د. ساڵح مەلا عومەر: نێچیرڤان بارزانى دیپلۆماسیەت لەسەر حیسابى هیچ لایەنێکى تر ناکات میدیا

نوچەنێت:

لە بارەى سەردانییەکەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ فەرەنسا، لە ڕۆژى (30) ئازارى (3-2021)دا، د. ساڵح مەلا عومەر ـ مامۆستاى زانکۆ لە دیمانەیەکاد لەگەڵ کوردستانTV، بە وردى تیشکى خستەسەر ئەم سەردانییە و پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و فەرەنسا.

د. ساڵح مەلا عومەر پێیوایە، ئێستا فەرەنسا دەیەوێ بەرژەوەندى ئابوورى لە عێراق دروست بکات، ئەمەیش پێویستى بە سەقامگیرى سیاسى هەیە، بۆ ئەم سەقامگیرى سیاسییە بەڕیز نێچیرڤان بارزانى دەتوانێ ڕۆڵەکى  سەرەکى ببینێ. هەروەها چەند مانگێکى تر هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجام دەدرێت، ئایا کێ دەبێتە سەرۆک وەزیرانى عێراق؟ کابینەکە بە چە شێوەیەک دەبێتن؟ کەسایەتى نێچیرڤان بارزانى وەکو ئەکتەرەێکى سەرەکى لە ناو عێراق دا، دەتوانێتن ئەم کێشانە چارەسەر بکات. 

 

دەقى دیمانەى د. ساڵح مەلا عومەر، شرۆڤەکارى سیاسى و مامۆستاى زانکۆ:

ــ سەردانییەکەى ئەمڕۆى سەڕۆک نێچیرڤانى سەرۆکى هەرێمى کورستانت بینى لەگەڵ سەرۆک کۆمارى فەرەنسا، ڕەنگە ئێستا کۆبوونەکە تەواو بووبێت، بە شێوەیەکى گشتى خوێندنەوەتان دەربارەى سەردانییەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هەروەها پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و فەرەنسا چییە؟

د. ساڵح مەلا عومەر: خۆى دیپلۆماسیەت حاڵەتێکى دوو لایەنەى هەیە، وەکو ئێوە لە ڕاپۆرتەکەى خۆتاندا باستانکرد، پەیوەندییەکى مێژووى باش هەیە لەنێوان فەرەنسا و کوردستان، بەڵام سەرەڕاى ئەوە ئەو دیپلۆماسییەت یەکلایەنە نییە، دەوڵەتێکى وەکو فەرەنسا سیاسەت لەسەر هەست و سۆز ناکات، بەڵکو لەسەر ئەوە سیاسەت دەکاتە کە چۆن بەرژەوەندییەکانى ئەویش بێتەدى. ئەگەر ئێمە تەماشا بکەین خودى کەسایەتیى نێچیرڤان بارزانى کەسایەتیێکى میانڕەوى هەیە، لە ناو هەموو کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەراست دا، سیاسەتێکى زۆر ڕادیکاڵى نییە و دەتوانێ ئیدارەى قەیرانەکان بکات و کاریگەرى لەسەر چارەسەرکردنى قەیرانەکان هەبێ، وە ئێمە لە ڕابردووش بینیمان بۆ پێکهێنانى کابینەى سەرۆک وەزیرانى عێراق مستەفا کازمى، ئەوکاتەى کە بەڕیز نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى لێکرد، زۆر بە ئاسانى توانى متمانەى لایەنە شیعەکانیش وەربگرێت، پێشتر کە عەلى عەلاوى و کەسانى تر زۆر هەوڵیاندا نەیاتوانى متمانەکە وەربگرن، بۆیە کاریگەرى لەسەر چارەسەرکردنى قەیرانەکان هەیە، لەبەر ئەوەشە بە شێوەیەکى فەرمى بانگهێشتکرایە.

ئێستا کە بانگهێشتکراوە بۆ ئەوەیە بتوانێ بەرژەوەندییەکانى فەرەنسا بێتە دابینکردن، ئێستا نزیکەى بایى (7) ملیار دۆلار کۆمپانیاى تۆتاڵ گرێبەستى کردووە لەگەڵ  عێراق، دەیەوێ سەقامگیرى سیاسى لەناو عێراق دا هەبێ، بۆ ئەم سەقامگیرى سیاسییە بەڕیز نێچیرڤان بارزانى دەتوانێ ڕۆڵەکى  سەرەکى ببینێ، چەند مانگێکى تر هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجام دەدرێت، ئایا کێ دەبێتە سەرۆک وەزیرانى عێراق؟ کابینەکە بە چە شێوەیەک دەبێتن؟ کەسایەتى نێچیرڤان بارزانى وەکو ئەکتەرەێکى سەرەکى لە ناو عێراق دا، دەتوانێتن تاڕادەیەک ئەم کێشانە چارەسەر بکات.

نێچیرڤان بارزانى کەسایەتیێکى میانڕەوى هەیە لە ناو هەموو کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەراست دا، سیاسەتێکى ڕادیکاڵى نییە و دەتوانێ ئیدارەى قەیرانەکان بکات.

بە بڕواى من خاڵى یەکەم، لەسەر ئەو بنەمایە بۆ فەرەنسا بانگهێشتکراو، بەڵام لە هەمانکاتدا هەرێمى کوردستانیش قازانج دەکات، دەتوانین بڵێن فەرەنسا نەک هاوپەیمان، دۆستێکى کوردیشە، بۆ نموونە لە (1991)دا، دەبینین لە دەرکردنى بڕیارى (688) فەرەنسا ڕۆڵەکى یەکجار گرنگى هەبوو، تا ئەم بڕیارە دەربچێت، یان لە (2014)دا تەماشا بکەین لە کاتى شەڕکردن لەگەڵ داعش، هەروەها لە (2017) و (2019) سەیر بکەین بەشێوەیەکى گشتى ماکرۆن ڕۆڵى هەبوو لە لێک نزیکردنەوەە هەرێمى کوردستان و بەغدا.

فەرەنسا یەکێکە لەو دەوڵەتە بەهێزیانەى کە بەردەوام پاڵپشتى لە مافەکانى دەستوورى هەرێمى کوردستان کردووە، وە لەگەڵ ئەمەدایە کە ئەو کاتە سەقامگیرى لە ناو عێراق دروست دەبێت، کە مافەکانى هەرێمى کوردستان دابین بکرێت، لێرەدا کورد لەمە قازانج دەکات. فەرەنسا ڕۆڵێکى ترى هەیە کە پەیوەندى باشى لەگەڵ شیعەکان هەیە، پەیوەندى باشى لەگەڵ ئێران هەیە، وە بە هاتنى جۆبایدن پەیوەندى زۆر زۆر باشى لەگەڵ ئەمەریکا دەبێت و کاریگەرى تەنانەت لەسەر بڕیارەکانى ئەمەریکا دەبێت، کاریگەرى لەسەر بڕیارەکانى وڵاتانى یەکێتیى ئەوروپا بە شێوەیەکى گشتى دەبێ، ئێستا ئێمە ئەگەر سەیرى بکەى دەبینین لە دواى ئەوەى بەریتانیا چۆتەدەرەوە لە یەکێتیى ئەوروپا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کە دەتوانین بڵێن سەرکردایەتیى وڵاتانى ئەوروپا دەکەن، ئەوەى کە وا دەکات فەرەنسا پەیوەندییەکى باش لەگەڵ هەرێمى کوردستان دروست بکات، دەروازەیەکى نوێى ترى باشتر بۆ هەرێمى کوردستان دەبێتەوە، کە دەوڵەتەکانى ترى ئەوروپاش بێن ئەو پەیوەندییە لەگەڵ هەرێمى کوردستان دروست بکەن.

ئەگەر بە شێوەیەکى ریالیستى سەیرى دیپلۆماسیەت بکەین، لەسەر ئاستى جیهاندا هیچ هەرێمێکى دونیایێ بە قەدەر هەرێمى کوردستان لە بوارى دیپلۆماسییدا چالاک نییە.

کاتێ لە ئەنجوومەنى ئاسایش بڕیارێک دەردەچێ، فەرەنسا ڕۆڵەکى زۆر گرنگى دەبینێ لە دەرکردنى بڕیارەکان، بۆیە بە بڕواى من هەرێمى کوردستانیش تا ڕادەیەکى ئێجگار زۆر قازانج دەکات و دەبێت هۆکارى ئەوەى کە لە دیپلۆماسیەتى یەکلایەنە بچێتەدەرەوە، بچێتە ناو دیپلۆماسییەتێکى فرەلایەنەدا، دیپلۆماسیەتى یەکلایەنە ئەوەیە کە تەنها لەگەڵ یەک دەوڵەت پەیوەندیت هەبێ و پاڵپشتیت لێ بکات تا مافەکانى خۆت بەدەست بێنى، ئەگەر پاڵپشتیت نەکات تەواو دەبیت، بەڵام دیپلۆماسیەتى فرەلایەنە دەبێتە هۆکارى ئەوەى هەرێمى کورستان بە هێزتر بێ، دەبێتە هۆکارى ئەوەى هەرێمى کورستان تەقریبەن مافەکانى کورد لەگەڵ بەغدا و بە شێوەیەکى گشتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست تاڕادەیەکى زۆر پارێزراوتر بێت.

ــ باسى ڕۆڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کرد بۆ چارەسەکردنى ئەو کێشانەى هەنە لەناوچەکە، ئەو عێراقەى کە ئێستا دەیبینن، کە دواى (2003) ئەوروپا و فەرەنسا پێشبینى دروستبوونى عێراقى لەو شێوەیان دەکرد، ئێستا دەبنین لە هەموو عێراق کێشەى قووڵ هەنە و تائێستاش چارەسەرنەکراون و زەحمەتە لەو نزیکانەش چارەسەر بن، لەم ساتەوەختەدا کە عێراقى تووشى چەندین کێشەى قووڵ بۆتەوە، بۆچى فەرەنسا هەرێمى کورستان و بەتایبەتى سەرۆکى هەرێمى کوردستانى هەڵبژاردووە، تاوەکو سەردانى فەرەنسا بکات؟ 

د. ساڵح مەلا عومەر: قەیرانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ کاریگەرى لەسەر ئاسایشى فەرەنسا هەیە، بۆ نموونە سەرهەڵدانى داعش بووە هۆکارى ئەوەى کە ئاوارەیەکى ئێجگار زۆر بچنە فەرەنسا و ئەوروپا، هەروەها بووە هۆکارى ئەوەى بە شێوەیەکى گشتى کردەوەى تیرۆرستى لە فەرەنسا سەرهەڵبدات، واتە ئیسلامییەکى ڕادیکاڵ لە ناو فەرەنسا بێتە دروستکردن، بۆیە سەقامگیریى سیاسى لە عێراق بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ کاریگەرى لەسەر ئاسایشى فەرەنساش دەبێ. ئەگەر تەماشاى بکەین دەبینین نێچیرڤان بارزانى کەسایەتێکى میانڕەوى هەیە لە ناو دیپلۆماسیەتدا، هەر وەکو ئەرستۆ باسى لێوە دەکات کە باشترین سیاسەت سیاسەتى میانڕەوە، نەک تاکڕەوى بێ نەء زێدەڕەوى، کەسایەتیى نێچیرڤان بارزانى کەسایەتییەکى میانڕەوە، زۆر بە ئاسانى دەتوانێ جۆرێک لە سەقامگیرى لە ناو هەرێمى کوردستان دروست بکات، تەنانەت کاریگەرى لەسەر سەقامگیرى عێراقیش هەیە، ئەمەیش بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ کاریگەرى ئابوورى و ئەمنى و سیاسەتى فەرەنسادا هەیە، من باسى ئەوەمکرد کۆمپانیاى تۆتاڵ دەیەوێ بایى (7) ملیار دۆلار سەرمایەگوزارى بکات لە ناو عێراق دا.

 بۆیە سەقامگیرى سیاسى و ئەمنى لەناو عێراق دا نەبێ، ئایا دەتوانێ سەرکەوتوو بێ؟ نەخێر، فەرەنسا دەیەوێت کۆمپانیاى زیاتر بۆ سەرمایەگوزارى بێنێتە ناو عێراق و هەرێمى کوردستان، وە دەتوانین بڵێن بەڕێز نێچیرڤان بارزانى ئەکتەرێکى زۆر زۆر گرنگە لە ناو هەرێمى کوردستان و ناوخۆ و عێراقیش دا، تەنانەت لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش. یانى تۆ تەماشا بکە کەسایەتیى نێچیرڤان بارزانى بەشێوەیەکە پەیوەندیەکى باشترى لەگەڵ تورکیا و ئێران هەیە، لەگەڵ واشنتن و پاریس هەیە، هەتا پەیوەندى لەگەڵ لەندەن و وڵاتانى تری ئەوروپی هەیە، ئەمە بووە هۆى ئەوەى کە هێزێکى زیاتر بدرێتە دیپلۆماسیەتیى هەرێمى کوردستان.

ئەگەر بە شێوەیەکى ریالیستى تەماشاى دیپلۆماسى بکەین لەسەر ئاستى جیهاندا هیچ هەرێمێکى دونیایێ بەقەدەر هەرێمى کوردستان لە بوارى دیپلۆماسییدا چالاک نییە، سەیرى ئەمەریکا بکە (50) ولایەت و هەرێمى تێدا هەیە، ئایا سەرۆک هەرێمى ئەوان بەو شێوە دیپلۆماسییە سەرکەوتوونە و گرنگییان پێدەدرێت، سەیرى ئەڵمانیا بکە (16) هەرێمى هەیە یان سەیرى دەوڵەتانى دیکەى ئەوروپا بکە، هەرێم ئەوەندە قورسایی نییە، بەس بە شێوەیەکى گشتى و واقیعى کوردستان و کەسایەیتى بەڕێز نێچیرڤان بارزانى و بارودۆخى ناوخۆى عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، قورساییەکى ئێجگار زۆرى دایتە دیپلۆماسەتى هەرێمى کوردستان، وە لەسەر ئەو بنەمایەیە سەرۆک کۆمارى فەرەنسا دێت بەڕێز نێچیرڤان بارزانى بە شێوەیەکى فەرەمى بانگهێشت دەکات، یانى ئایا ئەوە لەسەر بنەماى هەست و سۆزە؟ نەخێر، لەناو دیپلۆماسیەتدا بە هیچ شێوەیەک لەسەر بنەماى هەست و سۆز و خۆشەویستى ئەم شتانە نابینی.   

ــ لەم چەند ساڵەى دوایی هەست دەکرێت لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست فەرەنسا زیاتر لە جاران قسەى هەیە، لیبیا و یەمەن بە نموونە، لە کێشەى یۆنان و تورکیا فەرەنسا زۆر بەتوندى لێدوانى هەبوو، هەروەها تەداخولى کرد لەسەر مەسەلەى ڕۆژئاواى کوردستان و عێراقیش بە تایبەتى، دەکرێ بڵێن ئەوە سەرەتایەکە بۆ ئەوەى فەرەنسا بەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە؟

د. ساڵح مەلا عومەر: فەرەنسا ڕۆڵەکى زۆر گرنگى لە ڕابردوو هەبووە و ئێستاش هەیەتى، وە دەیەوێت ڕۆڵەکى زیاترى هەبێت بە هاتنى جۆبایدن، کە لەسەرەتاى هاتنیدا گوتى، من گرنگى بە هاوپەیمانەکانمان دەدەم، گرنگییەکى زیاتر بە فەرەنسا دەدات، فەرەنسا کاریگەرى زیاترى لەسەر چارەسەرکردنى کێشەکانى جیهان و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەبێ. خۆشبەخاتە ئەو پەیوەندییە بەهێزەى بەڕێز نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ سەرۆک کۆمارى فەرەنسا هەیەتى، ئەمە دەبێتە دەروازەیەکى نوێ بۆ هەرێمى کوردستان لە بوارى دیپلۆماسى لەسەر ئاستى جیهان، تەنانەت لە ئەمەریکا و تورکیا و ئێرانیش، بۆ؟ ئەم دەوڵەتانە تەماشا دەکەن کە بەمشێوەیە سەرۆک کۆمارى فەرەنسا پێشوازى لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان، دەبێتە هۆکارى ئەوەى ئەوانیش هەمان پێشوازییەى لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان بکەن و لە قورسایى سەرۆکى هەرێمى کوردستان تێبگەن. سەبارەت بەوەى کە فەرەنسا دەستوەردان دەکات لە کێشەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئێستا گۆڕانگارییەکى ئێجگار گەورە لە ئاستى جیهان دروستبووە، لەسەر ئاستى جیهانى دیپلۆماسى دوو لایەنە وەکو شەڕى سارد نییە، لە نێوان یەکێتیى سۆڤیەت و ئەمەریکا بێ، نەخێر، ئەگەر تەماشا بکەین بەریتانیا ئەسڵەن لە یەکێتیى ئەوروپا چۆتەدرەوە، بەڵام قسەى خۆى هەیە و وەکو یەکێتیى ئەوروپا نییە.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە یەک کاتدا دەتوانێ پەیوەندییەکى دروستى لەگەڵ فەرەنسا و  ئەنقەرەش هەبێ، زیاتر گرنگى بە بەرژەوەندى کوردستان دەدات و لەسەر  حیسابى لایەنێکى تر دیپلۆماسیەت ناکات.

بۆیە ئەگەر ئێمە بە شێوەیەکى گشتى سەیر بکەین، فەرەنسا هێز و قورسایى خۆى هەیە لەسەر ئاستى جیهان، هەتا ئەگەر لە بوارى ئەمنى تەماشا بکەین لەگەڵ زۆر لە دەوڵەتەکان گرێبەستى هەیە، لەوانە ئیمارات تا پارێزگارى لە ئەمنیەتى ئیمارات بکات، وە زۆر دەوڵەتى تریش، بۆیە فەرەنسا دەتوانێ لە بوارى ئەمنیەوە هاوپەیمانییەکى زۆر گرنگ بێت بۆ هەرێمى کوردستان، وەکو بینیشمان لە شەڕى داعش ئەگەر فەرەنسا بەو شێوەیە یان دەوڵەتەکانى تر یارمەتى کوردستانیان نەدابا ئەمنیەت لە کوردستان بەرقرار نەدەبوو.

فەرەنسا ڕۆڵەکى زۆر گرنگى هەیە لە شەڕکردن لەگەڵ گرووپە تیرۆرستییەکان، ئەوەش دەتوانێ بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان بێت، وە ئێستا دەتوانین بڵێین سەرکردایەتیى دەوڵەتەکانى ئەوروپا لەدەست فەرەنسا دایە، دەوڵەتەکانى ئەوروپاش هێزێکى زۆر گەورەن، ئێستا ئەمەریکا بەتایبەت جۆبایدنیش سیاسەتەکانى بە شێوەیەک ڕیکدەخاتن کە لەگەڵ فەرەنسا هەماهەنگ بێ، مەسەلەن ئەگەر سەیرى ڕێککەوتنى ئەتۆمى لەگەڵ ئێران بکەین، جۆبایدن وەک ترامپ نییە، دەیەوێ هەنگاو بە هەنگا خۆى لە ئەوروپا بەتایبەت فەرەنسا نزیک بکاتەوە، دڵنیام بڕیارەکانى فەرەنسا بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر بڕیارەکانى ئەمەریکاش دەبێ، هەتا لەسەردەمى ئێمە تەماشا بکەین ترامپ-یش وابووە، ئەو کاتەى بڕیارى دا کە لە سووریا بچێتەدەرەوە فەرەنسا بە شێوەیەک سیاسەتى کرد تا ڕادەیەک بووە هۆکارى ئەوەى ترامپ پاشگەزببێتەوە لە بڕیارى خۆیى و لە ناو سووریا بمێنێتەوە.

ئێمە لەڕابردووش ئەگەر سەیر بکەین لە بڕیارى (688) فەرەنسا ڕۆڵەکى زۆر گرنگى هەبووە، بەتاکید ئەگەر فەرەنسا ڕۆڵى نەبوا ڕەنگە بڕیارى (688) هەر دەرنەچووبا. هەروەها لەشەڕى داعش بەڕاستى فرانسو هۆنلاند خۆى هاتە هەولێر ئەمە لە ڕوانگەى مەعنەوییەوە کاریگەرى ئێجگار گەورەى هەبوو، کاریگەرى هەبوو لەسەر دەوڵەتەکانى تریش بۆ ئەوەى بێن یارمەتى هەرێمى کوردستان بدەن، بۆیە هەم لەڕابردوو فەرەنسا ڕۆڵەکى گرنگى هەبووە وە بەبڕواى من هەم لە ئێستاش هەیەتى، وە پێشبینى دەکەم لە داهاتووش زیاتر بێت. 

ــ بێجگە لە فەرەنسا ئێمە لە رابردوو بینیمان زۆر کەسایەتیى ئاینییى و سەرکردەى جیهانیش سەردانى هەرێمى کوردستانیان کرد، لێرەدا پێگەى هەرێمى کوردستان لەڕووى نیودەوڵەتییەوە خۆى لە چى دادەبینێتەوە؟

د. ساڵح مەلا عومەر: من باسمکرد پێوستە بە شێوەیەکى ریالیستى تەماشاى سیاسەت بکەین، هیچ هەرێمەک بەقەدەرە هەرێمى کوردستان ئەو قورسایەى نییە، لەبیر نەکەین هەرێمى کوردستان دەوڵەتێکى سەربەخۆ نییە، هەرێمێکە لە ناو عێراق، بەڵام بە توانایى و لێهاتوویى سەرکردەى سیاسى هەرێمى کوردستان، بەتایبەت بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، چونکە سیاسەتێکى میانڕەوى هەیە و دیپلۆماسیەتێکى نەرم بەکاربهێنێ لەگەڵ دەوڵەتانى جیهان، ئەو عەقڵیەتە سیاسەى بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، عەقڵیەتەکى مەقبووە لەسەر ئاستى جیهانى و دەوڵەتانى ئەوروپیش پێیان باشە ئەو جۆرە عەقڵیەتە زیاتر لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بڵاوبێتەوە.

گوتارى سیاسى میانڕەو لە ناو سیاسەتمەدارانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کەمە، ئەوەى جێگەى داخە گوتارى ڕادیکاڵى زۆر لە سەرکردە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بارودۆخەکى دروستکردیە، وایکرد خەڵک ئاوارە بێ، گرووپى تیرۆرستى داعش پەیدا بوو، جۆرەها قەیران هاتە دروستکردن، ئەو قەیرانانە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ گواستراییەوە بۆ ئەوروپا و فەرەنسا و زۆربەى وڵاتانى جیهانى تووشى کێشە کرد، هەر لەسەر ئەو بنەمایەیە کەوا گرنگییەکى زۆر بە هەرێمى کوردستان دەدرێت، ئەگەر سەرکردایەتیى سیاسى هەرێمى کوردستان بەتایبەت بەڕێز نێچیرڤان بارزانى گوتارەکى توند و ڕادیکاڵ هەبوایە، بێگومان فەرەنسا ئەو گرنگییەى پێ نەدەدا، وە دەوڵەتى تریش ئەو گرنگییەى بە کوردستان نەدەدا.

قەیرانەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ کاریگەرى لەسەر ئاسایشى فەرەنسادا هەیە.

 دەتوانین بڵێین یەکێک لە خەسڵەتەکانى نێچیرڤان بارزانى وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە هەموو کاتێکدا دەتوانێ پەیوەندى لەگەڵ فەرەنسا بە دروستى هەبێ و لەگەڵ ئەنقەرەش پەیوەندییەکى باشى هەبێ، یانى هەر چەندە لەبوارى سیاسەتى دەرەوەدا لە نێوان فەرەنسا و ئەنقەرەى کێشەى زۆر هەن، بەڵام نێچیرڤان بارزانى لە دیپلۆماسیەتکردندا زیاتر گرنگى بە بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان دەدات، نەک لەسەر بنەماى لایەنێکى تر، یانى نێچیرڤان بارزانى کە دیپلۆماسیەت لەگەڵ فەرەنسا دەکات، هیچ جۆرە کێشەک بۆ پەیوەندیى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئەنقەرە و تاران و ئەمەریکا و دەڵەتانى دیکە دروست ناکات. ئەمەیش جۆرە توانایەکە لەناو دیپلۆماسیەتدا، لەوانەیە لە هەموو کەسێکدا نەبێت، بەڵام دەتوانین بڵین نێچیرڤان بارزانى ئەو توانایەى هەیە، زۆربەى سیاسەتمەدارى جیهانى کە دیپلۆماسیەت دەکەن لایەنێکى هەڵدەبژێرن، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنێکى زۆر باش دەکەن لەگەڵ لایەنەکەى تر پەیوەندییەکانیان بەرەو خراپتر بوون دەچن، کەم سەرکردە هەیە بتوانێ لەگەڵ لایەنى ناوکۆک و لایەنى جیاواز پەیوەندى باش دروست بکات، خۆشبەخاتە دەتوانین بڵێین سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەو توانایەى هەیە. 

ــ فەرەنسا بە دیاریکراوى چى لە عێراق و هەرێمى کوردستانیش دەوێ، وە دەشتوانێ چی بۆ هەردوولا بکات؟

د. ساڵح مەلا عومەر: ئەوەى کە بۆ فەرەنسا گرنگە، وە فەرەنسا خۆى نزیکەى (5) ملیۆن عەرەبى هەیە، ئەم (5) ملیۆنە عەرەبە بە توندبوونى عەقڵیەتەکى ڕادیکاڵى ئیسلامى لە ناو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ کاریگەرى لەسەر ئەم (5) ملیۆنە عەرەبى فەرەنسى دەبێ، کە ئەوانیش پەنا بۆ حاڵەتى ڕادیکاڵى ببەن، ئێمە بینینمان چەندین کردەوەى تیرۆریستیان ئەنجامدا. بە شێوەیەکى تر قەیران لە ناو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەبێتە هۆى ئەوەى کە خەڵکانى زۆر ئاوارە بن، هەروەها دەبێتە هۆى ئەوەى دەرفەتێکى زۆر باش بۆ کۆمپانیاکانى فەرەنسا و کۆمپانیا جیهانییەکانى تر دروست نەبێت، تاوەکو بێن سەرماییەگوزارى بکەن، بۆیە فەرەنسا دەیەوێ سەقامگیریى سیاسى لە ناو کوردستان و عێراق هەبێت، هەروەها پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا بە شێوەیەک لێ بێت کە مافەکانى دەستوورى هەرێمى کوردستان پارێزراو بن.

هەموو ئەوانە دەتوانێ دەرگایەکى باش بکاتەوە بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان لەسەر ئەو بنەمایە دیپلۆماسیەت بکات و پەیوەندییەکانى لەگەڵ فەرەنسا باشتر بکات، وە هەرێمى کوردستان پێیوایە تۆ دەوێ سەقامیگریى سیاسى و ئەمنییەت هەبێ، پێویست بەوە نەکات فەرەنسا هێزى زۆر بنێرێت و سەربازەکانى دووچارى کێشە ببنەوە، دەبێ یارمەتى هەرێمى کوردستان بدات تا کێشەکانى لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات بەپێى دەستوور، ئەم زمانەى کە دێتە باسکردن بەپێى دەستوور بۆ ئەوروپییەکان زۆر گرنگە، یانى ئەوروپییەکان دەیانەوێ بەشێوەیەک یارمەتى کورد بدەن، کە لەناو چوارچێوەى دەستووردا بێ، لەو زمانەى خۆیدا پێویستە کێشەکانى خۆى لەگەڵ بەغدا بەشێوەیەک چارەسەر بکات کە لەسەر بنەماى دەستوور بێت، بەمەیش بەرژەوەندییەکانى هەرێمى کوردستانیش و خەڵکى عێراق و فەرەنسا، تەنانەت بەرژەوەندییەکانى ناوچەکەش دێتە دابینکردن.   

سەرچاوە: کوردستانtv

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە