ئەردۆغان و میری قەتەر لە ئەنقەرە کۆبوونەوە تورکیە

نوچە نێت

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پێشوازی لە شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئەمیری قەتەر کرد، لە دیدارەکە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان و بەتایبەت پێشهاتەکانی سووریا و ئاگربەستی غەززە یان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە (17/کانوونی یەکەم/2024) ماڵپەڕی (a habar) بڵاویکردەوە، ئەمشەو میری قەتەر بە سەردانێکی لەناکاو گەیشتە ئەنقەرە و لەلایەن سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە پێشوازی لێکرا و بەیەکەوە کۆبوونەوە، لە دیدارەکە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەردوو وڵات و پرسە جیهانیەکان و ناوچەیی و بەتایبەت رووداوەکانی سووریا و ئاگربەستی غەززەیان تاوتوێ کرد.
ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکە میری قەتەری راگەیاند، "ئێمە لەپشت ئیدارە و گەلی سووریا وەستاوین بۆ پاراستنی ئاسیشی یەکپارچەیی و یەکگرتووی پێکهاتەکانی خاکی سووریا، داواش دەکەم بەیەکەوە لەگەڵ کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان هاوکاربین بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە."
سەرۆکی تورکیا سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سنوورەکانی وڵاتەکەی دەڵێت، "تورکیا لەپێناو پاراستنی سنوورەکانی و کۆتایی هێنان بە ناسەقامگیری خاکی سووریا دەستبەجێ شەڕ دەکات لەگەڵ رێکخراوە تیرۆرستەکانی سووریا و بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی."
ئەمەش لەدوای ئەوەدێت بڕیارە نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی  ئیسرائیل سەردانی قاهیرە بکات و بەرپرسانی حەماسیش ئاشکرایان کردووە، کە لەوانەیە ئاگربەستن لەنێوان ئیسرائیل و حەماس رابگەیەندرێت، لە پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، گرینگە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە دەتوانین کار لەگەڵ تورکیا و میسر و قەتەر بکەین.
سەردانی میری قەتەر بۆ تورکیا لە کاتێکدایە، بڕیارە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی میسر بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین