هەشت وڵاتى ئيسلامى رێكارى نوێ دژ بە ئيسرائيل دەگرنەبەر عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا لەگەڵ وەزيرانى دەرەوەى كۆمەڵەى هەشت وڵاتى ئيسلامى (D-8) كۆبووەوە، پاشان راگەيێندراوێكيان بڵاوكردەوە، تێيدا جەخت لەسەر هەماهەنگى سياسى دەكەنەوە، تێيدا جەخت لەسەر گرتنەبەرى رێكارى نوێ دژ بە ئيسرائيل دەكەنەوە.

رۆژى شەممە (هەشتى حوزەيران/2024) رەجەب تەيب ئەردۆغان لەگەڵ ئەنجوومەنى كۆمەڵەى هەشت وڵاتى ئيسلامى (D-8) كۆبووەوە، كۆبوونەكە بۆ گفتوگۆكردن بوو لەسەر بەرەوامى هێرشەكانى ئيسرائيل بۆ سەر كەرتى غەززە.

بەگوێرەى راگەيێندراوێكى ئەو كۆبوونەوە، وەزيرانى دەرەوە گفتوگۆيان لەسەر ئەو خاڵانە كردووە: 

* تاوانەكانى ئيسرائيل لە غەزە پەڵەيەكى ناشيرنە بە نێوچاوانى ئەو وڵاتە، پێويستە كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى فشار بخاتە سەر تەلئەبيب بۆ راگرتنى ئەو تاوانانە و گەياندنى هاوكاريى مرۆيى بۆ دانيشتوانى كەرتى غەزە.

* رۆژێك دێت ئيسرائيل و سەركردەكانى لەسەر ئەو تاوانانەى بەرانبەر فەڵەستينييەكان كردوويانە دادگايى دەكرێن.

* فەڵەستين دەبێتە ئەندامى تەواو لە نەتەوە يەكگرتووەكان، داواش لە وڵاتانى ديكە دەكەين دان بە دەوڵەتى فەڵەستين دابنێين.

* جارێكى ديكە لە ئيستەنبوڵەوە ئەو هەشت وڵاتە بە هەموو جيهانى رادەگەيێين ناتوانين لەرووى پێشێلكارييەكانى ئيسرائيل لە كەرتى غەزە بێدەنگ بين.

* ئەوانەى دژى داگيركارين لە ئۆكراينا دەڵێن، بەرەنگاربوونەوەى داگيركارى ئيسرائيل لە فەڵەستين تاوانە.

* غەزە بە روونى لاوازيى و لێنەهاتوويى سيستەمى نێودەوڵەتى دەرخست.

* گفتوگۆمان لەسەر ئەوە كردووە كە دەكرێت پێكەوە كار بۆ راگرتنى كۆمەڵكوژى لە غەزە بكەين.

*برايانى فەڵەستينيمان بە تەنيا بەجێناهێڵين، هەموو تواناى خۆمان بەگەڕدەخەين لەپێناو راگرتنى دەستبەجێى هێرشەكان لە غەزە و گەياندنى خێرايى هاوكارييە مرۆيييەكان.

بە هەموو تواناى خۆمان كار بۆ كۆتاييهێنان بە داگيركارى ئيسرائيل و جێبەجێكردنى دوو دەوڵەت دەكەين.

* حكومەتى توندڕەوى ناتەنياهۆ بەردەوامە لە ياريكردن بە ئاگر، لەوەش پاشگەزنابێتەوە، كە داهاتووى هەموو ناوچەكە و گەلەكەى خۆشى خستۆتە مەترسييەوە.

* هەوڵەكانى ميسر و قەتەر بۆ نێوەندگيرى هەردوولا بەرز دەنرخێين، بەرەواميش دەبين لە پێشكەشكردنى پاڵپشتى بۆ ئەو هەوڵانە.

* كارەساتى غەزە مامەڵەى دوورووانە و دووپێوەرى لەرووى هەندێك وڵات هەڵماڵى.

* فەڵەستينييەكان مافى خۆيانە وڵاتێكى سەربەخۆيان هەبێت.

* دەوڵەتى فەڵەستين لەلايەن ژمارەيەكى زۆرى وڵاتانى جيهان دانى پێدانراوە، بەڵام بەهۆى ڤيتۆى ئەمەريكيەوە نەتواندراوە ببێت بە ئەندام لە نەتەوە يەكگرتووەكان، ياخود بە فەرمى دانى پێدابندرێت.

* ئێمە وەك كۆمەڵەى هەشت وڵات دەمانەوێت بە زووترين كات ئەو ستەمە كۆتايى پێبێت.

* هەڵوێستى هەموو ئەو وڵاتە بەرزدەنرخێين كە بە رووى ئەو ستەمە و نەبوونى دادپەروەرى وەستانەوە.

* هەندێك وڵاتى ئەوروپيمان بينى زۆر بوێرانە دانيان بە دەوڵەتى فەڵەستين دانا، ئەوەش وەك دەركەوتنى هيوايەكە.

* بە هەمان چوارچێوە، جووڵەكانى ناو كۆمەڵگەى رووژئاوايى بە پێچەوانەى هەڵوێستى حكومەتەكانيان هيوايەك دەبەخشێت بە داهاتوو.

* لەگەڵ تێپەڕينى كات ئيسرائيل زياتر گۆشەگير و تەنيا دەبێت.

* ئێمە لە كۆمەڵەى (D-8) هاوڕاو و سوورين لەسەر هەماهەنگى بۆ پاڵپشتى فەڵەستين، هاوكارييەكانيشمان تەنيا لەسەر لايەنى ئابوورى كورت ناكەينەوە.

* ئێمە چاوەڕوانى چارەسەر لە كەس ناكەين، بەڵكوو خۆمان كۆدەبينەو و گفتوگۆدەكەين رێگەيەك دەدۆزينەوە بۆ بەديهێنانى ئامانجەكانمان و گەيشتن بە چارەسەرێك.

* هەنگاوە پێكەوە گرتووتمانەبەر لەو راگەياندنە هاوبەشە لە ميانەى كۆبوونەوەيە فشارەكانمان بۆ سەر ئيسرائيل زياد دەبێت، بەشدار دەبين لە پاڵپشتى برايانمان لە فەڵەستين بۆ ئەوەى ئازادييان بەدى بهێنن. 

كۆمەڵەى هەشتى وڵاتى گەشەكردووى ئيسلامى، پێكهاتووە لە: توركيا، ميسر، نەيجيريا، پاكستان، ئێران، ئيندۆنوسيا، ماليزيا، بەنگلاديش.

ئەو كۆمەڵە لە ساڵى (1997) لەسەردەمى دەسەڵاتى نەجەمەدين ئەربەكان، كەسايەتى ئيسلامى و سەرۆك وەزيرانى ئەو كاتەى حكومەتى توركيا دامەزراوە، بە ئامانجى پاڵپشتى پەيوەندى ئابوورى و كۆمەڵايەتى نێوان وڵاتانى ئەندام. لەو ساتەوە بۆ يەكەم جار ئەو كۆمەڵە بۆ پرسێكى سياسى وەك پرسى فەڵەستين كۆدەبێتەوە.

سەرچاوە: ماڵپەڕى ئاڕتى

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین