له‌ رۆژئاواى كوردستان قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆى سه‌رتاسه‌رى راگه‌یه‌ندرا کوردستانی

نوچه‌نێت

به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى تووشبووانى كۆرۆنا ئه‌نجوومه‌نى خۆسه‌ر له‌ رۆژئاواى كوردستان قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆى سه‌رتاسه‌رى له‌ هه‌رێمه‌كه‌ راگه‌یاند و ئه‌نجوومه‌نى ته‌ندروستى خۆسه‌ریش به‌هۆى كۆرۆناوه‌ هۆشداریى له‌ هاتنى "كاره‌ساتێك" ده‌دات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م 13ى نیسان ئه‌نجوومه‌نى خۆسه‌ر له‌ رۆژئاواى كوردستان بڕیارى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆى له‌ ته‌واوى ناوچه‌كانى رۆژئاواى كوردستان راگه‌یاند و بڕیاره‌ تا 22ى ئه‌م مانگه‌ قه‌ده‌غه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت.

بڕیاره‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى خۆسه‌ر دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ ژماره‌ى تووشبووانى كۆرۆنا له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ خێرایى زیاد ده‌بێت و ته‌نانه‌ت به‌رپرسانى ته‌ندروستى هۆشداریى له‌ كاره‌ساتێك ده‌دات.

دوێنێ دووشه‌م د. جوان مسته‌فا هاوسه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى ته‌ندروستى خۆسه‌ر له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى رایگه‌یاند، خه‌ریكه‌ به‌هۆى شه‌پۆلى سێیه‌مى كۆرۆناوه‌ پێشبینى كاره‌ساتێك بكه‌ن.

جوان مسته‌فا داوا له‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان  ده‌كات هاوكارى به‌ په‌له‌ى رۆژئاواى كوردستان بكه‌ن و چونكه‌ بارودۆخه‌كه‌ زۆر ترسنا‌كه‌ و له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجوومه‌نى خۆسه‌ر نییه‌ بتوانێ به‌ره‌نگارى ببێته‌وه‌. هاوكات داوایش له‌ هاووڵاتیانى رۆژئاواى كوردستان ده‌كات پابه‌ند بن به‌ رێكارییه‌كانى خۆپاراستن و داوایشى له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى خۆسه‌ركرد قه‌ده‌غه‌ و كه‌ره‌نتینه‌ى سه‌رتاسه‌رى بسه‌پێنن.

دوێنى شه‌ش كه‌س له‌ رۆژئاواى كوردستان به‌ ڤایرۆسى كۆرۆنا مردن و 201 تووشبووى نوێیش تۆمار كرا و به‌مه‌یش ژماره‌ى تووشبووانى كۆرۆنا له‌ رۆژئاوا گه‌یشته‌ 12 هه‌زار و 437 تووشبوو و 428 كه‌سیش به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین