لە ئابلۆقەدانى هەرێمى و نێودەوڵەتییەوە بۆ کۆشکى ئێلیزێ میدیا

نوچەنێت:

کۆبوونەوەى هەردوو سەرۆک، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى و سەرۆک کۆمارى فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆشکى ئێلیزێ لە (3-30-2021)، کە چاودێرانى سیاسى بە کۆبوونەوەى لوتکەش ناوى دەبەن، کاردانەوە و خوێندنەوەى جیاوازى بە دواى خۆیدا هێنا.

فەرەنسا وەک دۆست و هاوپەیمانى لەمێژینەى هەرێمى کوردستان، لە چەندین قۆناغى جیاوازدا پشتیوانیى گەلى کورد و کوردستانى کردووە، جگە لەوەى ڕۆڵى کاریگەرى هەبوو لە دەرکردنى بڕیارى (688) لە ئەنجوومەنى ئاسایش لە (1991)دا، بۆ دروستکردنى ناوچەى ئارام لە باشوورى کوردستان، ئەم وڵاتە لە سەردەمى شەڕى داعشی لە (2014) و ساتەوەختى دواى گشتپرسى هەرێمى کوردستان و رووداوەکانى (16) ئۆکتۆبەر و ئابلۆقەدانى هەرێمى کوردستان لە ئاستى هەرێمى و نێودەوڵەتییەوە ڕۆڵى بینى، بە شکاندنى سەرجەم ئابلۆقە سیاسى و ئابوورییەکانى سەر کوردستان و بانگهێشتکردنى چەندینجارى سەرۆک مسعود بارزانى  و نێچیرڤان بارزانى وەک سەرۆک وەزیرانى ئەوکاتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى ئێستاى هەرێمى کوردستان بۆ کۆشکى کۆمارى فەرەنسا، هاوپەیمانییەتیى نێوان فەرەنسا و هەرێمى کوردستان تۆختر کردەوە.

کۆبوونەوەى نێچیرڤان بارزانى لە کۆشکى ئێلیزێ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆتایى مانگى بەهارى ڕابردوو وەک یازدەمین کۆبوونەوەى سەرۆکانى کوردیى ــ فەرەنسى بۆ پرسى سەقامگیرى عێراق و سەردانەوەى داعش لە ناوچەکە و بونیادنان و بەهێزکردنەوەى ئابوورى عێراق و هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، هاوکات بەپێى ڕاگەیێدراوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بابەتى پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەکییەکانى کۆبوونەوەکەى کۆشکى ئێلیزێ.

لەم ڕاپۆرتەدا بۆچوون و دیدى چەند بەرپرسێکى باڵاى شاندى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بر فەرەنسا دەخەینەڕوو، کە بەشێکیان لە نزیکەوە بەشداربوونە لە کۆبوونەوەکانى بەرپرسانى باڵاى هەرێمى کوردستان و فەرەنسا لە کۆشکى ئێلیزێ لە پاریس.

دیدارى لوتکە

هەر وەک لە ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانیش باسکراوە، لە ڕەوشێکى ئەوهادا ئەم سەردانییە بۆ فەرەنسا ئامانج و گرنگیى خۆی هەیە، فەوزى فرانسۆ حەریرى، سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بە کوردستان 24ى ڕاگەیاند، فەرەنسا نزیکەى نیو سەدەیە ڕۆڵەکى گرنگیى هەبووە، بەرامبەر بە هەرێمى کوردستان و داخوازییەکانى گەلەکەمان، بۆیە ئەم دیدارە دیدارێکى زۆر بەنرخە، ئەمە دیدارى دووەمە نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ سەرۆکى فەرەنسا سەرۆک ماکرۆن، یەکەم دیدارى پێش ساڵێک بوو لە کۆشکى سەلام لە بەغدا، کە بۆ ماوەى یەک کاتژمێر باسى زۆر کێشەیان کرد، سەردانییەى ئەمڕۆى سەرۆکى هەرێم بۆ کۆشکى ئێلیزێ، یەکەم دیدار نییە لەسەر ئاستى سەرکردایەتیى کوردستان و فەرەنسا، بەڵکو لە (1991)یش فەرەنسا یەکێک بوو لەو زلهێزانەى کە پشتگیرى لە گەلى کوردستانى کرد و لەگەڵ بەریتانیا و ئەمەریکا و چەندین وڵاتانى تر ئێمەیان پاراست .

هەروەها فەوزى حەریرى دەشڵێت، یەکەم سەردانى جەنابى سەرۆک بارزانى وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە (2010) بوو بۆ کۆشکى ئێلیزێ، پاشانیش سەرۆک هۆلاند سێ جار لەکاتى شەڕى داعش هاتە کوردستان، بۆیە ئەم پەیوەندییە پەیوەندییەکى زۆر بەنرخە و پشتگیرى فەرەنسا بۆ ئێمە بەردەوام دەبێ، بێگومان ئێمە و فەرەنسا دەبێ پابەندى پشتگیرى هەموو مافە ڕەوا و دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان بین لە چوارچێوەى عێراقێکى فیدراڵ، پێویستە ئەو مافەى کە ئێمە هەمانە بیچسەپێنین و فەرەنساش پشتگیریمان دەکات لەم بابەتە.

فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەى زۆر پشتگیرى لە هەرێمى کورستان و عێراق و ڕۆژئاوا لە سووریا کردووە لە کاتى شەڕى تیرۆرستانى داعش، فەرەنسا لە دەربارەى داعش و پرسى تیرۆر پێیوایە لەڕووى لەشکرییەوە داعش نەماوە، بەڵام هێشتا بە تەواوى لەناو نەچووە، بۆیە لەڕووى جیۆپۆلێتێکى یان ئابوورییەوە دەیەوێ لەگەڵ کوردستان هەماهەنگیمان هەبێ تاوەکو بتوانین ئەو پرسانە چارەسەر بکەن.

 لەبەرامبەردا سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان باسى لەوەشکردووە، ڕاستە داعش وەکو هێزێکى سەربازیى نەماوە، بەڵام ئێستا جووڵانەوەى زۆر دەکات لە ناوچەکانى سەر سنوورى هەرێمى کوردستان لەگەڵ عێراق، ئەو ناوچانەى نەهێزى پێشمەرگەى لێیە نەک هێزى سوپاى عێراق، داعش هاتووچۆى زۆر دەکات و مەترسییەکى زۆر گەورە بۆ سەقامگیرى عێراق و کوردستان دروست دەکات، بۆیە مانەوەى هێزەکانى هاوپەیەمانان بۆ پشتگیریکردنە لە هێزەکانى پێشمەرگە لە بوارى ڕاهێنان و پڕچەککردنیان و هەماهەنگى، تاوەکو داعش نەمێنێ، لە هەمانکاتدا پێویستە ئەو فکرەش لە ناوببەین  وەکو فکرى ئیرهابى نەمێنێ، ئەو بابەتەش پێویستى بە سەقامگیرى ناوچە سونیەکانە، پێویستى بە دووبارە ئاوەدانکردنەوەى ئەو ناوچانە هەیە و دەبێ خزمەتگوزارى لە ناوچەکان هەبێ، وە وەکو هەرێمى کوردستان پشتگیرى هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین و کردووشمانە بۆ گەڕانەوەى ئاوارە عەرەبەکان بۆ شوێنى خۆیان بەوپەڕى ڕێزەوە.

دوو سەرۆکى گەنج، یەک دیدى هاوبەش

هەفتەى ڕابردوو دیالۆگى ئەمەریکى ــ عێراقى دەستیپێکرد، سەبارەت بە بەشدارى و بۆچوونى هەرێمى کوردستان بۆ ئەم دیلۆگە، فەوزى فرانسۆ حەریرى دەڵێت، ئێستا شێوازى گفتوگۆکە گۆڕاوە و ئەمەریکا حەز دەکات بیگۆڕى، بۆچوونى ئەمەریکا کە تا ئێستا باسکراوە، ئەوەیە کە ئەمەریکا دەیەوێ ئامادەبوونیان لە عێراق وەکو هێزێکى سەربازی بێت، بەڵام بۆچوونى عێراق و هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە پێویستە ئەو گفتوگۆیانانە فراوانتر بکرێن و بوارەکانى ئابوورى و پەروەردەش بگرێتەوە.

دەربارەى پەیوەندى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى کۆشکى ئێلیزێ و دۆسیەى عێراق لە بارەى هەڵبژاردنى داهاتووى عێراق و پرسى کێشە ناوخۆییەکانى عێراق، ئەو پرسەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، عێراق و هەرێمى کوردستان بەرەو چەند ئاراستەیەک دەڕوات، لەوانە هەڵبژاردنمان لەپێشە، کێشەى ناوخۆى سیاسی هەیە لەناو حکوومەت و پەرلەمانى فیدراڵ، لە ناوچەکە بارودۆخى ئێران تورکیا و ڕۆژئاوا، هەموو ئەو بابەتانە گرنگن بۆ سەقامگیرى ناوچەکە، سەرۆک ماکرۆن متمانەیەکى تەواوى هەیە بە بۆچوونەکانى جەنابى نێچیرڤان بارزانى، کە وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستان لێرەیە تاوەکو بۆچوونەکانى خۆیى و ئەو ڕێوشوێنانە دەستنیشان بکات لە چۆنیەتى بەهێزترکردنى ڕۆڵى فەرەنسا و چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى کە هەن. فەوزى حەریرى ئەوەشى روونکردۆتەوە، کە سەرۆکى هەرێم بە ڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکى حکوومەتى فیدراڵ بە ڕاوێژ لەگەڵ سەرۆک کۆمارى عێراق، هەروەها سەرکردایەتیى سیاسى هەرێمى کوردستان پێش ئەوەى بێتە پاریس قسەى لەگەڵ کردوون و بۆچوونى خەڵکانى ترى وەرگرتووە، بەڵام بۆچوونەکانى خودى خۆى جێگەى ڕێزگرتنن، کە هەموو بۆچوونەکانى باش ماوەیەک ڕاست دەردەچن، وە هەردووک سەرۆک گەنجن ماکرۆن و جەنابى کاک نێچیرفان بارزانى، بۆیە بەئاسانى لەیەکتر تێدەگەن، وە وا بڕیارە بەیانى بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک پێکەوە گفتوگۆ بکەن، چونکە فەرەنسا بایەخێکى ئێجگار زۆر بە هەرێمى کوردستان دەدات.

هەروەها بە پێى لێدوانێکى سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بۆ ڕاگەیاندنەکان، لە کۆبوونەکەى کۆشکى ئێلیزێ هەردوو سەرۆک چاوەڕێ دەکرێ باسى چۆنیەتى پاراستنى مافە ڕەواکانى هەرێمى کوردستان لەچوارچێوەى دەستوور و عێراقێکى فیدراڵ دا تاوتوێ بکرێ، چونکە ئێستا هەڕەشەیەکى بەرچاو هەیە دژى هەرێمى کوردستان، هەروەک پێش چەند هەفتەیەک هەولێر پایتەختى هەرێمى کوردستان لەلایەن هێزە چەکدارەکان مووشەکباران کرا، پێویستە سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت، ئێستا ڕۆژانە نەک تەنها داعش بگرە گرووپە چەکدارەکانى تر بە بەیاننامە و لێدوان هێرش دەکەنەسەر سەقامگیرى هەرێمى کوردستان، ئەم بابەتانە گرنگە فەرەنسا هەڵوێستى لەسەر هەبێ.

   دۆسیەى هەرێم و بەغدا؛ لە سەر مێزى کۆشکى ئێلیزێ

توندۆتۆڵى پەیوەندییەکانى فەرەنسا و کوردستان بۆ زۆرێک لە چاودێرانى سیاسى و لێکۆڵەران بۆتە جێگەى سەرەنج، هەروەک فەلاح مستەفا ڕاوێژکارى باڵاى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانیش دەڵێت، پەیوەندییەکانى فەرەنسا و هەرێمى کوردستان شتێکى تازە نییە و بناغەیەکى پتەوى هەیە، وە فەرەنسا لەڕۆژانى تەنگانەشدا ئەو وڵاتە بوو، کە گوتى ئێمە پشتیوانى لە مافە دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان دەکەین، دەمانەوێ کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغداش لە چوارچێوەى دەستوور چارەسەر بکرێ، بۆیە ئەم دیدارە گرنگەى (30-3-2021)، دەرفەتێکە بۆ ئەوەى لە نزیکەوە بیروڕا ئالۆگۆڕ بکرێ لەسەر ئەو پرسانە کە پەیوەندارە بە هەرێمى کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەراست، وە هەروەها بەرژەوەندى فەرەنساش وەکو وڵاتێکى زلهێز و وڵاتیکى ئەندامێکى هەمیشەیى ئەنجوومەنى ئاسایشى و کاریگەر لە چوارچێوەى یەکێتى ئەوروپا گرنگە، بۆیە بەلاى فەرەنساش مەبەستە کە بزانێ پرسەکان چین و چۆن کار بکرێت لە ئاستى هەرێمى و جیهانى بۆ ئەوەى ئەم پرسانە چارەسەر بکرێن.

بە بۆچوونى فەلاح مەستەفا، وەک یەکێک لە ئەندامانى شاندى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بۆ فەرەنسا، پێیوایە پرسەکان گرێدراون بە یەکترى و وەک خۆى دەڵێت، ئەگەر باس لە پرسى تیرۆر و توندەڕەوى و شەڕى داعش و ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەى داعش بکەین، هەرێمى کوردستان لەبەرەى پێشەوەى ئەم جەنگەیە، وە خەباتى کرد و قوربانی دا لەپێناوى، وە ئێستاش ئەم هەڕەشەیە هەر هەیە، بۆیە بیروڕا ئالۆگۆڕکردن لەسەر مەسەلەى تیرۆر و سەرهەڵدانەوى داعش، یەکێک دەبێ لە تەوەرەکانى ئەم کۆبوونەویە، کە چى بە هەرێمى کورستان و عێراق دەکرێت لەم بارەیەوە، هەروەها فەرەنساش لە چوارچێوەى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى ئەوە لەلایەک، لە لایەکى ترەوە پرسى ئاوارە و پەنابەران و پرسى کۆچ بۆ ئەوروپا، چونکە ئەگەر ئەو ئاوارە و پەنابەرانە لە هەرێمى کوردستان و عێراق نەمێننەوە یان لەو وڵاتانەى قەیرانیان هەیە وەک یەمەن، لیبیا، سووریا، وا دەکات ئەوان بە لێشاو بەرەو ئەوروپا و وڵاتانى تر کۆچ بکەن، کەواتە بەرژەوەندییەکى هاوبەش ئەو وڵاتانە دەبەستێتەوە، بۆیە دەبێ سەقامگیرى بێنەکاییەوە تاوەکو ئەو خەڵکە لە شوێن و زێدى خۆیان بمێننەوە، نەبنە بارگرانى بەسەر وڵاتانى تردا.

هەروەها ڕاوێژکارى باڵاى سەرۆکى هەرێکى کوردستان، لەبارەى پرسى ئایین و پێکهاتە نەتەوەییەکان لە کوردستان، بە یەکێکە لە هۆکارەکانى بانگهێشتکردنى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ کۆشکى کۆمارى فەرەنسا دادەنێت و دەشڵێت، هەرێمى کوردستان بە ئەزموونى دەوڵەمەندى خۆى لە پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن و ڕێزگرتن لە یەکترى، هەروەها لەو ئازادیەى کەوا هەیە هەرێمى کوردستان ئەزموونێکى دەوڵەمەندى هەیە و جێگەى دەستخۆشیە لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، جگە لەوەش پرسى پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا، چارەسەرکردنى کێشەکان، جێبەجێ کردنى ئەو ڕێککەوتنانەى کە هەن وەکو دەبینین جەنابى سەرۆک کۆمارى فەرەنسا زۆر بایەخ بە پرسى ئێزیدییەکان و شنگال دەدات، تەنانەت دەستپێشخەرى هەیە بۆ دروستکردنى نەخۆشخانەیەک لە شنگال، جەنابى سەرۆکى هەرێمیش بە هەمان شێوە بەڵێنى دا کە هاوکار بێ لە دروستکردنى ئەو نەخۆشخانەیە.

فەلاح مەستەفا ئەوەشى روونکردۆتەوە، کە خوێندنەوەى سەرۆکى هەرێم بۆ پرسە ناوخۆییەکانى عێراق و هەرێمییەکان وا دەکات ئەمە دەرفەتێک بێ بۆ ئالوگۆڕکردنى بیروڕاکان، هەروەک خۆشى دەڵێت، ئێمە چاوەڕوانیمان لە فەرەنسا هەیە کە بەردەوام بێ لە پشتیوانیکردنى هەرێمى کوردستان، لە پشتیوانیکردنى دیالۆگى نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها بەشدار بێ لە پرۆسەى ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشبردنى هەرێم، چە لەڕووى پشتیوانیکردنى دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان یان لەڕووى ئابوورى و وەبەرهێنان لە کوردستان و تەواوى عێراقیش.

یازدەمین دیدارى کوردیى - فەرەنسى

ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەى نێچیرڤان بارزانى و ئیمانوێل ماکرۆن لە (29-3-2021)دا، عەلى دۆمەلەرى نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە فەرەنسا بە رووداوى ڕاگەیاند، وەک دەزانن پەیوەندییەکى بەهیز لە نێوان سەرۆکایەتیى هەرێم و کۆشکى کۆمارى فەرەنسا هەیە، بەردى بناغەکەشى دەگەڕێتەوە بۆ (2010) کە ئەوکات بۆ یەکەمجار بە فەرمى سەرۆک بارزانى پێشوازى لێکرا لەلایەن نیکۆلا سارکۆزی لە (15-6-2010)دا، لەوکاتەوە ئەوە ئەوە دیدارى یازدەمینى کوردى ــ فەرەنسییە کە ئەنجام دەدرێت، بۆیە دۆسیەى هەرێمى کوردستان بۆتە دۆسیەکى زۆر گرنگ لە کۆشکى کۆمارى فەرەنسا، ئەگەرچى ئێستا فەرەنسا لە بارودۆخێکى زۆر خراپ دایە لەبەر کۆرۆنا، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵنگاریانەى ئێستا هەیە لە فەرەنسادا، سەرۆکى فەرەنسا پێی باشبوو بانگهێشتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانى بکات بۆ هەندێک پرسى گرنگ لە ناوچەکە.

عەلى دۆمەلەرى  لە لێدوانەکەیەدا لە بارەى کۆبوونەوەکەى کۆشکى کۆمارى فەرەنسا، هەرێمى کوردستان بۆ فەرەنسا بە گرنگ ناودەبا و دەشڵێت، گرنگى ئەم کۆبوونەوەیە لەوەدایە فەرەنسا دەزانێ بەبێ هەرێمى کوردستان هیچ سەقامگیریی و ئاشتەواییەک نە لە عێراق نە لەناوچەکە روونادات، لەبەر ئەوە هەرێمى کوردستان ڕۆڵەکى گرنگ دەبینى لەعێراق و ناوچەکەدا، بەبێ هەرێمى کوردستانیش ئەم دۆسیەیە زۆر مەحاڵە، وە ئێستاش فەرەنسا دەیەوێ ئەو ڕۆڵە مێژووییەى خۆى جارێکى تر لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە تایبەتى لە عێراق و سووریا بگێڕێتەوە، بۆیە پێویستى بە هەرێمى کوردستان هەیە بەتایبەتى ڕۆڵى کاک نێچیرڤان بارزانى لەم بوارەدا، کە دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ فەرەنسا و ئەو کێشانەى لە عێراق هەیە چارەسەرى بکات.

جێگەى وەبیرهێنانەوەیە، ماکرۆن کاتێ سەردانى بەغداى کرد گوتى دەمانەوێ بە هەموو شێوەیەک پشتگیرى خۆمان ڕابگەینێن بۆ عێراق، وە بۆ ئەوەى سەقامگیرى بگەڕێتەوە بۆ وڵاتە، دەبێ دەستوەردانى دراوسێیەکانى نەمێنێ، هەروەها پشتگیرى عێراق دەکەین لە هەڵبژاردنەکانى، ئێمە دەمانەوێ مافى کورد لە دەستوورى عێراق دا نەفەوتێ، لەڕووى ئابووریشەوە فەرەنسا دەیەوێت پشتگیرى هەرێمى کوردستان بکات. لەبەرامبەردا عەلى دۆلەمەرى دەڵێت، ئێستا فەرەنسا لەڕووى دیپلۆماسییەوە پەیوەندییەکى بەهێزى هەیە هەم لەگەڵ عێراق هەم لەگەڵ هەرێمى کوردستان، وە دەیەوێت ئەم پەیوەندییانە پەرەى پێ بدات بەتایبەتى لە بوارى ئەکادیمى و زانستى و ئابوورییەوەش، هەروەها مەبەستییەتیى بەشدار بێت لە ئاوەدانکردنەوەى ئەو ناوچانەى کە لەژێر دەستى داعش ڕزگارکراون، بەکرداریش ئەمەى دەستپێکردووە، هەروەها دەیەوێ زانکۆى مووسڵ ئاوەدان بکرێتەوە و بەشدار بن لەچەند پڕۆژەیەکى ستراتیژى لەو ناوچەیەدا.

نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە فەرەنسا بۆچوونێکى دیکەى هەیە لەبارەى داعش و پێیوایە داعش لە ڕووى سەربازییەوە تێکشاوە بەڵام هێشتا لەڕووى ئایدۆلۆژییەوە ماوە، لە ناوچەکە، بۆیە دەیانەوێ هاوکارى عێراق و هەرێمى کوردستان بکەن لە کەمکردنەوەى ئایدۆلۆژیاى داعش، ئەویش بە گەڕاندنەوەى ئاوارەکان بۆ سەر شوێنەکانى خۆیان و هەروەها پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى و پڕۆژەکان ئەو ناوچانە. هەروەها دەشڵێت، فەرەنسا دەیەوێت لە عێراق و کورستان پەرە بە بوارى رۆشنبیرى و ئەکادیمیش هەروەها زمانى فەرەنسى لەو ناوچانەدا بخوێندرێت، چونکە لەبیر نەکەین زانکۆى مووسڵ یەکێک بوو لەو زانکۆیانەى کە زمانى فەرەنسى زۆر باش بوو، ئەمڕۆ جارێکى دیکە دەیانەوێ یارمەتى ئەو زانکۆیە بدەنەوە، هەروەها یارمەتى هەرێمى کوردستانیش بدەن، هەر وەک لە چەند ڕۆژى ڕابردوو شاندێکى وەزارەتى دەرەوەى فەرەنسا سەردانى کوردستان کرد و هاوکارى پێشکەش بە نەخۆشخانەى هەڵەبجە کرد.

عەلى دۆلەمەرى وردتر ئاماژە بە مێژووى پەیوەندییەکانى کورد و فەرەنسا و ژمارەى کۆبوونەوە فەرمییەکانى نێوان سەرۆکەکانى فەرەنسا و هەرێمى کوردستان دەکات و هەروەک لە لێدوانێکدا بەکوردستانTVى ڕاگەیاند، کاتێ بەردى لە (15-6-2010) جەنابى سەرۆک بارزانى بە شێوەیەکى فەرمى لەلایەن نیکۆلا سارکۆزى پێشوازى لێکرا، بۆ یەکەمجار لە مێژووى هەرێمى کوردستاندا سەرۆکى وڵاتێکى زلهێز پێشوازیى لە جەنابى سەرۆکى کرد، دواتر فرانسۆ هۆلاند چوارجار پێشوازى لە جەنابى سەرۆک بارزانى کرد، لە (2012) و (2014) و (2015) و (2016)، دوو جاریش سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و گفتوگۆى لەگەڵ جەنابى سەرۆک بارزانى هەبوو، کە وایکرد پەیوەندییەکى گەورە دروست بێت لە نێوان هەردوولادا، ئەمڕۆش دۆسیەى هەرێمى کوردستان دۆسیەکى زۆر گرنگە لە کۆشکى کۆمارى. دواى ئەوەى کاک نێچیرڤان بارزانى بووە سەرۆکى هەرێمى کورستان ئیمانوێل ماکرۆن ئەمڕۆ کۆبوونەوەى سێیەمى بوو لە کۆشکى ئێلیزێ و جارێکش لە بەغدا پێشوازى لێکرد، بۆیە دەتوانین بڵین یازدە گفتوگۆ تا ئێستا لە نێوان هەردوو سەرۆکایەتى کراوە، وە دووجاریش لەبیر نەکەین سەرۆک هۆلاند پێشوازى لە پێشمەرگە کرد کە شتێکى بێ وێنەیە لەمێژووى فەرەنسادا.

هەروەها دەشڵێت، ئەگەر بە شێوەیەکى گشتى سەیر بکەین هەندێ وڵات تا گفتوگۆیان لەگەڵ کۆشکى کۆمارى فەرەنسا نەبووە، بەڵام یازدە ساڵە یازدە گفتوگۆ و کۆبوونەوە لە نێوان هەردوو سەرۆکایەتیى دروست ئەنجام دراوە، کە ئەوەش بێ وێنە هەم لە مێژووى فەرەنسا هەم لە مێژووى هەرێمى کوردستان، زۆر گرنگە بۆ ئێمە کە بتوانین لەگەڵ وڵاتێکى زلهێز کە ئەندامى هەمیشەیى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتییە و بەهاوبەشەى لەگەڵ ئەڵمانیا سەرکردایەتیى یەکێتى ئەوروپا دەکات، وە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ شەڕى داعش بوو، وە هەروەها ئەندامى ناتۆشە، گرنگییەکى زۆرى هەیە ئەمڕۆ ئەم سەردانییە ئەنجام بدرێت لە کۆشکى کۆمارى فەرەنسا. 

عێراق و کوردستان؛ لەنێوان پڕۆژە ئابوورییەکانى فەرەنسادا

لەکاتێکدا جیهان لەبەر پەتاى کۆرۆنا بە بارودۆخێکى خراپ دا تێدەپەڕێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لەو پرسانەى فەرەنسا گرنگى پێدەدات هەڵبژاردنى داهاتووى عێراق و پرسى ئابوورى هەرێمى کوردستان و باشترکردنى بارودۆخى ئابوورى عێراقە، عەلى دۆمەلەرى لەمبارەیەوە دەڵێت، ئەمڕۆ فەرەنسا بە تایبەتى و ئەوروپا بە گشتى بە بارودۆخێکى خراپ دا تێدەپەڕن لەبەر مەسەلەى کۆرۆنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمى کوردستان گرنگە بۆ فەرەنسا، تاوەکو ئایندەى عێراق و ناوچەکە بزانێ، چونکە هەرێمى کوردستان فاکتەرى سەرەکییە بۆ ناوچەکە کە ئەو هەرێمى توانى لە چەند ساڵى ڕابردوو بۆ جیهان بسەلمێنێ کە شەڕى داعشى کرد بۆ ئاشتى و سەقامگیرى و دەرگاى خۆى کردەوە بۆ پەنابەران و ئاوارەکان، وە ئێستا عێراق بەرەو قۆناغى دواى پۆست داعشى دەچێ، کە ئایا مانگى (10) هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، فەرەنسا حکوومەتێکى نوێ دەوێ، چونکە تا ئێستا لە (2003)وە عێراق نەیتوانیووە حکوومەتێکى لیبراڵ و دیموکرات و فرەلایەن و فیدراڵى جێگیر بکرێ، بۆیە دەیانەوێ ئەم هەڵبژاردنە ببێتە بنەمایەک بۆ ئەوەى بتوانن حکوومەتێکى فیدراڵى فرەلایەنى بۆ عێراق دابمەزرێت و مافى هەموو پێکهاتەکان و هەرێمى کوردستان دابین بکرێ.

لە بارەى هاتنەوەى فەرەنسا بۆ عێراق و کوردستان و ناوچەکە، هەروەها جێبەجێکردنى ئەو ڕێککەوتنانەى پێشتر لە نێوان کوردستان و فەرەنسا ئیمزا کراون، نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت، فەرەنسا دەیەوێ ڕۆڵى مێژووى خۆیى جارێکى دیکە لە ناوچەکە بگێڕێتەوە بەتایبەتى لە عێراق، وە فەرەنسا لایەنێکى سەرەکى بوو لە شەڕى داعشدا، هەروەها دەیەوێ لە ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکان بەشدار بێ، وەک گفتوگۆکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان گفتوگۆى فەرمى بوون لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن کە ئەمڕۆ ئەنجامدرا و بۆ نانى نێوەڕۆش بانگهێشتکرابوو، بۆ ئەوەى بتوانن ئەو ڕێککەوتنانەى لە ڕابردوو ئیمزا کراوە جێبەجێ بکرێ، چونکە لەبیر نەکەین لە مانگى (6)ى (2010) جەنابى سەرۆک بارزانى ڕێککەوتنێکى لەگەڵ وەزارەتى دەرەوەى فەرەنسا ئیمزا کرد، کە چەندین خاڵى لە خۆى گرتبوو، هەر لە ناو ئەو ڕێککەوتنە چەندین خاڵ تا ئێستا جێبەجێ کراوە، وەکو کردنەوەى کونسوڵخانەى گشتى فەرەنسا لە هەولێر، کە کونسولى فەرەنساش لە هەولێر ئەمڕۆ ئامادەبوو لەو کۆبوونەوانە، بۆ ئەوەى بەدواداچوون بکەن بۆ ئەو پڕۆژانەى کە لەداهاتوو ئەنجام دەدرێت، وە گفتوگۆ لەسەر زۆر پڕۆژەى گەورە لە هەرێمى کوردستان و فەرەنسا کرابوو، بەڵام بەداخەوە بە هۆى قەیرانى کۆرۆنا ئەنجام نەدران، هیودارین کۆتایى ئەمساڵ سان ساڵى داهاتوو ئەو بەرنامەیەى نێوان هەردوو حکوومەت جێبەجێ بکرێ.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە