئابووریشه‌وه‌ بۆ كورد قازانجى ده‌بێت.

عێراقییه‌كان چۆن قبووڵى هه‌وڵه‌كانى نێچیرڤان بارزانى ده‌كه‌ن؟

نێچیرڤان بارزانى سالێك زیاتره‌ له‌ ته‌واوى كۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌كانى له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ عێراقى و عه‌ره‌بى و جیهانییه‌كان دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، سه‌قامگیربوونى عێراق له‌ هه‌موو خاڵه‌كانى تر گرنگتره‌ و ئه‌گه‌ر عێراق سه‌قامگیر بێت ئه‌وا كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدایش چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

له‌ لێدوانى به‌رپرسانى عێراق ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وان له‌و په‌یامه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم گه‌یشتوون، مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ یه‌كه‌م رۆژى سه‌رادنه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى بۆ به‌غدا باسى له‌وه‌ كرد دووباره‌بوونه‌وه‌ى سه‌ردانه‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌غدا ده‌بنه‌ هۆى بنیاتنانى متمانه‌.

عه‌بدوڵا زه‌یدى سه‌ركرده‌ له‌ ره‌وتى حیكمه‌ دوێنێ له‌ لێدوانێكى بۆ كه‌ناڵى رووداو باسى له‌وه‌ كردووه‌، زۆرینه‌ى لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ئاراسته‌ى سیاسى و بیركردنه‌وه‌ى سیاسى نێچیرڤان بارزانیان قبووڵه‌ و ده‌شڵێ، "هه‌میشه‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ركردن بووه‌ و له‌گه‌ڵ كێشه‌ نه‌بووه‌".\



چه‌ند ره‌هه‌ندێكى سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى

سه‌ره‌تا كاتێك نێچیرڤان بارزانى سه‌ردانى به‌غداى كرد هه‌ندێك له‌ میدیاكان باسى ئه‌وه‌یان ده‌كرد، په‌یامى ئیمانوێل ماكرۆنى سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا به‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌گه‌ینێ. دواتریش له‌لایه‌ن كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى بانگهێشت كرا. ئه‌م دوو رسته‌یه‌ ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ نێچیرڤان بارزانى وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كى  گرنگى هه‌رێمه‌كه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

ره‌هه‌ندى دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ دووپات له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ى عێراقێكى سه‌قامگیر واته‌ نێچیرڤان ته‌نیا داواكارى مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستان نییه‌، به‌ڵكو هه‌وڵ ده‌دات به‌ كاریگه‌رییه‌وه‌ به‌شدار بێت له‌ چاره‌سه‌ركردنى كۆى كێشه‌كانى عێراق.  

مامه‌ڵه‌كردنى میدیاى لایه‌نه‌ عێراقییه‌كانیش له‌گه‌ڵ سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ هه‌موویان شێوازى سیاسه‌تكردنى نێچیرڤان بارزانى په‌سند ده‌كه‌ن و به‌ میانڕه‌وى و نێوه‌ندگیرى ده‌زانن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین