د. ئەردەشێر پەشەنگ: فەرەنسا دەیەوێ کورد لەژێر سێبەرى سیاسەتى ئەمەریکا دەربێنێت میدیا

نوچەنێت:

بە بڕواى د. ئەردەشێر پەشەنگ، فەرەنسا هەوڵدەدات لەڕووى ناوچەییەوە کە پەیوەندى بە ئێران و تورکیاوە هەیە، ڕۆڵى سیاسەتى دەرەوەى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕەنگبداتەوە، لەوێشەوە کار بۆ عێراقێکى دیموکراسى و فیدراڵى بکات، کە یەکێکە لە گرنگترین گرووپەکانى ناو ئەو دەوڵەتە، کوردە.

هەروەها د. ئەردەشێر پەشەنگ، شارەزاى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئێوارەى (3-3-2021) لە دیمانەیەک بۆ رووداو ئاماژەى بەوەشکرد، ئەم گرنگییدانەى فەرەنسا بە عێراق و کوردستان، وادەکات ڕۆڵى کورد و کوردستان بەرزتر بێتەوە، هەروەک چۆن لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوو کۆبوونەوە و دیدارەکانى سەرۆک کۆمارى فەرەنسا لەگەڵ نوێنەرانى پایەبەرزى کورد وەکو نێچیرڤان بارزانى نیشانەى ئەوەن کە قەبارەى پەیوەندییەکانى هەردوولا گەورەتر و زیاتر بووە.

 

دەقى دیمانەى د. ئەردەشێر پەشەنگ، شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان:

ــ لە ئاستى نێودەوڵەتییدا پێگەى هەرێمى کوردستان لە چە ڕووێکەوە گرنگە بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؟

د. ئەردەشێر پەشەنگ: وەک دەزانین لە ماوەى (30) ڕابردوو، پەیوەندییەکانى فەرەنسا لەگەڵ کورد لە هەرێمى کوردستان نزیکتر بۆتەوە، لە (1991)دا کاتێ بڕیارى (688)درا، دەتوانین بڵێن ئەوکات پەیوەندییەکانى فەرەنسا لەگەڵ کوردەکان لەژێر سێبەرى واشنتن و هەولێر بووە، بەڵام لە (2017)وەڕا فەرەنسا کۆششى کردووە بۆ ئەوەى ڕۆڵێکى گرنگتر بۆ کورد دابنێت، وە پەیوەندییەکانى نزیکتر بکات، هەروەک چۆن یەکێک بوو لەو وڵاتانە یان یەکەمین وڵات بوو هەوڵییدا هەموو ئەو  گوشار و گەمارۆیانەى لەسەر هەرێمى کوردستان بوو لە دواى رێفراندۆمەوە کەم بکاتەوە، هەرێمى کوردستانیش چەند گرنگییەکى هەیە بۆ فەرەنسا، لەکاتى شەڕى داعش گرنگى پێشمەرگە وەک هێزێکى کوردیى بۆ پارێزگاریکردن نەک تەنها لە هەرێمى کوردستان، بەڵکو بووە پارێزەرەێک بۆ ئاسایشى نێونەتەوەیى، کورد ڕۆڵەکى مێژوویى بینى لەو شەڕەدا، کە ئەمە بۆ فەرەنسا زۆر گرنگە.

لەلایەکى دیکە، کوردستان بۆتە شوێن و پانەگەیەک بۆ کەمینەکان بەتایبەت بۆ مەسیحییەکان لە چاوى فەرەنسییەکان، کە ئەمەیش زۆر گرنگە، وەک باسمکرد جگە لەو پەیوەندییە (30) ساڵییەى لە نێوان هەرێمى کوردستان و فەرەنسادا هەبووە کە ئەمە بەشێکى بابەتەکەیە، بەڵام لەم قۆناغەدا بابەتێکى دیکە گرنگى هەرێمى کوردستان بۆ فەرەنسا دەرخستووە، یەکێک لەو بابەتانە مەسەلەى ناوچەییە، بەرزبوونەوەى کێشەکان لە نێوان ئەنقەرە و پاریس، لە سیاسەتە ناوچەییەکانى تورکیا چە لەگەڵ یۆنان چە لەگەڵ عێراق و سووریا، کە حەساسییەتەکانى ئەوروپا زیاتر بووە بەتایبەت فەرەنسا بەرامبەر ئەو کارو ڕۆڵەى کە تورکیا هەیە لەو ناوچەیە.

بابەتێکى دیکەى ناوچەیی کە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، فەرەنسا هەوڵدەدات دەکات ڕۆڵى سیاسەتى دەرەوەى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕەنگبداتەوە، لەعێراقیش دا سیاسەتەکانى فەرەنسا بۆ ئەوەیە دەیەوێت عێراق دەوڵەتێکى دیموکرات و فیدراڵ بێت، یەکێک لە گرنگترین گرووپەکانى ناو ئەو دەوڵەتە فیدراڵییە کوردە، ئەمەیش وادەکات ڕۆڵى کورد و هەرێمى کوردستان بەرزتر بێتەوە، وە لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوو کۆبوونەوە و دیدارەکانى سەرۆک کۆمارى فەرەنسا و نوێنەرانى پایەبەرزى کورد وەکو کاک نێچیرڤان بارزانى گەورەتر بووە، هەموومان بینیمان لە شەش مانگى ڕابردوو لە دواى ئەوەى ماکرۆن هاتە بەغدا، ئەمڕۆش لە پاریس ئەوە نیشان دەدات کە فەرەنسا هەوڵدەدات ئەو سیاسەتە کوردییەى کە پێشتر ئاماژەم پێکرد لە ژێر سێبەرى سیاسەتەکانى ئەمەریکا بووە، لەژێر ئەو سێبەرە بێتەدەرەوە. بە بڕواى من ئێستا فەرەنسا گرنگترین پەیوەندی هەیە لەگەڵ کورد، چە لەگەڵ کوردەکانى عێراق چە کوردەکانى سووریا. 

ــ ئەو گرنگییەى هەرێمى کوردستان تۆ باست کرد، چۆن دەتوانێ هاوکار بێت لەو ڕەوشەى ئێستا هەرێمى کوردستان تێیدایە هەندەک زیاتر بەرەوپێشبچێ، هەروەکو ئێستا سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەیتى هەرێمى کوردستان گوتى هەڕەشەى ئاشکرا لەسەر هەرێمى کوردستان هەیە، نەک تەنها داعش هەندێ گرووپى چەکداریش بە هۆى هەندێ لایەنى سیاسى هەڕەشە لە کوردستان دەکەن، یانى ڕۆڵى فەرەنسا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەتوانن ڕەوشى هەرێمى کوردستان بەرەو ڕەوشێکى باشتر ببەن؟

د. ئەردەشێر پەشەنگ: نەک تەنها بۆ فەرەنسا بەڵکو بۆ زۆربەى وڵاتانى دونیا روون بۆتەوە، ئەگەر شوێنێک لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەبێ و سەقامگیر و دیموکرات بێت و حکوومەتەکان ڕۆڵى خۆیان ببینن، دەبێ ڕێگرى لەبەردەم گرووپە ڕادیکاڵەکان بکرێ ڕۆڵى خۆیان ببینین، چە داعش بێ یان هەر هێزێکى دیکە بێت، کە مەترسییەکى زۆرى هەیە بۆ وڵاتانى ڕۆژئاو وەکو فەرەنسا، ئەمڕۆش لە عێراق دا نزیکەى دوو ساڵ دەبێ، ئاڵۆزى و هەندێ دەنگۆ دەبیستین بە شێوەى فەرمى بێ یان نافەرمى کە باسى ئەوە دەکەن کە دەشێ حکوومەتى عێراق هەڵدەوەشێتەوە، وە عێراق بڕواتە قۆناغێکى تازە، ئەوەش مەترسییەکى زۆر  بۆ ئەو وڵاتانەى ئاماژەم پێکرد دروست دەکات، لە مەسەلەى دیموکراسى بۆ ئەوان، هەروەها مەسەلەى پارێزگاریکردن لە دەستوەردان لە عێراق و کوردستان نەک تەنها ئەرکێکى ئەخلاقى فەرەنسا و وڵاتانى ڕۆئاوایە وەک باسمکرد، بەڵکو مەسەلەیەکى گرنگە بۆ ئەو وڵاتانە تاوەکو هاوسەنگى دروست بێت لە عێراق.

هەروەها کورد کە بەرگرییەکى زۆر تایبەت و مێژووى بەرامبەر داعش کرد، لە بەرامبەر گرووپێکى دیکەى ڕادیکاڵیزم یان بە هەر ناوێکى دیکە لە عێراق هەیە، توانى دژى بوەستێتەوە، هەر هەرچەندە پەیوەندى ڕاستەوخۆى بە کوردەوە هەیە، بەڵام ناڕاستەوخۆش پەیوەندى بە ئاسایشى ناوچەکە و وڵاتانى دیکەوە وەکو فەرەنسا هەیە، بۆیە مانەوەى عێراق بە فیدراڵیزم ئەرکى فەرەنسایە بیکات بە ئەولەویەتى سیاسەتى دەرەوەى خۆى، کە ئەمە هەم لەسەردانەکەى ماکرۆن بۆ بەغدا باسکراوە، هەم لەم چەند ڕۆژە، دەرخەرى ئەوەن کە لەلایەک فەرەنسا هەوڵدەدات کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا کەم بکاتەوە و تەوافق دروست بکات، لەلایەکى تر نەک تەنها ئەو کێشانە چارەسەر بکرێ، بەڵکو دەبێ عێراقى فیداڵ بە هێز بێت و بارودۆخى کورد لە ناو ئەو فیدراڵیزمە روون و باشتر بێت، ئەمە بێجگە لە پرسى ئابوورى و سیاسەتى کولتوورى کە لە سیاسەتى دەرەوەى فەرەنسا ڕۆڵى گرنگى هەبووە بە تایبەت لەگەڵ کوردەکان دا، کە چاوەڕێ دەکرێ لەم دیدارەى ئەمڕۆ فەرەنسا رۆڵەکى مێژووى ببینێ لەگەڵ کورد و حکوومەتى عێراق.

ــ لەگەڵ هەموو ئەو گرنگییدانەى کە فەرەنسا بە هەرێمى کوردستان دەیدات، هەرێمى کوردستان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دایە، یانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان نێچیرڤان بارزانى تەنانەت کاتێ سەرۆک وەزیرانیش بوو بەردەوام تاکید لەسەر سەقامیگرى و ئاشتەوایى لە ناوچەکە دەکردەوە، بەردەوام دەیگوت دەبێ لە چوارچیوەى دەستوورى عێراق دەبێ سەقامگیرى و ئاشتەوایى هەبێ، ئەو تاکیدکردنەوەیە لەسەر ئاشتى و ئارامى کە بەردەوام دەشیگوت هەرێمى کوردستان فاکتەرێکى سەقامگیرییە لە ناوچەکە، چە پێزانینێک لەلایەن ئەو وڵاتانەوە هەست پێکراوە بۆ پێشوازیکردن لەو گوتارە بەتایبەت لەلایەن ئێران و تورکیاوە؟

د. ئەردەشێر پەشەنگ: وەک لە وەڵامى پرسیارى یەکەم ئاماژەم پێکرد، مەسەلەى ناوچەیى لەم کاتەدا بەتایبەت لە یەک ساڵى ڕابردوو، ڕۆڵى سیاسەتى تورکیا بۆ وڵاتانى ڕۆژئاوا بەتایبەت بۆ فەرەنسا و ئەڵمانیا باش نەبووە، کێشەکانى دەوڵەتى تورکیا لەگەڵ هەندی وڵات بەتایبەت یۆنان زیاتر بووە، هەروەها گەمەکردنى تورکیا بە کارتى ئاوارە و پەنابەران وەک فشارێک بۆ دەوڵەتانى ئەوروپى، وایکردووە فەرەنسا و وڵاتانى ئەوروپى زیاتر هەوڵبدەن بە شێوەیەک فشار لەسەر تورکیا دروست بکەن، کە بتوانن هاوسەنگییەک لە ناوچەکە بهێنێتەکایەوە، هەروەها خاڵێکى تر پەیوەندییەکانە لەگەڵ عێراق و سووریا، بەتایبەت ڕۆژئاواى کوردستان کە وەک هەرێمى کوردستان ڕۆڵەکى گرنگیى هەیە. بە باوەڕى من بارودۆخى ئەمڕۆى ناوچەکە پرسگەلێکى گرنگن بۆ کورد، کە هەرێمى کوردستان گرنگییەکەى تەنها لە پاراستنى ئاسایشى عێراقدا نییە بەرامبەر گرووپە ڕادیکاڵەکان، بەڵکو گرنگییەکى ناوچەیى و دیپلۆماسى لە ئاستى نێودەوڵەتى هەیە بۆ وڵاتانى جیاواز بەتایبەت بۆ فەرەنسا، کە بتوانێ وەک ئەکتەرێک لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕۆڵەکى باشترى هەبێ.

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە