فەرەنسا دەیەوێ لە چى دەرگایەکەوە بێتەوە ناو عێراق؟ میدیا

نوچەنێت:

سەردانى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ فەرەنسا، لە ناوەندە مێدیایى و ڕاگەیاندنە گەورەکاندا، خوێندنەوەى جیاواز و گرنگى بۆ کرا.

لە دیمانەیەکى کەناڵى زاگرۆسى عەرەبیە لە (30-3-2021)دا، د. کاوە شاوەلى مامۆستاى زانکۆ لە پاریس و سەعدون مەسعودى شرۆڤەکارى سیاسى و نووسەرى عێراقى، پێیانوایە فەرەنسا دەیەوێ بە شێوەیەکى دیکە بگەڕێتەوە عێراق، وە دەتوانێ ئەو ئامانجە بپکێ، بەو پێیەى هەمیشە لە ناوچە فەرەنسا ڕۆڵى نیوەندگیرى هەبووە و دەوڵەتێکە خاوەن متمانەیەکی زۆرە، وە فەرەنسا هەمیشە ڕۆڵی ناوبژیوانی بینیووە، توانیویەتی ململانێکان بوەستێنێ و قۆناغی ژیانی ئاسایی دەستپێبکاتەوە، لە نێوان لایەنەکان ناکۆکەکان، بەتایبەت لە عێراق. 

سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ کۆشکى ئێلیزێ، بە بڕواى ئەو دوو شرۆڤەکارە سیاسییە ئاماژەیە بۆ کارکردنى پێکەوەیى لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى لەسەر دۆسیەى عێراق و ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا و دروستکردنى سەقامگیرى لە عێراق، بە پێی هەموو بۆچوونەکان هەرێمى کوردستان و سەرۆکى هەرێمى کوردستان خاڵ و کەسى یەکەمن بۆ یارمەتیدانى فەرەنسا لەم جێبەجێکردنى پڕۆژەکانی لە عێراق و ناوچەکە. 

 

دەقى دیمانەى د. کاوە شاوەلى مامۆستاى زانکۆ و سەعدون مسعودى شرۆڤەکارى سیاسى:

ــ گرنگی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی و دەرکەوتنی لە ئێلیزێ بۆ جارێکی دی و لەم کاتەدا چییە و ڕەهەندەکانی ئەو گرنگییە چین؟

د. کاوە شاوەلی: دیارە ئەمە یەکەم سەردان نییە، پێشووتر سەرکردەکانی کورد و بە تایبەت سەرۆک و مەرجەع مەسعود بارزانی سەردانی پاریسیان کرد و دەرگای پەیوەندییەکی نوێی دیپلۆماسییان کردەوە، لەنێوان کوردستان و فەرەنسا، سەبارەت بە نێچیرڤان بارزانیش ئەمە سێیەم جارە سەردانی ئیلیزێ دەکات و چوارەمین جاریشە سەرۆکی فەرەنسا دەبینێت، دیارە ئەم سەردانەش ئامادەسازیی بۆ کراوە، هەر ئەو کاتەی ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی بەغدای کرد و لەوێ نێچیرڤان بارزانی بینی، بە فەرمی داوەتی پاریسی کرد و ئومێدی خواست لەوێ بیبینێتەوە، کاتی سەردانەکەش گرنگ و هەستیارە، بەو پێیەی عێراق بە دۆخێکی ناسکی ئەمنیدا تێدەپەڕی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەستیارن و وڵاتانی زلهێزی وەکو فەرەنساش دەیانەوێت ڕۆڵێکی کاریگەرتریان هەبێت لە عێراقدا بۆ سەقامگیرکردنی زیاتری عێراق، چونکە تاوەکو دۆخی ئاساییشی عێراق سەقامگیر نەبێت، دۆخی ناوچەکەش سەقامگیر نابێت.

 کەواتە فەرەنسا دەتوانێت لە چ دەرگایەکەوە بێتە ژوورەوە؟ هاتنەژوورەوەى راستەوخۆ لە ڕیگای بەغداوە ئاستەمە، بۆیە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەیەوێت بێتە ژوورەوە! بە تایبەت لە ڕیگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە پەیوەندییەکی فراوانی هەیە و تێگەیشتنێکی باشی بۆ دۆخی عێراق هەیە، بۆیە ئەو دیدارە ئامادەسازییە بۆ قۆناغی داهاتوو، بۆ باسکردنی بابەتە ئەمنی، سیاسی، ئابووری و مرۆییەکان، بە تایبەت بابەتی ئاوارەکان، کە بەلای فەرەنسییەکانەوە بابەتێکی ئێجگار گرنگە، فەرەنسییەکان زۆر هەستیارن بە بابەتی ئاوارەبوونی خەڵک لە جێگەی خۆیان و رۆیشتنیان بۆ ناوچەیەکى دیکە. سەردانەکە لەم کاتەدا و لە هەبوونی پەتای کۆرۆناشدا، گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان دەردەخات بەلای فەرەنسییەکانەوە، بە تایبەت پێگەی نێچیرڤان بارزانی، بۆ ئەم دۆخەی پەتای کۆرۆنا، بە دەگمەن وڵاتان دیداری لەم جۆرە و بەمشێوەیە ڕێکدەخەن! بۆیە من وایدەبینم دیدارەکە دیدارێکی گرنگە و لێکەوتەی ئەرێنی زۆری بەدوادادێت بۆ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتى، کە عێراق لە چاوەڕوانیی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدایە.

ــ پێتوایە ئەم سەردانە ڕۆڵی دەبێت لە دیاریکردنی ڕێگاچارە بۆ کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر؟

د. کاوە شاوەلی: من پێموایە فەرەنسا دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر ئەرێنی ببینێت لە عێراقدا، چونکە وەکو دەزانین ئەمەریکا و ئێران دوو وڵاتی هەرە کاریگەرن لەسەر عێراق، هەرکام لەم دوانە کارێک بکات، لایەنەکەی دیکە بە هەستیاری و نەرێنییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکات، بەڵام فەرەنسا دەتوانێت ببێتە لایەنی سێیەم، کە هەمووان ڕۆڵی ئەو قبووڵ بکەن و بە ئەرێنی وەریبگرن، هەرچی عێراقییەکانیشە ئەوە بە گەشبینییەوە دەڕواننە ڕۆڵی فەرەنسا لە وڵاتەکەیاندا، فەرەنسا خوازیاری پێگەیەکی کاریگەرە لە دیپلۆماسییەتی عێراقیدا. وەکو دەبینین لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدادا بابەتی هەڵواسراو و هەستیار هەن، زۆرکات بە سیاسییانە مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێ و بەڵکو کار لەسەر جووڵاندنی سۆزی خەڵكی دەکرێت لە بەرامبەریاندا، فەرەنسا دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە لێک نزیککردنەوەی بەغدا و هەولێر لەم بابەتانەدا، وەکو چۆن لە (2017)دا فەرەنسا ڕۆڵی هەبوو لە لێک نزیککردنەوەی ڕوانگەی هەولێر و بەغدا، کە ئەگەر ڕۆڵی فەرەنسا نەبووایە ڕووداوەکان ئاراستەیەکی باشیان وەرنەدەگرت. پاش ئەوەی شاندی عێراقی بینی بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، دوای چەند ڕۆژێک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی فەرنسا کرا و بەمجۆرە ڕۆڵێکی تاکەکەسیشی بینی لە لێکنزیککردنەوەی هەولێر و بەغدا. 

ماکرۆن کاری کرد بۆ لێک نزیککردنەوەی بۆچوونەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو. ئێستاش فەرەنسا دەتوانێت ڕۆڵی نێوەندگێر ببینێ، بەو پێیەی فەرەنسا وڵاتێکی ڕێزلێگیراوە لەلایەن هەموو لایەنەکان، فەرەنسا گرنگیی بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەدات و خوازیارە سەقامگیری ئەمنی باڵبکێشێ بەسەر هەموو عێراقیشدا. 

ــ فەرەنسا لەڕووی مێژووییەوە کاریگەریی زۆری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە، وەکو ئینتیدابی فەرەنسی بەسەر لوبنان و سوریا و ویلایەتی موسڵەوە، هەروەها پەیوەندیشی لەگەڵ ئێران باشە و کۆمپانیا نەوتی و پیشەسازییەکانیشی کاریگەرن بە تایبەت لەسەر ئێران، بە سەرنجدان لەمە چۆن دەڕوانیتە دیدارەکەی ئیلیزێ؟

د. کاوە شاوەلی: فەرەنسا ئێستاش کاریگەرە لەسەر ئەوانەی ئاماژەت پێکردن، لەسەر ئێران و عێراق و کوردستانیش، هەموو ئەوانەش متمانەیان بە فەرەنسا هەیە. هەریەک لە ئێران و عێراق و کوردستان و ئەمریکا متمانەیان بە ڕۆڵی فەرەنسا هەیە، بۆیە فەرەنسا دەتوانێت ڕۆڵ ببینێت. ئێستا سەردەمی سایکس پیکۆ بەسەرچووە و فەرەنسا جیاواز مامەڵە دەکات، خوازیارە ئاساییش و سەقامگیری باڵ بەسەر عێراقدا بکێشێ، عێراق وڵاتێکی فرەپێکهاتەیە و فەرەنساش ئەوە دەزانێت و سەرەتا لە دەرگای سەقامگیرکردنی ئاساییشی عێراقەوە دێتە ژوورێ، چونکە کە ئاساییش بەرقەراربوو، ئیدی نۆبەتى گەشەسەندنی ئابووری دێت، بۆ سەقامگیردنی ئەمنی، فەرەنسا دەتوانێت کار لەسەر ئێران بکات تاوەکوو ڕۆڵی هەبێت لە کاریگەری دروستکردن لەسەر هەندێک لایەنی ناو عێراق، فەرەنسا هەروەها دەتوانێت کار لەسەر هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی ڕۆڵی هەبێت لە فەراهەمکردنی سەقامگیریی ئەمنی لە عێراق، هەروەها دەتوانێ کار لەسەر وڵاتانی ئەوروپا بکات بۆ ئەم مەبەستە، بەو پێیەی یەکێکە لە وڵاتە دامەزرێنەرەکانی یەکێتیی ئەوروپا، ئەوە جگە لەوەی خۆیشی یەکێکە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاساییش.

فەرەنسا بە درێژايى مێژوو دۆستى كورد بووە، بۆيە دەتوانێ نێوەندگيرى بكات لە نێوان بەغدا و هەرێم و ببێتە دەرچەيەك بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان.

بە گشتى دەتوانیم بڵێین فەرەنسا دەوڵەتێکی ئێجگار گرنگە و خاوەن متمانەیەکی زۆرە. دەتوانم بڵێم لە هەموو ئەو ململانییانەی فەرەنسا ڕۆڵی ناوبژیوانی بینیوە، کاریگەر بووە و توانیوویەتی ململانێکان بوەستێنێ و قۆناغی ژیانی ئاسایی دەستپێبکاتەوە! بۆ عێراقیش، وەک دەبینین دۆخەکە سەختە و تاوەکو لە هەڵبژاردنیش نزیکببینەوە بابەتەکان خراپتر دەبن، چونکە لایەنەکان لەپێناوی بەدەستهێنانی سەرنجی دەنگدەراندا ململانێی یەکتر دەکەن و ئەوەش ناکۆکییەکان قووڵتر دەکاتەوە، فەرەنسا دەیەوێت هەڵبژاردنەکان خاوێن و ئازاد و دیموکرات بن و خەڵک بە ئازادی دەنگی خۆیان بدەن و ئەوانەش کە دەردەچن و حوکم دەگرنە دەست بە ڕێکوپێکی و دیموکراسییانە پەیڕەوی بکەن، فەرەنسا دەیەوێت عێراقییەکان تێبگەیەنێت کە دەتوانن بە ئەمانەتەوە حکوومی وڵاتی خۆیان بکەن، فەرەنسا هەمیشە بیری عێراقییەکان دەهێنێتەوە، کە عێراق وڵاتی شارستانێتییەکان بووە و کۆمەڵێک بەهای لێوە هەڵقوڵاون کە ئێستاش پیادە دەکرێن، هەر لە پەیدابوونی سەرەتای نووسین تاوەکو کشتوکاڵ و تەنانەت بازرگانی و پەیوەندیی دیپلۆماسیش کە لە دێرزەمانەوە لە عێراق سەریان هەڵداوە، بۆیە بیریان دەخاتەوە کە ئەوەندە ئاڵۆز نییە ئەم سەردەمەش بتوانن پێکەوە لەسەر مێزێک کۆببنەوە و بگەنە ئەنجام و حوکمرانییەکی باش. کەواتە فەرەنسا ڕۆڵیکی زۆر ئەرێنی وەردەگرێت، هەنگاوەکانیشی دەستپێکردووە، ئەم دیدارەی ئیلیزێ-ش یەکێکە لە قۆناغەکان و هەنگاوەکان.

ــ  سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنساش جان ئێف لۆدریان هەبووە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت چی لە فەرەنسا بەدەستبهێنێت بۆ بەرەژەوەندی خۆی؟

د. کاوە شاوەلی: بەڕێز جان ئێف لۆدریان زۆر بە باشی ئاشنای پرسی کوردستانە، پێشتریش پۆستی وەزارەتی دەرەوە و پاشان وەزیری بەرگری هەبووە، کاتێ شەڕی داعشیش دەورووبەری دەجار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئاشنایەتی لەگەڵ سەرکردەکانی کوردستان هەیە، زۆر لە نزیکەوە و بە شەخسی ئاشنایەتی هەیە لەگەڵ سەرۆک و مەرجەع مەسعود بارزانی و زۆر بە باشی ئاشنای پرسی کوردە. دەتوانم بڵێم فەرەنسا بە هەرێمی کوردستانی وتووە کە بە هەموو ڕێگایەک پشتیوانتان دەبین تاوەکو لە بەغدا قورساییەکی زیاترتان هەبێت، ئەویش لەپێناوی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو. کورد متمانەیەکی باشی بە فەرەنسا هەیە، لۆدریانیش ئاشنای پرسی کوردە و ئاگاداری بابەتە شاراوەکانە و دەزانێت پلانی لایەنە عێراقییەکان چییە، بۆیە وایدەبینم ئەم دیدارەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەڕێز جان ئێف لۆدریان زۆر بەرهەمداردەبێت بۆ هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە دەوڵەتێکی بەهیزی وەکو فەرەنسا هەیە و خوازیارە فەرەنسا لێنەگەڕێت دۆخی عێراق بەمجۆرە بمێنێتەوە و ڕۆڵی ناوبژیوان بگێڕێت بۆ باشکردنی.

 نابێ ئەوە لەبیری بکەین کە پەیوەندییەکی هاوڕێیانەی مێژوویی هەیە لەنێوان سەرانی کورد و دەوڵەتی فەرەنسا، گەلی فەرەنساش هاوسۆزیی هەیە لەگەڵ گەلی عێراق و کورد، کە لە فەرەنسا دەگەڕێت و گەشت دەکەیت بە ئاسانی هەست بەو هاوسۆزییەیان دەکەیت، سەرکردەکانی فەرەنساش ئەم هاوسۆزییەیان بەرجەستە کردووە لە هەڵویستەکانیاندا. دیدارەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوە جان ئێف لۆدریان، وەکو تەواوکەری دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆک کۆمار ئیمانوێل ماکرۆن بووە، واتە لەگەڵ ماکرۆن بابەتەکان بە گشتی گەنگەشە کراون، دواتر بە وردی لەگەڵ لۆدریان ڕوونکراونەتەوە، دوای ئەوە شاندی دیکەش هاتوچۆ دەکەن بۆ باشکردنی وردەکاری و درێژەی زیاتر.

ــ فەرەنسا بەوە ناسراوە هاوسۆزیی زۆری هەبووە لەگەڵ جالیەکان و کەمایەتییە نەتەوەوەیی و ئاینییەکان، ئایا فەرەنسا هەستی بە مەترسی دۆخی عێراق کردووە لەم ڕووەوە، بە تایبەت کاتی پەسەندکردنی بودجە کە بەغدا بووە مەیدانی نماییشی سەربازی نافەرمی؟

د. کاوە شاوەلی: فەرەنسا جگە لەوەی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و متمانە لەنێوانیان هەیە، ئاساییشی هەرێمی کوردستانیشی بۆ گرنگە و نایەوێت ئەو هەموو نێردە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەی لە هەرێمی کوردستاندان بکەونە بەر مەترسیی گرووپە چەکدارەکان، فەرەنسا نیگەرانە لە گرووپە چەکدارە بێ ناسنامەکان کە عێراق و تەنانەت حەشدی شەعبیش نکۆڵی کردووە لێیان، ئەم گرووپانە مەترسین بۆ سەر هەموو عێراق، فەرەنسا نیگەرانە لەمە، چونکە ئەگەر ئەمانە ببنەهۆی پێکدادانی سەربازی لەنێوان هەرکام لە پێکهاتەکانی عێراق، ئەوە هەموو عێراق دەکەوێتە بەر مەترسی. شتێک هەیە بیزانن، فەرەنسا لە هیچ دەوڵەت و کیانێک نزیک نابێتەوە تاوەکو لە مێژوویان وردنەبێتەوە، بۆ عێراقیش بە باشی ئاشنان بە مێژووەکەی و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانییەتى.

ــ پێتوایە فەرەنسا لە بابەتی گرفتە ئەمنییەکانی دیکەشدا قسەی هەبێت؟ وەکو لەنێوان تورکیا و پەکەکە لە عێراق؟

د. کاوە شاوەلی: لە بابەتی پێششێلکارییە نێودەوڵەتییەکاندا لەنێوان وڵاتان، دەبێت ڕێز لە سەروەری وڵاتان بگیرێت، ئەم بابەتەش پەیوەندیی بە عێراق و تورکیاوە هەیە، بۆیە ئەگەر فەرەنسا لەمەدا قسە بکات دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستیارییەکی دیکە، فەرەنسا تەنیا دەتوانێت بڵێ نابێت تورکیا دەست وەربداتە ناو کاروباری عێراقەوە و هەمیشەش ئەمە دەڵێت، بۆ ئەمە دەبێت عێراق بابەتەکە بەرزبکاتەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاساییش و لەوێ بڵێت خوازیرین تورکیا ڕێزی سەروەریی خاکمان بگرێت، بەڵام عێراق ئەوکارەی نەکردووە و بگرە ڕێککەوتن لەنێوان تورکیا و عێراق هەیە و بۆ فەرەنسا قورسە قسەی تێدا بکات، فەرەنسا لەو بابەتانەدا قسەی دەبێت کە ئامانج لێیان دروستبوونی ئاساییش و خۆشگوزەرانییە. فەرەنسا با هەر بڵێت بۆچى تورکیا دەستوەردان لە عێراقدا دەکات، بۆچى ئێران دەستوەردان لە عێراقدا دەکات، بۆچی سعودیە دەستوەردان لە عێراقدا دەکات، ئێ بۆ هەموو ئەو بابەتانەش گرێیەکە لە بەغدا دەکرێتەوە و ئەوێ لایەنی پەیوەندیدارە و بڕیاری سیاسی بۆ ئەو بابەتانە لە بەغدایە و لای حکوومەتی عێراقە، ئەگەر بەغدا بڕیاری سیاسی بدات و داوای پشتیوانیی لە فەرەنسا بکات، ئەوکات فەرەنسا دەتوانێت هاوکار بێت.

ــ كەشەكە ئامادەيە بۆ كاركردن، تێبنى دەكرێت ناوى سەركردەكانى فەرەنسا لاى كورد ئاشنان، بە بۆچوونى ئێوە چۆن لە رۆڵى چاوەڕوانكراوى فەڕەنسا دەڕوانن لە سايەى بوونى بەڵێنى چارەسەرى نێودەوڵەتى و بەڵێنى بەهێزى ئابوورى، تۆتاڵ بە بڕى حەوت مليار دۆلار گرێبەستى لەگەڵ عێراق كردووە؟

سەعدون مەسعودى: ئەوەى مەترسى گرنگە بەلاى هەواڵگرى، گەڕانەوەى شانە نووستووەكانى داعشە، چونكە ئاماژە هەيە و زەمينە لەبارە داعش لە هەندێك ناوچەى چياى و زۆنگاوەكان لە ناوچەى سەڵاحەدين جووڵەى لەسەر دەكات، فەڕەنسا لەگەڵ هاوپەيمانى نێودەوڵەتى بەربەست دروست دەكەن لەبەردەم گەڕانەوەى داعش، چونكە فەڕەنسا و ئەوروپا زيانى زۆريان لە لايەن داعشەوە پێگەيشتووە، بەتايبەت دواى گەڕانەوەى ئەو كەسانەى لە ناو داعش بووينە گەڕاينەوە ئەوروپا، بەتايبەتيش ئەوانەى گەڕاينەوە بۆ فەڕنسا، كە چەندين تەقينەوە و كردەى تيرۆرستى لە پاريس و بۆردۆس ئەمنيس و ناوچەكانى تر روويدا، بۆيە ئەو سەردانە يەكەم بۆ چارەسەرى دۆخى ئەمنيە، پاشان دۆخى ئابوورى، ئێستا هەموو شتەكان لە هەولێر و سلێمانى دەستەبەر دەكرێن، بۆ راكێشانى وەبەرهێنانى فەڕەنسى بۆ ئەنجامدانى كاركردن، كە پێشتر لەگەڵ لايەنى فەڕەنسى رێكەوتنى لەسەركرابوو، بۆ ئەوەش فەڕەنسا چاوەڕوانى ئاماژەيە. 

فەرەنسا بە درێژايى تەمەنى دۆستى كورد بووە، بۆيە دەتوانێت وەك نێوەندگيرى بكات لە نێوان بەغدا و هەرێم سەبارەت بەو گفتوگۆيانەى دەربارەى بوودجە و هەندێك ناكۆكى تر كە تا ئێستا چاوەڕوانى دەرچەيەك دەكرێت، فەرەنسا دەتوانێت لە رێگەى ماكرۆن وەزيرى دەرەوەى كە پێشتر وەزيرى بەرگرى بووە، كاربكات بۆ چاكردنى پەيوەنديەكان، ئەو نێچيرڤان بارزانى و مەسعوود بارزانى زۆرباش دەناسێت و شارەزاى ناوچەكەيە و چەند جارێك سەردانى كوردستانى كردووە، كەواتە هەموو شتەكان ئامادەيە بۆ كاركردن.

فەرەنسا دەتوانێت ببێتە لایەنی سێیەمی لەناو کێشەکان و هەمووان ڕۆڵی ئەو قبووڵبکەن دەکەن.

ئەوەى كە گفتوگۆى لەسەركراوە و ئەوەشى گرێبەستى لەسەرکراوە چوار گرێبەستى گرنگ و ستراتيژييە لە بەغدا، ئەوە لە كوردستانيش دەكرێت، چونكە پابەندیيەكانى تۆتاڵ لەگەڵ كوردستان زۆر روون و كۆنە، دواى ئەوەى لەگەڵ ناوەند واژۆى كرد، چاوڕەوان دەكرێت لەگەڵ كوردستانيش بكات و گفتوگۆى لەسەركراوە، كارەكانى تۆتاڵ بۆ كوردستان وەك ديارى دروستكردنى نەخۆشخانە و زانكۆ، قسەكردن دەربارەى زانكۆى سۆڕبۆن هەيە هاوشێوەى زانكۆى سۆربۆن لە ئەبوو زەبى هەيە، لقى قوتابخانەى فەرەنسا هەيە، هەروەها رۆڵى بەهێزكردنى پەيوەنديەكان لە رێگەى ديپلۆماسى دەبينێت.

فەرەنسا بەردەوام لەرێگەى نێوەندگيرى دەبينێت لەسەر ئاستى ئەمەريكا متمانەى پێى هەيە، ئەوەى لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدات شايەتە لەسەر ئەوە، ئەوەى لە ئاستى ئەفريقيا هەيە، ئێستا سەرقاڵى لێك نزيكردنەوەى ديدى بەغدا و كوردستان بۆ ئاستى ئابوورى و ئاوادەكردنەوە، ئەوەى بەغدا دەيكات لە پەيوەندى و سەردانى كازمى بۆ فەرەنسا رێگەى خۆشكرد بۆ وەبەرهێنانى فەرەنسا، يەكەم هەنگاو ڕاكێشانى وەبەرهێنانى فەڕەنسا بوو بۆ عێراق، ئەوە  تەنيا بۆ بەغدا نيیە، بۆ باشوورە، بۆ باكوورە، ئەوەى تۆتاڵ دەيكات هەنگاوى يەكەمە بۆ راكێشانى وەبەرهێنانى تر، لەبارەى لێك نزيكى كورد و فەڕەنسا هەندێك وشەى كوردى و فەرەنسا هەندێك وشەى فەرەنسى و كوردى هەيە لێك نزيكن.

ــ با بگەڕيينەوە بۆ رۆڵى پاڵپشتى فەرەنسا بۆ هەرێمى كوردستان لە دژى داعش، بەڵام ئەمرۆ دەكرێت فەرنسا رۆڵى هەبێت بۆ گروپەكانى نزيك لە ئێران كە ماوە ماوە بۆردوومانى هەرێم دەكەن؟ 

سەعدون مسعودى: لايەنى ئەمنى لايەنى سەرەكى گفتوگۆكانى ئەمرۆ بوو، تەنانەت ئەوكارانەى ميليشیاكانى دەرەوەى دەسەڵات و حەشدى شەعبى دژى هەرێم هەولێر و هەندێك ناوچە ئەنجاميان دا، لە نزيك هەندێ ناوچەى كەركوكەوە دێن، هەموو ئەوانە ئەركى هاوپەيمانى نێودەوڵەتين، وەك دەزانن فرۆكەكانى فەڕەنسا رۆڵى گرنگيان هەبوو لە لێدانى حەشارگەكانى داعش، بەكردەيى بەشداربوون لە بۆردوومانى ناوەندەكانى داعش، بۆيە كاتێك هێزە وشكانيەكان چوونە ناو موسڵ رووبەڕووى بەرەنگارى گەورە نەبوونەوە، بەڵكو هێزەكانى داعش بەهۆى بۆردوومانەكانى فەرەنسا هەڵات، بە هۆى بۆردوومانەكانى فەرەنسا، كە بنكەكانى فەرەنسا لە ئەبوو زەبى و ئەردەن بەكاردەهێنا، هەموو ئەوانە هاوكاربوون بۆ لێدانى شانەنووستووەكان و هێزەكانى داعش، گەڕانەوە بۆ داعش و شانەنووستووەكانى نيیە، ئەوە بڕيارى نێودەوڵەتى و فەڕەنسايە، فەرەنسا لەگەڵ كوردستان كاردەكات، لەگەڵ بەغدا كاردەكان بۆ رێگرى لە شانەنووستوەكان لە رۆژهەڵات و سەلاحەدين و كەركووك.

ــ لە ناوخۆى فەرەنسا پێشوازى لە پرۆژە و دۆسەى ئەو پێكهاتانە هەيە كە بە دواى مافەكانيان دەگەڕێن، هەندێك پێكهاتەى تر هەيە توشى نەهامەتى بوون، رۆڵى فەرەنسا چى دەبێت لە جێبەجێكردنى رێكەوتنى نێوان بەغدا و هەولێر بۆ ناوچەى شنگالى كوردە ئيزيديەكان، هەڵوێستى چى دەبێت دەربارەى هێزەكانى پارتى كرێكارانى كوردستان لە شنگال؟

سەعدون مەسعودى: فەرەنسیيەكان بەشێوەيەكى رژد كاردەكەن بۆ پاڵپشتى ئێزديیەكان، فەرەنسا لەگەڵ يونسكۆ بەشدار دەبێت بۆ دروستكردنەوەى خانووە رووخاوەكانى بەهۆى داعش و بۆردومانەكانى هاوپەيمانان، فەرەنسا ئيقامەى دا بە هەموو ئێزدييەكان و پێشوازييان لێكرا، ئێستا دۆخيان زۆرباشە، هەندێكيان لە زانكۆ و قوتابخانە و كارگەكانن، بۆ ئەوەى رابهێندرێنەوە بۆ گەڕانەوەيان بۆ عێراق بەشداربن لە بونيادنانەوەى باكوورى عێراق، هەروەك دەزانن فەرەنسا كاردەكات لەسەر دووبارە بونيادنانەوەى ئەو ناوچانە دەكات، لە ميانەى پێشوازكردنى بۆ گەڕانەوەى ئەو سەدان خێزانانەى كە داواى ئيقامەى سياسيان لە فەرەنسا كردبوو، ئێستا ئامادەن بۆ گەڕانەوە دواى ئەوەى فێرى زمانى فەڕەنسى و پيشە بوون زۆر گرنگە، ئێزدييەكان لەو ناوچانە سووديان لێ دەبينن، تەنانەت سابيئە و مەسيحيەكانيش لەگەڵ باڵيۆزخانەى عێراق لەگەڵيان لەسەر هێڵن و هاوكارييان پێشكەش دەكرێت.

ــ قسەمان دەربارەى كاريگەرى ئەو سەردانەى نێچيرڤان بارزانى كرد لە سەرئاستى ناوخۆ و دەرەوە، كاريگەرى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى چى دەبێت، بەتايبەت نێچيرڤان بارزانى بەر لەو سەردانەى، سەردانەى توركياى كرد، كاريگەرى لەسەر پاشخانى دۆسە هەڵواسراوەكانى ئەو چەيە چى دەبێت ؟ 

سەعدون مەسعودى: پەيوەندى توركيا و فەرەنسا بە دۆخێكى سەخت تێدەپەڕێت، گەيشتە قسەكردنى دوور لە زمانى دیپلۆماسى لە نێوان ئەردۆغان و ماكرۆن، هەندێك هەڕەشە هەيە، كاتێك فەڕەنسا دەستى بەداخستنى قوتابخانە و مزگەوتەكانى كرد، هەروەها داخستنى گەورەترين مزگەوت لە باكوورى فەرەنسا کرد، كە دروستكردنى گەورەترين مزگەوت بوو، پەرلەمانى فەرەنسا و ئەنجوومەنى پيرانى فەرەنسا و ليژنەى دەستوورى رەزامەند بوون لەسەرى، كە رێگە نادرێت بە پارەى دەوڵەتێكى دەرەكى مزگەوت لە فەرەنسا دروست بكرێت، بۆيە هەموو شتەكان داخراون، هێزە سياسيەكان لەوە گەيشتن، پرۆژەى توركيا كە ويستى دەستوەرداتە هەڵبژاردنەكانى فەرەنسا راگيراوە، پرۆژەى ئەردۆغان ئێستا كە هێزى وەك ئەوەى هێزى هەيە لە ئەڵمانيا راگيراوە، چونكە وتارى هەينى لە توركيا دەنووسراوە، لەسەر سەدا حەفتاى مزگەوتەكانى فەرەنسا دابەش دەكرا، بە يەك گوتار ئاراستە دەكرا و هاندانى تێدابوو، مافى دەدا بە توركەكان گردبوونەوە بكەن، بۆيە ئەنجوومەنى ئايينەكانى فەرەنسا دووبەشن، توركى و عەرەبين، پەيمانى كۆمارى فەرەنسا گفتوگۆى گفتوگۆى لەسەركرا، لە پەرلەمان دەنگى لەسەر درا، بەڵام دەنگى ئەنجومەنى پيران ماوە، پاشان دەبێتە، رێگە نادرێت توركەكان بەرێگەى ئايين دەستوەردەنە هەڵبژاردنەكانى فەڕەنسا، وەك ئەوەى لە ئەڵمانيا روويدا.

ــ ئێستا سێ گۆشەكە روونە، ئێستا پەيوەندى توركيا و فەرەنسا روون نيیە، يا باش نیيە، ئايا كاريگەرى دەبێت لەسەر چارەسەكردنى ئەو قەيرانەى عێراق؟ 

سەعدون مەسعودى: فەرەنسا دەتوانێت رۆڵى ئەرێنى لە نێوان ناوەند و كوردستان ببينێت، چونكە پەيوەندى بەهێزى مێژووى هەيە لەگەڵ عێراق و لەگەڵ كورد، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانى، تا ئێستا فەرەنسا دەتوانێت نێوەندگيرێكى سەركەوتوو بێت لە نێوان هەردوولا و بۆ لێك نزيكردنەوەى ديدگاكان، كاربكات لە راكێشانى وەرەهێنان، وەك ماكرۆن گوتى كاتى ئەوەيە عێراق لە باكوورەوە بۆ باشوور دەست بە بونيادنانەوە بكات. 

سەرچاوە: زاگرۆس عەرەبیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە