هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كى ئه‌تۆمى ئیسرائیل عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سوپای ئیسرائیل نیوەشەوی چوارشەممە هەواڵی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکی سووریای لە بیابانی نگۆ (نقب) لە نزیک بنکەی ئەتۆمی دیمۆنا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە تۆڵەی ئەو ڕووداوەدا چەند سەکۆی هاوێشتنی مووشەکی لە سووریاى کردووەتە ئامانج.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "یورۆنیوز" بڵاوی کردووەتەوە، تەقینەوەی مووشەکەی سووریا لە بیابانەکانی باشووری ئیسرائیل و لە نزیک گوندی عەرەبنشینی ئەبوقرینات کوژرا و برینداری لێ نەکەوتووەتەوە. 
دامەزراوەی ئەتۆمی دیمۆنا، یەکێکە لە ناوەندەکانی چالاکیی ئەتۆمی نهێنی ئیسرائیل. تەلئەبیب دەربارەی توانای سەربازیی ئەتۆمی خۆی بێدەنگی هەڵبژاردووە. تا ئێستا چەندین ڕاپۆرت بڵاوکراونەتەوە و باسی ئەوە دەکەن ئیسرائیل ١٠٠ تا ٣٠٠ کڵاوەی ئەتۆمی هەیە. ئیسرائیل ئەو ڕاپۆرتانەی نە پشتڕاست کردووەتەوە و نە ڕەتی کردوونەتەوە. 
سوپای سووریا وەک جاران ڕایگەیاندووە سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی ئەو وڵاتە زۆربەی مووشەکەکانی دوژمنی کە لە بەرزاییەکانی جۆڵانەوە هاوێژراون پووچەڵ کردووەتەوە. ئاژانسى سانا بە گێڕانەوە لە بەرپرسێکی سەربازیی سووریا ڕایگەیاند، بە هۆی هێرشی شەوانەی ئیسرائیل، چوار سەربازی سوپای عەرەبی بریندار بوون. 
بە لەبەرچاوگرتنی ئارامی ڕێژەیی لە باشووری سووریا و لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل، هۆکاری تەقاندنی مووشەک لەو ناوچەدا جێگای پرسیارە. 
ئێران پێشتر ڕووداوی تەقینەوە لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنزی وەک "تیرۆریزمی ئەتۆمی" وەسفی کردبوو و وێرای تۆمەتبار کردنی ئیسرائیل، بەڵێنێ تۆڵەکردنەوەی دابوو. 
دوای ئەوە، چەند هەواڵێک سەبارەت بە ڕووداوێک لە کەشتییەکی بازرگانی ئیسرائیل لە نزیک بەندەری فوجیرەی ئیمارات بڵاو کرانەوە کە هەڵبەت پشتڕاست نەکرانەوە. هەروەها دوێنێ (چوارشەممە) چەندین وێنەی تەقینەوەیەک لە کارخانەیەکی تەکنۆلۆژیای مووشەکی ئیسرائیل بڵاو کرانەوە، بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، هۆکاری ئەو تەقینەوە تاقیکارییەک بووە و خۆیان بە پێی بەرنامە ئەنجامیان داوە.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین