د. فریدیک تیسۆ: لە (1991) هیچ کات فەرەنسا لە پشتگیرکردنى کورد نەوەستاوە میدیا

نوچەنێت:

بەردەوامى دۆستایەتی نێوان هەرێمى کوردستان و فەرەنسا کە مێژووەکەى (40) ساڵ دەبێ، لە ماوەى ئەو (40) ساڵ دا، ئێمە بەردەوام هەوڵى پشتگیرى و پێشخستنى ئەو دۆستایەتییە دەدەین، وە بەڕێز ماکرۆن و سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بەردەوامى بەو دۆستایەتی و سیاسەتە دەدەن، ئەمە وتەى د. فریدریک تیسۆیە کونسوڵى پێشووى فەرەنسا لە هەولێر، لەبارەى کۆبوونەوەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆک کۆمارى فەرەنسا لە کۆشکى ئێلیزێ.

د. فریدریک تیسۆ لە دیمانەیەکى رووداو لە (30-3-20، تیشک دەخاتەر مێژووى پەیوەندییەکانى فەرەنسا و کوردستان، وەک یەکێک لە نزیکترین ئەو کارەکتەرانەى ڕۆڵى گرنگى هەبووە لە دروستکردنى ئەو پەیوەندیە دوورودرێژە.

 

دەقى دیمانەى د. فریدریک تیسۆ، کونسوڵى پێشووى فەرەنسا لە هەولێر:

ــ ئێوە لە دوو قۆناغى جیاوازدا تۆ هاوڕێیەتییەکى کۆنت لەگەڵ کوردەکان هەیە، لەسەردەمى ڕژێمى سەددام حسێن، دواى ئەویش لەسەردەمى عێراقى نوێ دواتریش پەیوەندییەکانى تۆ لەگەڵ لایەنە کوردییەکان زۆر بەهێز بووە، دەمەوێ بزانم پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و فەرەنسا لە قۆناغە جیاوازەکاندا چۆن دەبینى؟

د. فریدریک تیسۆ: پێش هەر شتەکى سوپاسى ئێوە و کوردەکان دەکەم، وە سوپاسى دۆستى خۆم کاک نێچیرڤان بارزانى دەکەم، کە ئەو زۆر باش دەناسم، من زیاتر لە (40) ساڵە کورد دەناسم، دواتر کە بوومە کونسوڵى گشتى فەرەنسا لە هەولێر، بێگومان پەیوەندییەکانى نێوان فەرەنسا و کوردستان دا گەلەک باش بوو.

ــ لەم قۆناغە و لەو چەند ساڵەى داویی چۆن ئەو پەیوەندییە دەبینى؟

د. فریدریک تیسۆ: واى دەبینم ئەو سەردانە کە ئێستا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پەیوەندییەکى زۆر باشى هەیە لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن لەم چەند ساڵەى دوایییدا، هەروەها لەسەردەمى سەرۆک فرانسۆ هۆلاندیش فەرەنسا زۆر نزیک بوو لە پێشمەرگە و شەڕڤانى کورد و هەرێمى کوردستان، ئەمە جگە لە هاوکاریکردنى پێشمەرگەى کوردستان بەهاوبەشى لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتى لە کاتى شەڕى داعش دا.

ــ لەم کاتەدا کە بەڕێز نێچیرڤان بارزانى و سەرۆک ماکرۆن پێکەوە لە کۆبوونەوەدان، پێتوایە دەبێ باسى چى بکەن؟

د. فریدریک تیسۆ: بەردەوامى ئەم دۆستایەتیە لە نێوان هەرێمى کوردستان و فەرەنسا کە مێژووەکەى (40) ساڵ دەبێ، لە ماوەى هەر (40) ساڵ دا، ئێمە بەردەوام پشتگیرى و پێشخستنى ئەو دۆستایەتییە دەدەین، وە بەڕێز ماکرۆن و سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بەردەوامى بەو دۆستایەتییە و سیاسەتە دەدەن. 

ــ فەرەنسا گرنگییەکى تایبەت بە هەرێمى کوردستان دەدات، لە ئێستاشدا وەک تێبینیدەکرێ پڕۆژەیەکى بۆ عێراق هەیە، بە بۆچوونى ئێوە ڕۆڵى هەرێمى کوردستان بەتایبەت نێچیرڤان بارزانى دەتوانێ چى بکات لەو پڕۆژەیەدا؟

د. فریدریک تیسۆ: پڕۆژەى سەرەکى فەرەنسا سەقامگیرى ئەو وڵاتەیە، وە کورد و حکوومەتى هەرێمى کوردستان فاکتەرێکى سیاسى زۆر گرنگن بۆ ئەوەى ئەو وڵاتە لە سەقامگیرى و ئاشتى تێیدا بەردەوام بێ، فەرەنسا زۆر گرنگى بە ئاشتى دەدات لە عێراق.

ــ بە بۆچوونى ئێوە عێراق سەقامگیر دەبێ، ئێوە وەک فەرەنسى ڕەوشى عێراق چۆن دەبنین، بە تایبەت کە ئێستا کۆمپانیاى تۆتاڵ گرێبەستەکى ئیمزاکردووە لەگەڵ عێراق بە بڕى (7) ملیار دۆلار؟

د. فریدریک تیسۆ: بێگومان هیوادارم عێراق سەقامگیرییەکى جێگیرى هەبێ، هەروەها پەیوەندیى ئابوورى لە نێوان عێراق و فەرەنسا زۆر گرنگە، هیوادارم کۆمپانیاى تۆتاڵیش بتوانێ ئەم پەیوەندییە باشتر بکات لەگەڵ عێراق و کۆمپانیا عێراقییەکان. 

ــ پرسى ئابوورى و بازرگانى شوێنى خۆیان ناگرن ئەگەر هاتوو ئەم بابەتە گرەنتى نەکرابێ، بۆ نموونە پرسى سیاسى و دیپلۆماسیەتى هەرێمى کوردستان و فەرەنسا لە لوتکە دایە، دەمەوێ بزانم بۆ فەرەنسا و هەرێمى کوردستانیش دەرفەتێکى باشە بۆ مەسەلەى ئابوورى؟

د. فریدریک تیسۆ: ئێستا لەم کاتەدا کە ڕەوشە زۆر باش نییە بۆ ئەوەى پەیوەندیى ئابوورى باش لە عێراق دروست بێت، بەڵام لە کوردستان ڕەوشى سیاسى و سەربازیى ئارام و جێگیرە، پەیوەندیى ئابوورى دەتوانێ بە شێوەیەکى گەورە پێشبکەوێ، وە ئەمە ئاڵنگارییەکە لە پێش کونسوڵى فەرەنسا لە هەولێر، هەروەها باڵیۆزى فەرەنسا لە عێراق. 

ــ ئێوە دەزانن فەرەنسا لە لبنان دەستى زیاتر دەڕوات، لە عێراقیش هەمان مەبەستى هەیە کە دەیەوێ ئەو وەبەرهێنانە بکات و پەیوەندییە ئابوورییەکان بەهێز بکات، لە کاتێکدا نە لبنان نە عێراق سەقامگیر نییە، پەیوەندى کورد لەگەڵ فەرەنسا و سەقامگیرى ئابوورى هەرێمى کوردستان، دەبنە هۆکارى ئەوەى کە فەرەنسا لە هەرێمى کوردستان وەبەرهێنان ئەنجام بدات؟

د. فریدریک تیسۆ: بەڵێ بێگومان هەرێمى کوردستان هەردەم هاوکارى فەرەنسا و عێراقى کردووە بۆ ئەوەى عێراقیش زیاتر سەقامگیر بێ، ئەو سیاسەتەى کە هەرێمى کوردستان هەیەتى و سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بە پلە یەکەم هاوکارى عێراق دەکەن بۆ ئەوەى عێراق ئارام و جێگیر بێ، تۆ لبنانت بەراورد کرد بە عێراق، بەداخەوە لبنان ئێستا لە بارودۆخەکى زۆر خراپ دایە. 

ــ هەر لەڕۆژى یەکەم ، کە هەردوو سەرۆک یەکیان بینیووە، بەتایبەت دواى گشتپرسى هەرێمى کوردستان لە (2017) سەرۆک کۆمارى فەرەنسا تاکیدى لەسەر عێراقێکى بەهێزکردەوە، هەروەها نێچیرڤان بازانیش گوتى دەبێ کێشەکان بەپێى دەستوور چارەسەر بکرێن، ئێستا فەرەنسا پیشتوانى لە عێراقێکى بەهێز و کوردستانێکى بەهێز دەکات، بە بڕواى تۆ فەرەنسا چۆن دەتوانێ ئەوە بکات کاتێ هەردوو لایەن بەهێز بن، دەتوانی هاوسەنگى بپارێزێت لە پەیوەندی نێوانیاندا؟

د. فریدریک تیسۆ: حکوومەتى فەرەنسا بەردەوام دەیەوێ بارودۆخێکى هەماهەنگ و هاوسەنگ لە نێوان حکوومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان هەبێ، کاتێ دەبینین ئەم بانگهێشتکردنەى کە ئاراستەى نێچیرڤان بارزانى کراوە، ئەمە هەڵوێستێکى زۆر گرنگە، وە ئەوە هاوسەنگییەکە بۆ پاراستنى سەقامگیرى لە عێراق.

ــ لەم کاتەدا کە کۆرۆنا هەیە و فەرەنسا بەرزترین ڕێژەى کۆرۆناى تێدایە، لە عێراق و هەرێمى کوردستانیش هەتاوەکو ئێستا گفتوگۆ هەیە لەسەر پرسى بودجە و ناکۆییەکان بەردەوامن، بە بڕواى تۆ ئەم بانگهێشتکردن چى دەگەینێ، هیچ پەیامێک هەیە لەلایەن فەرەنساوە؟

د. فریدریک تیسۆ: ئێستا من کار ناکەم، بەڵام هیوادارم پەیوەندییەکى باش لە نێوان سەرۆک ماکرۆن و سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دا هەبێت، بۆ ئەوەى لەم پەیوەندییەدا هەرێمى کوردستان سەرکەوتوو بێت بەسەر ئەو پەتایەدا کە زۆر زەحمەتە بۆ هەرێمى کوردستان و فەرەنساش.

ــ لە ڕۆژى دەستبەکاربوونى نێچیرڤان بارزانى وەکو سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئیمانوێل ماکرۆن لە پەیامێکى پیرۆزبایی دا گوتى، سەردەمەکى نوێ لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەست پێدەکات، ئەو متمانە زۆرەى ماکرۆن بە نێچیرڤان بارزانى لەچییەوە سەرچاوەى گرتووە؟

د. فریدریک تیسۆ: سەرۆک ماکرۆن لەو پەیامەى بۆ نێچیرڤان بارزانى زۆر جددیە، بۆیە منیش دڵخۆشم بەو پەیامە.

ــ بە بڕواى تۆ، بە بڕواى فەرەنسا و ماکرۆنیش، نێچیرڤان بارزانى دەتوانی چى بکات بۆ ئەو سەقامگیرییەى فەرەنسا دەیەوێت لەناوچەکە و بەتایبەتى لە عێراق دا؟

د. فریدریک تیسۆ: سەرۆک نێچیرڤان بارزانى سەرۆکێکى مۆدێرن و سەردەمییە، باوەڕى فەرەنسا بە نێچیرڤان بارزانى دەگەڕێتەوە پەیوەندییەکانى پێشوو کە ئەمە زۆر گرنگە، وە دەبێ پەیوەندى لە نێوان فەرەنسا و هەرێمى کوردستان قووڵ تر ببێتەوە لەسەر ئاستى ڕۆشنبیرى و سیاسى و ئابوورى، هەروەک ئەمڕۆ ئێمە ئەوەمان بینیمان لەسەر ئاستە سیاسییەکە، هەروەها کۆمپانیاکانى فەرەنساش دەچنە هەرێمى کورستان، چونکە باوەڕى و متمانەى زیاتر هەیە لە نێوان هەرێمى کوردستان و فەرەنسا، ئەمەیش شتێکى روون و دیارە. 

پڕۆژەى سەرەکى فەرەنسا گەڕانەوەى سەقامگیرییە بۆ عێراق، کوردەکان فاکتەرەکى سیاسى زۆر گرنگن بۆ ئەوەى ئەو وڵاتە لە سەقامگیرى و ئاشتییەکى بەردەوام بژى.

ــ ئێستا عێراق لە بارودۆخێکى باشى نییە، زیاتر لە هەرکاتێکى دیکە هەست بە هەڕەشە دەکەن، هەرێمى کوردستانیش هەست دەکات ڕۆژ بە ڕۆژ دەسەڵاتى کەمتر دەبێتەوە لەلایەن بەغداوە، فەرەنسا دەتوانێ لەم بابەتەدا چى بکات تاوەکو کورد دڵنیا بن ئەوان پشتیوانێکیان هەیە؟ 

د. فریدریک تیسۆ: هاوسۆزى لە نێوان فەرەنسا و کوردستان بە روونى دیارە هەتا لەم سەردانییەى ئەمڕۆشدا، کە نێچیرڤان بارزانى هاتۆتە فەرەنسا لەسەر بانگهێشتنامەى سەرۆکى فەرەنسا بووە، دەمەوێ جارێکى تر دووبارەى بکەمەوە، کورد بەردەوام پێویستى بەوەیە هەوڵبدات بەهێز بێت، هەرێمى کوردستانیش هەردەم ئامادەیى خۆیان نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى لە عێراق دا هەیە، لەڕووى سیاسى و سەقامگیرى و گەشەپێدانى ئابوورى.

ــ ئێوە خۆتان لە (1980) لەگەڵ دکتۆر قاسملو سەردانى پێشمەرگەتان کرد، دواترش هەر بە پێشنیارى فەرەنسا هەرێمى دژە فڕین لە (1991) ئەم ناوچەیە بۆ باشوورى کوردستان دروستکرا، ئێوە وەک فەرەنسییەک پشتیوانى فەرەنسا چۆن دەبنین لە هەرێمى کوردستان؟ 

د. فریدریک تیسۆ: من لە (1975) لەسەر سنوورى تورکیا و ئێران بووم، کاتێ لە (1991) بڕیارى هەرێمى دژە فڕین درا، دواى چەند مانگێک بۆ یەکەمجار دانیال میتران و بێرنارد کۆشنەر بەشدارى یەکەم دانیشتنى پەرلەمانى کوردستانیان کرد، لەو کاتییەوە پشتیوانى فەرەنسا بۆ کوردستان هەرگیز نەوەستاوە، من بەوە زۆر سەربڵند و سەربەرزم وەک هاووڵاتییەکى فەرەنسى. 

ــ خەڵکى فەرەنسا وەک نەتەوە چۆن لە کورد دەڕوانن؟

د. فریدریک تیسۆ: ئەگەر سەیرى مێژوو بکەین کورد سەدان ساڵە هەیە و خاکى هەبووە، بۆیە دەتوانن زیاتر خەبات بکەن بۆ ئەوەى دان بە ئێوە بنرێت وەکو نەتەوەیەکى سەربەخۆ و بتوانن شوێنکێتان هەبێ لە ئەنجوومەنى ئاسایش و نەتەوەیەکگرتووەکان، وە زۆر فەرەنسى کار دەکەن بۆ پرسەى ئێوە، کە ئەمەش جێگەى شانازییە ئێمە و کاری ئێمە.

ــ لە دواى (2003) فەرەنسا لە ڕووى سەربازییەوە ئامادەیى نەبوو لە عێراق، بە بڕواى تۆ بەهێزبوونى پەیوەندی عێراق و فەرەنسا لەڕووى سیاسى و ئابوورییەوە، هەرێمى کوردستان لەم هاوکێشەدا چە ڕۆڵەکى دەبینى، ئایا ئەو گرنگییەى کە فەرەنسا بە هەرێمى کوردستان دەیدات هەر بەردەوام دەبێت؟

د. فریدریک تیسۆ:  من باسى ئەوەم کرد پەیوەندى نێوان فەرەنسا و هەرێمى کوردستان ڕۆژ بەڕۆژ باشتر دەبن، هیوادارم پەیوەندى ئەوان هەموو بوارەکان بگرێتەوە، ئەگەر ئەم پەیوەندییە بەهێزتریش نەبێ بەڵام بەردەوام دەبێ، وە هیوادارم لە نزیکترین کاتدا سەردانى هەرێمى کوردستان بکەم، بۆ ئەوەى پەیوەندییەکانى خۆمان زیاتر بەهێز بکەین، ئێستاش بە سەدان کوردى عێراق لە فەرەنسا هەنە، ئەمەیش نیشانەى سەرکەوتنى ئەو پەیوەندی فەرەنسا و کوردستانە.

ــ لە (2014)وەڕا چەندین کارگەى بەرهەمى شیرى لێرە هەیە، لەگەڵ (35) کۆمپانیاى فەرەنسى لە هەرێمى کوردستان و عێراق کاردەکەن، ئەم بازرگانییەى لەگەڵ عێراق دەیکەن، (50%) لەڕیگەى کوردستانەوەیە، وە خۆشت کە ڕۆڵەکى باشت هەبوو لە پێشخستنى ئەم پەیوەندییەدا، بە بڕواى تۆ چاوى کۆمپانیاى دیکەى فەرەنسى لە کوردستان هەیە و بیانەوێ لێرە وەبەرهێنان بکەن؟

د. فریدریک تیسۆ: دەبێ کونسوڵخانەى فەرەنسا لە هەولێر کار لەسەر ئەولایەنە بکەن، وەک دەزانن وەبەرهێنەران بەردەوام لە ناسەقامیگریى عێراق دەترسێن، بەڵام هەرێمى کوردستان ئارامە، بۆیە دەکرێ لە ڕێگەى ئەم جۆرە سەردانییە و چاوپێکەوتن و دیدارەوە، گفتوگۆ لەگەڵ وەبەرهێنەرانى فەرەنسى بکرێ، بێگومان من خۆشم لەگەڵ دۆستەکانم کار دەکەین بۆ باشترکردنى ئەو پەیوەندییە و هاندانى کۆمپانیاکانى فەرەنسى بۆ ئەوەى بێنە کوردستان.   

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە