گەڕانەوەى دۆناڵد ترەمپ و ئەگەرەکانى بەردەم دۆسیەى سووریا راپۆرت و شیکاری

نوچە نێت

ئامادەکردنى: ئیسماعیل تەها

لەگەڵ گەڕانەوەى دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکى سپى چاوەڕوان دەکرێت سیاستى ئیدارەكەی بەرانبەر سووریا ببێتە تەوەرەى گفتوگۆیەکى فراوان سەبارەت بە بوونى تورکیا و ئێران لە باکوورى رۆژهەڵاتى =سووریا و هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر گرووپەکانى ئێران هەڕەشە توندەکانى پێشووى ترەمپ بەرانبەر تاران، کە زۆر دژى گواستنەوەى چەکە بۆ حزبوڵڵا لە رێگەى سووریا، لە رابردوو دۆناڵد ترەمپ دژ بە مانەوەى سوپاى ئەمەریکا بوو لە خاکى سووریا، دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، ئەردۆغان چەند جارێك باسی دۆسیەی سووریای كردووە، هەوڵدەدات سوود گەڕانەوەی ترەمپ وەربگرێت.

گرەوەى تورکیا لەسەر کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سووریا

لە خولى یەکەمى سەرۆکایەتى دۆناڵد ترەمپ سێ جار بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکاى لە سووریا داوە، لە هەر سێجارەكەش توركیا دەرفەتی وەرگرتووە و هێرشی كردۆتە سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات.

لە (18/12/2018) دۆنالد ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ ئەردۆغان گفتوگۆمان لەگەڵ کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لەماوەى مانگێک لە سووریا کردووە، تورکیا ئەرکى بەرەنگاربوونەوەى رێکخراوى تیرۆرستى داعش بگرێتە ئەستۆ. رۆژێک دواى ئەو بڕیارە جیمس ماتیس، وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا دەستى لە پۆستەکەى کێشایەوە، هەفتەیەک دواتر بەرپرسانى واشنتن ئاشکرایان کرد، كە سەرۆکى ئەمەریکا لە بڕیارەکەى پاشگەزبۆتەوە.

لە (25/2/2019) كۆشکى سپى رایگەیاند، ئەمەریکا کۆمەڵێکى بچووک لە سەربازەكانی بۆ پاراستنى ئاشتى دەهێڵینەوە، کە پێکدێت لە (200) سەرباز بۆ ماوەیەکى کاتى لە سووریا دەمێنەوە.

لە (7/10/2019) كۆشکى سپى رایگەیاند، هێزەکانى ئەمەریکا بەشداری لە ئۆپراسیۆنى تورکیا لە باکوورى سووریا ناکەن، جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە، هێزەکانى ئەمەریکا لە سووریا دەستیان بە کشانەوە کردووە، بۆ ئەوەش پاساوى ئەوە بووە کە داعش لاوازبوو. ئەو بڕیارانەى دۆناڵد ترەمپ وايكردووە، توركيا جارێکى دیکە بەهیواوە لەو بڕیارە جێبەجێنەکراوە بڕوانێت، چاوەڕوانە ئەمجارە جێبەجێ بکرێت.

 يەشار گولەر، وەزیرى بەرگرى تورکیا پێیوایە سەرکەوتنى لەو خولە نوێیەى دۆناڵد ترەمپ بابەتى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە لە سووریا تەرکیزى لەسەر دەکرێت، لە قۆناغى یەکەمى سەرۆکایەتى سێ جار فەرمانى کشانەوەى هێزەکانى دەرکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا فەرمانەکەى جێبەجێ نەکراوە.

قوتبیە ئیدلیبى، بەڕێوەبەرى نووسینگەى سووریا لە ئەنجوومەنى ئەتڵەنتى دەڵێت، لێدوانەکانى تورکیا ئاماژەى روونن کە تورکیا بژاردەى دیکەى لەبەردەمە، ئەوەشى ئەمڕۆ باس دەکرێت، بە پشتبەستن بە گفتوگۆکانە لەنێوان ئەردۆغان و ترەمپە.

محەمەد عەلوش، لێکۆڵەر لە کاروبارى تورکیا دەڵێت، فاکتەرى ئەمەریکا کاریگەرە لە پڕۆسەى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، هەروەک سەرکەوتنى ترەمپ کاریگەرى لەسەر کەمکردنەوەى دەستوەردانى ئەمەریکا لە دۆسیەى سووریا دەبێت، ئەوەش رێگە بۆ بەردەوامى هەنگاوەکانى تورکیا بۆ بەدەستهێنانى ئامانجەکانى خۆش دەکات.

گەڕانەوەى وڵاتانى جیهان بۆ بەشار ئەسەد

دواى (10) ساڵ لە ململانێ و گەمارۆى ئابوورى، وڵاتانى ئەوروپا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا ئاسایی دەکەنەوە، ئەو پەیوەندیانە لە چەند لایەكەوە هەوڵی بۆ دراوە.

لە (2024/5/13) برێت ماکگۆرک بە سەرۆکایەتى شاندێک سەردانى ریازى کرد، ئامانج لەو سەردانە گفتوگۆ بوو لەسەر هەنگاوەکانى سعوودیە بەرانبەر دەسەڵاتى سووریا، لەدواى سەردانەکە حکومەتى فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیرى دەرەوەى سعوودیە سەردانى دیمەشقى کرد، ئەو سەردانە ئاماژەیەکى بەهێزە لەسەر خواستى واشنتن بۆ هەماهەنگى لەگەڵ سعوودیە بە ئاراستەى سووریا و بەکارهێنانى.

 لە (27/7/2024) ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، "دوای دە ساڵ وڵاتەکەمان پلانی هەیە باڵیۆزەکەی بنێرێتەوە بۆ سووریا، ئەمەش دەبێتە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ پەرەدان بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان".

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا باسی لەوەش کرد، "لامان گرنگە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ سووریا دابمەزرێنینەوە بۆ ئەوەی ڕووسیا هەژموونى خۆى لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕتر نەکاتەوە و بەسەر وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا نەسەپێنێت".

لە (27/7/2024) وڵاتانی ئیتاڵیا و نەمسا و كرواتیا و چیك و  قوبرس و یۆنان و سلۆڤینا و سلۆفاكیا یاداشتێكیان واژۆ كردووە ئاراستەی جۆزیب بۆریل، نوێنەری باڵای یەكێتی ئەوروپایان بۆ كاروباری سیاسەتی ئاسایشی دەرەوە كردووە، لەو یاداشتانە پێشنیاری ئەوەیان كردووە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ حكومەتی سووریا بەهێزبكەنەوە و نێردەیەكی تایبەت بە سووریا دیاری بكەن، لە لایەكی دیكەوە قەتەر و سووریا بە نێوەندگیری توركیا دەستیان بە گفتوگۆكردووە.
هەڵوێستی نوێی ئەوروپا لەدوای چەند سەردانێكی شاندە ئەمنی و سیاسیییەكانیانە بۆ دیمەشق، كە دیارترین سەردانی ژەنەڕاڵ جانی كارڤیلی، سەرۆكی هەواڵگری ئیتاڵیا بوو بۆ دیمەشق، كە لەكۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ سەردانی دیمەشقی كرد، ئەوەش بۆتە هۆی درووستبوونی كەشێكی نوێ كە دەخوازێت چاو بە هەڵوێستی نەرێنی ئەوروپا بخشێندرێتەوە كە لە ساڵی (2011) بەرانبەر دیمەشق گرتۆتییەبەر.

هەماهەنگى ئەمەریکا و ئیسرائل لەگەڵ سووریا

سەبارەت بەو پاشەکشەیەى لە دۆسیەى سووریا ئیدارەى جۆ بایدن، رۆژنامەى واشنتن پۆست ئاماژە بەوە دەکات ئیسرائیل و ئەمەریکا لە رێگەى هەمەهانگى لەگەڵ دەسەڵاتى دیمەشق بە سەرۆکایەتى بەشار ئەسەد هەوڵى لاوازکردنى هەژموونى ئێران لە سووریا دەدەن.

رۆژنامەکە باس لەوە دەکات ئیسرائیل و ئەمەریکا دەیانەوێت هاوکارى دیمەشق بکەن بۆ ئەوەى رێگەبگرێت لە بەردەوامى هاوکارییەکانى ئێران بۆ حزبوڵڵا لە رێگەى خاکى سووریاوە.

بەرپرسانى واشنتن و تەلئەبیب بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، ئەگەر هەیە بەشار ئەسەد رێگە لە ئێران بگرێت لە رێگەى خاکى وڵاتەکەى هاوکارى حزبوڵڵا بکات، چونکە ئەسەد لە بوونى هێزەکانى ئێران لە دیمەشق ناڕازییە.

بەرپرسێکى ئیسرائیلى بە رۆژنامەى واشنتن پۆستى گوتووە، هیوادارین بتوانین وا لە بەشار ئەسەد بکەین لاى کەمى هاوکارییەکانى ئێران بۆ حزبوڵڵا بە رێگەى سووریا بۆ لوبنان رابگرێت، ئەگەر بەشار ئەسەد بەوە رازى بێت، ئیدارەى بایدنیش خواستى جێبەجێکردنى هەندێک بەرژەوەندى بۆ ئەسەد هەیە.

رۆژنامەى واشنتن پۆست پێشتر بڵاویکردبۆوە، لە سەرەتاى ئەمساڵ بڵاویکردەوە، سیاسەتى ئەمەریکا بەرانبەر سووریا لەسەردەمى بایدن، پێچەوانەى چاوەڕوانییەکان بوو، لەبرى دوورخستنەوەى بەشار ئەسد هێشتنەوەى ئەو دەسەڵاتە بێزراوەیە، ئیدارەى ئەمەریکا هانى ئەوە دەدات جێدەستى لە شیاندنەوەى دیپلۆماسى سووریا و گێرانەوەى دیاربێت.

برێت ماکگۆرک و ناکۆکییەکانى لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ

برێت ماکگۆرک، بە داکۆکیکار لە باکوورى رۆژئاواى سووریا دادەندرێت، دژ بە ئۆپراسیۆنەسەربازییەکانى تورکیا بوو بۆ سەر هێزەکانى سووریاى دیموکرات، لە درووستکردنى پەیوەندى نێوان ئەمەریکا و هەسەدە رۆڵى سەرەکى هەبوو. 

ئەوەش وایکردووە پەیوەندییەوکانى  برێت ماکگۆرک، راوێژکارى جۆ بایدن بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقیا لەگەڵ تورکیا پەیوەندیەکى ئاڵۆز بێت، ماکگۆرک پەیوەندییەکانى لەگەڵ خودى دۆناڵد ترەمپ ئاڵۆز بوو، چونکە دژ بە کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە رۆژئاواى کوردستان.

ماکگۆرک لە سەردەمى جۆرج دەبلیو بووش، لەدواى ئازادکردنى عێراق دەستى بەکارکردن کردووە، لە سەردەمى بارک ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ، تەرکیزى لەسەر سووریا و عێراق بوو.

لەدواى سەرکەوتنى دۆناڵد ترەمپ لەو کەسانە دەبێت پۆستەکانیان جێدەهێڵن، لەبەر ناکۆکییە قووڵەکانى لەگەڵ ترەمپ، کاتێکیش لە (2018) دەستى لەکارکێشایەوە وەک نێردەى تایبەت بۆ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش دۆناڵد ترەمپ گوتى، برێت ماکگۆرک ئەو کەسەى کە نایناسم، لە (2015) لە لایەن باراک ئۆباما دیاریکراوە، پێویستە مانگى شوباتى داهاتوو دەستلەکار بکێشێتەوە، بەڵام پێش ئەو وادەیە دەستى لەکارکێشایەوە، ئەوە هەواڵە درۆیەکانە ئەو رووداوە درووست دەکەن، ئەوەش بریتییە لە هیچ شتێک." لەبەرانبەردا ماکگۆرک هیچ وەڵامێکى راستەوخۆى لەسەر لێدوانەکانى ترەمپ نەدا، لە چەند بۆنەیەک رەخنەى لە ترەمپ گرت.

سەبارەت بە درووستکردنى ناوچەى ئارام بە قووڵاى (20) میل هێرشى کردە سەر ترەمپ و گوتى، ئەو پشێنیارە لەسەر هیچ شیکارییەکان بونیاد نەنراوە، ئەو ناوچەیە هەموو ناوچە کوردییەکان لە رۆژهەڵاتى سووریا دەگرێتەوە، هیچ هێزێکى ئامادە نییە ئەو بەرپرسیاریەتییە وەبگرێت، کاتیش بۆ درووستکردنى ئەو هێزانە نییە، لە کاتێدا ئامادەیە هێزەکانى ئەمەریکا ئەو ناوچەیە جیبهێڵێت.

مەکگۆرک پێیوابوو، دەستبەسەرداگرتنى ناوچە کوردییەکان لەلایەن هێزەکانى ئۆپۆزسیۆنى نزیک لە تورکیا دەبێتە هۆى ئاوارەبوونى هەزاران کورد، مەترسى لەسەر کۆمەڵگە مەسحییەکان لەو ناوچەیە درووست دەبێت.

سەبارەت بە ئیدارەى داهاتووش، دۆناڵد ترەمپرایگەیاند، جەنگ لە ئۆکراینا و ئەو ناوچەیە کۆتایى پێدەهێنێت، بەڵام رێگەکەى باس نەکردوو، بەڵکوو خێرایى باسى کرد و بەبێ ئاماکردنێک بۆى، بەڵام ترەمپ پیاوى بازرگانى و کار و گرێبەستەکانە، بە سیاسەتە پراگماتییەکانى ناسراوە، ئەگەر هەیە مامەڵەى لەگەڵ دەسەڵاتى سووریا ئاسایی بکاتەوە، فۆکەس بخاتە سەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانى وڵاتەکەى. 

لەقۆناغى سەرۆکایەتى یەکەمى ترەمپ ئاراستەیەکى نا کلاسیکى لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەى سووریا گرتەبەر، باس لەوە دەکرێت هێڵەسوورەکانى ئۆباماى بەزاند، لە مانگى نیسانى (2017) بە مووشەکى تۆما هۆک لە فڕۆکەخانەى شەعیراتى دا، بەڵام جەختى لەسەر بەرەنگاربوونەوەى رێکخراوى تیرۆرستى داعشى لە رۆژهەڵاتى سووریا کرد، دواتر ترەمپ گوتى، ئەسەد گازى ژەهراوى بەکارهێناوە بۆ کوشتنى خەڵکێکى زۆر، داوا لە هەموو نەتەوە شارستانییەکان دەکەین بۆ کۆتایهێنان بەو کۆمەڵکوژى و رشتنى خوێن لە سووریا.

درووستکردنى هاوسەنگى نێوان پاڵپشتى هاوپەیمانەکانى واشنتن لە باکوورى رۆژهەڵات و هەماهەنگى لەگەڵ تورکیا دۆسیەکى سەخت دەبێت لەبەردەم ترەمپ، بەڵام پێشتر تێگەیشتنێکى لە مەترسییە ئەمنییەکانى ئەنقەرە نیشانداوە، ئەگەریش هەیە فشار بکاتە سەر ئەنقرە بۆ پارێزگارى لە هەر بەریەکەوتنێک کاریگەرى لەسەر بەرژەوەندییەکانى واشنتن هەبێت.

هەڵوێستى پێشووى ترەمپ لەسەر هەسەدە

لە (2019) بە رۆژنامەنووسانى گوت، ئێستا کاتى گەڕانەوەیە بۆ نیشتیمان،دەربارەى هێرشى تورکیاش بۆ سەر هەسەدە و پارتى کرێکارانى کوردستان گوتى، ئەوانە فریشتە نین.

چاوەڕوانییەکان لە ئیدارەى نوێى ئەمەریکا بەرانبەر سووریا

تەسفى ئیبریل، شرۆڤەکانى سیاسى لە رۆژنامەى (هارتس)ى ئیسرائیلى دەڵێت، "لە (2019) دۆناڵد ترەمپ رەزامەندى لەسەر لەسەر یاساى قەیسەردا، کە سزاى توندى بەتایبەت بەسەر سووریا سەپاند، بەڵام ترەمپ تا ئێستاش خواستى کشانەوەى هێزەکانى وڵاتەکەى لە سووریا هەیە، کە ژمارەیان (900) سەربازن لە سووریا.

هێنانەدى ئەو ئامانجە پێویست دەکات لەپێناو پاراستنى سەلامەتى کوردەکان، کە هاوپەیمانى ئەمەریکا بوون لە جەنگى دژ بە داعش هاوکارى سووریا و تورکیا بکات.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانى دەڵێت، بەدوور دەزاندرێت ترەمپى عاشق گرێبەستە گەورەکان دووبارە پێداچوونەوە بە سیاسەتى ئەمەریکا لە سووریا بکات، هەنگاوێک پێشنیار بکات، ئێران لە سووریا دوور ناکەوێتەوە، بەڵام ئەگەر هەیە گرەنتى ئەوە بکات چەک لە رێگەى سووریاوە ناڕوات بۆ لوبنان، جگە لەوەش بەشار ئەسەد دەبێتە هاوبەشێکى هێمن لە رێککەوتنى لوبنان.  

تورکیا و ستراتیژى نوێى ئەمەریکا

رۆبەرت فۆرد، باڵیۆزى پێشووى ئەمەریکا لە سووریا دەڵێت، پێویستە ئەوە بیرخرێتەوە، کە ستراتیژیەتى دیپلۆماسى لە پڕۆژەى "2025" پێشنیارى کەمکردنەوەى پەیوەندییەکانى ئەمەریکاى لەگەڵ دەسەڵاتى فەڵەستین کردووە، بەڵام هانى بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ تورکیا کردووە، ستراتیژیەتەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، ڕکابەرى جیهانى ئەمەریکایە لەگەڵ رووسیا و چین، بۆیە لەسەر واشنتن پێویستە گرەنتى مامەڵەى ئەنقەرە بدات لە بەرەى رۆژئاوا، پلانەکە دان بەوەش دادەنێت، کە پێویستە رێککەوتن لەگەڵ تورکیا بکرێت تاوەکوو واشنتن دەستبەردارى یەکینەکانى پاراستنى گەل بێت، کە تورکیا بە مەترسییەکانى ئەمنى دەزانێت.

کارۆلین رۆز، بەرێوەبەرى پەیمانگەى نیولاینزدەڵێت، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتى رەها دەداتە بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل بۆ ئەوەى بە تەواوى لە لێدان لە ئێران و گرووپە شیعەکان دەستکراوە بێت.

كارۆڵین پێیوایە، چاوەڕوان دەکرێت ئیدارەى ترەمپ پاڵپشتى ئیسرائیل بکات بۆ هێرشکردنە سەر چەند ناوچەیەک لەناوخاکى سووریا، کە گومانى هەبوونى چالاکى حزبوڵڵایان لێدەکرێ.

دەربارەى هێزەکانى ئەمەریکاش روز پێشبینى ئەوە دەکات، ئیدارەى ئەمەریکا ژمارەیەکى زۆر لە هێزەکانى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکێشێتەوە، بەتایبەت لە بەشى باکوورى سووریا.

روز پێیوایى بەهۆى ئەوەى دۆناڵد ترەمپ بڕیارى کشانەوەى لە ناکاوى مانگى تشرینى یەکەمى (2019) بۆیە ئەگەر هەیە سەرلەنوێ بڕیارێکى لەو جۆرە بدات، تەنانەت ئەگەرى هێرشى تورکیاشى بۆ سەر هەسەدە لێ بکەوێتەوە.

ئیریک هام، چاودێرى سیاسى ئەمەریکى دەڵێت، سیاسەتى دەرەوەى دۆناڵد ترەمپ لە نێوان ساڵانى (2016 بۆ 2020) سیاسەتێکى جێگر نەبوو، پەیوەندییەکانى لەگەڵ سعوودیە و ئیسرائیل ئەرێنى بوو، سەبارەت بە ئێران و کورد و سووریاش ترەمپ هیچ هۆکارێک بۆ هاوسەنگى یاخود درووستکردنى زەمینەیەکى هاوبەش هەبێ، بۆیە بە دوور نازاندرێت گۆڕانکارییەکى ریشەیى یاخود گەورە لە دۆسیەکانى ناوچەى سووریا هەبێت، بە دیاریکراویش لە چوارساڵى دەسەڵاتەکەى لە پۆستى سەرۆکایەتى.

دیاریکردنى کەسایەیتیەکانى نزیک لە رووسیا و تورکیا بۆ ئیدارەی نوێی ئەمەریكا

زۆرجار لە پەیوەندییە سیاسییەکان دیاریکردانى کەسەکان بۆ پۆست وەک ئاماژەى ئەرێنى لە پەیوەندییە سیاسییەکان سەیر دەکرێت، هەریەک لە رووسیا و تورکیا رۆڵى سەرەکییان لە دۆسیەى سووریا هەیە، لە ئیدارە تازەیە دۆناڵد ترەمپ دوو کەسایەتى دیارى کردووە لە ئەنقەرە و مۆسکۆ نزیکن، لە پاڵ ئەوەشدا هەندێك كەسایەتی دیكە دیاریكراون دژ بە توركیان.

لۆلسى گابارد، لایەنگرى رووسیا

تۆڵسى گابارد، کە لە دیموکراتەکانجیابۆوە چووە پاڵ کۆمارییەکان بە پاڵپشتى رووسیا ناسراوە، دۆناڵد ترەمپ بۆ ئیدارەى نیشتیمانى هەواڵگرى ئەمەریکى دەستنیشانى کردووە، دیاریکردنى بۆ ئەو پۆستە کە پێشتر بەڕێوەبەرى هەواڵگرى نیشمانى بووە پرسیارى درووستکردووە کە لە مانگى کانوونى دووەمى (2017) ئەو کاتە ئەندامى کۆنگرێس بووە بۆ بەدواداچوون سەردانى سووریاى کردووە، لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکى سووریا کۆبۆتەوە.گابارد ئەو کاتە لە لاپەڕەى خۆى نووسی بۆ دیدار و گوێگرتنى راستەوخۆ بۆ گەلى سووریا ئەو سەردانەى کردووە، جەنگێکى وێرانکەر لەو ناوچەیە.

گوتیشى چاوم بە بەشار ئەسەد کەوتووە، کە لەلایەن ئێران و رووسیاوە پاڵپشتى دەکرێت، تۆمەتبارە بە کوشتنى هەزاران خەلک و وێرانکردنى رووبەرێکى فراوانى ئەو وڵاتە، سەبارەت بە هۆکارى چوونى دواتر لە دیدارێکى لەگەڵ جیک تابر لە تۆڕى هەواڵى سی ئێن ئێن گوتى، بەهۆى ئازارەکانى گەلى سووریا کە نیگەرانى کردبووم سەردانى سووریام کرد.

دیاریکردنى محەمەد ئاوەز

محەمەد ئاوەز، پزیشکى دڵە و بەرەگەز تورکە پێشتر پێشکەشکارى بەرنامەى تەلەفیزیۆنى بۆ پۆستى سەرپەرشتى تۆڕەکانى پارێزگارى تەندروستى کۆمەڵایەتى دیارکردوو، دۆناڵد ترەمپ لە راگەیێندراوێکدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، د.ئاوەز پێشەنگە لە هاندانى خۆپارێزى لە نەخۆشییەکان تاوەکوو ئەنجامێکى باشتر لە جیهان بەدەست بهێنین بەرانبەر ئەو هەموو دۆلارەى لە چاودێرى تەندروستى لە وڵاتەکەمان خەرجى دەکەین.

ئاوەز کوڕى کۆجبەرێکى تورکە، لە ساڵى (2022) وەک کاندیدى پێنسلیڤانیا بۆ ئەنجوومەنى پیران لەسەر لیستى کۆمارییەکان چووە ململانێ، بەڵام شکستى هێنا.
محەمەد بەو دواییە پاڵپشتى خۆى بۆ کاندیدکردنى رۆبەرت کیندی جۆنیۆر لە وەزارەتى تەندروستى و خزمەتگوزاریى مرۆیى کرد، سەبارەت بە ئایندارییەکەى د.ئاوەز لە دیمانەیەکى بى بى ئێس لە مانگى کانوونى دووەمى (2009) دەڵێت، کەسێکى سۆفیم، کەسوکارى باوکم ئاین لەپێشنیە دادەنین، بنەڕەتێکى سەرەکییە لە ژنیان، بەڵام کەسوکارى دایک عەلمانین، زۆر دژى ناسنامەى ئیسلامەتیم بوو.
ترەمپ دەڵێت، محەمەد ئاوەز کار لەسەر دانانى بەهەدەردان و فێڵکردن لە ناو گرانترین ئاژانسى وڵاتەکەمان دەکات، کە سێیەکى دڵنییمان بۆ چاودێرى تەندرووستییە، چواریەکى بوودجەى کامڵى نیشتیمانییە، دکتۆر محەمەد ئاوەز بە دۆستى ئەردۆغان دادەنڕیت، لە مانگى ئایارى ئەمساڵ لە واشنتن سەردانى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیاى کردووە.

ئەردۆغان چاوەڕوانى بڕیارى دۆناڵد ترەمپ دەکات

ئەردۆغان، گەشبینە لەدواى دەستبەرکاربوونى دۆناڵد ترەمپ هێزەکانى لە سووریا بکشێنێتەوە، ئەردۆغان ئەزموونى بڕیاردانى ترەمپ بۆ کشانەوەى هێزەکانى وڵاتەکەى لە سووریا هەیە، لە مانگى تشرینى یەکەمى (2019) لە ناکاو بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکاى لە سووریا دا، تەنیا بەشێک لە سەربازەکانى بۆ پارێزگارى لە وێستگە نەوتییەکان هێشتەوە.

ئەردۆغان جەختی لەسەر دۆسیەی پەیوەست بە پشتێنەی ئەمەنی (30 بۆ 40) كیلۆمەتر لەسەر سنووری وڵاتەكەی لەگەڵ سووریا و عێراق كردەوە، گوتیشی، "گفتوگۆكانمان لەگەڵ ترەمپ لە قۆناغی نوێ لەسەر دۆخی رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام دەبێت، سەرۆكی توركیا دەشڵێت، "بۆ نموونە هەڵسەنگاندن بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا دەكەین، چۆن كۆتایی بە پاڵپشتیەكانی واشنتن بۆ یەپەگە و بەیەدە و پارتی كرێكاران بهێنن."

هەسەدە هۆشدارى دەدات

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات هۆشداری دەدات لە ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا ئاڵۆزی گەورە لەو ناوچەیە روودەدا، ئیلهام بە رۆژنامەی دیر شبیگلی ئەڵمانی راگەیاندووە، ئاسایش و سەقامگیری ئیدارەی خۆسەری لە رۆژئاوای سووریا پشت بەردەوامی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەو ناوچەیە دەبەستێت، ئەگەر ئەمەریكا هێزەكانی بكشێنێتەوە، بۆشایی دەسەڵات دەقۆزرێتەوە، بەتایبەتیش توركیا، دەستبەجێ شەڕ هەڵدەگیرسێ.

ئیلهام لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دەڵێت، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری لە باكووری رۆژهەڵات سێیەكی خاكی سووریا دەگرێتەوە، ئەو ناوچەیەش هەڕەشەی دەستدرێژی چەندین لایەنی لەسەر، هێزەكانی سووریای دیموكراتیش بە هاوكاری لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا هەزاران ئەندامی رێكخراوی تیرۆرستی داعشیان دەستگیركردووە و پارێزگارییان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری كردووە.

هاوسەرۆکی هێزەكانی سووریای دیموكرات جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، سەرەڕی ئەوەش كوردەكانی سووریا هەست دەكەن لەگەڵ گۆڕانكارییە جیۆسیاسییەكان و زیادبوونی فشاری زیاتر لەدەرەوە بۆ سەر ئەمەریكا بۆ كەمكردنەوەی هێزەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی زیاتر دەستبەرداریان بووە.

ئیلهام ئەحمەد دەشڵێت، دۆناڵد ترەمپ لە (2019) بە شێوەیەكی لە ناكاو هێزەكانی لە سووریا كشاندەوە، ئەوەش وایكرد خۆپاراستن لەو بڕیارە لە رێگەی هەوڵی دیپلۆماسی كارێكی قوورس بێت.

ئیلهام ترسی لە بڕیارە هاوشێوەكانی ئیدارەی نوێی ترەمپ هەیە، دەشڵێت، "ئیدارەی خوسەری كە كورد سەرۆكایەتی دەكات خراوەتە بەردەم هەڕەشە نوێكانی توركیا و گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران و پاشماوەكانی داعش."

لە لایەکى دیکەوە، سینام محەمەد،نوێنەرى (هەسەدە) لە ئەمەریکا دەڵێت، ئەزموونێکى ناخۆشمان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هەیە، نکۆڵى لەوە ناکەین کاتێک واشنتن بڕیارى کشانەوەى لە سووریا دا تووشى هەستمان بە بێهیوایى کرد، کە هاوپەیمانەکانمان ئێمەیان خستەبەردەم هەڕەشەکانى تورکیا، کە ناوچەکانى لە باکوورى سووریا داگیرکرد.

سەبارەت بە گەڕانەوەى ئەمجارەش محەمەد دەڵێت، بەڵام ئەمجارە بە ئەرێنییەوە لە گەڕانەوەى ترەمپ دەڕوانین، هیوادارین ئەزموونى رابردوو دووبارە نەبێتەوە، پێشمان وایە دیدى ترەمپ ئەمجارە بە تەواوى لە رابردوو جیاوازە.

نوێنەرى هەسەدە پێیوایە سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمەریکا پیاوى ئاگرکوژێنەوەیە، بەڵام ترسمى گەورەمان لەو بۆمبە تەوقیتکراوەیە کە لە ناوچەکانى ئیدارەى خۆسەرى هەیە، کە کەمپى هۆل هەزاران خێزانى داعشى لەخۆى گرتووە، لە پاڵ ئەوانەش ئەمیر و چەکدارانى داعشە لە زیندانەکان.

درووستکردنى زەمینەى رێککەوتن لەنێوان تورکیا و ئیدارەى خۆسەرى

دەربارەى نزیکبوونەوەى رووسیا و واشنتن، نوێنەرى هەسەدە دەڵێت، نزیکبوونەوەى هەسەدە رۆڵى سەرەکى لەسەر چارەسەرى سیاسى دەبێت، ئەو نزیکبوونەوەش تەنیا کاریگەرى لەسەر رۆژهەڵاتى ناوەڕاست نابێت، بەڵکوو کاریگەرى لەسەر جیهان دەبێت.

دەربارەى پەیوەندییەکانى تورکیا و ئەمەریکاش دەڵێت، ئەنقەرە و واشنتن پەیوەندیان بە چەند قۆناغێک تێپەڕیووە، بەڵام بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان ئاراستەى پەیوەندییەکان دەکەن، دەخوازین واشنتن کار لەسەر درووستکردنى زەمینەى رێککەوتن لەنێوان ئیدارەىى خۆسەرى و تورکیا بکات، سەرەڕاى هەڕەشەکانى ئەم دوایەى تورکیا، جەخت لەسەر چارەسەرى سیاسى بۆ هەر ناکۆکییەک دەکەینەوە، بەتایبەت قۆناغى داهاتوو قۆناغى دیپلۆماسى دەبێت بۆ چارەسەر ناکۆکییەکان.

دەرئەنجام: 

چاوەڕوان دەکرێت، پەیوەندییەکانى تورکیا و ئەمەریکا سەبارەت بە دۆسیەى سووریا بەراورد بە رابردوو لێتێگەیشتنى زیاترى تێدا بێت.

تورکیا هەموو لێکتێگەیشتنێکى نێوان سووریا و وڵاتانى جیهان لە بەرژەوەندى خۆى دەقۆزێتەوە، هەوڵ دەدات ببێت بە بەشێک لە چارەسەرییەکانى دۆسیەى سووریا.

ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى سووریا لەگەڵ ئیمارات و سعوودیە، دەبێتە دەروازیەک بۆ درووستکردنى پەیوەندى ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا و کەبوونەوەى فشارەکانى ئەمەریکا لەسەر سووریا.

بێلایەنکردنى سووریا و رێگریی لە بەکارهێنانى خاکەکەى لەلایەن گرووپە چەکدارەکانى ئێران و حزبوڵڵاى لوبنان وا لە ئەمەریکا دەکات نەرمى زیاتر بەرانبەر دیمەشق بنوێنێت.

هێزەکانى سووریاى دیموکرات دەترسن هاوشێوەى رابردوو دۆناڵد ترەمپ بڕیار لەسەر کشانەوەى هێزەکانى لە رۆژئاواى کوردستان بدات..

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین