ئیدارەی بایدن پشتیوانى لە هەرێمی کوردستان دەکات وەرگێڕان

و: سنور یاسین

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە پەیوەندییە فراوانەکەمان لە عێراقدا پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکەین، هەوڵەکانمان بۆ نەهێشتنی هەژموونی ئێرانە لە عێراق و واشنتۆن پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکات. کاریگەری هەژموونی ئێران لە عێراقدا بە ئاشکرا دەبیندرێت لە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراق، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە ڕوونی ئەو کاریگەرییەیان لەسەر دیارکەوتووە تا ڕادەی ئەوەی داوا لە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان کراوە عێراق جێبهێڵن. لە ماوەی (18) مانگی ڕابردوودا  کاریگەریی گرووپە میلیشیا ئێرانییەکان لە عێراق زیاتر بوونە، بەڵام کۆتاییان نزیکە.

ئێران بە پلان دەیەوێت دەستووری فیدراڵیی عێراق وەک خۆی جێبەجێنەکرێت و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لاواز بکات، ئەمەش بە شێوەیەکی ئاشکرا بینرا لە بڕیارە یەک لە دوای یەکەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق، کە دەریدەکرد دژی هەرێـمی کوردستان و مووچەخۆرانی هەرێم. ئێران هەوڵی داوە سوود لە جەنگی ئیسرائیل و حەماس وەربگرێت بۆ ئامانجە تایبەتییەکانی خۆی کە لە عێراق ئەنجامی دەدات و ڕای گشتی پێ بێدەنگ بکات، بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام جەخت لە نەمانی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەڕایەتی ئەمەریکا لە عێراق دەکاتەوە بۆ ئەوەی پێگەی خۆی فراوان و بەردەوام بکات.

لە (15) کانوونی دووەم(2024) ، هێرشی مووشەکی لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کرایە سەر هەولێر و هاووڵاتیانی مەدەنی شەهید و بریندار بوون، زیانی ماددیش لێکەوتەوە. هەروەها لە لایەن کەتائیب حزبوڵا، کە گرووپێکن لە میلیشیا عێراقییەکان کە دەستی ئێرانیان لە پشتەوەیە لەسەر سنووری ئوردن و سوریا هێرشێکیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردەسەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا، لە ئەنجامی هێرشەکە دا سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران، زیاتر لە (40) سەربازیش بریندار بوون.

ئیدارەی بایدن لەو هێرشە مووشەکیانەی سەر هەرێمی کوردستان ئاگادار کرابووەوە، هەروەها نیگەرانی لە لایەن بەرپرسانی واشنتۆنەوە ڕاگەیێندرا بوو دەربارەی ئەم پرسە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا سەردانی ئەمەریکای کرد، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا کۆبوونەوەی جیاوازی هەبوو، تەوەری جیاواز لە کۆبوونەوەکاندا باسکران. ئەم سەردانەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێش سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا سەردانی ئەمەریکا بکات، بڕیارە لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق بکرێت، هەروەها بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا، لەنێویاندا (2500) سەربازی ئەمەریکی کە لە (2014)وە لەسەر بانگهێشتی حکومەت بۆ شەڕکردن دژی داعش لە عێراقدا باسێکی گرنگی کۆبوونەوەکان دەبێت.

ئەگەرچی سوودانی باسی چاکسازی دەکات و لای گرنگە، بەڵام چاکسازی بە مانای ئەوە نایەت لە پێناو ڕای ئێران و ڕازیکردنیان کۆتایی بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بهێندرێت و داوایان لێبکرێت وڵاتەکە جێبهێڵن. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا ئاماژەی بە بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق کرد، بەمەش پشتیوانی زیاتری ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کرایەوە. گفتۆگۆکانی ئەم هەفتەیەی ئەمەریکا لەگەڵ مەسرور بارزانی لە پێنتاگۆن و شوێنەکانی دیکە تیشکیان خستە سەر ئەوەی ئەمەریکا دەتوانێت چی زیاتر بکات بۆ پێشکەش کردنی هاوکاری زیاتر بۆ هەرێم، لەوانە دابینکردنی سیستەمی بەرگری بەهێز و پاراستنی هەرێم لە هێرشە بەردەوامەکان. بەم گفتوگۆیانەش پەیامی ئاشکرا بۆ بەغدا نێردرا.

هەرێمی کوردستان پێویستی بە بوونی سەربازانی وڵاتانی هاوپەیمانە بۆ پاراستن لە هێرشە بەردەوامەکان و هاوکاری کردنی. هەرێمی کوردستان و ئیدارەی بایدن هەمان نیگەرانی هاوبەشیان هەیە، سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ئێمە هەمیشە هاوبەشییەکمان لەگەڵ ئەمەریکادا بە بایەخ بینیوە لە کاتێکدا هەندێک لایەن لەوانەیە بیانەوێت هێزەکانی ئەمەریکا عێراق جێبهێڵن، بەڵام هەمیشە بەخێربێن بۆ هەرێمی کوردستان. پێویستە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق زیرەکانە مامەڵە بکات لە پەیوەندییەکاندا لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران، هەروەها بووچوونی ڕاستەقینەی عێراق سەبارەت بە پرسی مانەوە یان جێهێشتنی عێراق لە لایەن سەربازانی هاوپەیمانانەوە.

لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمەریکا سیاسەتی خۆی گۆڕی لە چوارچێوەی هەڵوێستێکی فراوانتر بەرامبەر ئێران. ئیدارەی بایدن قبوڵی ناکات عێراق لە لایەن ئێرانەوە سەرپەرشتی بکرێت و بەڕێوە ببرێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئێران پەیام ئاڵوگۆڕ دەکەن، مەبەستیانە گرژییەکانی نێوانیان کەم ببێتەوە. حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر ڕایگەیاند بوو دیپلۆماسی پێویستی بە بەرپەرچدانەوە هەیە.

بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتووێژە ئەمنییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق، ئیدارەی بایدن پەیامی ڕوونیان نارد و پێناچێت بەم نزیکانە هێزەکانی هاپەیمانان عێراق جێبهێڵن و ئامانجیان بێت لەم کاتەدا ئەو هەنگاوە بهاوێژن. ئەگەرچی تێکدانی سیستەمی فیدڕاڵی، بوونی میلیشیا جیاوازەکان، هەژموونی ئێران، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، و چەندین فاکتەری تر لە عێراقدا هەوڵیان داوە ئاڵۆزی بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن و هێرشی بەردەوامی بکرێتە سەر، بەڵام ئیدارەی بایدن بە دڵنیاییەوە دووپاتی هەبوونی سیستەمێکی تەواوی فیدڕاڵی لە عێراق دەکاتەوە، پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان گرنگە لای واشنتۆن و بە بناغەی پەیوەندییەکانی خۆی دادەنێت.

گەشتەکەی بایدن بۆ سنوری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک بووە هۆی ئامادە نەبوونی سەرۆکی ئەمەریکا لە ماوەی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا ڕوونی کردەوە کە ئیدارەی بایدن جەخت لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بە بەردەوامی، هەروەها جەختی لە پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان و کوردستانێکی بەهێز و ئابوری گونجاو کردەوە هەروەک لە دەستووری فیدڕاڵی عێراقدا هاتووە.

پارتی دیموکراتی کوردستان و سودانی لە پەیوەندییەکی نزیک و بەردەوامدان بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان سەبارەت بە هێرشەکانی سەر هەولێر بە تایبەت هێرشەکانی کانوونی دووەم. سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەم هەفتەیەدا بەهێزکردنی هەماهەنگی بوو لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، هەروەها پێویستە بەغدا و تاران تێبینی ئەوە بکەن ئیدارەی بایدن پێگەی هەرێمی کوردستانی بەرزکردەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین