نەتەوەسازی دژەنەتەوە یان ئەکادیمیستی داگیرکراو بیروڕا

هه‌ردی مه‌هدی میكه‌

داگیرکاریی و جینۆسایدی سەدساڵی ڕابردووی دژەکورد لە چوارلاوە سەختە و ڕوونە، بەڵام ئەوەی سەختترە، داگیرکردنی زەین و بیرکردنەوەی ئەکادیمیستێکی کوردە، کە خۆی لە چەندین کەرەستەی بەناو زانستیی و نەرمەهێز و سیاسەتی کولتووری جیاواز دەبینێتەوە دژی کورد بەکاردەهێنرێتەوە. کوردکوژی بەدەستی بێگانە زیانێکی قوڵی گیانی و مادی بە شوناسی کوردستان دەگەینێت، بەڵام هەست و توێژینەوە و ئەدەبی بەرەنگاری و زەینی ئازادییخوازیش دەسازێنێت، هەر ئەمەش بووە نهێنی مانەوە و بەرەنگاریی کورد بەرامبەر ستەمە بەردەوامەکان، بەڵام داگیرکاری زەینی و کۆڵۆنیالیزمی هزری سەختیی و کوشندەییەکەی لەوەدایە کە داگیرکارییش کۆتایی بێت ئەو هەر خەریکی خۆ بەرهەمهێنانەوە و خۆ لە خۆخستنە.

لە سەدساڵی ڕابردوودا ئەم کۆڵۆنیالیزەکردنە هزرییەی زەینی تاکی کورد لە چەندین پرۆسەدا خۆی دیووەتەوە، بەتایبەت لای هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران پاشان عەرەبان، چڕ و پڕ کاری لەسەر کراوە، بەشێکی سەختی ئەم چیرۆکە خودی "ڕۆشنبیر و بنووس و ئەکادیمیستی کورد" ئامرازی جێبەجێکردنییەتی، چ بە ئاگاییەوە چ بێئاگا. لە زیا گۆئالبی کۆڵەکەی تورکچێتییەوە بیگرە تا چنارە خۆلەبیرکردووەکانی تورکیاوە بیگرە تا دەگاتە لاهوتی سوورهەڵگەڕاو و ڕەشیدی یاسەمی و عەلی ئەسغەری شەمیم (کە لە فارسەکان ئێرانچیتر بوون)، نموونەی پێشینەی ئەو زەینە داگیرکراوانەن کە دەیانووت کورد نەتەوە نییە و خۆشیان خوێنی کورد لە دەمارەکانیاندا دەگەڕا.

لەم ڕۆژانەدا، لە ژمارە ٤٧٧ی(٢٢فروردین١٤٠٠)ی یەکشەممەی ڕۆژنامەی ڕۆژان-ی سەر بە سیاسەتی نەرمەهێزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنە، بنووسێکی ئەکادیمیستی "قەومی ئێرانی" لە "نەتەوەی گۆران"! بەناوی د.مەهدی سەجادی لەپەنای یادکردنەوەی تاوانی هەڵەبجەدا وتارێکی وەشاندووە، کە گەر شیکاری دێڕبەدێڕی نێوەڕۆکی گوتارەکەی لەبەر ڕۆشنایی چوارچێوە سیاسەتی گشتیی ئێران بەرامبەر کورددا شرۆڤە بکەین، دێڕدێڕ بنەماکانی ئەو سیاسەتانە دەدۆزینەوە.

وتارەکە هیچ نییە جگە لە ڕیتۆریکی ئەو سەدساڵەی نەرمەهێزی کولتووری نەیارانی کورد کە بەناوی دۆستایەتیەوە سڕینەوەی کورد و پرۆسەی لەخودخستنی کورد پەخش دەکەن. وتارەکە دواقۆناغی پەرەسەندنی پەلاماردان و لەتلەتکردنی کوردە بەنێوی خەمخواردن لەمرۆڤی کورد و تاوانەکان بەرامبەری مانیفێست کردووە، بەڵام ئەمجارە بە زمانێکی دیکە و لە سوچێکی دیکەوە هەمان کاری لەنەتەوەخستنی ڕەشید یاسەمی سییەکان دەکاتەوە کە بە هاندانی ڕەزاشا کردی.

ئاخر ئێرانیش خۆ نایەوێت کورد بکاتە فارس، چونکە گەر ئەوە بکات واتە کوردیان کردووەتە خاوەن ماڵ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوان دەیانەوێت لەکوردخستن و لە خۆخستن جێبەجێ بکەن، بۆ ئەوەی لە ماڵی خۆتدا غەریبانە بجوڵییتەوە و میوانێکی شەرمن و زەین داگیرکراو بیت، هەمان هەست کە ئاوارەیەک لە کەمپێکدا دەینوێنێت.

لێرەدا گرنگە چەند تێبینییەک بخرێتەڕوو، نەک لەبەر گرنگی وتارەکە و داماوییەکەی لە فاکتی مێژووییدا، بەڵکو تەنها لەبەرئەوەی بیکەمە دەسکەلایەک تا ئەو سیاسەتە گشتییە کولتوورییەی دەوڵەت لەڕێی شیکردنەوەی چەند چەمکێکی ئاوەژووبەکارهێنراوی نێو وتارەکەوە ڕوون بکەمەوە کە لەوڵاتانی سەردەستە و بەتایبەت ئێراندا ساڵانێکە بەناوی دۆستایەتیی و خەمخواردنی کوردانەوە بەکاردەهێنرێن.

ئێران بە چەندین شێوە کاری لەسەر لاوازکردن و خاڵیکردنەوەی واتای شوناسی کوردبوون لە جەوهەری خۆیی وەک نەتەوە و زمانەکەی کردووە و دەکات، و ئەنجامیشی لێچنیوەتەوە، وەک:

آ. لەنەتەوەخستنی و بە ئێرانیکردن و ئارییکردنی، لەڕێگەی گێڕانەوەی ڕەسمی و ناڕەسمی و چەندین ئەکادیمیستی پەروەردەکراوەوی دەوڵەتییەوە. لە کاتێکدا کورد نە ئیرانییە و نە ئارییە و نە ژێر لقی هیچ نەتەوەیەکی دیکەیە.

ب. بە ئیتنیک و قەوم و عەشایەر نیشاندانی کورد نەک بە نەتەوەناساندنی (واتە بەخێڵکردنی کورد). هیچکات لە گوتار و گێڕانەوە ڕەسمییەکاندا بە نەتەوە ناوی نەهێنراوە و ناهێنرێت و قەدەغەشە بەکارهێنانی چەمکێکی لەوشێوەیە لە نێوەندە ڕەسمەییەکاندا. ئاخر لە فارسیدا "ملت" بە مانای نەتەوە دێت نەک "قوم"، قەوم بۆ گرووپی بچووکی هاوخوێن و عەشایەری نانەتەوەیی بەکاردێت.

ج. کوردی وەک زار (گویش) نەک وەک زمان نیشان بدرێت. بەمەش کورد کە خاوەنی زمانی خۆی نەبوو، بەنەتەوەش نازانرێت. ئەم مافەش هەم لەدەستووردا و هەم لە گێڕانەوە ڕەسمەییەکاندا لە زمانی کوردی سەندراوەتەوە.

د. لە هەمووی مەترسیدارتر پەرپەرتکردن و جیاکردنەوە و لەکوردخستنی هەندێ ناوچە و زمانی کوردستانی لە کوردە بەگشتی، وەک ئەوەی دەیانساڵە کاریان لەسەر جیاکردنەوەی لوڕ کرد و کاریگەریشی بەداخەوە جێهێشت، ساڵانێکیشە لەسەر لەکەکان کاردەکەن و ئێستا وا خەریکن دەیان کتێب و توێژینەوە دەوەشێنن و قسەی چوار ڕۆژهەڵاتناس و یەک دوو کوردی ئەکادیمیستی بێلایەنی فەرمینووسی دەوڵەتی! دەهێنن و دەیکەنە دیسکۆرسێکی بێبناغە بۆ لە کوردخستنی هەورامیەکان و لەکەکان. بێئاگا لەوەی ئەو ناوچانە بە زمان و شوناس و جوگرافیایانەوە هەموو پێکەوە کوردن و مێژوو و ئیرادەی هاوبەش کردوونی بە کورد نەک پێناسەی ڕۆژهەڵاتناسێک یان دەوڵەتێکی دیکە.

ه. گرووپگەلی ڕۆشنبیری و ئەکادیمیستی پەروردەکراو بە زیهنی ئێرانیانە، بە خستنەڕووی توێژینەوە و نووسینەکانیان، کاردەکەن بۆ بێبایەخکردنی خەباتی کولتووریی نەرمی ئەکادیمیستە کوردەکانی نێو ئێران و بە خائینکردن و تۆمەتسازیی بۆیان. کە خۆبەخشانە بەشێکی زۆری ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی بەردەم سڕینەوەی شوناسیی کوردیان خستووەتە سەرشانی خۆیان لەڕیگەی توێژینەوە و چالاکیی کولتووری و ئەکادیمی خۆیانەوە، سەرەڕای ئەو فشار و سانسۆرەی کە بەرامبەریان دەگیرێتەبەر. بەمەش دەیەوێت کاریگەری وجێکەوتەی ئەوان کەمبکاتەوە لە ڕێگەی ئەکادیمیستی بەدیلەوە.

جا ئێستا لەڕوانگەی ئەو پێنج خاڵەوە وەک دیدگایەک، با چەند تێبینییەک لەسەر نووسینەکەی مەهدی سەجادی بخەینەڕوو:

١. لەنێو کوردستانەوە و لە ڕۆژنامەیەکەوە بە ناوێکی کوردییەوە (ڕۆژان) و لە شاری سنەوە، بە دوو ئاراستە وتارێکی پڕ لە تۆمەت و بێفاکت دژی ناسیۆنالیزمی کوردی بڵاوکراوەتەوە، ڕێک هەمان قسەی لاهوتی دووبارە دەکاتەوە کە ١٩٢٣لە مۆسکۆوە دەیووت "ناسیۆنالیزمی کوردی بوونی نییە و بە هاندانی ئینگلیز لە ١٩١٩ لە سلێمانی چەقێنراوە"، سەجادی لەوەش زیاتر کورد بە گشتی بە نەتەوە نازانێت و پێیوایە هەم جوگرافیا و هەم شوناسی مێژوویی درۆسازیی بۆ کراوە، گەرنا بوونی نەبووە. ئەمەیان هیچی لەسەر ناوترێت چونکە ئەم ڕیتۆریکە دەمێکە پووچکراوەتەوە، زۆر ئاسانە سەلماندنی، هەم بە کتێبە پڕ و چڕەکانی نێو بولدان و مەمالیک و مەسالیکەکانی سەدەکانی نێوەراست، هەم بە نەخشەکانی سەردەمی عوسمانیش بەسن بۆ ئەوەی مێژووی کوردستان زۆر دێرینتر لەوەیە سەجادی دیاریدەکات.

٢. سەیرە لەئێراندا، قەدەغەیە وشەی "نەتەوەی کورد" بۆ ١٠ ملیۆن کورد بەکاربهێنرێت، بەڵام زۆر بەئاسانی بە گۆرانەکانی بڵێیت "نەتەوەی گۆران" و خودی ئەو وڵاتەش بۆت بڵاوبکاتەوە، نەک هەر ئەوەش وتارەکە وەک مانیفێستێکی ئەو پارادایمە بێئارگیومێنتە بەرزبکەیتەوە. ئەو دەڵێت گۆران نەتەوەیە و کورد داگیرکاری خاکەکەیەتی، بەڵام داگیرکاری فارسی و عەرەبی و تورکی نابینێت. ئەمەش بەشێکی هەمان پرۆسەی جیاکردنەوەی هەورامی و گۆرانەکانە لە کورد، وەک چۆن لەپێشتردا لوڕەکانیان جیاکردەوە.

ئایا گەر دسکۆرسی فەرمی ج.ئ.ئێران بەم گوتاری پەرتکردنە ڕازی نییە بۆ ڕێگەنادات وشەی نەتەوە بۆ کورد و بەلوچ بەکاربهێنرێت بەڵام زۆرئاسایی لە ڕۆژنامەیەکی دەوڵەتییەوە بە گۆران بووترێت نەتەوە ئاساییە؟

٣. تاوانی جینۆسایدی هەڵەبجە دەخاتە ئەستۆی ناسیۆنالیزمی کوردی و پاکانە بۆ بەعس و بەقوربانیبوونی کورد لە جەنگی ئێران-عێراق و هاتنی هێزەکانی ئێران بۆ ئەو ناوچانە دەکات و دەپەڕێتە سەر ئەوەی کە خەتای کورد بووە هەڵەبجە جینۆسایدکراوە! ئایا ئەمە ڕووسپیکردنەوەی سەدامەکان نییە؟ گەرنا خێرە لەو دوورەوە هەڵەبجەی پێش سی ساڵ دەبینێت بەڵام سێدارەدان و قەدەغەی زمان و مافی سیاسیی و مەدەنی (کورد قەینا) گۆرانەکان لە وڵاتەکەدا نابینێت؟

٤. زۆربەی زانیارییەکانی نێو وتارەکە هەڵەن، بەڵام بۆ نموونە تەنها یەک دوانێکی زۆر سادەن بەڵام لەوەشدا هەڵەی کردووە، کە نیشانەی کەمتفاقییەتی:

- لەناونیشانەکەوە تا کۆتایی چەمکی لێکدراوی "کارەساتی هەڵەبجە" (فاجعە حلبچە)ی بەکارهێناوە، لە کاتێکدا هەڵەبجە تاوانە و جینۆساید، نەک کارەسات، کارەسات بۆ ڕووداوی سروشتی بەکاردێت. ئەمەش بەکەمگرتنی تاوانەکەیە.

- جوگرافیای شاری هەڵەبجە بە هی نەتەوەی گۆران دەناسێنێت! ئەمەش نیشانەی نەشارەزاییەتی لە کۆمەڵگە و جوگرافیای هەڵەبجە، چونکە هەم هەڵەبجە بەرهەمهاتووی مێژووی نوێی کوردستانە و هەم کۆمەڵگەکەشی لەو دەمەوە سۆرانی-جافی، هەورامی لەخۆگرتووە و مۆزایک بووە، ئیتر بە چ بەڵگەکی دێرینە هەڵەبجە تەنها گۆران تێیدا نیشتەجێ بووە؟

لێرەدا ڕوون دیارە هەڵەبجە وەک کراسەکەی عوسمان بۆ لەکوردخستنی شوناسەکەی بەکارهێنراوە و لە پەنایدا ئەو پێنج خاڵەی سیاسەتە گشتییەکەی دەوڵەتەکەی پیادەدەکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین