فاروق عەلى ئەندامى ئەنجوومەنى باڵاى کۆمەڵى دادگەرى: سەرۆکى هەرێم سوپاسى هەموو ئەو لایەنانەى کرد کە ڕۆڵێیان هەبووە لە تێپەڕاندنى بودجە
نوچەنێت:
لە دیمانەیەکى پەیام-دا، فاروق عەلى ئەندامى ئەنجوومەنى باڵا کۆمەڵى دادگەرى لە (8-4-2021)دا، باس لە هۆکارى بەشداریى پارتەکەیان دەکات لە کۆبوونەوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە (8-4)ى ئەم مانگە، بەدەنگەوەچوونى کۆمەڵى دادگەرى بۆ بانگهێشتنامەکەى نێچیرڤان بارزانى بۆ کۆبوونەوەى هێز و لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیى هەرێم، هەروەک وەک فاروق عەلى دەڵێت، بەشداريشیمان لە كۆبوونەوەى سەرۆكايەتى هەرێم لەگەڵ حزب و لايەنە سياسيەكان لەوەوە سەرچاوەى گرتووە، دەبێ بەشێك بین لە چارەسەرى ئەو كێشە و گيروگرفتانەى هاووڵاتییان پێیەوە گيرۆدەبوونە.
دەقى دیمانەى فاروق عەلى ئەندامى ئەنجوومەنى باڵاى کۆمەڵى دادگەرى:
ــ بۆچى كۆمەڵى دادگەرى بەشدار بوو لە كۆبوونەوەى لايەنە سياسيەكان، وەك وەفدى كۆمەڵى دادگەرى چيتان خستەڕوو؟
فاروق عەلى: كۆمەڵى دادگەرى وەك لايەنێكى سەرەكى لە پێكهاتەى سياسى لە هەرێمى كوردستان، تا ئەندازەيەكى زۆر خۆى بە بەرپرسيار دەزانێت بەرامبەر ئەو كێشە و گرفت و رووداوانەى كە لە كوردستان روودەدەن، چ لە ناوەخۆ، چ لە دەرەوە، بەتايبەت ئەوانەيان كە پەيوەستە بە ژيان و گوزەرانى هاووڵاتييانەوە، بە ئەندازەى ژمارەى كورسيەكان و بوون و كاريگەرى خۆى بە بەرپرسيار دەزانێت، هەوڵى چارەسەركردنيان دەدات، ئەو چارەسەرييانە لە هەر كوێ بێت كۆمەڵى دادگەرى شەرم ناكات بە شوێنى چارەسەرييان دا دەگەڕێت و پەنايان بۆ دەبات، ديارە بەشداريشى لە كۆبوونەوەى ئەمرۆى سەرۆكايەتیى هەرێم لەگەڵ حیزب و لايەنە سياسيەكان لەوەوە سەرچاوەى گرتووە، دەبێت بەشێك بێت لە چارەسەرى ئەو كێشە و گيروگرفتانەى كە ساڵەهاى ساڵە هاووڵاتى پێەوە گيرۆدەبووە، کە تا ئەندازەيەكى زۆر لە ژيان و گوزەرانێكى سەخت و ئاڵۆزدانە.
بۆيە لەو رووەوە کۆمەڵى دادگەرى بەشدارى کۆبوونەوەى سەرۆکایەتیى هەرێمى كردووە، پێشمانوايە تۆ ئەگەر لە ميدياوە قسەى بكەيت و لە واقيع و نزيكەوە نەتوانى ئەو قسانە بكەيت، ئەوا زۆر كاريگەر نابێت، من ئەگەر قسەيەك لە ميدياوە قسەيەك بكەم كاريگەر بێت، لەوێ هەمان قسە بكەمەوە كاريگەرى نەبێ هيچ واتايەك نابەخشێت، مادام قسە هەر هەمان قسە بێت، لە نزيكەوە كاريگەرى باشترە، كۆمەڵى دادگەريش عادەتى گرتووە ئەو كاتەى كە قسەيە دەكات، رووبەڕوو قسەكانى جددى ترن، لەو قسانەى كە لە ميديا دەيكات، چونكە ئامانج لە لاى كۆمەڵى دادگەرى چارەسەرى گيروگرفت و قەيرانەكانە، مەبەستى ئەوە نيیە بەشێك بێت لە خۆ بە پاڵەوانكردن، خودميحەوەر نييە بە ئەندازەى ئەوەى هاووڵاتى ميحوەرە، بۆيە كۆمەڵى دادگەرى، بەتايبەت ئەمرۆ مامۆستا عەلى باپير وەك سەرۆكى كۆمەڵى دادگەرى کە سەرۆكايەتیى شاندى كۆمەڵى دادگەرى دەكرد زۆر بەڕاشكاوانە كێشە و گيروگرفتەكانى ئاماژە پێكردوو و قسەى لەسەركردوون، كە هيچى پەيوەست نەبووە بە خودى كۆمەڵەوە، بە ئەندازەى ئەوەى هەموويان پەيوەست بوون بە خودى كێشەى هاووڵاتيانەوە، شێوازى چارەسەكردنييان، كۆمەڵ چۆن بتوانێ بە هەماهەنگى لەگەڵ لايەنەكانى ديكە، كە هەر هەموويان بە بەرپرسيارانە قسەيان لەسەر كێشە و گيروگرفتەكان كردووە.
ــ پەيوەست بەناوخۆى هەرێم بۆچوونى كۆمەڵى دادگەرى چى خرايەڕوو، وەفدى كۆمەڵى دادگەرى لەو كۆبوونەوەيە جەختى لەسەر چى كردەوە؟
فاروق عەلى: مامۆستا عەلى باپير ئەو كاتەى كە قسە دەكات، زۆر راشكاوانە قسە دەكات، قسەكانيشى لە دڵسۆزييەوە سەرچاوەى گرتووە، ئامانجيشى چارەسەكردنى كێشەكانە، نەك تەنيا قسەكردن، بۆيە لە چەند خاڵێكى جەوهەرى ئاماژەى بە قسەكانى كرد، يەكێك لەوانە تەبايى نێوخۆ گرنگە، هيچ شتێك بەبێ تەبايى نايەتەدى، بەڵام تەبايش بناغەكەى دادگەريييە، ئەگەر ئێمە نەتوانين دادگەرى لە كوردستان بچەسپێنين، كۆمەڵێ پڕ نەبێت كۆمەڵێ قڕ بێ، كۆمەڵێك لە سەر حيسابى هاووڵاتيان نەبنە ملياردێر، كۆمەڵێكيش قووتى رۆژانەيان نەبێت، ئەوە هەرگيز تەبايى دروست نابێت، كاتێك دەتوانى بڵێى تەبايى دروست دەبێت، كە دادگەرى بچەسپێ، كە دادگەرى چەسپێندرا، هاووڵاتيان هەموويان بەشێوەيەكى دادگەرانە دەژيين، كۆمەڵێك قڕ نابێت و كۆمەڵێك پڕ، خاڵێكى تر كە جەختى لەسەركرايەوە، پێويست بەوە دەكات شوێنێك كۆبوونەوەيەك، ئەنجومەنێك هەبێت، لايەنە سياسيەكان لەخۆ بگرێت، تێيدا كۆببنەوە، بەهەموويان بە ئەندازەى بەرپرسيارێتيان بتوانن چارەسەرى كێشە و گيروگرفت و قەيرانەكان بكەن، ئەو ناتەبايەى كە لە هەرێمى كوردستان هەيە، كاريگەرى لەسەر پێگەى هەرێمى كوردستان هەيە، وايكردووە لە بەرامبەر حكوومەتى عێراقى بەلاوازى دەركەوێت، ئەو لاوازييەش وايكردووە زۆربەى داخوازييەكانى گەلى كورد رۆژبەڕۆژ بەرەو لاوازبوون بڕوات.
پێمانوایە بەشدارکردنمان لە کۆبوونەوەى سەرۆکایەتیى هەرێم کاریگەرترە تا لە میدیاوە قسە بکەین
ئەگەر لە دواى رووخانى رژێمى بەعس، کە لە (2004) هەرێمى كوردستان لە رووى سياسى بەهێز بوو، حكوومەتە يەك لە دواى يەكەكان لە هەولێرەوە پێكدەهێندران، بەڵام ئێستا حكوومەتەكان بەبێ رازيبوونى هەرێمى كوردستان پێكدەهێندرێن، ئەوەش هۆكارەكەى ئەو ناتەبايى و نادادگەرييە كە لە كوردستان هەيە، بۆيە ئەگەر ئەنجوومەنێك هەبێت هەموو كۆببێتەوە، لە ناو ئەو ئەنجومەنە وتوێژ بكرێت لەسەر چارەسەرى قەيرانەكان و كێشەكان رەنگدانەوەى هەبێت ئەوە پێمانوايە چارەسەرى كێشەكان دەكرێت، بەڵام ئەگەر تەنيا كۆبوونەوەيەك بێت و هيچ رەنگدانەوەيەكى نەبێت، تەنيا لە راگەياندن قسە و باسى لەسەر بكرێت، ئەوە پێمان وانييە، ئەو جۆرە كۆبوونەوانە كاريگەرييان هەبێت و جارێكى تريش درێژەيان هەبێت. خاڵێكى تر ئەو كێشە و گيروگرفتە سەرەكيانەى كە لە كوردستان بوونيان هەيە، يەكێك لەوانە چارەسەرى بڕينى مووچە دەبێ بكرێت، بەتايبەتى دواى ئەو رێكکەوتنەى لەسەر بوودجە لە عێراق كراوە لەگەڵ هەرێمى كوردستان، هەموو پێيان وايە رێككەوتنامەكە بەشێوەيەكى وايە دەبێ چارەسەرى بژێوى هاووڵاتيان بكات، چارەسەرى بڕينى مووچە بكات، ئەگەر ئەوە چارەسەر نەكات، ئەو هەڵاو پێداهەڵگوتنەوەى لە پێناوى چى بوو، بۆيە هاووڵاتى و تەواوى حیزب و لايەنە سياسيەكان كۆكبوون، دەبێ ئەو رێككەوتنامەى كە لە نێوان هەرێم و بەغدا كراوە بچێتە بوارى جێبەجێكردنەوە، دەبێ لايەنى هەرێمى كوردستان پابەند بێ پێيەوە، خاڵێك نەدات بەدەستەوە لايەنى عێراقى بيكاتە بەهانە، لە رێكکەوتننامەكە پاشگەزبێتەوە، ئەو رێكکەوتننامەش كە كراوە دەبێت هاووڵاتى سوودى لێ ببينێت، ئەگەر هاووڵاتى هەروەكو خۆى وابێت نەتوانێ مووچە و بژێوى ژيانى فەرمانبەران نەگۆڕێ، ئەوە پێمان وايە هيچ سوودێكى نەبووە، بۆ ئەو رێككەوتننامەيە و ئەو پياهەڵدانەشى کە پێويست نەبوو.
زيادكردنى باج و رسومات دەبێت چارەسەر بكرێت، نابێت باج و رسومات لەسەر تەواوى چين و توێژیەكان زياد بكرێت، واتە وەبەرهێنەرى ناوخۆ نەتوانن وەبەرهێنان بكەن، كارگە ناوخۆييەكان دابخرێت، سنوورەكان بۆ قاچاغچێتى بەكار بهێندرێت، ئەوە دەبێت چاكسازى تێدا بكرێت و باج و رسومات لەسەر هاووڵاتيان كەم بكرێتەوە، خاڵێكى تر بابەتى دۆخى ئەمنييە، بەداخەوە هاووڵاتيان لە سايەى حكوومەتى هەرێمى كوردستان ناتوانن لە ژيان و گوزەرانى خۆيان ئەميين بن، پەلامار نەدرێن و زيندانى نەكرێن و تۆمەتيان بۆ دروست نەكرێت.
ــ پرسى ئازادى رۆژنامەنووسى باسكرا؟
فاروق عەلى: پرسى رۆژنامەنووسان و دەستگيركراون و حكوم دراون زۆر بە راشكاوانە باسكرا، سەرۆكى كۆمەڵى دادگەرى زۆر بەڕاشكاوانە ئاماژەى پێكرد، كە ئەوە نيگەرانييەكى زۆرى لە لاى ئێمە و هاووڵاتيان دروستكردووە، پێويستە سەرۆكايەتیى هەرێم رۆڵ بگێڕێت لە چارەسەركردنى ئەو دۆسەيە، چونكە تا ئەندازەيەكى زۆر ستەمى پێوە ديارە، هەموو نيگەرانى لە ناوخۆ دروستكردووە، هەرێميشى لە دەرەوە ناشيرن كردووە، پێويست بەوە دەكات ئەو دادگاييە زۆر شەفافانە بكرێت، ئەو هاووڵاتيانەى بەو جۆرە سزادراون دەبێت رێ و شوێنێكيان بۆ بگيرێتەبەر، كە مافى خۆيان پێ بدرێتەوە، ئەو كێشە چارەسەر بكرێت.
خاڵێكى تر ئەو هێرشە ناڕەوايەى كە لە ئەخلاق و خووڕەوشتى كۆمەڵگە خەريكە لە رێگەى چەند ميدیايەكەوە خێزانەكان هەڵدەوەشێنێتەوە، بابەتى خووڕەوشت لە ناو كۆمەڵگە خەريكە بەتەواوى لاواز دەكرێت، ديارە مانەوەى هەر ميللەت و گەلێك پەيوەستە بە مانەوەى خووڕەوشتيانەوە، ئەگەر ئەگەر ئێمە گرنگى بە مانەوەى خووڕەوشتى خێزانەكان نەدەين و ميديا بەشێك بێت لە دروستكردنى فەوزايەكى نا ئەخلاقى خەريكە كۆمەڵگەى كوردەوارى بە تەواوى هەڵدەوەشێنيتەوە بەرەو لێوارى لە ناوچوون دەيبات، لە ڕاستيدا ئەوە مايەى نيگەرانييە، پێويست بەوە دەكات هەموو لايەك كە جەخت لەسەر ئەوە بكەنەوە، ئەو جۆرە ميديانەى كە كۆمەڵگە لە رووى ئەخلاقييەوە بەرەو هەڵدێر دەبات دەبێت چارەسەر بكرێت، ئەگەر نا زۆرى نەماوە هەرێمەکەمان رووبەڕووى لە ناوچوون بچێتەوە، ئەگەر بەو شێوازە بەردەوام بێت، حكومڕانى بەو شێوازە ناچێت بەڕێوە، پێويستى بەچارەسەركردن دەبێت، ئەوە بەشێك بوو لەو قسانەى، كە سەرۆكى كۆمەڵى دادگەرى ئاماژەى پێكرد، تەواوى لايەنە بەشداربووەكان لەو چوارچێوەيە قسە و باسى خۆيان كرد، نيگەرانييەكانى خۆيانيان دەربڕى.
ــ سەبارەت بە يەكڕێزييەكە، چونكە تەفسيرى ئێوە بۆ يەكڕيزى لەگەڵ لايەنەكانى دەسەڵات، ئەوەى بەرێزت گوتت و مامۆستاش لەوێ ئاماژەى پێكرد كە تا دادگەرى بەرجەستە نەبێت، گەندەڵى بنەبڕ نەكرێت، هاوبەشى نەبێت لە بڕياردان، ئەو يەكڕيزيە دروست دەبێت، چونكە لەوانەيە يەكڕێزى لە روانگەى لايەنەكانى دەسەڵات، بريتى بێت لەوەى كە بەيەكەوە كاتێك كە پێويست بوو، هەموو لايەنەكان بەيەكەوە بن؟
فاروق عەلى: لە ڕاستيدا لايەنەكانى دەسەڵاتيش ئەوەندە تەبا نين بەيەكەوە، تاكو هەموو لايەنەكانى دەسەڵات بەيەكەوە پێيان وابێت دەبێ يەكڕێزى بەو شێوازە بێت، كە ئەوان دەيانەوێت، من پێموايە ئێستا بەشێوەيەكى گشتى يەكڕێزى لە هەرێمى كوردستان بوونى نييە، تەنانەت لايەنە بەشداربووەكانى حكوومەت گلەيى و گازاندەيەكى زۆريان لە يەك هەيە، لەسەر شێوازى ئەو هاوبەشييەى كە حكوومەتى هەرێمى لەسەر پێكهێندراوە، ئەو یەکڕێزيەى كە هەموو لايەكان داواى دەكەن پێويستە بەو دادگەرييە هەیە کە دەبێ لە بژێوى ژيان و دەسەڵاتى تەواوى تاكەكانى كۆمەڵگە هەبێت، پێويست حكوومەت حكوومەتێكى هاووڵاتى بێت، نەك ستەم لەسەر هاووڵاتى زياد بكات، بێگومان ئەو يەكڕێزييە هەموومان داواى دەكەين، دەبێت لەسەر حيسابى دادگەرى بێت، لەسەر حيسابى بژێوى و گوزەرانى هاووڵاتى بێت، نەك لەسەر حيسابى دەسەڵاتدار و كۆمەڵێكى فەرمانڕەوا، هاووڵاتيان بچەوسێنێتەوە، ئەوەش ناوبنێت يەكڕێزى و تەبايى.
ــ وەك ئێوە ئاماژەت پێكرد لە كۆبوونەوەش باسى لێكراوە، كۆمەڵى دادگەرى پێیواەیە ئێستا هيچ پاساوێك ماوە، بۆ ئەوەى كە لێبڕينى مووچە بەردەوام بێت؟
فاروق عەلى: لەگەڵ زيادبوونى نرخى نەوت و ئەو رێككەوتنەى كە لە نێوان هەرێم و بەغدا كراوە، لەسەر بوودجە و رێكخستنى داهاتە ناوخۆييەكان و رێكخستنى خاڵە سنوورييەكان، بە بۆچوونى ئێمە و تەواوى هاووڵاتيان و لايەنە سياسييەكان هيچ بەهانەيەك نەماوە، بۆ لێبڕين و كەمكردنەوەى مووچە، تەنانەت دەبێ قسە لەسەر ئەو پاشەكەوتەى مووچەش بكرێت، كە لەماوەى رابردوو لە هاووڵاتيان بڕاوە كەس نازانێت چارەنووسى چى دەبێت، بۆيە بە ديدى ئێمە دەكرێت ماوەيەك چاوەڕوان بكرێت، كە چەندە دەچێتە بوارى جێبەجێكردن، چونكە هەندێك پێيانوايە مەرج نييە لايەنى بەغدا پابەند بێت بەو رێكکەوتننامەوە، بەتايبەتى كە هەڵبژاردن لە ئارادايە، پێ دەچێت هەڵبژاردنەكە لە وادەى خۆيدا بكرێت، ئەگەرى ئەوە هەيە بە شوێن پاساوێكەوە بگەڕێن بۆ ئەوەى رێككەوتننامەكە جێبەجێ نەكرێت، بەڵام تا ئەو كاتەى كەوا جێبەجێ دەكرێت، پێمان وايە هيچ بەهانەيەك نييە بۆ كەمكردنەوەى مووچە و چاكنەكردنى بژێوى و ژيان و گوزەرانى هاووڵاتيان، بۆ رێكنەخستنى سيستەمى بەڕێوەبردن لە هەرێمى كوردستان، ئەگەر لە ئێستاش ئەوە چاك نەكرێت، ئەوە پێموايە لايەنە بەشداربووەكانى حكومەتى هەرێم بەرپرسيار دەبن لە بەردەم هەڵوەشاندنەوەى ئەو حكومەتەى كە ئێستا ناوى كابينەى نۆيەمە.
ـ ئەگەر لايەنەكان بەرپرسيار بن لە لێبڕينى مووچە، وەك كۆمەڵ خۆتان چە لەو كۆبوونەوانە، چە لەرێگەى پەرلەمانەوە، چە لە ڕێگەى ميدياوە فشارتان كردووە، بۆ ئەوەى سستەمى لێبڕيينى مووچە لەسەر موچەخۆران هەڵبگيرێت، لەكاتێكدا ئێستا پەرلەمانتاران باس لەوە دەكەن داهاتەكە لەسەرووى ترليۆنەكە، واتە: سەد مليارى لە موچەش زياتر دەبێت، بەبێ ئەوەى كە رێکكەوتنيش لەگەڵ بەغدا بكەن، خۆتان فشارتان كردووە؟
فاروق عەلى: هەڵوێستى كۆمەڵى دادگەرى هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستێكى روون و ئاشكرابووە، ئەوكاتەشى كە لە كابينەى هەشتەم بەشداربوو، نەيارى ئەو كەمكردنەوەى مووچە بوو، نەيارى پاشەكەوتنكردنى مووچە بوو، بە ئێستاشەوە پێمان وايە چيتر بەهانەيەك نيە بۆ لێبڕينى مووچەيە، زۆر بەڕاشكاوانە.
ــ هيچ فشارێكتان كردووە لەسەر ئاستى پەرلەمانى؟
فاروق عەلى: لە ئاستى پەرلەمان بەڕاشكاوى، لەو ميدیايەى كە تۆ كارى تێدا دەكەيت و لە بەرنامەكانى خۆت لە هەڵوێستە سياسيەكان لە لێدوانى بەرپرسانى كۆمەڵى دادگەرى بەردەوام جەخت لەوە كراوەتەوە، كە چيتر سەردەمى كەمكردنەوە و لێبڕينى مووچە لە ژێر هەر ناوێكەوە بێت نەماوە، پێويستە ئەو مووچە و بوودجەيەى دێتە بەردەست حكوومەتى هەرێم بەشێوەيەكى دادگەرانە دابەشى بكەن، ئێستاش هەموو لايەك دڵنيا دەكەينەوە، ئەوەى كە دێتە بەردەستى بەرپرسانى حكوومەتى هەرێمى كوردستان لە لايەن حكوومەتى ناوەندەيەوە لە داهاتى خاڵە سنوورييەكانەوە، لە داهاتى ناوخۆوە، لە فرۆشتنى نەوتەوە پێمانوايە ئەگەر بە شێوەيەكى دادگەرانە و رێك و پێك دابەشبكرێت بەسەر هاووڵاتیيان لە مووچەش زياد دەبێت، بەشى پەرەپێدانى پارێزگاكان و خزمەتگوزاريش دەكات.
سەرۆکى هەرێم سوپاسى تەواوى نوێنەرانى هەرێمى كوردستان کرد، بەتەواوى فراكسۆن و ليستە جياوازەكان، كە رۆڵيان هەبوو لە تێپەڕاندنى بوودجە، هەموو ئەو لايان رۆڵى كاريگەرييان بينى.
ــ وەكو ئەوەى كە لە كۆبوونەوەى سەرۆكايەتى هەرێم باسى رێكکەوتنى هەرێم و بەغدا كرا، ئێوە وەك كۆمەڵ ئەو رێككەوتنە بە باشە دەبينن، ياخود لەسەر ئاستى پەرلەمانى عێراق نوێنەرانى ئێوە ئەركى خۆيان جێبەجێكردووە بەرامبەر بە موچەخۆران و خەڵكى كوردستان لە ياساى بودجەى عێراق؟
فاروق عەلى: يەكێك لەو خاڵانەى كە لە كۆبوونەوەى ئەمرۆ ئاماژەى پێكرا، سوپاسکردنى تەواوى نوێنەرانى هەرێمى كوردستان بوو، بەتەواوى فراكسۆن و ليستە جياوازەكان، كە رۆڵيان هەبوو لە تێپەڕاندنى بوودجە، هەموو لايەنەکان رۆڵى كاريگەرييان بينى و سوپاسیكردن بە تەواوى نوێنەرايەتيەكان و بەتايبەتيش ليژنەى دارايى. پێمانوايە ئەگەر هيچ خاڵێكى گرنگى نەبێت بە ياسايى كردنى فرۆشتنى نەوت بۆ خۆى ئەوە خاڵێكى گرنگە، لە كۆبوونەوەكە جەخت كرايەوە، بەڵام پێويستە ئەو بەياساييكردنە رەنگدانەوەى لەسەر واقيعى هەرێمى كوردستان هەبێت، شەفاف بێت، هەموولايەنەكان ئاگاداربن كە نەوتەكە چۆن دەفرۆشێت و نرخەكەى چييە، پارەكەى بۆ كوێ دەچێت و لەكوێ سەرف دەكرێت.
ــ بەڵام وەك هاوپەيمانى هيواش لە بەغدا بە دياريكراوى كە كۆمەڵيش لە ناوى دا، پێتانوايە نوێنەرانى ئێوە بە ئەركى خۆيان هەستاون بەرامبەر بە موچەخۆران، هەروەها بەردەوام پشتگيرى ئەوە دەکەن كە ئاسايی بوونەوەك هەبێت لە نێوان هەرێم و بەغدا و مووچە و مافەكانى خەڵكى هەرێمى كوردستان؟
فاروق عەلى: ئێمە هەولى هيچ لايەنێك بە ناديدە نەگرين، بەڵام لە ناو هەموو لايەنەكان هاوپەيمانى هيوا رۆڵێكى كاريگەرى هەبووە، هەر لە كاتى خۆشيدا سوپاس كران، بەتايبەت كۆمەڵى دادگەرى زۆر بەراشكاوانە سوپاسى هەڵوێستەكانى كردن، بەوەى كە ئەوان رۆڵى باشيان بينى، بەتايبەتى كە نوێنەرەكانى هاوپەيمانى هيوا لە ليژنەى دارايى زۆر لێبڕاوانە جەختيان لەسەر بەشكى هەرێمى كوردستان دەكردەوە لە بوودجە، پێشموايە زۆربەى خاڵەكان كە ئەوان داكۆكيان لێكرد و هەموارييان كردەوە لەبەرژەوەندى هاووڵاتيانى هەرێمى كوردستان بوو، لەبەرژەوەندى ئەو پشكە بوو كە بۆ هەرێمى كوردستان دياريكرا، بۆيە بەدڵنياييەوە سوپاسكران و رۆڵيان بەرز نرخێندرا و بەرز دەنرخێندرێت، هەتاوەك ئەو سايە جێبەجێ بكرێت رۆڵى ئەوان لاى ئێمە وەك كۆمەڵى دادگەرى بەرز دەنرخێندرێت، وە لە لاى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستانيش ئەندامانى هاوپەيمانى هيوا رێزيان دەگيرێت و رۆڵەكەيان بەرز دەنرخێندرێت.
ــ وەك ئەوەى كە جەخت لە چاكسازى كراوەتەوە، وەك كۆمەڵى دادگەرى لەوەتەى ئەو كابينەيە پێكهاتووە، خەريكە نيوەى تەمەنى دەڕوات، هيچ چاكسازييەكى راستەقينەتان بينيووە، بۆ نموونە لە پرسى نەوت، خاڵە سنوورييەكان، لە بوارى شەفافييەتى داهات، ياخود دۆخەكە خراپتر بووە، ياخود دەبێت چى بكرێت؟ فشار لە كوێوە بكرێت بۆ ئەوەى چاكسازى بكرێت؟
فاروق عەلى: ئەگەر لايەنێكى ئۆپۆزسيۆن ئاگادارى داهات نەبن، لە خەرجى رازى نەبن، لەو چاكسازييەى كە بڕيارى لەسەر درابوو كابينى نۆيەم چاكسازى بكات و كاردانەوەى بەسەر بژێوى هاووڵاتيانەوە هەبێت، بەڵكو لايەنە بەشداربووەكانى كابينەى نۆيەم ئەوانيش نيگەرانن لە ئەدا و بەرێوبردنى كابينەى نۆيەم، لە شێوازى بەڕێوبردنى لە بوارى دارايى لە شەفافييەت لە داهات و خەرجیيەكان دا، لەبوارى ئاساييش، لە بوارى پەيوەندييە سياسى و ديبلۆماسى و سياسيەكان، تەنانەت لايەنە بەشدارەكانيش تا ئەندازەيەكى زۆر خۆزگە بەلايەنەكانى ئۆپۆزسيۆن دەخوازن، ئەوانيش پێيانوايە لە ئۆپۆزیسيۆن زياتر ئاگادارى كاروبارى بەڕێوبردنى دەوڵەت نينە، پێشيانوايە ئەوەى كە هەيە هاوبەشييەكى راستەقينە نييە.
ــ وەك خۆتان پێتان وايە هيچ كراوە لە چاكسازييەكە، بۆ نموونە ئەوانەى بانگەشەى ڕەخساندنى هەلى كارييان دەكرد، شەفافيەت؟
فاروق عەلى: كاتێك دەڵێين شتكراوە، كە لەسەر ئەرزى واقيع بيبينين، ئێمە تا ئێستا بڕينى مووچە دەبينين، نەبوونى ئازادى رادەڕبڕيين دەبينين، گرتنى رۆژنامەنووس و ئەشكەنجەدانى لەسەر ئازادى رادەربڕين دەبينين، تۆمەتباركردنى خەڵكى دەبينين، نا شەفافى لە خەرجى و داهات دەبينين، كەواتە ئەوەى ناوى نراوە چاكسازى هێشتا بوونى نييە، هاووڵاتيان سوودمەند نەبوون لە ژێر سايەى كابينەى نۆيەم، كە بانگەشەى چاكسازى دەكرد.
ــ تەوەرەكى تر پرسى هەڵبژاردنەكان بوو، هيچ بڕيارێك درا بە دياريكراوى، كە هەڵبژاردنەكان چۆن بكرێت؟
فاروق عەلى: لە كۆبوونەوەكە تەنيا باسى ناوچە جێ ناكۆكەكان كرا لە كەركوك و شوێنەكانى تر، ئەگەر كورد لەوێ تەبا نەبێت، يەك ليست نەبێت، ئەو پێگەيەى كە هەيە لەوێ لەدەستى دەدات، ساڵەهاى ساڵ بوو كەركوك هۆكارى شكستپێهێنانى دانووستانى رێكەوتننامەكان لە نێوان كورد و حكوومەتى ناوەند، ئەگەر ئێستا كورد بۆخۆى تەبا نەبێت، بە يەكپارچەيى نەگەڕێتەوە بۆ كەركوك، ئەوە ژمارەى كورسييەكان لە كەكركوك لە دەست دەدات، كە لەدەستى دا كەواتە كەركوك لە دەست دەچێت، بۆيە باشترين چارەسەر بۆ لەدەستنەدانى كەركوك و ناوچە جێ ناكۆكەكان ئەوەيە كە كورد بتوانێت يەك ليست بێت، لەو ليستە كێ دەردەچێ و كێ دەرناچێت گرنگ نيیە، گرنگ ئەوەيە كورد نوێنەرايەتى خۆى بكات لەكەركوك، بەڵام لەسەر ئاستى هەرێمى كوردستان قسەيەكى وا نەكرا، كە چۆن بچينە ناو هەڵبژاردنەكانەوە، لەبەر ئەوەى ژمارەى كورسيەكان لە هەرێمى كوردستان ديارە.
ــ لە بارەى كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و شنگال و ناوچەكانى تر نەينەواش هيچ بڕيارێك درا، ياخود هەر تەنيا قسەكردن بوو، ياخود بڕيارێك هەبوو؟
فاروق عەلى: تەنيا قسەبوو، پێدەچێت لەپاش ئەو كۆبوونەوەيە وەفدى سەرۆكايەتیى هەرێم سەردانى حیزب و لايەنە سياسييەكانە بكات، لەوێ راوێژى زياتر بكرێت لەسەر كاروبارى ئاييندە، بەتايبەتى لەوانەيە بير لەوە بكرێتەوە ئەنجوومەنێكى هاوبەش دروست بكرێت، بۆ ئەوەى پرسە نەتەوەيى و نیشتمانييەكان لەو ئەنجوومەنە تاوتوێ بكرێت و قسە و باسى لەسەر بكرێت.
ــ ئەى لەسەر ئاستى كوردستان، هيچ هەوڵێك هەيە، ياخود كۆمەڵ خۆى ئامادەكردووە بۆ هەڵبژاردن؟
فاروق عەلى: ياساى ئەمجارەى هەڵبژاردنەكان بە جۆرێكە، لە بەرژەوەندى ليستە گەورەكانە، ئەگەر لايەنە سياسيەكانى تر هەوڵى دروستكردنى هاوپەيانى تر نەدەن، بەلاى كەم هەوڵى هەماهەنگى نەدەن لەگەڵ يەكتردا، پێ دەچێت تا ئەندازەيەكى زۆر چانسى نوێنەرايەتييان نەبێت لە بەغدا، بۆيە باشترە بۆ لايەنە سياسيەكانى تر، بەدەر لە پارتى و يەكێتى، چونكە ئەوان تا ئەندازەيەكى زۆر بەهۆى بوونى هێز و دەسەڵات، بەهۆى بوونى هێزى ئەمنى، بەهۆى بوونى ئابوورييەكى باش لەبەردەستيانە، لەوانەيە ئەوانە هۆكاربن بۆ ئەوەى جارێكى تر بتوانن ساختەكارى بكەن و كورسيەكان لەبەرژەوەندى خۆيان مسۆگەر بكەن، بەڵام لايەنە سياسيەكانى ديكە، ياساى هەڵبژاردن لەسەر واجبكردوون، كە پێويست بەوە دەكات لەبەر بوونيان لە بەغدا، لەبەر ئەوەى كە تەنيا پارتى و يەكێتى نوێنەرايەتى خەڵكى هەرێمى كوردستان نەكەن، قەيرانەكان لەبەردەم هەرێمى كوردستان زياتر نەكەن، پێويست بەوە دەكات بير لە هاوپەيمانيەتى بكەنەوە، بەلایەنى كەم بير لە هەماهەنگى بكەنەوە، هەماهەنگييان لە نێوان هەبێت، كە سنوورەكان دابەش بكەن، بۆ ئەوەى هەموويان نوێنەرايەتيان هەبێت، ئەو نوێنەرايەتيەى كە ئێستا هەيە وەك هاوپەيمانى هيوا پێكهێندراوە، بەدەر لە يەكێتى و پارتى، بتواندرێت هاوپەيمانييەتێك دروست بكرێت، كە نوێنەرايەتى خەڵكە ناڕەزاييەكە بكا لە هەرێمى كوردستان، پێموايە بە قازانجى هاووڵاتيانى هەرێمى كوردستان تەواو دەبێت، بەرژەوەندى حیزب و لايەنە سياسيەكانى دەرەوەى پارتى و يەكێتى لەوەدايە بير لەو هەماهەنگى و هاوپەيمانييە بكەنەوە.
هەموو لايەنە سياسیيەكان كۆكبوون، لەسەر ئەوەى دەبێ ئەو رێككەوتنامەى كە لە نێوان هەرێم و بەغدا كراوە بچێتە بوارى جێبەجێكردنەوە.
ــ كۆمەڵ وەكو خۆى، ئامادەيە بۆ ئەوكارە؟
فاروق عەلى: كۆمەڵ بەردەوام هەوڵى داوە ئامادەيى دەبڕێت، شتى نەفسى و شەخسى نەخوێنێتەوە، ئێستاش سەرقاڵى وتوێژو قسەكردنە لە ئاستى كەسەكان و لايەنە سياسيەكان، بەهيواى ئەوەين بتوانين قبوڵى يەكتر بكەين، سازش بۆ يەكتر بكەين باشترە بۆ ئەوەى هەموومان نوێنەرايەتيمان هەبێت، نەك پێداگرى بكەين لەسەر بەشى خۆمان دوايى نەتوانين هيچ لايەكمان نوێنەرايەتيمان نەبێت، كۆمەڵ ئامادەى ئەو وتوێژانەى هەيە، پشتيوان بەخواى گەورە رۆژى شەمە ئێمە كۆبوونەوەيەكى گشتيمان هەيە، لەو كۆبوونەوە گشتیيە ئەندامانى ئەنجومەنى سەركردايەتى و ئەندامانى ئەنجوومەنى دامەزرێنەران تێيدا بەشدارن، قسە و باس لەسەر چۆنيەتى هەڵبژاردنەكان و هەماهەنگى و دروستكردنى هاوپەيمانى و هەماهەنگى لەگەڵ لايەنە سياسيەكان دەكەين.
ــ وەك ئەگەرى بەهێز، كۆمەڵى دادگەرى لەبەردەم دوو ئەگەر دايە، يا خۆى بە تەنيا، يا لەگەڵ لايەنەكانى دەرەوەى پارتى و يەكێتى؟
فاروق عەلى: ئێمە لە هاوپەيمانييەوە لەگەڵ لايەنەكانى دەرەوەى يەكێتى و پارتى دەست پێ دەكەين، ئەگەر توانيمان بگەينە هاوپەيمانێتى باشە، ئەگەرنا هەماهەنگ بين، ئەگەرنا كۆمەڵى دادگەرى بڕيارى داوە هەرچۆن بێت، بەشدارى لەو هەڵبژاردنە بكات، متمانەشمان هەيە كە بە پشتيوانى خواى گەورە و ئەو جەماوەرەى كە ساڵەهاى ساڵە لە ئەداى نوێنەرەكانى كۆمەڵى دادگەرى بينيووە و لێيان رازيە ئەو متمانە بەدەست بێنينەوە، نوێنەرانمان جارێكى تر بچنەوە بەغدا.
ــ بەڵام وەك كاتەكەى كەم نەماوە بۆ هاوپەيمانيەتى، ئێستا درەنگ نييە؟
فاروق عەلى: بۆ هاوپەيمانيەتى پێم وايە (17-4)كۆتا وادەيە، بۆ تەسليمكردنى ناوەكان، بەڵام (1-5) كۆتا وادەيە، بۆ پێشكەشكردنى هاوپەيمانيەتى، نزيكەى (22) رۆژێك ماوە، ئینشاءالله ئەوەى كە مەبەست بێت و بەرژەوەندى هاووڵاتيان بێت تێيدا بێتە دى.
ــ وەك كانديد ئێوە ئامادەسازيتان كردووە، لەناوخۆى حزب؟
فاروق عەلى: كۆمەڵى دادگەرى خەڵكانێكى جەماوەرى هەيە، خەڵك لە ئەدايان رازييە، پێموايە ئەوان كۆمەڵى دادگەرى كانديديان بكات، بيانكاتە نوێنەرى خۆى بۆ هەڵبژاردنەكان، ئەو خەڵكانەش لە ماوەى رابردوو تا ئەندازەيەكى زۆر كاريگەرييان هەبووە، چە لە ئاستى پەرلەمانى كوردستان، چە لە ئاستى پەرلەمانى عێراق، چە لەناوخۆى هەرێمى كوردستان، بۆيە خەڵكێكى زۆرمان هەيە كانديديان بكەين.
ــ كانديدى باشتان ئامادە كردووە؟
فاروق عەلى: بەڵێ بێگومان كانديدى باشمان ئامادەكردووە.
سەرچاوە: پەیامtv
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment