سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل: ڕەنگە بۆمبەکەی نەتەنز ١٠ ساڵ پێش ئێستا دانرابێت ئێران

نوچه‌نێت

ئیهود ئولمێرت، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل وێرای ئاماژەکردن بە تەقینەوەکە لە دامەزراوەکانی پیتاندنی یورانیۆم لە نەتەنز وتی، "ڕەنگە ئەو بومبە ١٠ تا ١٥ ساڵ پێش ئێستا لەوێ دانرابێ".


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئیندێپێندێنت" بڵاوی کردەوە، جگە لە لێدوانەکەی ئولمێرت کەناڵی ١٣ی تەلەڤزیۆنی ئیسرائیلیش ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دانانی تەقەمەنی لە نەتەنز بڵاوکردووەتەوە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە تەقینەوەکەی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە دامەزراوەکانی نەتەنز، بە هۆی تەقینەوەی چەند بۆمبێک بووە کە پێشتر لەوێ دانرابوون. 
هەروەها ئولمێرت وتوویەتی ڕەنگە "ئەو بومبەی لە نەتەنز تەقیوەتەوە، زیاتر لە 10 ساڵ پێش ئێستا لەو دامەزراوەیەدا دانرابێت و ئێستا لە کاتێکی گونجاودا تەقیوەتەوە". 
تەقینەوەکەی ڕۆژی یەکشەممە لە نەتەنز ١٠ مانگ دوای تەقینەوەی یەکەم دێت کە لەو بنکەیەدا ئەنجام درابوو، بەرپرسانی تاران ئیسرائیل بە تۆمەتباری ئەنجامدانی هەر دوو تەقینەوەکە دەزانن. بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل وەک هەمیشە ئەو تۆمەتانە پشتڕاست یان رەت ناکەنەوە. 
فەرەیدون عەباسی، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران و سەرۆکی ئێستای کۆمسیۆنی وزە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لەمیانەی دیمانەیەکی تەلەڤزیونیدا هەندێ زانیاری نوێی سەبارەت بە تەقینەوەی یەکەم کە لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٠ ئەنجام درا ئاشکرا کرد. عەباسی لەو دیمانەیەدا بۆ یەکەم جار ڕایگەیاند هۆکاری ئەو تەقینەوە دانانی تەقەمەنی لە مێزێکدا بووە کە هێنراوەتە ناو دامەزراوەی پیتاندنی یورانیۆم لە نەتەنز. 
ئەو لێدوانە لەگەڵ قسەکانی ئیهود ئولمێرت یەک دەگرنەوە. ئولمێرت کە لە کاتی بۆمبارانکردنی بنکەی ئەتۆمی سووریا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بوو، لەو دیمانەیەدا دەڵێت تەقینەوەکە بەرهەمی داڕشتنی پلان و ئوپەراسیونێکی درێژخایەن بووە. هەڵبەت وتی ئاگادار نییە کێ ئەو هێرشەی ئەنجام داوە. 
بە وتەی نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران و لەوانە عەلیرەزا زاکانی تەقینەوەکەی ڕۆژی یەکشەممە لە نەتەنز بووە هۆی لەناوچوونی هەزاران ئامێری دەرکردن. هەروەها نیویۆرک تایمز پێش بینی ئەوەی کردووە بە لەبەرچاوگرتنی زیان و خەسارەکان، پیتاندنی یورانیۆم بۆ ماوەی نۆ مانگ کەوتە دواوە. 
سەرەڕای ئەوە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن سەبارەت بە زیانەکانی تەقینەوەکە زێدەبێژی دەکرێ و ئەوان دەستیان کردووە بە پیتاندن بە ڕێژەی 60٪ لە نەتەنز.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین