گفتوگۆى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى ئێران خێراتر ده‌كرێت ئێران

نوچه‌نێت

لایەنە بەشداربووەکانی خولی نوێی کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیێنا پایتەختی نەمسا، بڕیاریان دا گفتوگۆکان خێراتر بکەنەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "یۆرونیوز" بڵاوی کردەوە، عەباس عەراقچی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران لە کەناڵی تلێگرامی خۆی ڕایگەیاند کە بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوە بڕیاریان دا "چالاکی تیمی شارەزایان لە دوو بواری هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا و چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بە شێوەیەکی تۆکمە و خێرا بەردەوام بن".

شاندەکانی ئێران، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، چین، ڕووسیا و یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە رۆژى سێشەممە بەڕێوە چوو، بەشدار بوون. بەگوێرەی ڕاگەیاندنەکەی عەباس عەراقچی کە سەرپەرشتی شاندی ئێرانی لە دانیشتنەکان لە ئەستۆیە، بەشداربووان بڕیاریان دا گرووپێکی نوێی پێکهاتوو لە شارەزایان بە ناوی "گرووپی شارەزایانی ڕێوشوێنەکانی جێبەجێکردن" دامەزرێنن.

بە گوتەی عەباس عەراقچی ئامانج لە پێکهێنانی ئەو گرووپە، گفتوگۆکردنە سەبارەت بە "ڕێوشوێنە کردەییە پێویستەکان بۆ هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان و دواتر گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی".

لە کاتی بڵاوبوونەوەی فایلە دەنگییەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران کە تیایدا محەمەد جەواد زەریف ڕووسیای بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە ساڵی ٢٠١٥ هەوڵی تێکدانی گفتوگۆکان ئێران و ئەمریکای دابوو، کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە یەکەمین گفتوگۆی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان و لەوانە ڕووسیا بوو

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا تا ئێستا کاردانەوەی سەبارەت بەو فایلە دەنگییەی وەزیری دەرەوەی ئێران نیشان نەداوە.

میخاییل ئولیانۆف، نوێنەری ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ڤیێنا سەبارەت بە گفتوگۆکانی ڕۆژی سێشەممە گوتی، "ئەو گفتوگۆیانە نیشانیان دا کە بەشداربووان ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە و ئەویش زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمییە".

لە لایەکی ترەوە نوێنەری چین لە کاتی چوونەدەرەوە لە شوێنی گفتوگۆکان گوتی، " دانیشتنەکەیان ڕۆژی چوارشەممەش (٢٨ی نیسانی ٢٠٢١) بەردەوام دەبێت". سەرەڕای ئەوە عەباس عەراقچی لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ دەنگ و ڕەنگی ئێران گوتی، " گفتوگۆکان لە ئێستادا لە ئاستی لیژنە تایبەتەکاندا بەردەوامن". بە گوتەی عەراقچی ئەگەر پێویست بکات کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جارێکی تر بەڕێوە دەچێت بۆ ئەوەی گرێیەک لە ناکۆکییەکان بکاتەوە.

ئەمریکا بەهۆی چوونەدەرەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و ناڕەزایەتی ئێران، بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە گفتوگۆکاندا بەشدار نییە، سەرەڕای ئەوە شاندێکی ئەمریکیی لە ڤیێنا سەرقاڵی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێرانن بە مەبەستی گەڕانەوەی واشنتۆن بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و پابەندی تاران بە بەڵێنەکانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥.

شاندە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەش ڕۆڵی نێوەندگیر لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا دەگێڕن.

گفتوگۆکانی ڤیێنا لە کاتێکدا بەڕێوە دەچن کە دوای ئەوەی تەقینەوەیەک لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز ڕووی دا، ئێران بڕیاری دا دەست بە پیتاندنی یورانیۆم بە ڕێژەی ٦٠٪ بکات. بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاندووە ئیسرائیل لەو تەقینەوەدا دەستی هەبووە.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین