رۆڵى فەرەنسا لە دروستکردنى ناوچەى دژنەفڕین لە هەرێمى کوردستان میدیا

ڕاپۆرت:

ناحیەى قوشتەپە بە دوورى (25) کیلۆمەتر لە باشوورى هەولێر دوورە، ساڵى (1991) لەسەر هێڵى (36)ى پانى دواین سنوورى نێوان دەسەڵاتى کوردى و حکوومەتى عێراق بوو، دیاریکردنى ئەو سنوورە دواى بڕیارى (688)ى ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان بوو. 

لە (5) ئازارى (1991) خەڵکى باشوورى کوردستان لە دژى دەسەڵاتى بەعس راپەڕین و (21)ى ئادار کۆتاییان بە دەسەڵاتى سەددام لە باشوورى کوردستان هێنا، بەڵام چەند ڕۆژێکى نەبرد جارێکى دیکە سوپاى عێراق هێرشى کردەوە و ئەمجارە کورد بۆ ڕەتکردنەوەى دەسەڵاتى بەعس کۆڕەوى ملیۆنى ئەنجام دا، ئەو کۆڕەوەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى هێنایە سەر هێڵ.

عەدنان موفتى: "لەترسى رووداوەکانى پێشترى هەڵەبجە و ئەنفال روویان کردە سنوورەکان، ئەوە ڕاستییەکەى دونیاى هەژاند، ئەمەریکا و ئەوروپاى شەرمەزارکرد، وە دۆستانى کوردیش بەتایبەت فەرەنسا و بەریتانیا بریان لەوە دەکردەوە بۆ ئەوەى ڕاى گشتى خۆیان ڕازى بکەن."

فەرەنسا کە ئەوکات فرانسۆ میتران سەرۆکى بوو، پێگەى بەهێزى خۆى لە ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى بەکارهێنا، بۆ ئەوەى بە بڕیارێک هێرشى سوپاى ئەو کاتەى عێراق بۆ سەر باشوورى کوردستان بوەستێنێ. ئەنجوومەنى ئاسایش بە بڕیارى (688) ناوچەى دژە فڕینى لەسەر هێڵى (36)ى پانى لە باشوورى کوردستان ڕاگەیاند، عێراق ناچارکرا هێرشەکانى بۆ سەر خەڵک ڕابگرێت، کورد سوودى لە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى وەرگرت، پەرلەمان و حکوومەتى تایبەت بە خۆى دامەزراند.

 عەدنان موفتى: "پشتگیرکردنى گەلى کورد بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان شتێکى لەو بابەتەى تێدابوو، ئەوە هەم جۆن مێجەر هەم وەزیرى دەرەوەى ئەوکاتى فەرەنسا، کە سەرۆک میتران سەرۆک بوو، هەردووکیان پشتگیریان لەو پڕۆژەیە دەکرد، بەڵام ئەمەریکییەکان ئەوەى ئەمە تێگەیشتین لە سەفەرى فەرەنسا و بەریتانیا، ئەمەریکییەکان تعدیلیان کرد ئێنجا موافەقەیان کرد، دواتر درایە ئەنجوومەنى نەتەوەیەکگرتووەکان و دەنگى پێدرا لە ئەنجوومەنى ئاسایش."

ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى بە دامەزراندنى هاوئاهەنگى سەربازیى (MCC) لە زاخۆ، چاودێرى پابەندى عێراق و ئارامى هێڵى (36)ى دەکرد، لە (MCC) نوێنەرانى هەر یەک لە فەرەنسا، بەریتانیا، ئەمەریکا و تورکیا هەبوون. 

هاووڵاتییەک لە زاخۆ: "وەختێ من هاتمە ئێرە، زانیم تەنها دەوڵەتێک لێرە نییە، بەڵکو نوێنەرانى نەتەوەیەکگرتووە لێرە بوون، بۆ ئەوەى ئەگەر شتێک روویدا هەموو خەڵک دیت یارى ئەوان دەکات، لەبەر ئەوە کاتێ خەڵک ئەوەى بینی، ئاڵاى فەرەنسا و تورکیا و بەریتانیا و ئەمەریکا، وایکرد خەڵک بگەڕێتەوە شوێنى خۆى." 

دواى نزیکەى سێ دەیە لە بڕیارى (688) و دواى گشتپرسى تایبەت بە سەربەخۆیى باشوورى کوردستان، لە ئەیلوولى (2017)دا و سەپاندنى گەمارۆى ئابوورى و سیاسى بەسەر هەرێمى کوردستان دا، دیسانەوە فەرەنسا ڕۆڵى هەبوو لە شکاندنى گەمارۆ سیاسییەکان. کۆتایى (2017) ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکە گەنجەکەى فەرەنسا لە کۆشکى ئێلیزێ پێشوازى لە نێچیرڤان بارزانى سەرۆک وەزیرانى ئەوکاتەى کوردستان کرد و دووپاتیکردووە دەبێ دیالۆگى نێوان هەولێر و بەغدا دەستپێبکات و مافەکانى کوردیش پارێزراون بن.

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە