قەبارەى وەبەرهێنانى فەرەنسا لە هەرێمى کوردستان میدیا

نوچەنێت:

بەپێى لێدوانى وەزارەتى نەوت عێراق، لە داهاتووێکى نزیکدا کۆمپانیاى تۆتاڵى فەرەنسى و حکوومەتى عێراق بە بڕى (7) ملیار دۆلار گرێبەستێک لە بوارى نەوت و وزە ئیمزا دەکەن، محەممەد فەیزى بەرپرسى بەشى ئابوورى کونسوڵخانەى فەرەنسا لە هەولێر، جگە لە پشتڕاستکردنەوەى ئیمزاکردنى چەندین گرێبەست و لێکتێگەیشتنى بازرگانى لە نێوان فەرەنسا و عێراق، هاوکات بە داتا و زانیارى ورد لەسەر قەبارەى ئالۆگۆڕى بازرگانى کۆمپانییە فەرەنسییەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەخاتەڕوو و دەشڵێت، لە داهاتوویەکى نزیکدا بە سەدان تۆن پەتاتەى فەرەنسى هاوردەى کوردستان دەکرێ بۆ تاقیکردنەوە و چاندنى لە کوردستان.

بەرپرسى بەشى ئابوورى لە کونسوڵخانەى فەرەنسا لە (30-3-2021) لە بەرنامەیەکى شیکارى ئابوورییدا لە رووداو ئاماژەى بەوەشکرد، چەندین تۆن لە تەحینى ئامێدى ڕەوانەى فەرەنسا کراوە، لە بەرنامەشیاندایە ئەمساڵ بە قەبارەیەکى زۆر هەنارى هەڵەبجە بنێرنە بازاڕەکانى فەرەنسا، ئەمە جگە لە دامەزراندنى چەندین کارگەى پێشکەوتوو بە پشتیوانى کۆمپانیا فەرەنسییەکان و حکوومەتى فەرەنسا لە شارەکانى سلێمانى و هەڵەبجە، بۆ ساخکردنەوەى بەرهەمى کشتوکاڵى ناوخۆیى هەرێمى کوردستان.

 

دەقى دیمانەى محەممەد فەیزى، بەرپرسى بەشى ئابوورى لە کونسوڵخانەى فەرەنسا لە هەولێر:

بەهێزبوونى پەیوەندیى ئابوورى، کارێکى زۆر گرنگە لەم قۆناغەدا هەم بۆ فەرەنسا هەم بۆ باشوورى کوردستان، لەبەرچى بۆ فەرەنسا گرنگە، چونکە فەرەنسا هەوڵدەدات بە هەموو هێزى خۆى جارێکى دیکە بگەڕێتەوە بۆ عێراق و مەیدانەکەى چۆڵ نەکات، لە شەڕى دژى داعش بەژدارییەکى بەهێزى کرد، لە دواى شەڕى داعشیش بەشدارى هەبووە لە نەهێشتنى ئاسەوارى داعش لەسەر مەسەلەى جڤاکى و ئابوورى، هەروەها نۆژەنکردنەوەى پڕۆژەکان، بەهێزکردنەوەى پێگە و زمان و کولتوورى فەرەنسى لە عێراق و باشوورى کوردستان.

لە باشوورى کوردستانیش ئەو کەسەى کە زۆر گونجاوە بۆ بەهێزکردنى فەرەنسا لە عێراق وەکو پەیوەندى و دروستکردنەوەى هێزى فەرەنسا لەسەر زەوى عێراق، کە ئێمە لێرە مەبەستمان لەو کەسە نێچیرڤان بارزانییە سەرۆکى هەرێمى کوردستان، کە هەر لەبەر ئەوەش بانگهێشتکراوە.

هەروەها ئەو ئابوورییەى فەرەنسا لەگەڵ باشوورى کوردستان هەیەتى بە گشتى زۆر بەهێزە، سەرەتا باسى فەرەنسا دەکەین کە (67) ملیۆن کەس پیشتیوانى فەرەنسا دەکەن و کەسى فەرەنسین، ئەوەیش وەک وڵاتێکى بەهێز تەماشا دەکرێ لە ڕووى مرۆڤییەوە. هەروەها داهاتى ناوخۆى فەرەنسا (7,2%) تریلیۆن دۆلارە کە فەرەنسا دەکاتە دووەمین هێزى ئابوورى ئەوروپا دواى ئەڵمانیا، هەروەها لەسەر ئاستى جیهاندا حەوتەمین ئابوورییە.

فەرەنسا لە (2020)دا (7,2%) داهاتى ناوخۆیى هەبووە، کە ئێمە باسى ساڵەکى کارەستاویى دەکەین بۆ هەموو ئابوورى جیهان، کە ساڵى کۆرۆنایە، لەبەر ئەوەى فەرەنسا هێزێکى ئابوورى گەورەى هەیە، یانى پێشبینى دەکرێت نەک پاشەکشەى ئابوورى بکات بەڵکو لە (2021) نزیکەى (4,5%) جارەکى دیکە ئابوورییەکەى گەشە دەکاتەوە، ئەمە هێما و ئاماژەى ئەوەیە کە ئەگەر وڵاتێک بەهێز نەبێ لە ماوەى یەک ساڵدا لە پاشەکشەوە دووبارە بە هێزەوە بگەڕێتەوە بۆ (4,5%) و گەشەى ئابوورى بەخۆوە ببینی.

 ــ ئێستا ئابووریى ئەوروپا بە گشتى ئاڵۆزە بە هۆى کۆرۆناوە، کە تائێستاش زۆربەى سێکتەر و سنوورەکان داخراون، لەم بارودۆخە ئاڵۆزەى ئەوروپادا هێشتا لە کۆشکى ئێلیزێ دا سەرۆک کۆمارى فەرەنسا پێداگیرى لەوەکرد، کە سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەبێ بە فەرمى پێشوازیى لێبکرێ و سەردانى فەرەنسا بکات، ئەمە چە دەگەینى، فەرەنسا چەند جددیە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندیى ئابوورى خۆى لەگەڵ هەرێمى کوردستان؟ 

محەممەد فەیزى: سەردانى شاندەکانى باڵاى هەرێمى کوردستان بۆ فەرەنسا، لە ڕابردووە ئەو کاتەى ئابلۆقەى لەسەر بووە ئەوە زەحمەت بوو، بەڵام لەو کاتیش سەرۆک وەزیرانى ئەوکاتى هەرێمى کوردستان بانگهێشکرا بۆ ئێلیزێ. ڕاستە ئەمڕۆ بە شێوەیەکى گشتى ئابوورى لە هەموو دونیا زۆر ئاڵۆزە، بەڵام سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ کۆشکى ئێلیزێ نیشانەى ئەوەیە کە فەرەنسا دەیەوێت زیاتر وجودى هەبێ و پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان پتەوتر بکات بەتایبەت لەڕووى ئابوورییەوە.

 ئالۆگۆڕى بازارگانى نێوان عێراق و فەرەنسا (50%)ى لە ڕێگەى هەرێمى کوردستانەوەیە.

ــ دەمانەوێ باسى پێکهاتەى ئابوورى فەرەنسا بکەین تاوەکو بەرچاوڕوونی لاى خەڵک هەبێ و بزانن فەرەنسا چە پێگەیەکى ئابوورى هەیە، (78,8%) کە نزیکەى (80%) هێزى ئابوورى فەرەنسا لە بوارى خزمەتگوزارییدایە، وەک ڕێگاوبان، سێکەرى گواستنەوە...هتد. یەکێک لەو سێکتەرانەى زۆر گرنگە سێکتەرى بازرگارنییە، فەرەنسا بازرگانییەکى بەهێزى هەیە، وە هاوبەشى چواردەهەمینە لەگەڵ باشوورى کوردستان کە ئەمە خاڵێکى زۆر گرنگە.

جگە لە بازرگانى و خزمەتگوزارى ڕێگاوبان و گواستنەوە، سێکتەرى پیشەسازیشى هەیە، (19,5%) ئابوورى فەرەنسا پێکدەهێنێ، فەرەنسا وەک وڵاتێکى پیشەسازى بەهێز ناسراوە، هەم ڕووى لە ژمارەى کارگەکانى هەم کوالێتى بەرهەمەکانى فەرەنسى لە بازاڕى جیهاندا، کە خاوەن سومعەتێکى باشە. هەروەها سێکتەرى چاندن و کشتوکاڵ (1,7%) ئابوورى فەرەنسا پێکدەهێنى کە ئەوە زۆر گرنگە. 

هەروەها ڕێژەى بێکارى لە فەرەنسا، وەک هەموومان بینیمان چەند جارێک خۆپیشاندانى گەورە ئەنجامدراوە لەسەر ڕێنمایى نوێ لەسەر وەرگرتنى باج بۆ کرێى کرێکار، ڕێژەى بێکارى (8,1%)یە، بەڵام لە (2021) دا ئەم ڕێژەیەى بێکارى لە فەرەنسا بەرەو کەمبوونەوە چووە.

ئەوەى زۆر کاریگەر و گرنگە دەمانەوێ گفتوگۆى زیاترى لەسەر بکەین، فەرەنسا بە بڕى (555) ملیار دۆلار ئالۆگۆڕى ئابوورى هەناردەى هەیە، ئەمەیش ماناى ئەوەیە کە پێگەیەکى پیشەسازى و ئابوورییەکى بەهێز و بەرهەمەکانى کوالێتییەکى باشى هەیە، کە توانیویەتى ساڵانە بە بڕى (555) ملیار دۆلار بەرهەمەکانى هەناردەى دەرەوەى فەرەنسا بکات، لە بەرامبەردا بە بڕى (600) ملیار دۆلار کەلوپەل هاوردەى ناوخۆى فەرەنسا دەکات، کە بریتیین لە موادى سەرەتایى و وزە.

ــ مادەم فەرەنسا ئەو ئابوورییە بەهێزەى هەیە، عێراق چەندە پێویستى بە فەرەنسا هەیە، بۆ ئەوەى فەرەنسا بوونى هەبێ لە سێکتەرى بازرگانى و پیشەسازى کە دوو سێکتەرى گرنگن بۆ عێراق لە ئێستادا، چۆن دەتوانێ ڕۆڵى خۆى ببینێ؟ 

محەممەد فەیزى: ئاڵوگۆڕى فەرەنسا لەگەڵ عێراق بە هەرێمى کوردستانەوە بە شێوەیەکى بەرچاو زیادکردووە لەچاو ساڵانى ڕابردوو، ئەگەر بۆ نموونە بگەڕێنەوە و چەند داتایەکى وەربگرین لە (2014 و 2015) ئاڵوگۆڕى بازرگانى فەرەنسا لەگەڵ عێراق نزیکەى (280) ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام بە شێوەیەکى زۆر بەچاو لە ساڵانى (2018 و 2019) کە تەقریبەن لە (70%) زیادیکرد لەو کاتەوە قەبارەى ئاڵوگۆڕى نێوانیان گەیشتە (800) ملیۆن دۆلار، ئەمەی نیشانەى ئەوە بوو کە بەڕاستى پەرەپێدانى ئابوورى فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان زۆر بەهێز بووە.

ــ ژمارەى ئەو کۆمپانیا فەرەنسییانە کە لە باشوورى کوردستان و بەعێراق بەگشتى کار دەکەن چەندە؟

محەممەد فەیزى: دەتوانم داتاکانى هەرێمى کوردستان بخەمەڕوو، ئەمڕۆ لە کوردستان زیاتر لە (35) کۆمپانیاى فەرەنسى کار دەکەن، کە کۆمپانیاى زۆر گەورە و مام ناوەند و بچووکیشى تێدایە، کە لە هەرێمى کوردستان بوونیان هەیە، بەڵام ئەو کۆمپانیانە تازە نەهاتوون، بەڵکو لە (2009)وە ئێمە هانى کۆمپانیا فەرەنسییەکانمان داوە بۆ ئەوەى بێن لە هەرێمى کوردستان وەبەرهێنان بکەن، لە ڕێگەى هاوبەشەکانى خۆیان لە هەرێمى کوردستان.

ئەمڕۆ فەرەنسا بایى (30) ملیار دۆلار وەبەرهێنانى هەیە لە عێراق، لە (30%) تا (35%)ى بڕى ئەو وەبەرهێنانە لە کوردستانە.

ــ پێش ئەوەى بچینە سەر ئەوەى کە هێزى ئابوورى فەرەنسا چەندە بەشدارى هەیە لە هەرێمى کوردستانى عێراق، تۆ باسى ئەوەتکرد کە (800) ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕى بازرگانى و هاوردەى کەلوپەل هەیە لە نێوان عێراق و فەرەنسا، چەند لەو ڕێژەیە بۆ هەرێمى کوردستان هاتییە، چونکە دەرگاى ستراتیژى عێراق هەرێمى کوردستانە؟

محەممەد فەیزى: دەتوانم بڵێم لە (50%)ى ئەو ئالۆگۆڕە بازرگانییەى لە نێوان عێراق و فەرەنسا کراوە، لە ڕێگەى هەرێمى کوردستانەوە بووە.

ــ وەک لەسەرەتادا باسمانکرد، فەرەنسا لە ئەوروپا دووەم هێزى ئابوورییە، لەسەر ئاستى جیهانیش حەوتەمین ئابوورییە و خاوەن پێگەیەکى ستراتیژیى و بڕیارە، هەروەها چواردەهەمین هاوبەشى بازرگانى هەرێمى کوردستانە، ئەمە نیشانەى ئەوەیە فەرەنسا بە جددى حەز دەکات لەگەڵ باشوورى کوردستان کارى بازرگانى و وەبەرهێنان و پەیوەندییەکانى بەهێز بکات، لەگەڵ عێراق پێشووتر قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى (550) ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئێستا گەیشتۆتە (800) ملیۆن دۆلار، کە ئەمەیش نیشانەى ئەوەیە وەک پێشبینى دەکرێ لە (2021) ئابوورى فەرەنسا (4,5%) جارەکى دیکە گەشە بکاتەوە، زیاتر لە (50%)ى بڕى ئەو (800) ملیۆن دۆلارەى کە قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانییە لە نێوان عێراق و فەرەنسا، بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ لە ڕیگەى کوردستانەوە دێت دواتر عێراق دەچێت. هەرەها بڕى ئەو ئاڵوگۆڕەى لە نێوان هەرێمى کوردستان و فەرەنسا دەکرێ زیاتر لە (100) ملیۆن دۆلارە، ئەوەى گرنگە بیزانین ئەو کەلوپەلانە چین بۆ لە فەرەنساوە بۆ هەرێمى کوردستان هاوردە دەکرێن جگە لەوەى کوالێتى بەرهەمەکانى فەرەنسا زۆر باشە و خواستى زۆرى لەسەرە، لەوانە ئۆتۆمبێلى فەرەنسى بۆ عێراق هاوردە دەکرێ، بۆ باشوورى کوردستانیش دەتوانرێ ئۆتۆمبێلى فەرەنسى هاوردە بکرێ، هەروەها خواردنى کحولى کە براندن بۆ عێراق دێت.

لە ساڵى داهاتوو هەنارى هەڵەبجە هاوردەى فەرەنسا دەکەین، چونکە هەنار لە فەرەنسا زۆر گرانە لەوێ هەنار بەرهەم نایێت، هەنارى هەڵەبجەش کوالێتى زۆر بەرزە.

هەروەها نان و خواردنى فەرەنسیش بۆ هەرێمى کوردستان هاوردە دەکرێت و لە بازاڕ و مارکێتەکانى کوردستان دەفرۆشرێت، وە بەرهەمى پەنیر و شیر و سپیاتى فەرەنسى هاوردە دەکرێت بۆ هەرێمى کوردستان. هەروەها جۆرێکى دیکەى هاوردە هەیە لە فەرەنسا بۆ کوردستان، ئەویش ماددەى جوانکارییە بۆ خانمان، چەندین جۆرى براندى جوانکارى لە بازاڕەکانى کوردستان دەفرۆشرێ. ئەمە جگە لەوەى بەرهەمى پیشەسازیش بۆ لە فەرەنساوە بۆ هەرێمى کوردستان هاوردە دەکرێت.

ــ بەڕێز محەممەد فەوزى دواى شەڕى داعش فەرەنسا هەوڵەکى جددى دا لەو ناوچانەى کە لەدەستى داعش ڕزگارکراون ڕۆڵى خۆى ببینێ، بۆ نموونە ئێستا سەرقاڵى دروستکردنى نەخۆشخانەیەکى گەورەیە لە شنگال، نۆژەنکردنەوەى زانکۆى مووسڵ و چەندین پڕۆژەى دیکە کە فەرەنسا حەز دەکات ئەنجامى بدات، جگە لەوانەى باسکران، فەرەنسا دەیەوێت چى دیکە بۆ بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان بنێرێت؟

محەممەد فەیزى: ڕاستە ئەو بەرهەمانە هەمووى لە فەرەنساوە دێت، بەڵام ئێستا فەرەنسا زیاتر هەوڵى داوە بەرهەمەکانى کشتوکاڵى بێنتە کوردستان، وەک ئاگادارن فەرەنسا یەکەم هێزى ئەوروپایە لە کشتوکاڵ، ئێستا لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵ چەندین پرۆگرامان هەیە تا زیاتر لە بوارى کشتوکاڵ هەوڵ بدەین، وەک دەزانن سێکتەرەکە سەرەکى و گرنگە بۆ ئاسایشى خۆراک، ئەمڕۆ هەر دەوڵەتێک چەند دەوڵەمەند بێ، تەنانەت نەوت و هەناردەى هەبێ و پارەى بیانى بێتە ناو وڵاتەکەى، بەڵام ئەگەر ئاسایشى خۆراکى نەبێ ئەو پارەیە هەمووى دیسان دەچێتەدەرەوە، ئێستا ئێمە تەرکیز لەسەر ئەوە دەکەین چەندین هاوبەشى لەگەڵ لە بوارى کشتوکاڵ و خۆراک لە کوردستان دروست بکەین.  

ــ کاتێ سەرۆک بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بوو، گفتوگۆ و ڕێککەوتن کرا لەسەر بەهێزکردنى سێکتەرى چاندن و کشتوکاڵ لە باشوورى کوردستان، بۆ ئەوەى پاڵپشتییەکى مەیدانى و واقیعى لەلایەن فەرەنساوە لە هەرێمى کوردستان بکرێ بۆ بەهێزکردنى بەرهەمى چاندن لە کوردستان، ئەم ڕێککەوتنە بەکوێ گەیشتووە؟

محەممەد فەیزى: لە ڕاستیدا ئەوە پلانى ئێستمانە و بە زۆر شت گەیشتووینە و جێبەجێمان کردووە، لەوانە لە (21-3)ى ئەمساڵ چەندین جۆرى نوێى پەتاتەمان لە فەرەنساوە هێناوە لە ناحیەى شێخان چاندراوە، ئێستا تاقیدەکرێتەوە ئایا بۆ هەرێمى کوردستان گونجاوە یاخود نا.

ــ دەتوانن چەند تۆن پەتاتە لە کوردستان بەرهەم بهێندرێت؟

محەممەد فەوزى: لە ساڵى ڕابردوو تا ئێستا دوو تاقیکردنەوەمان کردووە، وەک دەزانن پەتاتە یان هەر جۆرە بەرهەمێکى دیکە بهێنیە کوردستان یان عێراق دەبێ سەرەتا تاقى بکەیەوە ئایا گونجاوە لەگەڵ ئێرە، هەروەها پرۆسێسێک هەیە کە دەبێ تۆمار بکرێ، ئێستا ئێمە لە قۆناغى تۆمارکردنین بۆ ئەوەى بتوانین بەرهەمى زیاتر بهێنینە هەرێمى کوردستان. پار ساڵ زیاتر لە (6) تۆن بۆ هەر جۆرێک لە پەتاتەمان هێناو بوو، ئەمساڵیش دوو جۆرى دیکەمان هێناوە بۆ تاقیکردنەوە، ئێستاش لە گفتوگۆداین بۆ دامەزراندنى چوار کارگەى خۆراک لە هەرێمى کوردستان، بۆ بەرەهەمەکانى شیرنەمەنى و بەرهەمەکانى شەربەتى سروشتى، ئەم کارگانەش زیاتر لە سنوورى سلێمانى و هەڵەبجە دادەمەزرێت، لە هەولێریش کارگەیەى زۆر گەورە دانراوە لە (2014-2015) بۆ بەرهەمەکانى شیر و لێرە بەرهەم دەهێندرێ.

ــ ئەم پڕۆژانە بە پاڵپشتى حکوومەت یان کەرتى تایبەتە، ئایا ئێستا بەرهەم دەهێنردێن؟ 

محەممەد فەوزى: زیاتر وەبەرهێنانى کەرتى تایبەتى فەرەنسییە لەگەڵ لۆکاڵى، بەڵام بە دڵنیاییەوە حکوومەتى هەرێم پاڵپشتییەکى زۆر باشى ئەم پڕۆژانەى کردووە.

ئەمساڵ چەندین جۆرى نوێى پەتاتەمان لە فەرەنساوە هێناوە لە ناحیەى شێخان چاندراوە، ئێستا تاقیدەکرێتەوە ئایا بۆ هەرێمى کوردستان گونجاوە یاخود نا. لە (2014) کارگەکانى فەرەنسا ئەو بەرهەمیان هەیە بۆ هەموو کوردستان و عێراق، واتە هەناردەى هەیە بۆ شارەکانى خواروو و ناوەڕاستى عێراق، بۆ نموونە بەرهەمى ئەکتیڤا لە کارگەى دانونى هەولێر دروستکراوە. 

ــ فەرەنسا هەوڵدەدات هەندێ پڕۆژە لە هەموو ناوچەکانى باشوورى کوردستان هەڵەبجەش ئەنجام بدات، ئەو کارگەیەى فەرەنسا حەز دەکات تێیدا دایبمەزرێنێت کەلوپەلە سەرەتاییەکانى بە ئاسانى لە باشوورى کوردستان دەستدەکەوێ یان لە فەرەنساوە هاوردە دەکرێ؟

محەممەد فەوزى: نەخێر یەکێک لە پلانەکانى ئێمە ئەوەیە دەمانەوێ زیاتر بە کەلوپەلى ناوخۆیى بدەین، چونکە بەخۆت دەزانى کوردستان ژینگەیەکى زۆر گونجاوى هەیە بۆ هەموو شتێک، کشتوکاڵێکى زۆر باشى هەیە، بەڵام بە داخەوە تەماشا دەکەین لە کاتى بەرهەمێهنانى کشتوکاڵ ئەو بەرهەمانەى کوردستان نرخیان لە بازاڕەکان زۆر کەمە، ئەو کارگانەى کە لە ناوچەکان دروست دەکرێن هەموو کەسێک دەتوانى سوودى لێ ببینیێ، هەم ئەو جوتیارەى کە بەرهەمى هەیە سوودى لێ دەبینى، هەم کە کارگەکان بەرهەمەکانیان لێدەکڕن، کارگەکانیش زیاتر سوودى لێ دەبینن، چونکە ئەوان بەرهەم لە ماددە سەرەکییەکە دروست دەکەن، ئەمەیش وا دەکات پەرە بە ئابوورى ناوچەکە بدات.

ــ ئەگەر باسى پیشەسازى بکەین، کۆمپانییەکى فەرەنسى هەیە لە باشوورى کوردستان بە ناوى لاڤاژ، لە بوارى پیشەسازى چیمەنتۆ و بەرهەمى بیناسازى کار دەکات، ئەوەى بۆ باشوورى کوردستان گرنگە پێدانى سەربۆرێیە، ئەم کۆمیانیانە دەتوان سەربۆر بۆ کۆمپانیاى دیکەى باشوورى کوردستان بدات و پێکەوە کاربکەن؟ 

محەممەد فەوزى: بەڵێ ئێستا لاڤاژ و هۆڵ سیم، کە پێکەوە شەراکەتیان هەیە، کە تەقریبەن لە (2011)وە لە کوردستان دامەزراون، یەکێک لە سیاسەتى کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە هەرێمى کوردستان زیاتر بە کارهێنانى بەرهەمى خۆماڵییە، ئەوە زۆر گرنگە بۆ بوژانەوەى ئابوورى هەرێمى کوردستان.

ــ کاتێ قەیران لە دواى شەڕى داعش دروستبوو، وەک بڕینى بودجەى هەرێمى کوردستان لە (2014) لە لایەن بەغداوە تووشى قەیرانەکى دارایى بوو، دواى ئەو قەیرانە چەندین کۆمپانیا هەوڵیاندا لە کوردستان و عێراق بچنەدەرەوە، فەرەنسا مەیدانەکەى چۆڵ نەکرد لە بوارى کەلوپەلى وردە وە کارفۆر تا دەگاتە بوارى گەیاندن هەروەها گرێبەستێکى لەگەڵ کۆمپانیاى کۆڕەک تلیکۆم ئەنجامدا، بۆچى فەرەنسا گۆڕەپانەکەى چۆڵ نەکرد؟

محەممەد فەوزى: ئەوەى ڕاستى بێ فەرەنسا ئیلتزامێکى ئەخلاقى هەیە بەرامبەر هەرێمى کوردستان، ئیلتزامێکى پرۆفشناڵى، ڕاست دەکەن بە دیاریکراوى لە (2014) چەندین کۆمپانیاى گەورە لە هەرێمى کوردستانیان بەجێهێشت، بە پێچەوانەوە کۆمپانیاکانى فەرەنسا چالاکییەکانى خۆیان زیاتر کرد، ئێوە باسى کارفۆرت، لە (2014) کارفۆر یەک هایپەر مارکێتى هەبوو، لە ماوەى ساڵانى (2015 و 2016 و 2017) زیاتر لە (5) لقى دیکەى لە هەرێمى کوردستان کردەوە، لە هەموو شارەکانى کوردستان ئێستا هایپەر مارکێت کراوەتەوە، تەنها لە هەولێر (4) هایپەر مارکێت کراوەتەوە، ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەو شەراکەتەى کە کۆمپانیاکانى فەرەنسى لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەکەین هاوبەشییەکى ڕاستەقینەیە، کاتى نییە درێژخایەنە، بۆ نموونە سەیرى ماف کارفۆر بکە لەگەڵ کۆمپانییەکى ئیماراتى هاوبەشن، ئێستا زیاتر لە (2) هەزار کورد لەوێ کاردەکەن ئەمەش زۆر گرنگە بۆ هەرێمى کوردستان. 

ــ یەکێک لەو پێوەرانەى کە تۆ بتوانى پێناسەى پەیوەندییەکانى نێوان دوو وڵات بکەى وەبەرهێنانە، فەرەنسا چەند وەبەرهێنانى هەیە لە عێراق، هیچ داتایەکى وەبەرهێنانى فەرەنسا لەبەردەستى ئێوە هەیە؟

محەممەد فەوزى: بەپێى ئەو داتایانەى کە ئێمە هەمانە، ئەمڕۆ فەرەنسا زیاتر لە (30) ملیار دۆلار وەبەرهێنانى هەیە لە هەموو عێراق، دەتوانم بڵێم لە هەرێمى کوردستان (30%) تا (35%) ئەو وەبەرهێنانە لە کوردستانە، وەبەرهێنانەکانیش لە سێکتەرى پەیوەندیکردن، بیناسازى و زۆر بوارى ترن.

ــ یەکێک لەو سێکتەرانەى باسمان کرد سێکتەرى گەیاندن و پەیوەندییە، فەرەنسا دەیەوێ چۆن ڕۆڵى خۆى لەو بوارەدا ببینێ؟

محەممەد فەوزى: دەیەوێ زیاتر تەکنەلۆژى نوێ بهێنێنە ناو هەرێمى کوردستان و بازاڕى عێراق، چونکە ئەزموونى کۆمپانیا فەرەنسییەکان لەم بوارەدا زۆر بەرزە، لەو کاتەى هەرێمى کوردستان بە تایبەت کۆمپانیاى کۆرەک پێویستى بە کەسێک بوو بۆ زیادکردنى بلوتەکنەلۆژیا و سەرماییەکەى، ئەمە وایکرد فرانس تیلیکۆ لەگەڵ ئەى جیلیتى، بێن لەگەڵ کۆرەک تیلیکۆم گرێبەست ئەنجام بدەن. 

ــ پێشەوەى باسى پرسى وزە بکەم کە بابەتێکى زۆر گرنگە، کە خەریکە فەرەنسا و عێراق دەیانەوێ لەم بوارە پێکەوە کاربکەن، ئەگەر وڵاتێک بیەوێت پێگەى ئابوورى خۆى لە وڵاتێکى دیکە بەهێز بکات لە ڕێگەى تر لەسەر مەسەلەى کولتوور و زمان کار دەکات، فەرەنسا هیچ پلانێکى هەیە زمانى فەرەنسى لە زانکۆ و پەیمانگاکانى باشوورى کوردستان بەهێز بکات بۆ ئەوەى بتوانێ لە کارگەکانى خۆى کاریان پێ بکات؟ 

محەممەد فەوزى: بێگومان، لە هەرێمى کوردستان ئەگەر تەماشاى بکەین زانکۆى سەلاحەدین هەیە، زانکۆى کۆییەمان هەیە، لە هەردوو زانکۆ بەشى فەرەنسى هەیە لە هەمانکاتیشدا قوتابخانەى دانیل میتران لە هەولێر و سلێمانى هەیە، دەتوانن هەر لە منداڵییەوە بخوێنن و لە پاشەڕۆژ دەتوانن لەفەرەنسا پەرە بە خوێندنى خۆیان بدەن.

ئەمساڵ چەندین جۆرى نوێى پەتاتەمان لە فەرەنساوە هێناوەتە هەرێمى کوردستان، ئێستا لە ناحیەى شێخان چاندراوە و لە ژێر تاقیکردنەوەدایە.

ــ با باسى ئەو گرێبەستە بکەین کە پێشبینى دەکرێ ئەنجام بدرێت لە بوارى وزە لە نێوان حکوومەتى عێراق و فەرەنسا، کە بە گرێبەستێکى ستراتیژى سەیر دەکرێ، لەبەر ئەوەى هەم گوژمەکەى زۆرە هەم ئەو سێکتەرەى گرێبەستەکى تێدا ئەنجام دراوە گرنگە، بۆ ئەوەى ئەم سێکتەرە ڕزگار بکرێ لە بوارى ئەلیکتریک و وزەدا، ئەم گرێبەستە بە بڕى (7) ملیار دۆلار چاوەڕێ دەکرێ ئیمزا بکرێ لە نێوان حکوومەتى عێراق و فەرەنسا، کە بۆ بەرهەمێنانى گاز زۆر گرنگە، چونکە کاتێ ئەو نەوتەى دەردەهێندرێ لەگەڵ کۆمەڵێک گازى سروشتى تێکەڵە، کۆمپانیا تۆتاڵ دەیەوێ لە ڕێگەى ئەم گرێبەستەوە ئەو گازانە لێک جیابکاتەوە، بۆ ئەوەى لە بوارى بەرهەمێنانى کارەبا بەکاربهێندرێت، بە وتەى وەزیرى نەوتى عێراقى ماوەیەکە گرووپێکى وەزارەتى نەوتى عێراق، کار لەسەر ڕەشنووسى ئەو گرێبەست دەکەن، تاوەکو بۆ مانگى (7) ئامادە بێت و ئیمزا بکرێ لەلایەن وەزارەتى نەوتى عێراق و کۆمپانیاى تۆتال، جگە جیاکردنەوەى گازە سروشتییەکان کە لەگەڵ نەوت دەردەهێندرێ، هەروەها یەکێک لە بەندەکانى گرێبەستەکە بەهەرمهێنانى وزەیە لەو گازە سروشتیانە یان دووبارە بەکارهێنانەوەى یان پێدەڵێن ئەنەرجى بەردەوام لە تیشکى، کە باس لەوە دەکرێ یەک گێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێ، کە تۆتاڵ بەنیازە ئەنجامى بدات وەک یەکێک لە خاڵەکانى ئەو گرێبەستە.

ڕۆژانە (1,5) ملیار سێجا ڕۆژانە لە باشوورى کوردستان و عێراق بە گشتى گازى سروشتى بەکاردەهێندرێ، تۆتاڵ دەیەوێ لەم بوارەدا بەشدارییەکى کاراى هەبێ، کە عێراق (1,5) ملیار سێجا گازى سروشتى هاوردە دەکات لە ئێران بۆ بەکارخستنى وێستگەکانى کارەبا، بۆ ئەوەى بتوانى ئەو خواستەى لە عێراق لەسەر کارەبا هەیە پڕ بکاتەوە.

ـــ لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێ، عێراق لەژێر ڕێککەوتنێکى ئەمەریکادایە کە چەندجارێکش مۆڵەتى بۆ درێژکراوەتەوە بۆ ئەوەى چیتر گازى سروشتى و کارەبا لە ئێران نەکڕێ، لە باشوورى کوردستان (27) تریلیۆن سێجا گازى سروشتى یەدەگ هەیە، بۆ ئەوەى ئەم هاوردەکردنە نەمێنێ فەرەنسا چۆن دەتوانێ وەبەرهێنانێکى زیاتر لە دووبارە بەکارهێنانەوەى گازى سروشتى بکات کە هەم بۆ خۆشى فەرەنسا دەتوانێ هاوردەى بکات هەمیش بۆ بەهێزکردنى پێگەى خۆى لە عێراق و کێشەى گازى سروشتى چارەسەر بکات؟  

محەممەد فەوزى: دەبێ بۆ ئەوە حکوومەتى عێراق لەگەڵ حکوومەتى کوردستان بگەنە ئەو قەناعەتە و ڕێککەوتنیان هەبێ لەسەر پرسى غاز، وە ئەمڕۆ لە هەرێمى کوردستان کۆمپانیاى باش هەیە، کە لەبوارى غاز کار دەکات، بەڵام ڕێککەوتنى ستراتیژى لە نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق هەیە، ئایا هەرێمى کوردستان دەتوانێ ببێتە جێگرەوەى وڵاتانى دراوسێ بۆ بەکارهێنانى غاز، بۆیە دەبێ سەرەتا هەردوو حکوومەت ئەو ڕێکەوتنە بکەن، سەبارەت بەوەى ئایا کۆمپانیاکانى فەرەنسا دواى بەرهەمێهێنانى دەتوانن ئەو ڕۆڵەیان هەبێ؟ بێگومان بەڵێ دەتوانن ڕۆڵەکى باشیان هەبێ لەم ڕووەوە. 

ــ فەرەنسا بۆ خۆى دەتوانێ چە سوودێک لە گازى باشوورى کوردستان ببینێ، بەتایبەت کە ئێستا بازاڕى هاوردەکردنى گازى سروشتى لە ئەوروپا گەرمتر بووە، بۆ نموونە باسى (24%) زیادبوونى قەبارەى هاوردەکردنى گازى سروشتى دەکەن، ئەمەیش دەبێتە پێگەکى باش بۆ هەرێمى کوردستان، پلانەکى فەرەنسى هەیە کە بتوانێ سوود لەو سێکتەرە وەربگرێ؟ 

محەممەد فەوزى: لە ئێستا زیاتر بۆ پێداویستى ناوخۆیە، چونکە عێراق لە ناوخۆ زۆر پێویستى بە گازى سروشتییە بۆ کارەبا، چونکە کەرتى کارەباى زۆر وێرانە، لەبەر ئەوە سەرەتا دەبێ عێراق بۆ خۆى سوودى لێ ببینى بەتایبەت ئەو هەموو غازەى دەسووتێ و بەفیرۆدەچى، ئینجا ئەگەر زیاد لە پێویستى خۆى هەبێ ئەوکات دەتوانێ هەناردەى دەرەوە بکات. 

ــ فەرەنسا و کۆمپانیاى تۆتاڵ لە بوارى سامانى سروشتى و نەوت بەشدار بوونە لە باشوورى کوردستان، ئێستا ماون؟

محەممەد فەوزى: نەخێر لە هەرێمى کوردستان کۆمپانیاى تۆتاڵ نەماوە، بەڵام لە عێراق ماوە.

 ــ پلانەک هەیە بۆ ئەوەى ئەو کۆمپانیایە فەرەنسییە بگەڕێتەوە باشوورى کوردستان بۆ کارکردن؟

محەممەد فەوزى: سێ کۆمپانیاى فەرەنسى هەیە لە هەرێمى کوردستان، بۆ نموونە کۆمپانیا هەیە کارى سێرڤس دەکات لەگەڵ کۆمپانیاکانى نەوت، بەڵام وەک کۆمپانیا لە ناو نەوت کاربکات لە کوردستان نییە، دوو کۆمپانیا هەوڵیاندان لە دوو شوێن نەوت بدۆزنەوە، بەڵام نەیانتوانى نەوتەکە بەدەست بێنن چونکە شوێنکەى زۆر زەحمەت بوو، هەروەها ئەو ڕێژەیەى نەوت بتوانن خۆیان وەبەرهێنانى تێدا بکەن و ئینجا قازانجى لێ بکەن نەیاندۆزییەوە، تەنها لەبەر ئەو هۆکارە بوو کە وایکرد لە کوردستان دەربچن.

ــ فەرەنسا چۆن دەتوانێ پەیوەندى ئابوورى لە نێوان هەولێر و بەغدا بەهێز بکات، ئەو دەتوانێ ڕۆڵى خۆى لەم پرسەدا ببینێ لەبەر ئەوەى ئەگەر فەرەنسا بیەوێت لە عێراق بەهێز بیت، دەتوانێ لە ڕێگەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى ئەو هەنگاوە بهاوێژێت، بۆ ئەمەیش خۆ دەبێ هەوڵى بەهێزکردنى پەیوەندى نێوان هەولێر و بەغدا بدات، فەرەنسا چەندە جددیە لە بەهێزکردنى پەیوەندیى ئابوورى لە نێوان هەردوو پایتەخت؟  

محەممەد فەوزى: ئێمە بەردەوام کاتێ لەگەڵ کۆمپانیاکانى فەرەنسا گفتوگۆ دەکەین، دەڵێن کوردستان دەرگایەکە بۆ هەموو عێراق، ڕاستییەکەشى هەر ئەوەیە ئەگەر تەماشاى بکەین هەموو کۆمپانیاکان ئەوانەى لە عێراق کار دەکەن زیاتر لە کوردستانن، ئەمە نیشانەى پەیوەندییەکى بەهێزە لە هەرێمى کوردستان، وە هەرێمى کوردستان پێگەیەکى بەهێزیى ئابوورى هەیە.

ــ مادەم فەرەنسا وەکو حکوومەت دەڵێت کوردستان دەرگاى ئابوورى و وبەرهێنانە بۆ عێراق، چە پلانێکى لۆجستى هەیە کەوا حکوومەتى فەرەنسا پشتیوانى کەرتى تایبەت و کۆمپانیاکان بکات تا لە باشوورى کوردستان بەشدار ببن و وەبەرهێنان بکەن، یان هیچ پلانەکى ستراتیژیى حکوومەتى فەرەنسا هەیە بۆ کەرتى تایبەت؟

محەممەد فەوزى: ئەگەر تەماشاى بکەى بۆ ماوەى چەندین ساڵ کۆمپانیاکانى فەرەنسا بوونیان هەبووە و بەشداریان کردووە لە پێشانگاى نێودەوڵەتى هەولێر تاوەکو (2019)، لەوکاتدا نزیکەى (25) کۆمپانیا فەرەنسى لە کوردستان بوونیان هەیە لە بوارى کشتوکاڵ و چاندن و خۆراک، لە هەمانکاتیشدا بەمزوانە حکوومەتى فەرەنسا لەگەڵ (AFD) کە بە خۆى وەکالەیەکى فەرەنسییە بۆ پەرەپێدان سیستەمێکیان داناوە کە بتوانن یارمەتى دارایى ئەو کۆمپانیانە بدەن کە لە دەرەوە کاردەکەن، خۆشبەخاتە لە (2019 و 2020) توانیمان کوردستان و عێراقیش بخەینە چوارچێوەى ئەو دەوڵەتانە بۆ ئەوەى کۆمپانیاکانى فەرەنسا بتوانن سوود لەو یارمەتیە داراییەى حکوومەتى فەرەنسا وەربگرن.

ــ بەپێى زانیارییەکان حکوومەتى فەرەنسا هەوڵدەدات (40) کۆمپانیا بەشدارى پێ بکات لە عێراق، کە ژمارەیەکى بەرچاوە، کام لەو کۆمپانیانە لەبەرنامەدایە لە کوردستان کار بکەن؟

محەممەد فەوزى: ئەم کۆمپانیانە زۆربەیان لە کوردستان بوونیان هەیە، بەڵکو لە کوردستانەوە دەچنە عێراق، وە ئێمە دەمانەوێ زیاتر تەرکیز لە سەر کشتوکاڵ و پیشەسازى خۆراکى بکەین، بەراستى کشتوکاڵ زۆر گرنگە، بۆ نموونە لە دواین سەردانى وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا بۆ هەرێمى کوردستان، هەرێمى کوردستان بە شێوەیەکى فەرمى بانگهێشتکرا بۆ بەشداریکردن لە گەورەترین پێشانگاى کشتوکاڵى لە فەرەنسا، بۆ ئەوەى بەرهەمەکانى خۆى لەوێ نمایش بکات، وە فکرەى ئێمە ئەوەیە کە تەنها هێنانى کاڵا و بەرهەمى فەرەنسى بۆ کوردستان بەس نییە، بەڵکو لە هەمانکاتدا ئەو کاڵا و بەرهەمانەى لە کوردستانەوەش بەرهەم دەهێندرێن لە فەرەنسا بوونیان هەبێ، نموویەکى زۆر سادە ئەمساڵ هاوڕێیەکمان تەحینى ئامێدى بۆ فەرەنسا برد، کە چەندین تۆن دەبوو، ئێستا داوایکردووە زیاترى بۆ بنێردرێ. 

ــ سەرۆکى فەرەنسا لە کاتى وەرگرتنى پۆستى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە باسى ئەوەى کرد کە وەرگرتنى ئەو پۆستە بۆ ڕۆژەکى گەشە بۆ کوردستان و عێراق بەگشتى، یانى ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى دووەمین هێزى ئابوورى ئەوروپا و حەوتەمین هێزى ئابوورى جیهان، بەپێى ئەو قسەیەى چەندە گەشبین و پەرۆشە بۆ بەهێزکردنى ڕۆڵى فەرەنسا دواى وەرگرتنى سەرۆکایەتیى هەرێم لەلایەن سەرۆک نێچیرڤان بارزانى؟ 

محەممەد فەوزى: ئەوەى ڕاستى بێت نەک تەنها فەرەنسا زۆربەى وڵاتانى جیهان زۆر گەشبین بوون کە جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى پۆستى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانى وەرگرت، چونکە بە کارێزمایى و دیپلۆماسییەتى خۆى دەتوانێ ئاستەنگەکان ئاسان بکات، وە هەموو کەسێک بڕواى بەوە هەیە کە جەنابى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى کارێزمایەکى بەهێزى هەیە لە ناحیەى دیپلۆماسی و پەیوەندییەکانەوە، کە دەتوانێ زۆر شت بکات. 

ــ هەنارى هەڵەبجە کە ناوبانگەکى باشى هەیە و لە بازاڕەکانى ئەوروپاش دەفرۆشرا، تۆ باسى تەحینى ئامێدیت کرد لەفەرەنسا، چە بەرهەمێکى دیکەى ناوخۆى هەرێمى کوردستان ئێستا لە بازاڕەکانى فەرەنسا هەیە یان چە پلانەکتان هەیە بەرهەمێکى کوردستان ببنە فەرەنسا؟

محەممەد فەوزى: یەکێک لەوان هەنارى هەڵەبجەیە کە بەنیازین بۆ ساڵى داهاتوو لەگەڵ چەند کەسێک پەیوەندییمان دروستکردووە، چونکە هەنار لە فەرەنسا زۆر گرانە و لەوێ بەرهەم نایێت، لە شوێنى دیکە بۆى دێت، بۆیە بە پێویستمان زانیوە ئەو هەنارە ببەینە فەرەنسا، چونکە هەنارى هەڵەبجە کوالێتییەکەشى زۆر بەرزە.

ئەمڕۆ لە کوردستان زیاتر لە (35) کۆمپانیاى فەرەنسى کار دەکەن، کە کۆمپانیاى گەورە و مام ناوەند و بچووکیشى تێدایە، ئەو کۆمپانیا فەرەنسییانە لە (2009)وە لە کوردستان کاردەکەن.

ــ خەڵکى فەرەنسا حەز دەکەن چە بەرهەمێکى کوردستان لە فەرەنسا هەبێ؟

محەممەد فەوزى: هەموو بەرهەمێکى کوردستان لە فەرەنسا بازاڕى خۆى هەیە، ئەوەش بەهۆى ئەو پەیوەندییە مێژووییەى نێوان فەرەنسا و هەرێمى کوردستان هەیە، ئێستا زەیتى زەیتوون لە کوردستان دروست دەکرێت خەریکە ئەو بەرهەمەش بنێرینە فەرەنسا، هەروەها ڕووبە هەنار و زۆر شتى تریش.

ــ ئەو زەیتى زەیتوونە نێردراوە بۆ فەرەنسا یان لە بەرنامەدایە؟

محەممەد فەوزى: نەخێر نەنێردراوە، چونکە ئەو کارگەیەى بەرهەمى دەینى هێشتا ئەو بڕە زۆرەى نییە کە بتوانێ بۆ ئەویێى بنرێ، بەڵام بۆ ناردنى کۆنتاک لەگەڵ فەرەنسا دروستکراوە.

ــ ئەگەر باسى گەشتیارى بکەین خەڵکى باشوورى کوردستان بە چاوەکى جوان سەرى فەرەنسا و پاریس و بورجى ئیڤل دەکەن، خەڵکى فەرەنسا سروشتى کوردستانیان بینیووە، کە ناوچەیەکى سەقامگیرە و لە هەموو ناوچەکانى دیکەى عێراق ئارامترە و پێگەیەکى باشى گەشتوگوزارى هەیە، هیچ کارێک کراوە بۆ ئەم بوارە؟

محەممەد فەوزى: وەک دەزانن ئەوە چەندینە ساڵە کونسوڵخانەى گشتى لە هەولێر کرایتەوە و ڤیزەى فەرەنسا بە خەڵکى کوردستان دەدات، کە ئەوە دەرفەتێکى زۆر باشبوو تا خەڵکى هەرێمى کوردستان بتوانن سەفەر بۆ فەرەنسا و ئەوروپا بکەن. چەندین کۆمپانیاى فەرەنسى هەبوو گەشتوگوزارى لە نێوان هەولێر و فەرەنسا رێکدەخست، ئەمەیش وایکرد لە ڕووى کولتوورى و ئایینیەوە زۆر کەس پەیوەست بوون بە هەرێمى کوردستان، بەتایبەت کە پەیوەندییەکانى فەرەنسا و هەرێمى کوردستان باش بوو زۆر کەس حەزى دەکرد بێتە کوردستان تاوەکو بزانێ کوردستان چۆنە، تەنها نەهامەتى و شەڕە یاخود لایەنێکى خۆشیشى هەیە، بۆیە چەند کۆمپانیایەکى گەشتیاریى فەرەنسى هەبوون کە چەندین گەشتیارى فەرەنسیان هێنایە کوردستان، بەڵام لە دواى (2014) بەهۆى شەڕى داعشەوە ئەم گەشتانە ڕاگیران، تا ئێستا دەستى پێنەکردۆتەوە لەبەر کۆرۆناى.

ــدواین پرسیار لە لەسەر مەسەلەى حەزکردنى فەرەنسا بۆ بەهێزکردنى پەیوەندى ئابوورى خۆى هەم لەگەڵ هەرێمى کوردستان و لە ڕێگەى باشوورى کوردستانیش لەگەڵ عێراق دا، ئەگەر تۆ لەنێوان دوو کەوانەدا پێم بڵێى پلانى داهاتووى فەرەنسا دەیەوێ لە چییدا لە باشوورى کوردستان خۆى ببینێتەوە؟

محەممەد فەوزى: پەیوەندى ئابوورى هەرێمى کوردستان لەگەڵ فەرەنسا زۆر باشە، بەڵام ئایا ئەوە تموحى ئێمەیە؟ نەخێر، چونکە ئاستى تموحى ئێمە لە ئاستى دیپلۆماسى و سیاسییە، چونکە پەیوەندى سیاسى و دیپلۆماسى هەردوولا زۆر زۆر بەرزە، بۆیە دەمانەوێ پەیوەندییە ئابوورییەکانیش لەو ئاستەدا بێ.

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە