زيرەك كەمال: نێچیرڤان بارزانى بۆ پرسە سیاسییەکانى هەرێم، هەست بە بەرپرسياریێتى مێژووى دەكات میدیا

نوچەنێت:

بەوپێيەى جۆرێك لە نزيكيم هەيە لەگەڵ بەڕێز سەرۆكى هەرێمى كوردستان، نێچیرڤان بارزانى پێیوایە لە شێوازى بەرێوەبردنى ئيدارەى هەرێمى كوردستان، دەشێ ئێمە ڕەخنەمان لە يەكترى هەبێت، لە يەك جياوازبين و بيركردنەوەمان وەك يەك نەبێت، بەڵام لە پرسە چارەنووسسازەكان، لە گوتارى سياسى هەم لەسەر ئاستى عێراق و هەم لەسەر ئاستى هەرێم، دەبێت ئێمە يەك گوتارمان هەبێت.

ئەمە گوتەى زیرەک کەمال-ـە، ڕاوێژکارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەربارەى کۆبوونەوەى لایەنە سیاسییەکانى هەرێم لەگەڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە (8-4-2021)، زیرەک کەمال لە میانى دیمانەیەکى لەگەڵ nrt لە ئێوارەى (8-4-2021)دا، لەسەر بۆچوونى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەربارەى پرسى عێراق و هەڵبژاردنى مانگى (10)داهاتوو، ئاماژەى بەوەکرد، نێچیرڤان بارزانى لە کۆبوونەوەى (8-4-2021) داواى لە لایەنە سیاسییەکان کرد، پێویستە هێزولايەنە سياسيەكان يەك بەرنامەى هەڵبژاردن و گوتارى سياسيیان هەبێت، بۆیە ئەگەر وڵاتەكەمان و ئەگەر گەلى كوردستانمان خۆش دەوێت، ئەگەر بەرژەوەندييە باڵاكانى گەلى كوردستان لە سەرووى بەرژەوەندى یحزبى دادەنێنين، دەبێ لە پەرلەمانى عێراق و بەغدا يەك بین.

 

دەقى دیمانەى زیرەک کەمال، ڕاوێژکارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

ــ ئامانجى كۆبوونەوەكە چى بوو؟ كۆبوونەوەكە  بەگشتى دڵخۆشكەر بوو؟

زيرەك كەمال: ديارە ئەگەر ئێمە بگەڕێينەوە بۆ مێژوو، هەر كاتێك حیزب و لايەنە و هێزە سياسييە جياوازەكان يەكێتى و تەبايى و بە يەكەوە كاركردنيان هەبووبێت، يان گوتارێكى سياسى هاوبەشيان هەبووبێت، توانيویانە بەرهەمى باش پێشكەش بە گەل و نیشتيمانەكيان بكەن و هەنگاوى باش بەرەو پێشەوە بهاوێژن. ئەو كۆبوونەوەيەى كەوا ئەمرۆش كراوە، لە دەرئەنجامى هەستكردنى بەرێز نێچيرڤان بارزانى بووە بەرامبەر بەو بەرپرسيارە مێژوويەى كەوا لەسەر شانيەتى، وەک سەرۆكى هەرێمى كوردستانە، ئەركى سەرشانى خۆيەتى و لە خەمى ئەوە دايە، حیزب و هێزە سياسييەكان ئەگەر جياوازى فكرى و سياسيشيان هەبێت، بەڵام بتوانن ناوە ناوە پێكەوە كۆببنەوە لە چوارچێوەى ئەو كۆبوونەوەيە پرسە گرنگەكان، پرسە چارەنووسازەكان لە كەشێكى ديموكراسى و كاركردن بەيەكەوە بخەنە بەرباس و لێكۆڵينەوە جەنابيشت ئاماژەت پێكرد كە گوتت" لە رابردوو چەندين كۆبوونەوە كراوە، بەڵام بەرهەميان نەبووە" من پێموايە ڕاستە لە رابردوودا زۆر لە كۆبوونەوەكان دەشێ ئەنجاميان نەبووبێت،  بەڵام زۆر كۆبوونەوەى تريش لە نێوان حیزب و لايەنەكان كراوە، لە نێوان دوو حیزب دا، لە نێوان سەرۆكى هەرێم و لايەنە سياسيەكان ئەنجامى باشى هەبووە.

هيچ شتێك جێگرەوەى كۆبوونەوە نييە، دەبێ كۆبوونەوە بە بەردەوامى هەبێت، سەد كۆبوونەوەى بێ بەرهەم باشترە لە تەقاندنى يەك فيشەك.

بۆیە دەبێ كۆبوونەوەكان بەردەوامبن، ئەگەر ئەنجاميشى نەبێت هەر دەبێت، لەبەر ئەوەى كۆبوونەوە بەديلى نيیە، ئێمە هيچ بەديلێكمان نیيە جگە لە كۆبوونەوە و بەيەكەوە كاركردن، چونكە لە كۆبوونەوەكە ئێمە رووبەڕووى يەك دەبينەوە، گلەيى و رەخنەكانمان، سەرنج و تێبينى و پێشنيازەكانمان و بەرنامەكانمان ئاراستەى يەكتر دەكەين، بۆيە ئەو كۆبوونەوەى ئەمرۆ كە جەنابى سەرۆكى هەرێم لەگەڵ حیزب و لايەنە سياسيەكان کردى، من بە كارێكى باش و بەرهەمدارى دەزانم، لەبەر ئەوەى كۆمەڵێك واتاى لەخۆى گرتووە، واتاى يەكەم ئەوەيە كە بەرێزيان سەرۆكى هەرێمى كوردستانە، بەرپرسيارە لە هێڵە گشتيەكانى دۆخى سياسى و ئەو قۆناغەى كەوا ئێمە تێيدا دەژيين، دووەميشيان لە ئەنجامى هەستكردنە بەو بەرپرسياریێتيەى كەوا دەكەوێتە سەرشانى، سێيەم ئەو كۆبوونەوەيە لەو قەناعەتەوە هاتووە، كە ئێمە كۆمەڵێك حیزب و لايەنى سياسى كاريگەرمان هەيە لە گۆڕەپانى سياسى كوردستان، چە ئەوانەى لە پەرلەمان و حكوومەت بەشداربن، چە ئەوانەى ئۆپۆزیسيۆنيشن، بەڵام بە هەموويان دۆخى سياسى و واقيعى سياسى پێكدينن.

ــ دەمانەوێ ناوەرۆكى كۆبوونەوەكە بزانین و ئەوەى باسكراوە چييە؟ من وا ناڵێم، خەڵك وادەڵێت: كەمن ئەوانەى قەناعەتيان وايە ئەو كۆبوونەوانە بە قازانجى خەڵك، بە قازانجى سياسى هەرێمى كوردستان دەكرێت، خەڵك پێيوايە، ئەو كۆبوونەوانە كۆبوونەوەى تەشريفاتين، دادەنيشن قسەى خۆش پێكەوە دەكەن، رەنگە نانێكى باشيش پێكەوە بخۆن، بەڵام ئەوەى تێيدا باس نەكرێت دۆخ و گوزەرانى خەڵكە، ئەوەى تێيدا باس نەكرێت ئەو دۆخە سياسييە خراپەيە كە لە هەرێمى كوردستان دا هەيە، بۆ نموونە ئەمرۆ سەرۆكى هەرێمى كوردستان چى بە هێز و لايەنە سياسيەكان گوت؟

زيرەك كەمال: ئەگەر جەنابتان تێبينيتان كردبێت، پێشى نەورۆزيش و لە چەندين ديمانە و كۆنگرەى رۆژنامەنووسى كۆبوونەوەى تاييبەتيش جەنابى سەرۆكى هەرێمى كوردستان ئاماژەى بەوە كردووە، كە ئێمە لەو قۆناغە سياسيەى كە تێيدا دەژين قۆناغێكى سەختە، دژوارە، قۆناغێكى ناسكە، هيچ حیزبێك بە تەنيا ناتوانن شان بدەنە بەر ئەو قۆناغە سياسييە، بەڵكو ئێمە هەموومان بە يەكەوە وەكو باسمكرد، چ ئەو حيزبانەى لە حكوومەت و پەرلەمان بەشدارن چ ئەوانەى ئۆپۆزسيۆنيشن، دەتوانن بەيەكەوە شانى خۆيانى بدەنە بەر، جياوازييەكانيان لە چوارچێوەيەكى ديموكراسى دا با بە بەردەوامى پيادە بكەن و رەخنە لە يەكبگرن و جياوازبن لە زۆر بواردا، بەڵام ئەو جۆرە كۆبوونەوانەى كەوا ئەمڕۆ كراوە ئەوەندەى رەهەندێكى سياسى هەيە، ئەوەندە پەيوەندى بە حكوومەت و ئۆپۆزيسيۆنەوە نييە، تايبەتە بەو قۆناغە سياسيەى ئێمەى تێدا دەژيت و دۆخى هەرێمى كوردستان هەم لەسەر ئاستى ناوچەيى و هەم لەسەر ئاستى سياسيى ناوخۆيى.

ــ ئەو رەهەندە چيە؟ من دڵنيام هەر چالاكييەكى سياسى دەبێت پەيوەندى بە خەڵكى كوردستانيشەوە هەبێت، بۆ نموونە چييە ئەو كۆبوونەوەيە بۆ قۆناغە پێويستە؟ بە دياريكراوى پێويستيەكە چييە؟ ئەنجامەكەى چييە كە دەكرێت بڵێين بە قازانجى ئەو دۆخەى ئێستاى هەرێمى كوردستان؟.

زيرەك كەمال: ئێمە لە بيرمان نەچێت ئەو حيزبانەى ئەمرۆ لەو كۆبوونەوانە بەشداربوون، هەر ئەو حيزبانەشن كەوا لە هەڵبژاردن دەنگيان هێناوە، جا هەر حيزبە و بەپێى رێژەيەكى دياريكراوى خۆى، هەر ئەو حيزبانەن پەرلەمانيان و حكوومەتيان پێكهێناوە، بەشێكيان ئۆپۆزسيۆنن، بمانەوێت و نەمانەوێت ئەوانە بە جۆرێك لە جۆرەكان نوێنەرايەتى راستەقينەى ئەو ميللەتە دەكەن، من متمانەشم پێيان هەيە ڕاستە رەخنە و گلەيى زۆرە، راستە لە چەند ساڵەى دوايى ژيان و گوزەرانى خەڵك بە كۆمەڵێك فاكتەرى ناوخۆى و ئابوورى و دەرەكى و هەرێمى دۆخێكى خراپ لە هەرێمى كوردستان دروستبووە لە رووى ئابوورى و ژيان و گوزەرانى خەڵك، بەڵام ديارە من بۆخۆم متمانەم بەو حیزبانە هەيە، كە هەست بە بەرپرسياريێتى مێژوويى دەكەن، قبوڵكردنيشيان لەو كۆبوونەوەيە من پێموايە بۆ تەشريفات و بۆ نانخواردن و دەعوەت نەبووە وەكو ئاماژەت پێكرد، بەڵكو من لێرەوە دەتوانم لە برى ئەوانيش قسە بكەم، لە دەرئەنجامى هەستكردنە بە بەرپرسيارێتى بەرامبەر بەو قۆناغەدا، لە دەرئەنجامى ئەوەى گلەيى و رەخنە و تێبينيەكى زۆر هەيە لەلايەن خەڵكەوە لەو دۆخەى لە كوردستان دا هەيە، با ئێمە هەر باسى دۆخى گوزەران و ئابوورى نەكەين، بەڵكو ململانێيەكى ناشارستانى و نامەدەنيش لە نێوان هەندێ لە حیزب و لايەنە سياسييەكانيش هەيە، دۆخێكى سياسى خوڵقاوە، كە زۆرجار بنەمايەكى ديموكراسى نييە، ململانێيەكان لە چوارچێوەيەكى مەدەنى و عەقڵانى بەڕێوە ناچن.

كۆبوونەوەکەى (8-4-2021)، لەسەر داوا و پێشنيازى نێچیرڤان بارزانى بوو، ئێمە دەبێت دەستخۆشى لەو كۆبوونەوانە بكەين.

من ديسان جەخت دەكەمەوە هيچ شتێك بەديلى كۆبوونەوە نييە، دەبێ كۆبوونەوە بەبەردەوامى هەبێت، سەد كۆبوونەوەى بێ بەرهەم باشترە لە تەقاندنى يەك فيشەك، يا لە ئەنجامدانى يەك توندوتيژى، دیسان جەخت لەوە دەكەمەوە، ئەو لايەنە سياسيانەى لە پەرلەمان كوردسيان هێناوە لە حكوومەت وەزيرييان هەيە، بەشەكەى ترييان ئۆپۆزیسيۆنن هەموويان بەشدارن لە تێپەڕاندنى ئەو قۆناغە سياسييە، جەنابى نێچيرڤان بارزانى، كە سەرۆكى هەرێمى كوردستانە و بەرپرسە لە هێڵە گشتيەكانى بەتايبەت كارى سياسى لەو وڵاتەى ئێمە، كە هەست بە بەرپرسيارێتى مێژووى دەكات، پێموايە لە داهاتووش كۆبوونەوە دەبێت، بەردەوام دەبێت و ئەنجاميشيان دەبێت، ئەوەى لە كۆبوونەوە دەتوانى بيكەى لە رێگەى ميديا و فەيسبووك ناتوانى بيكەى، بۆ دەبێ لايەنە سياسيەكانى ئێمە لە رێگەى ميدياو و تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان يەكترى بدوێنن؟ بۆیە باشترە بەکەيەوە دانيشن رەخنە و تێبينى و پرۆژەكانيان چييە، ئەوانەى لە حكومەت بەشدارن، ئەوانەى ئۆپۆزیسيۆنن، من پێموايە لەو چوارچێيوەيە دەتوانن خزمەتى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان بكەن، نەك لە رێگەى فەيسبووك و ململانێى راگەياندن بەبێ ئەوەى كۆبوونەوەيەك بكرێت.

ــ جيا لە فەيسبووك و ميديا وەك خۆت گوتت، بەڵام دەمەوێت بزانم بەرهەمى كۆبوونەوەكان چیيە، چى دەبێت ئەو بەرهەمەى كە خەڵك لە ئەنجامى ئەو كۆبوونەوەيە دەيبينێت؟ 

زيرەك كەمال: ئەگەر ئێمە زياتر سەرنج بدەينە سەر ئەو كۆبوونەوەى كە وا ئەمڕۆ كراوە، بمانەوێت و نەمانەوێت لەو چەند مانگەى رابردوو جۆرە لە يەك دووركەوتنەوەيەك لە نێوان حیزب و لايەنە سياسيەكان هەبووە، تەنانەت دەتوانم ناوى بنێم جۆرە گرژەيەكيش هەبوو، چونکە حیزب و لايەنە سياسييەكانى ئێمە زياتر لە رێگەى تيڤى و تۆڕە كۆمەڵايەتيیەكان گفتوگۆيان لەگەڵ يەكترى دەكرد.

ــ گرژى لەسەر چى؟

زيرەك كەمال: جەنابت ميدياكارێكى ديارى ئەو وڵاتەى گرژى هەبووە لە نێوان حیزب و لايەنە سياسيەكان، بەخۆت دەزانى نەك هەر گرژى ئاڵۆزى هەبووە، زۆرجاريش ئەو جياوازييانەى كە لە نێوان حیزب و لايەنە سياسييەكان هەبووە، جياوازى لە بيركردنەوە جياوازى لە شێوازى حكومڕانى، جياوازى لە سيستەمى بەرێوبردنى ئيدارەى وڵات.

ــ ئەمڕۆ بە ڕاشكاوى ئەو جياوازييانە باسكران، بوو بە موناقشەى بێ پەردەى نێوان هێز و لايەنە سياسييەكان؟

زيرەك كەمال: بەڵێ هەموو ئەو لايەنە سياسيانەى بەشداربوون لە كۆبنەوەکە، ڕاشكاوانە بەرنامە و پرۆژە و تێروانين و قەناعەتى خۆيان بۆ شێوازى حكومڕانى و سيستەمى ئيدارى، بۆ شێوازى سيستەمى ئابوورى، بۆ ئەو گلەيى و رەخنانەى كەوا لە لايەن خەڵكەوە لەو قۆناغەى ئێستادا هەيە، هەمووى باسكراوە، بابڵێين: راشكاوانە خراوەتەڕوو، بڕياريش دراوە بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو كەيس و پڕۆژە و بەرنامانە و ئەو ڕەخنە و سەرنجانە بكرێت، بۆ ژيان و گوزەرانى خەڵك بكرێت، بۆ ئەوەى بتوانين ئەو دۆخەى لە كوردستان هەيە بە ئاراستەيەكى باشتر دا بڕۆين.

 کەواتە ئێمە ناكرێت گومان لەسەر كۆبوونەوەكان بكەين، دەبێت ئێمە گومان لەسەر شەڕ دروست بكەين، ئەگەر دوو هێزى سياسى جياوازييەكانيان گەياندە چوارچێوەى تەقيينەوە و پێكدادانى چەكدارى، ئێمە دەبێت لەوە نيگەران بين، دەبێت لەوێ دا پێمان ناخۆش بێت، دەبێت لەوێ دەنگى ناڕەزايى بەرزبكەيينەوە، بەڵام كە كۆبوونەوە لە نێوان دوو حیزب، يا كۆمەڵێك حیزب، يان بەتايبەتى كۆبوونەوەيەكى وەك ئەمرۆ، كە بە سەرپەرشتى جەنابى سەرۆكى هەرێمى كوردستان بوو، هەر لەسەر داوا و پێشنيازى خۆشى بوو، ئێمە دەبێت دەستخۆشى لەو كۆبوونەوانە بكەين بەڵام مافى خۆشمانە هەم وەك تاكەكانى كۆمەڵگەى كوردستان و يەك بەيەكى خەڵكى كوردستان شتێکى زۆر زۆر گرنگە كۆبوونەوەكان ئەنجامييان هەبێت، بابڵێين كۆبوونەوەكان تايبەت بن بە ژيان و گوزەرانى خەڵك.

ــ وەك ئاماژەت پێكرد هەر تاكێك لەو وڵاتە مافى خۆيەتى بڵێت دەیەوێت بزانێت ئەو كۆبوونەوانە ئەنجامەكەى چييە، كاتێك دەشكرێت بە پرسيار هەر ديسان خەمخۆرييە، خۆ نابێت كۆبوونەوە ناشيرن ببێت، دەبێت كۆبوونەوە جوان بێت، بۆ ئەوەى خەڵك دڵى پێى خۆش بێت و ئومێدى پێى هەبێت، بۆيە ئەوەندە سوورم دەمەوێت بزانم كۆبوونەوەى ئەمرۆ چيى بووە، تۆ دەزانى موناقەشەى خەڵك ئەوەيە ئەرێ ئەم مانگە موچەكەم لێى دەبڕێت، يان نا؟ ئەگەر لێى ببڕێت چەندى لێ دەبڕێت؟ من دەزانم ئەوەشيان بابەتێكى سياسييە و رێكخستنەوەى پەيوەندييە سياسييەكانە لە هەرێمى كوردستان، پاراستنى ئەو قەوارەيە، رێكخستنى پەيوندييە نێودەوڵەتييەكان و هەرێمييەكانە، بەڵام خۆ لە پاڵيدا دەبێت ئەنجامەكەى كاردانەوەيەكى ئەرێنى و باشى هەبێت بۆ هەر تاكێك لە هەرێمى كوردستان، بۆيە بەڕاستى ديسانەوە جەخت لەو دەكەمەوە چى دەبێت ئەو شتانەى كە خەڵك دەبێ دڵى پێى خۆش بكات، لە پاش ئەو كۆبوونەوەيە؟ يان سبەى كە كاك نێچيرڤان گوتى: با هێز و لايەنە سياسييەكان با كۆبيينەوە خەڵك پێش هێز و لايەنە سياسييەكان بڵێن: مەچوون هيچ ئەنجامى نابێت؟

زيرەك كەمال: وەك باسمكرد كە بەرێز سەرۆكى هەرێمى كوردستان، كە ئەو كۆبوونەوەيە لەسەر داواكارى و پێشنيازى ئەو بووە، من دڵنيام لەوەى هەموو ئەو حیزب و لايەنە سياسيە بەڕێزانەى و ئەو كەسايەتيە بەرێزانەى ئەمرۆ لەو كۆبوونەوەيە بەشداربوون، كە ڕاشكاوانە بەرنامەى حیزبەكەيان تێڕوانين و قەناعەتى خۆيان پرۆژەو داواكارييەكانى خۆيان تايبەت بەژيان و گوزەران و دۆخى سياسى و هەرێمى و هەڵسەنگاندن لە هەموو ڕووەكانەوە، كەوا خراوەتەڕوو، دڵنيام سەرۆكى هەرێم هەموويان لە چوارچێوەيەك كۆدەكاتەوە، دواى ئەو كۆبوونەوەيە بەدواداچوونى بۆ دەكات، بەگوێرەى ئەو توانايەى كەوا لە رووى و قانوونى و شەرعيەتى ياسايى هەيەتى، كار لەسەر جێبەجێكردنيان دەكات، خۆى كۆبوونەوەكە كەوا ئەنجامدراوە دەلالەت لەوەى دەكات، كەوا سەرۆكى هەرێمى كوردستان ئەو قەناعەتەى لەلا دروستبووە، كە ئەو دۆخەى كەوا دروستبووە، بە حیزب و لايەنێكى سياسى، يا هێزێكى سياسى، يا خۆى ناتوانێ ئەو قۆناغەى كەوا بەسەركەوتووى ببڕێت، بۆيە پێموايە لە دواى ئەو كۆبوونەوەيە بەدواداچوونى بەسەر دەكات، هەموو ئەو داواكارى و پڕۆژە و بەرنامانەى كەوا هەشن هەڵوێستەى جدى لەسەر دەكات، چونكە هەر سروشتى كەسايەتى خۆى خۆى وايە، هەر كە كۆبونەوە دەكرێت لە دواجار بەدواچوون بۆ ئەو خاڵانە دەكات، كە لەو كۆبوونەوەيە خاڵى باسكردن بووينە.

ــ بابەتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق تاچەند بابەتى گفتوگۆى نێوان هێزولايەنە سياسيەكان بوو، چونكە بەڕاستى هەندێك زانيارى نافەرمى هەبوون، كە زۆرتر ئەو كۆبوونەوەيە يەك ئامانجى هەبووە، كە ئەويش دروستكردنى ليستێكى هاوبەش لە نێوان هێز و لايەنە سياسييەكان بە ئۆپۆزسيۆن و هێزەكانى دەسەڵات، يان بە بەشێك لە ئۆپۆزیسيۆن و بەشێك لە هێزەكانى دەسەڵات؟

زيرەك كەمال: بەوپێيەى جۆرێك لە نزيكيم هەيە لەگەڵ بەڕێز سەرۆكى هەرێمى كوردستان، قەناعەت و تێروانينى خۆى بەو شێوەيە، ئەو پێیوايە تايبەت بە شێوازى بەڕێوەبردنى ئيدارەى هەرێمى كوردستان، سيستەمى ئابوورى و سياسى، دەشێ ئێمە ڕەخنەمان لە يەكدى هەبێت و جياوازبين، دەشێ ئێمە بيركردنەوەمان وەك يەك نەبێت، بەڵام لە پرسە چارەنووسازەكان، لە گوتارى سياسى هەم لەسەر ئاستى عێراق و هەم لەسەر ئاستى هەرێمى، دەبێت ئێمە يەك گوتارمان هەبێت، لەبەر ئەوە ئێمە لە ڕێگەى يەكخستنى گوتارى سياسى، هەم لە عێراق، كە ئێمە بەشێكين لە عێراق هەم لە وڵاتانى هەرێمى تايبەت بە وڵاتانى دەرەوە، ئێمە لەوێدا دەتوانين پايەكانى قەوارەى هەرێمى كوردستان بەهێز بكەين، هەتا دەستكەوتى سياسى و ئابوورى گرنگيش بۆ كۆمەڵانى خەڵك كوردستان بەدەست بێنين. جەنابتان ئاگادارن ئەوەى لەو كۆبوونەوەيە باسكرا لە سايتى سەرۆكايەتى هەرێمى كوردستان خاڵەكان و هێڵەكانى ئەو كۆبوونەوەى هەمووى بڵاوكرايەوە، هەموو ئەو پرسە سياسيانەى تايبەت بە هەڵبژاردن و دۆخى هەرێمى كوردستان، هەروەها بە يەكەوە كاركردن، تايبەت بە پرسى كۆڕۆنا و پرسى مووچە و  لێبڕينى مووچە، ژيان و گوزەرانى خەڵك، ئەوانە هەمووى لەو كۆبوونەوەيە باسكراوە، ئەوەى من ئاگاداريشم قەناعەت و تێروانينەكانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان ئەوەيە كە ئەو كۆبوونەوانە بەردەواميان هەبێت.

كۆبوونەوەى لایەنە سیاسییەکان دەرەنجامى هەستكردنى نێچيرڤان بارزانى بووە بەرامبەر بەو بەرپرسياریەتییە مێژوويەى لەسەر شانيەتى،  لە خەمى ئەوە دايە حیزب و هێزە سياسييەكان ئەگەر جياوازى فكرى و سياسيشيان هەبێت، بەڵام ناوە ناوە پێكەوە كۆببنەوە.

ــ بەدياريكراوى لەسەر هەڵبژاردن و يەك ليستى هيچ گوترا، سەرۆكى هەرێم هيچ پێشنيازى هەبوو، يا هيچ لايەنێكى سياسى پێشنيازى هەبوو؟

زيرەك كەمال: وەك باسمكرد قەناعەتى سەرۆكى هەرێمى كوردستان، نەك لەو كۆبوونەوەيە دا ئێمە بمانەوێت تاقى بكەينەوە، كە ئايا باسى ئەوەى كردووە يان نا؟ قەناعەتى سەرۆكى هەرێم لە پرسى عێراق ئەوە بووە، كە پێويستە هێزو لايەنە سياسيەكان يەك بەرنامەى هەڵبژاردنيان هەبێت، يەك گوتارى سياسيان هەبێت، لەبەر ئەوەى ئێمە لە پەرلەمانى عێراق ئەگەر وڵاتەكەمان خۆش دەوێت، ئەگەر گەلى كوردستانمان خۆش دەوێت، ئەگەر بەرژەوەندييە باڵاكانى گەلى كوردستان لە سەرووى بەرژەوەندى حیزبى دادەنێنين، ئێمە لەوێدا يەكين، راستە تۆ لە رێگەى حیزبێكەوە دەبى بە ئەندام پەرلەمان لە عێراق، ئەوى تريان لەرێگەى حیزبێكى تر دەبێ بە ئەندام پەرلەمان لە عێراق، بەڵام تۆ دەچيە ئەوێ كە دەزانى نەتەوە و كوتلەى سياسى ترى لێيە، دەشێ جياواز لە تۆ بيربكاتەوە، دەشێ بيركردنەوەى وەك تۆ نەبێت تايبەت بە قەوارەى هەرێمى كوردستان و حكوومەتى هەرێمى كوردستان، ئەوە وامان لێ دەكات، كە ئێمە يەكبين، ئەگەر تێبينيشت كردبێت بەو دواييە هەموو لايەنە سياسيەكانى ئێمە كوتلە سياسيەكانى لە پرسى بودجە و كۆمەڵێك شتى تر يەك دەنگ و يەك ڕەنگ بوون لە ناو پەرلەماندا، سەرۆكى هەرێمى كوردستانيش لە دوو راگەيەندراوى فەرمییدا دەستخۆشى لێكردن، وە سەبارەت پرسى هەڵبژاردن و عێراق، ئێمە بە مافى خۆمانى دەزانين، پرسێكى زۆر زۆر ئاساييە، ئەوە قەناعەتێكى پتەوى بەرێز سەرۆكى هەرێمى كوردستانيشە، كە ئێمە دەبێت لە عێراق دا يەك بين، هەم بۆ ئەوەى بتوانين مافەكانمان لە رووى دەستوورى لە چوارچێوەى عێراق دا زياتر دەستەبەر بكەين، هەم بشتوانين زياتر دەستكەوتى ئابوورى و سياسى بۆ گەلى كوردستان بەدەستبهێنين. 

ــ گوتت باسى لێبيڕينى موچە و زۆربابەتى دى كراوە، بەڵام دەمويست بە دياريكراوى لەسەر لێبڕينى مووچە و موچە، دەمەوێت بزانم چى گوتراوە، يان هيچ هەواڵێكى خۆش دەبێت؟

زيرەك كەمال: جەنابت دەزانى رەنگ بێت پرسى مووچە و لێبڕينى مووچە زياتر پەيوەندى بە حكومەتەوە هەبێت، ئەوە واتاى ئەوە نييە بەرپرسيارێتى لە سەر شانى سەرۆكايەتى هەرێمى كوردستان و لايەنەكانى ديكە دا نيیە.

ــ بەڵام بە دياريكراوى سەرۆكى هەرێم بەرپرسى يەكەمە لە جێبەجێكردن لە هەرێمى كوردستان، جگە لەوەش هەر بۆچوون و تێبينى و فشارەكانى سەرۆكى هەرێم دەتوانێت رۆڵى خۆى لە هەر پرسێك دا ببينێت، چ جاى بگات بە پرسى موچە و بابەتى ئابوورى؟

زيرەك كەمال: ئەگەر تێبينيت كردبێت، هەموو لايەنە سياسييەكان، بە حكومەت و پەرلەمانيشەوە، بە سەرۆكى هەرێمى كوردستانيشەوە، هەموويان كە باس لە لێبڕينى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى كوردستان و ئەو قەيارە ئابوورييەى كەوا لەو چەند ساڵەى رابردوو لە هەرێمى كوردستان هەبووە، هەموويان نەيانشاردۆتەوە دانيان پێداناوە، بەڵێ قەيرانە، بەڵێ لێبڕيينى مووچە بارى سەرشانى فەرمانبەران و بارو گوزەرانى خەڵكى قورسكردووە، كاريگەرييەكى نەرێنى لەسەر ئاڵوگۆڕى بازرگانى و دۆخ و ژيانى خەڵك داناوە، بەڵام وەك باسمكرد سەرۆكايەتیى هەرێمى كوردستان لە كۆبوونەوەکان لەگەڵ لايەنە سياسيەكان رەنگ بێ زۆر دەستنەخاتە ناو ئيش و كارەكانى حكوومەتى هەرێمى كوردستان، حكوومەتيش سەرۆك و جێگرى خۆى هەيە، ستافى ئەنجوومەنى وەزيرانى هەيە، ڕەنگە ئەوان لاى خۆيان تاوتوێى پرسى لێبڕى مووچە و بوودجە دەكەن، سەرۆكى هەرێمى كوردستان ڕەنگ بێ بتوانێت زياتر خاڵە گشتيیەكان، ياخود هێڵە گشتيەكانى دۆخى سياسى و ئابوورى لەگەڵ لايەنە سياسيەكانى هەرێمى كوردستان تاوتوێ بكات.

سەرچاوە: nrt

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین