حووسييەكان هێرشيان كردە سەر کەشتییەکی بەریتانی عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

حوسییەکانی یەمەن هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی بەریتانی لە دەریای سوور، ئەگەرچی کەشتییەکە ئاگری گرت و زیانی ماددی لێکەوتەوە، بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

ڕۆژی شەممە (27/ کانوونی دووەم/2024) ماڵپەڕی (بی بی سی) بڵاوی کردەوە، کەشتی نەوتی مارلین لواندای بەریتانی لە ئەنجامی هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەکە لە دەریای سوور گڕی گرت. وتەبێژی حوسییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، “هێرش کردنە سەر کەشتییەکە وەک کاردانەوەیەک بووە لە بەرانبەر هێرشی ئەمەریکا و بەریتانیا،  بە دڵنییایەوە ئەمە دوا وەڵام نابێت بۆيان."

حكومەتى بەريتانيا ئاماژە بەوە دەكات، هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان جێگای قبووڵ کردن نین، بێگومان کاردانەوە و وەڵاممان دەبێت.

سەبارەت بەو هێرشە ڕێکخراوی بازرگانی دەریایی بەریتانی ڕایگەیاند، ڕووداوەکە لە دووری (60) کیلۆمەتر لە باشوری ڕۆژهەڵاتی عەدەن ڕوویداوە. 

بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە بەبەردەوامی هۆشداری دەدرێتە کەشتییە بازرگانییەکان بۆ ئاگاداربوون لە میکانیزمی چۆنیەتی هاتووچۆ کردنیان، لەسەر مەترسی هێرش کردنە سەریان لە بارودۆخە جیاوازەکاندا لە دەریای سوور کە ڕێگای سەرەکی بازرگانی ئەو کەشتییانەیە.

 لە مانگی تشرینی دووەمی (2023) وە حوسییەکان چەندین هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور، گواستنەوە بازرگانییەکان لە دەریای سوور یەکێکە لە قەرەباڵغترین ڕێگاکانی گواستنەوە لە جیهاندا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین