د. بەیار دۆسکى: نێچیرڤان بارزانى لە هەموو سیاسییەکان باشتر دیپلۆماسیەتى ئەوروپا دەخوێنێتەوە میدیا

نوچەنێت:

د. بەیار دۆسکى مامۆستاى زانکۆ و شرۆڤەکارى سیاسى، لە بەرنامەیەکى رادیۆى رووداو لە (30-3-2021)دا، دەربارەى رەهەندەکانى بانگهێشتکردنى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ کۆشکى ئێلیزێ، بە بۆچوونى د. بەیار دۆسکى، کورد هێشتا بە باشى سوودى لەو پەیوەندییە وەرنەگرتییە، دەکرێ باشتر سوودى لێ وەربگرین، هەروەها دەشڵێت، کورد تەنها لەڕووى تەکتیکى سوودیى لێ بینووە، چونکە کاتێ ئێمە تووشى گرفتێک دەبین فەرەنسا بەردەوام بەپێچەوانەى دەوڵەتانى ترى وەک خۆرئاوا و ئەمەریکا پشتیوانى لە کورد دەکات.

هەروەها باس لەوەش دەکات، لە دواى رێفراندۆم و هێرشى حکوومەتى شیعە لە بەغدا بۆ سەر هەرێمى کوردستان پێگەى هەرێم بەڕاستى گۆرانکارى بەسەرداهات، ئەوەش بە هۆى پشیتوانییەکانى فەرەنسا و ئەو سیاسیەتەى کە بەرامبەر بە کورد هەیەتى، کە رەهەندەکى ئەخلاقى و مێژوویى درێژى هەیە.

 

دەقى دیمانەى د. بەیار دۆسکى مامۆستاى زانکۆ و سرۆڤەکارى سیاسى:

ــ پەیوەندى هەرێمى کوردستان لەگەڵ فەرەنسا لە ڕابردوو چۆن دەبینین تاوەکو ئێستا، بەتایبەت ئەگەر بڵێن فەرەنسا دەتوانێ چى بۆ هەرێمى کوردستان بکات؟

د. بەیار دۆسکى: فەرەنسا وەک دەزانن جیاواز لە دەوڵەتە ئەوروپییەکانى دیکە نیمچە سیاسەتێکى هەیە بەرامبەر کوردستان، کە رەهەندەکى ئەخلاقى و مێژوویى وەردەگرێت لە (1990) بۆ سەرەوە فەرەنسا گەلەک کۆڕانکارى لە پەیوەندییەکانى کرد، وە لە ئێستادا لە هەموو کات زیاتر هەم فەرەنسا پێویستى پێ هەیە لە ناوچەکەدا ڕۆڵى خۆى ببینى بەتایبەت لە عێراق و سووریا، هەم هەرێمى کورستانیش بەتایبەتى لە دواى رێفراندۆم و هێرشى حکوومەتى شیعە لە بەغدا بۆ سەر هەرێمى کوردستان پێگەى هەرێم بەڕاستى گۆرانکارى بەسەرداهات، دەستێوەردانى تورکیا و ئێران زۆر زیاتر بوو لە ناوچەکە، بۆیە من دەڵێم رەهەندى مێژوویى و ئەخلاقى و ڕۆشنبیرى و فکریشى هەیە، وە رەهەندێکى تر هەیە وەکو سیاسى و ئابوورى و ئەمنى. پێموایە ئەگەر کارەکان بە باشى ئەنجام بدرێت رەهەندەکى ستراتیژیى بە خۆیەوە دەبینى، چونکە فەرەنسا دەوڵەتى زۆر گرنگە بۆ هەرێمى کوردستان، فەرەنسا لە یەکێتى ئەوروپایە، هاوپەیمانى نزیکى ئەمەریکایە، دەوڵەتێکى سەربازیى و ئابوورى بە هێزى هەیە.

ــ ئەم سەردانییەى نێچیرڤان بارزانى بە تایبەت کە لەسەر بانگهێشتى فەرمى سەرۆکى فەرەنسایە، ئێوە چە خوێندنەوەکتان بۆ ئەم سەردانییە هەیە، دەتوانین بڵێن فەرەنسا دەیەوێ پەیوەندییەکانى خۆى لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەیەوێ بگەیێنێتە چە ئاستەکى؟

د. بەیار دۆسکى: دەتوانم بڵێم سێ چوار دۆسیەى زۆر گرنگ هەن لە نێوان هەرێم و کۆشکى ئێلیزێ، یەکەم، دۆسیەى شەڕى داعش و تیرۆریستان، فەرەنسا جارەکى دى دەیەوێت حکوومەتە لۆکاڵییەکان بەهێز ببنەوە، چونکە ئەو کەسانەى لە ناو داعش بوونە و ئێستا لە کەمپەکان دانە هەندێکیان فەرەنسین، بۆ فەرەنسا ئەم دۆسیە زۆر گرنگە، بەڕاستى هەم ڕۆژئاواش دەتوانن بە شێوازێک هاوپەیمانى لۆکاڵى وەکو کوردان سوودى هەبێ بۆ فەرەنسا. دۆسیەکى دیکە هەیە زۆر گرنگە ئەویش دۆسیەى ئاوارە و پەنابەرانە، کە زیاتر لە (300) هەزار پەنابەرى سوورى لە کوردستانن، ئێوە دەزانن تورکیا ئیفتزازى فەرەنسا و ئەوروپا دەکات بە دۆسیەى پەنابەران، ئەمەیش دۆسیەکى گرنگە لەگەڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان کە هەم کاریگەرى هەم ڕێزەکى زۆرى هەیە لەڕۆژئاواى کوردستان، هەروەها پەیوەندییەکى شەرعى و شەفافى هەیە لەگەڵ ئیدارەى خۆسەرى لە ڕۆژئاواى کوردستان.

ئابوورى عێراق هەولێرە نەک بەغدا.

دۆسیەکى تر دۆسیەى ئابوورییە، ئێوە دەزانن دوێنێ کۆمپانیا تۆتاڵى فەرەنسى گرێبەستێکى لەگەڵ حکوومەتى عێراق ئەنجامدا بە بڕى (7) ملیار دۆلار، ژێرخانى ئابووریى عێراق زۆر لاوازە، فەرەنسا ئەوەندە دۆست نییە لەگەڵ عێراق وەک ئەوەى هەرێمى کوردستان، بە هەمان شێوە لە ڕۆژئاواى کوردستان مەسەلەى نەوت و ئابوورى هەیە، کە هەموو کۆمپانیاکانى فەرەنسا لە ئێستادا لە سووریا کشاینەوە، هەولێر دەتوانێ ببێتە پێگەیەک یان هۆکارێک بۆ ئەوەى فەرەنسا جاریکى تر دەست بە وەبەرهێنان لە ناوچەکە بکاتەوە بەتایبەتى لەدواى کۆرۆنا کە ئابوورى هەموو ئەوروپا تووشى قەیران بووە، دەتوانین خاڵەکى دی ئیزافە بکەین کە زۆر گرنگە لەناوچەکە، ئەم سێ دۆسیەیە، هێز بە فەرەنسا دەبەخشن جارێکى تر ڕۆڵى خۆى ببینێ وەکو هێزێکى کاریگەر و گرنگن لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، هەروەها هاوپەیمانى لەگەڵ ناتۆ و ئەمەریکا کە جۆبایدن هەوڵدەدات جارێکى تر لەگەڵ ناتۆى هاوپەیمانى لە ناوچەکەدا کار بکات بەتایبەتى فەرەنسا. 

ــ تۆ باسى سێکتەرى ئابووریت کرد، فەرەنسا دەتوانێ چۆن هاریکارى گەشەپێدانى ئابوورى هەرێمى کوردستان بکات؟

د. بەیار دۆسکى: وەکو باسمانکرد خاڵى گرنگ لە ناوچەکە بۆ فەرەنسا، یەک سێکتەرى وزەیە، وەک دەزانن هەولێر یەکەم شوێنێکە کە لە عێراق دا توانى مێژوو بۆ خۆى دروست بکات،  توانى کۆمپانیاى زیاتر بێنێتە ناوچەکە وە ئەزموونێکى باشى هەیە لەم بوارە، بەڕاستى ئابوورى عێراق هەولێرە نەک بەغدا، هەر دەوڵەتێک بیەوێ وەبەرهێنان بکات لە عێراق دەتوانێ لە هەولێر بیکات. خاڵەکى دیکە دەمەوێ بەبیر ئێوە بینمەوە کە مەسەلەى ڕۆژئاواى کوردستانە، ئێوە دەزانن پرسى نەوت دووبارە جارێکى دیکە هاتیتەوە بەرباس، وە مەزنترین کارگەى چیمەنتۆ لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئێستا کە لەدەستى ئەسەدی دایە هى کۆمپانیایەکى فەرەنسى بوو، بەهاى ئەو کارگەیە نزیکەى (5) ملیار دۆلارە، هەرێمى کوردستان دەتوانى بەهۆى پەیوەندى جوگرافى و ڕۆشنبیرى، بە پەیوەندیى باش لەگەڵ ئیدارەى ئەسەدى، فەرەنسا دەتوانی جارێکى دیکە بگەڕێتەوە سووریا.

خاڵەکى دیکە نەوتى رۆمێلانە، کە لەدەستى کۆمپانیایەکى فەرەنسى دا بوو، بەڵام  لە (2011)دا لەوێ کشانەوە، دیسان هەم جیۆپۆلەتیکى هەرێمى کوردستان هەم پەیوەندییەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەتایبەتى، هەرێمى کوردستان لە هەموو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەتوانێ هاوکارى فەرەنسا بکات دووبارە بگەڕێنەوە ناوچەکە. خاڵەکى دیکە ئێوە باسى ئابوورییتان کرد، بەڕاستى باشترین شێواز کە لەدەستى فەرەنسا و ئەڵمانیادایە لەسەر ئاستى جیهان دواى جەنگى دووەمى جیهانى کەرتى ئابوورییە، ئەگەر سەقامگیرییەکى درێژخایەن لەو ناوچەیە دروست ببێت کەرتى ئابوورى دەبوژێتەوە، فەرەنسا دەتوانێ هەم هەرێمى کوردستان هەم ڕۆژئاواى کوردستان لەڕووى ئابوورى و کشتوکاڵ و ناردنى گەنمى ڕۆژئاوا، کە هەم حکوومەتى لۆکاڵى باشوورى کوردستان و ڕۆژئاواى کوردستان زیاتر لێک نزیکدەکاتەوە، هەم پێگەى فەرەنسا سەربازى و سیاسى و ئەمنى بەهێز تر دەبێ لە ناوچەکە، وە فەرەنسا ئامادەیە پارەیەکى ئەستوور لەو ناوچەیە سەرف بکات، بەڵام ئەگەر سەقامگیرییەک هەبێ لە ناوچەکە، کە لە بەرژەوەندى فەرەنسایە ئەوکاتە پێویستى بەوە نییە پارەیەکى زۆر سەرف بکات.

کێشەى هەرێم لەگەڵ بەغدا زیاتر مەسەلەیەکى سەروەری و ڕەمزە، ئەو شتەى هەرێمى کوردستان لە پارێزگاکانى دیکە عێراق جیا دەکاتەوە پۆستى سەرۆکى هەرێمى کوردستانە.

ــ دەمەوێ لەو چوارچێوەیەدا لێتان بپرسم کورد هەتا ئێستا توانیوویانە سوود لەو پەیوەندییە باشە لەگەڵ فەرەنسا وەربگرن کورد بە گشتى تەنها باشوورى کوردستان نا بەڵکو ڕۆژئاواى کوردستانیش، چۆن دەتوانن سوود لەو پەیوەندییە وەربگرن لە داهاتوو؟

د. بەیار دۆسکى: بە داخەوە زۆر سوودمان لەو پەیوەندییە وەرنەگرتییە، تەنها تەکتیکى سوودمان لێ بینووە، ئێوە دەزانن کاتێ ئێمە تەنگاو دەبین فەرەنسا بەردەوام بەپێچیەوانەى دەوڵەتانى ترى خۆرئاوا و ئەمەریکا پشتیوانى ئێمە دەکات، من بەخۆم کەسەکى گەشبینم، وە سەرۆکى هەرێمى کوردستان تواناى هەیە، وە پەیوەندیی تایبەتى هەیە لەگەڵ فەرەنسا، بێجگە لەوە کەسێکە لە هەمووو سیاسییە کوردەکان زیاتر دەتوانێ دیپلۆماسیەتیى ئەوروپا بخوێنتەوە، لەبەر ئەوە دەڵێم ئینشاءالله ئەوە دەسپێک و دەرگایەکى نوێیە بۆ هەرێمى کوردستان تاوەکو جارێکى دیکە سیاسەتێک وەک ئەکتەرێکى هەم وەکو عێراق هەم لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بکاتەوە، وەک گوتم باشترین کەس بتوانێ ئەو ڕۆڵە ببینى کاک نێچیرڤان بارزانییە، چونکە دیدگاى هەیە بۆیە دەتوانی ئەم ئەرکە بەباشى بەڕێوە ببات.

ــ ئەم سەردانە گرنگە چونکە ئەم سەردانییە لە کاتێکدایە کە کێشە هەیە لە نێوان هەرێم و بەغدا بەتایبەت لە پرسى بودجە و کیشەى دیکە، دەمەوێ ئەو پرسیارەت لێ بکەم فەرەنسا چەندە دەتوانێ هاوکار بێت لە چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا، وە چۆن لە هەوڵەکانى نێچیرڤان بارزانى بۆ سەقامگیرى بارودۆخى عێراق بە گشتى دەڕوانى؟

د. بەیار دۆسکى: بەڕاستى ئەم پرسیارە زۆر لە جێگەى خۆییدایە، دەتوانم لەو ڕووەوە وەڵامى ئەو پرسیارەت بدەمەوە، کێشەى هەرێم لەگەڵ بەغدا مەسەلەى سەروەری و ڕەمزە، ئەو شتەى هەرێمى کوردستان لە پارێزگاکانى دیکە عێراق جیا دەکاتەوە پۆستى سەرۆکى هەرێمى کوردستانە، ئەمە لە کاتێکدا عێراق و حکوومەتى شیعە هەموو هەوڵى خۆیاندا لەگەڵ دەوڵەتى دەورووبەر سەروەرى ئابوورى هەرێمى کوردستان بەڕێگەى ئابوورى و ئیدارەى بەغدا لاواز بکەن، چوونى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ دەرەوە، پیش هەموو شتێک بەهێزکردنى سەروەرى هەرێمى کوردستانە، ئەم هەرێمەش هەر تەمەنەکى هەبێ دەبێ پارێزگارى لێ بکرێ، ئەگەرنا وەکو پارێزگایەکى عێراقى لێدێت، ئێوە دەزانن ئەگەر وەک پارێزگایەکى عێراق لێ بێ، بارودۆخت چۆن دەبێ هەم لەڕووى ئابوورى و جڤاکى هەم لەڕووى سیاسى، لەبەر ئەوە ئەم سەردانییە پاڵپشتییەکى زۆر گەورەیە بۆ سەروەرى هەرێم، لە (2017)ش کاتێ سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و جێگرەکەى جارێکى دیکە فەرەنسا دەرگایەکى کردووە، تاوەکو هەرێم دووبارە خۆى دووبارە خۆى بونیادبنێتەوە و هێدى هێدى خۆى بگەڕێنتەوە و سنوورێک بۆ هەوڵەکانى لەناوبردنى دابنرێت، لەبەر ئەوە دەڵێم ئەو بابەتە بابەتێکى سەرەوەرییەزیاتر لە هەر بابەتێکى تر.

سەرچاوە: رادیۆى رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە