شەیدا حیسامى: گفتوگۆکەى نێوان نێچیرڤان بارزانى و ئیمانوێل ماکرۆن دیدارى لوتکە بوو میدیا

نوچەنێت:

شەیدا حیسامى شارەزا لە میدیا و ناوچە ناکۆکەکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لە (30-3-2021) لەگەڵ رووداو، لە گۆشەیەکى دیکە تاوتوێى سەردانى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ فەرەنسا کرد.

بە بۆچوونى شەیدا حیسامى، ئەنجامدانى کۆبوونەوەیەکى لەو جۆرە لە کات و ساتێکى وا لە نێوان نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆمارى فەرەنسا، کە لە ئێستادا پاریسى پایتەختى فەرەنسا وەک یەکێک لە گەورەترین شارەکانى ئەوروپا قەدەغەى گشتى هاتووچۆى تێدا ڕاگەیێندراوە، کۆبوونەوەى ئەم دوو سەرۆک، نیشانە و ئاماژەى گرنگیى ئەو کۆبوونەوەیە دەردەخات، بۆیە ناوی لێندراوە کۆبوونەوەى لوتکە.

 

دەقى دیمانەى شەیدا حیسامى، شارەزا لە میدیا و ناوچە ناکۆکەکان:

ــ زیاتر لە (30) ساڵە فەرەنسا پەیوەندییەکى بەهێزى لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەیە، دەتوانى پێم بڵێى ئەم دۆستایەتییە هەڵقوڵاویى چییە و لە چییەوە سەرچاوەى دەگرێت؟ 

شەیدا حیسامى: من دەتوانم بڵێم ئەم پەیوەندییە (30) ساڵ نییە و (40) ساڵە، لەسەر بنچینەى هاوڕێیەتییەکى زۆر درێرین و قووڵ لە نێوان هەندێ دیپلۆمات و دۆستى کورد دروستبووە، کە دەگەڕیتەوە بۆ (1981) لە نێوان بێرنارد کۆشنەر و ئەو کەسانەى کە لە چوارچێوەى کارى مرۆیى هاتنە کوردستان  و چاویان بە کوردستان کەوت، دەتوانم بڵێم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیوەندییەى کە لە نێوان ئەوان و چەند کەسایەتییەکى کوردستان دروست بوو، دواتر گەیشتە شاخەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، لەوانەش چاویان بە دکتۆر عەبدوڕەحمان قاسملۆ کەوت، چونکە دکتۆر قاسملۆ خۆى کەسێک بوو بەشى مێژووى خوێند بوو لە فەرەنسا، وە زمانى فەرەنسى بە باشى دەزانى، ئەمەیش توانى ببێتە سەرچاوەیەکى باشى زانیارى لەسەر کورد و کوردستان بۆ فەرەنسییەکان، بێگومان نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت، کە لە ساڵى شستەکان فەرەنسا دەستیکرد بە هەندێ بابەتى میدیایى لەسەر کورد، ئەگەر بگەڕێنەوە و بچینە ناو ئەرشیفى نەتەوەیى فەرەنسا، چاومان بەو ریپۆرتانە دەکەوێ، کە بۆ نموونە یەکێکیان لە (1961) کراوە لەسەر دۆخى کوردستان بەتایبەت باسى باشوورى کوردستان دەکات، هەروەها باسى ژەنەڕاڵ بارزانى دەکات کە چۆن دەستى بەسەر ناوچەکەدا گرتووە و توانیویەتى کۆنترۆڵێکى باشى ئەو بابەتەکە بکە.

دەتوانین بڵێین میدیاى فەرەنسى توانیویەتى ساڵانێکى زۆر کەڤەرى بابەتى کورد بکات، هەروەها لە هەشتاکان ئەو بنچینە هاوڕێیەتیە دروستبوو، بۆیە کاتێ لە (1991)دا، بڕیارى (688) درا، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ خاتوو دانیال میتران، ئەویش هەر لەسەر ئەو بنچینەیەى کە بێرنارد کۆشنەر و دکتۆر فریدیک تیسۆ دروستیان کردبوو، وە توانیان ئەو پەیوەندییە دروست بکەن، وە یەکەمین خانمى فەرەنسا بوو کە خۆى هاتە کوردستان و سەردانى ئاوارەکانى کرد پێش (1991)، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو بڕیارەى کە لە (1991) بنچینەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژووە جوانە کە لە نێوان کوردستان و فەرەنسا هەیە. 

ــ ئەوە مێژووەکە بوو، ئەدى ئەمڕۆ ئەم پەیوەندییە بە کوێ گەیشتووە؟

شەیدا حیسامى: ئەگەر سەیرى ئەم پەیوەندییە بەردەوامە بکەین، بەتایبەت کە لە (2017) ئیمانوێل ماکرۆن بوو بە سەرۆکى فەرەنسا، ماکرۆن پێشتر لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئیشى نەکردبوو، وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا کەسێکى زۆر زۆر کاریگەرە لەم پەیوەندییەدا، لۆدەریان کەسێکە توانیویەتى بەردەوام وەکو هاوڕێیەکى زۆر نزیک هەڵسوکەوت لەگەڵ کوردا بکات، تەنانەت لە (2008)دا، بۆیەکەمجار و یەکەم وڵات بڕیارییدا بنکەیەکى دیپلۆماسى دروست بکات لە ناو هەرێمى کوردستاندا، کە ئەوکات بێرنارد کۆشنەر وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا بوو، ئەوە بوو دکتۆر فریدیک تیسۆیان کردە کونسوڵ، لەوێدا باسى ئەوەیان کرد کە هەرێمى کوردستان ناوچەیەکى سەوزە نەک تەنها لە عێراق، بەڵکو لە هەموو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەوان بەردەوام وا سەیرى هەرێمى کوردستانیان کردووە، بۆیە کاتێک ئیمانوێل ماکرۆن بووە سەرۆک کۆمارى فەرەنسا لە (2017)دا، ساڵەکى زۆر زۆر تایبەت بوو بۆ کورد، چونکە کورد ئەوکات داواى سەربەخۆیى کوردستانى دەکرد، من ئەو کاتە لەگەڵ د. عەلى دۆلەمەرى ڕاوێژکار بووین لە سەر دۆسیەى رێفراندۆم، زۆر زۆر لە نزیکەوە ئاگادارم کە چۆن وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا توانى کار لەسەر ئەو بابەتە بکات، لەگەڵ ئەوەى هەموو جیهان دژى ئەو بابەتە بوو، یانى فەرەنسا بەشێوازێکى دیپلۆماسى توانى پەیوەندییەکانى توندووتۆڵ بکات لەگەڵ کوردستان دا، وە بەردەوام ئەو بەرنامانەى کە وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا کە دەهێنێتە کوردستان و ناوچەکە، بەشێوازێکى گشتى دەتوانین بڵێین بنچینەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژووە.

ــ ئێستا لەبەر کۆرۆنا لوک داونە، فەرەنسا زۆر شوێنى داخراوە بەتایبەتى کۆشکى ئێلیزێ حەزەر زۆر دەکەن، کەچى لەم کاتەدا سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەبینین و نانى نیوەڕۆش بەیەکەوە دەخۆن، بە تێگەیشتنى ئێوە ئەمە واتاى چییە؟

شەیدا حیسامى: ئەمە واتاى گرنگایەتى ئەو کۆبوونەوەیە کە ناوینراوە کۆبوونەوەیەکى لە لوتکەدا، کە بەڕاستى شتێکە زۆر کەم روودەدات لەناو کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکاندا، هەتا ئەو بابەتانەى لە ناو ئەجنداکانیان دا هەیە بە دڵنیاییەوە باسى دەکەن، دەتوانن بە شێوازێکى نزیکتر وەکو دۆست، وەکو چۆن هەموو جارێ وەکو دۆست پێکەوە بوونە، دەتوانن کارى لەسەر بکەن. 

ئەگەرچى زۆر باسى بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، هەروەها ئەو پەیوەندییە سیاسییانەى کە لە نێوان کوردستان و فەرەنسادا هەیە، حەز دەکەم جەخت بکەمەوە سەر بەرنامەى فەرەنسا، کە لە ماوەى ئەم چەند ساڵانەى دوایی لە ناوچەکە، کە خەریکە ئەنجامى دەدات بە تایبەتى هەرێمى کوردستانیش پشکێکى باشى بەرکەوتووە، لە ئاژانسەکانى گەشەپێدانى فەرەنسى لەوانە ئێکسپێختیس فۆنس کە وەکو نوخبەکانى فەرەنسایە کە لە هەموو دونیایە کاردەکەن، هەروەها (AFTCFI) بۆ گەشەپێدانى میدیایى، ئەمانە هەر هەموویان چەند ساڵێکە بە چڕى خەریکین لە ناوچەکە کاردەکەن، بۆ نموونە (2019) بڕیاریاندا ئۆفیسیک لە هەولێر بکەنەوە.

وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا بە شێوازێکى زۆر چڕ خەریکە لەسەر بەرنامە مرۆییەکان و گەشەپێدان لە ناوچەکە کاردەکات، ئێستا من لە چوارچێوەى ڕێکخراوەکەى خۆمدا پڕۆژەیەکەم هەیە بۆ عێراق و یەمەن، کە لە سەدا سەد وەزارەتى دەرەوەى فەرەنسا پەسندى دەکات، ئەوە ماناى ئەوەیە کە ئەوان خەریکن لە هەموو ڕووێکەوە دەیانەوێ شوێن و پێی خۆیان بەهێز بکەن، لە هەمانکاتیشدا هەست دەکەى نەک تەنها وەکو فەرەنسا هەوڵدەدات ئەوروپاش بەهێز بکات، وە خەرکە ڕۆڵەکى گەورە لە ئەوروپا ببینێ، ئەوروپا خۆى لە قەیراندایە لەڕووى سیاسییەوە، بۆیە فەرەنسا و ئەڵمانیا جۆرە ڕێککەوتنێکى تایبەتیان هەیە، کە خەریکە گەشەى پێدەدەن لە ناوچەکە بە گشتى و لە هەرێمى کوردستان بە تایبەتى.

ــ ئەم دوو سەرۆکە، ئیمانوێل ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانى هەردووکیان دژى توندڕەوین، واتە دژى ئەو فکرانەن کە دەیانەوێ دیموکراسى خەفە بکەن، لەم ناوچەیە چییان پێدەکرێ وەختێ ناوچەکە تەنراوە بە بیرى توندڕەوى؟

شەیدا حیسامى: من هەست دەکەم دەتوانن پێکەوە کارى زۆر زۆر باش بکەن، چونکە فەرەنسا لەسەر مەسەلەى توندڕەوى بەشێوازێکى زۆر تایبەت و تاک ئیش دەکات، حەز دەکەم لێرە باسى بابەتى ڕادەربڕین بکەم، کە لە فەرەنسا جارى وا هەبووە، بە تەنها ئیمانوێل ماکرۆن بەرامبەر هەموو وڵاتەکان لە کەناڵێکى وەکو ئەلجەزیرە دانیشێ بۆچى فەرەنسا ناتوانێ قبووڵ بکات بەوەى بۆ نموونە گۆڤارێکى وەکو شارلى ئیبدۆ دابخرێت، من دەمەوێ لەو ڕوانگەیەوە باسى بکەم کە چۆن کاردەکەن لەسەر بنچینەى نەهێشتنى تیرۆریزم، وە ڕادیکالیزم لەو وڵاتەدا هەروەها بە کارهێنانى ئەو ماف و یاسانەى کە بوونى هەیە لەناو ئەم وڵاتەیە.

ئەم نزیکبوونەوەى کوردستان لەگەڵ فەرەنسایە بەدڵنیاییەوە ڕەنگدانەوەى دەبێ، کوردستان بەردەوام لە ڕووى دیپلۆماسییەوە پشتگیرى فەرەنساى کردووە، تەنانەت لەم بابەتەشدا بە هەمان شێوە، هەروەها بوونى فەرەنسا دژ بە تیرۆر بەتایبەتى لە دواى (2014)وە، کاتێک داعش هاتە کوردستان، هەروەها لە (2017) لە دواى (16) ئۆکتۆبەر زۆر زۆر بە جوانى کە فەرەنسا و کوردستان لە پەیوەندییەکى توندوتۆڵ دان، من دووبارە ناوى وەزیرى فەرەنسا دەهێنمەوە کە ڕۆڵێکى زۆر دەبینێ، ئەمە بێجگە لەوەى کەسانى تر هەن و شارەزایانى فەرەنسى کە بەردەوام لە پەیوەندیى توندوتۆڵ دان لەگەڵ ئەو ئەکتەر و سەرکردانەى لە ناوچەکەدا هەن. بۆیە من هەست دەکەم فەرەنسا و کوردستان دەتوانن تەواوکەرى یەکترى بن لە پاراستنى کوردستاندا.

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە