ڕووسیا ٢٠ دیپلۆماتکاری چیک دەر دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ڕووسیا لە تۆڵەی دەرکردنی دیپلۆماتکارەکانی خۆی لە کۆماری چیک بە هۆی سیخوڕی و ئەوەی کە لە تەقینەوەی ئەمبارێکی تەقەمەنی سەربازیی لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیان هەبووە، ڕایگەیاند ٢٠ دیپلۆماتکاری کۆماری چیک لە وڵاتەکەی دەردەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ڕادیۆ فەردا" بڵاوی کردووەتەوە، ڕووسیا دوێنێ یەکشەممە، بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر مۆڵەتی بەو دیپلۆماتکارانە داوە خاکی ڕووسیا بەجێبهێڵن.

یان هەماچێک وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک ڕایگەیاندبوو ١٨ دیپلۆماتکاری باڵوێزخانەی ڕووسیا سیخوڕی "دەزگای هەواڵگریی دەرەکی" و "بەڕێوەبەرایەتی سەرەکی زانیارییەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیا"ن و پراگ ئاگاداری کردوونەتەوە کە پێویستە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا خاکی ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.

لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤، تەقینەوەیەک لە ئەمباری کارخانەیەکی تەقەمەنی ناوچەی وربتیچ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پراگ پایتەختی کۆماری چیک ڕووی داو و بە هۆیەوە دوو کەس کوژران. لە سێیەمی دیسەمبەری هەمان ساڵدا تەقینەوەیەکی تر لەو کارخانە ڕووی دا.

کۆماری چیک ڕۆژی یەکشەممە (دوێنێ) ئەوەشی ڕاگەیاند کە هاوپەیمانانی ناتۆ و یەکێتی ئەورووپای دەربارەی "دەستوەردانی گوماناوی" ڕووسیا لە تەقینەوەی ئەمباری تەقەمەنی لە ساڵی ٢٠١٤ ئاگادار کردووەتەوە و ئەو بابەتە لە دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لە ڕۆژی دوو شەممە ١٩ی نیسان (ئەمڕۆ) دەکەوێتە بەر باس.

ڤلادیمیر دژابارۆڤ، جێگری سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجۆمەنی فیدراسیۆنی ڕووسیا، ئەو هەڵوێستەی کۆماری چیک لە دژی دیپلۆماتکارە ڕووسەکانی بە تۆمەتێکی "بێ بنەما" وەسف کرد.

هاوکات جنیفر باخوس، کارمەندی باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پراگ، وێرای جەختکردنەوە لەوەی ئەمریکا لە پاڵ هاوپەیمانی خۆی (کۆماری چیک) ڕاوەستاوە، سوپاسی بڕیارەکەی حکومەتی چیکی کرد سەبارەت بە ئاشکرا کردنی سیاسەتە "مەترسیدارەکان"ی ڕووسیا لە ناو خاکی ئەو وڵاتەدا.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین