جەعفەر ئیمینکى: لە کوێ گرفتێک هەبێ نێچیرڤان بارزانى ئامادەیە بۆ چارەسەرى میدیا

نوچەنێت:

جەعفەر ئیمینکى ئەندامى مەکتەبى سیاسییى پارتى دیموکراتى کوردستان لە دیمانەیەکەدا لە (11-4-2021) لەگەڵ رووداو، ئاماژە بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەى کوردستان و عێراق دەکات و لە بارەى سەردانیکردنى سەرۆکى هەرێمى بۆ بەغدا دەشڵێت، هەوڵەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و هەوڵى لایەنە سیاسییەکان  دەبێ زیاتر چڕبکرێتەوە، وە زیاتر ئاراستە بکرێن بۆ ئەوەى پێگەى هەرێمى کوردستان و پێگەى کورد بە گشتى لە بەغدا  لاواز نەبێ.

 

دەقى دیمانەى جەعفەر ئیمینکى ئەندامى مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان:

ــ لەدیمەکانى دوێنێ خۆشتان بینیووتە، لە وێنەکاندا دیارە کە پەیوەندییەکى زۆر باش لە نێوان سەرۆکى هەرێمى کوردستان و مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق دا هەیە، هەر لە تەوقەکردن و باوەشکردن و وەستانیان پێکەوە، پێشتریش مستەفا کازمى لە چاوپێکەوتنێکدا باسى لەوە کردبوو، کە ئەو نێچیرڤان بارزانى بە هاوڕێى نزیکى خۆیى و وەکو براى خۆى دادەنێت، ئەم پەیوەندییە تا چەند کاریگەرى هەبوو لەسەر پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا، وە لە مەسەلەى پەسندکردنى یاساى بودجە؟

جەعفەر ئیمنیکى: کاریگەرییەکى ئێجگار زۆرى هەبووە چونکە سروشتى کاک نێچیرڤان بارزانى خاکییە و زۆر بڕواى بە پەیوەندییەکان و کەسى بەرامبەر هەیە، وە ئەو خۆى کە جووڵە دەکات بە قەناعەتەوەیە و جیهانبینینێکى ڕوونى هەیە، تا ئەو کاتەى دەگاتە لایەنى بەرامبەر زۆر بابەت هەر لەخۆرایى چارەسەر دەبن. کازمى-یش خۆى کەسێکى ئەرێنێ بووە، وە پێش ئەوەى ببێتە سەرۆک وەزیران پەیوەندییەکى باشى لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەبووە، بەڵام زۆر زۆر متمانەى بە کاک نێچیرڤان بارزانى هەیە، ڕادەبەدەر متمانەى پێى هەیە، وا لە قەڵەم دەدات کە بەختى عێراق و هەرێمى کوردستانە، کەسێکى وا لێهاتوو دروست ببێ و بتوانى هەمیشە فاکتەرێکى چارەسەر بێ.

خەمى نێچیرڤان بارزانى ئەوەیە چۆن بتوانین جارێکى تر یەکڕێزى خۆمان تۆکمە بکەینەوە.

لە کوێ گرفتێک هەبێ نێچیرڤان بارزانى ئامادەیە بۆ چارەسەرى، هەتا گرفتەکە پەوەندى بە هەرێمى کوردستانیشەوە نەبێ، بەڵام ئامادەیە و کاریشى کردووە لەسەر ئەو بوارە، یەکێک بوو لە فاکتەرە باشەکان، تەنانەت لە نێوان هێزە سیاسییەکانى سوننە و شیعە، لەو بارەوەش دەستوپەنجەى دیارە.

ــ دێنەوە سەر پەیوەندییە سیاسییەکانى کوردستان، خۆت دەزانى لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا گرژییەکى زۆر هەیە، بەڵام سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەفتەى ڕابردوو توانى کەسى یەکەمى حیزبەکان بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە پێکەوە لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان کۆبکاتەوە، پێتانوایە ئەمانە چە پەیامێک دەگەینەن یاخود چە ئەنجامێکى دەبێ لەسەر دۆخى سیاسى و پەیوەندى باشى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان؟

جەعفەر ئیمنیکى: خەمى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى ئەوەیە چۆن بتوانین یەکڕێزى خۆمان جارێکى تر تۆکمە بکەینەوە، چونکە هەموومان دەزانین بەبێ یەکڕێزى سیاسى، یەکڕێزى گەلى-یش تەواو نابێ، وە یەکڕێزى سیاسى تەواو نەبێ گرفتى تر دێنەپێشەوە، لەبەر ئەوە یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانى سەرۆکایەتیى هەرێم ئەوەیە بە دواداچوونى ئەم بابەتە بکرێت و کردوویانەش. لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان یەکێک لە ئەرکە هەر گرنگەکان کە لەماوەى ڕابردوو بە بەردەوامى بایەخى پێدراوە ئەم مەسەلەیە بوو، کە دیدارى دەورى هەبێ بۆ هێزە سیاسییەکان بۆ سەرۆکى هەرێم، هەڵبەتە ئەوە ناڵێم گەیشتۆتە ئاستى پێویست، بەڵام دەڵێم هەنگاوێکن نابێ بەرەودواوە بچن و دەبێ بەرەپێشەوەبچن، هەنگاوى ئیزافیش لەسەر هەبن، ئێمە باسى کورد و دۆزى کوردمان کرد کە گرنگى لە یەکڕێزى دایە، کە خەمى گەورەى کاک نێچیرڤان بارزانی و لایەنى ترى سیاسیشە، بەڵام خەمى گەورەى ئەوەیە چۆن جارێکى دیکە ڕێزەکانى کورد چۆن بە هێز بێتەو.

سروشتى نێچیرڤان بارزانى خاکییە و زۆر بڕواى بە پەیوەندییەکان و کەسى بەرامبەر هەیە و جیهانبینینێکى ڕوونى هەیە.

ئەگەر تۆ سەردانى فەرەنسا و بەغدا و ئەمەریکا بکەى یان سەردانى تورکیا و ئێران بکەى، پرسیارى ژمارە یەک کە ئاراستەى تۆ دەکرێ ئەوەیە، بارودۆخ ناوخۆى هەرێمى کورستان چۆنە، لەبەر ئەوە هەم لەڕووى تەکتیک هەم هە لەڕووى ستراتیژ زۆر گرنگە ئەم هەنگاوانەى کاک نێچیرڤان بارزانى، کە هەم ئاراستەکەى دروستە وە هەم دڵنیام ئەنجامەکەشى باش دەبێ.

ــ وەک دەزانن بەرەو هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق دەڕۆین، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەیەوێ چى بکات لەسەر ئەو مەسەلەیە بەتایبەى لەسەر یەکڕێزى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بۆ ئەو هەڵبژاردنە، وە ئامادەکارییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکە، وە باس لەوە دەکرێ سەرۆکى هەرێمى کوردستان پڕۆژەیەکى نیشتمانى هەیە لەسەر ئەو پرسە، چییە ئەم پڕۆژەیە؟

جەعفەر ئیمنیکى: ئەوەى من تێگەیشتووم و پێشتریش کە لە بەغدا بووین، لە دواى هەڵبژاردنەکانى (10-10) وە، ئەنجامەکە هەر چۆنێک بێت، بەڵام پێویستى بە تەوافقى سیاسى هەیە، وە ئەو دیموکراسیەتەى لە عێراق پەیڕەو دەکرێ دیموکراسیەتى زۆرینە و کەمینە نییە، دیموکراسیەتى تەوافقیە، کە رێکار و میکانزمى خۆى هەیە، وە ئەم دیموکراسیە تەوافقەى ئێمە باسى دەکەین، پێویستى بە چەترێکى سیاسى گەورەتر هەیە، بچووک و گەورەى نییە هەمووى پێکەوە لەبن ئەم چەترە بن، لەبەر ئەوە بۆچوونى وا لە بەغداش هەیە، کە ڕەنگە کۆنگرەیەکى نیشتمانى نەک زۆر فراوان، بەڵام پێویستییەکى نیشتمانییە، کۆنگرەیەکى وا ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەى لاپەڕەیەکى نوێى بکرێتەوە، بۆ گشت لایەنە سیاسییەکان، وە ئەو تەوافقەى جاران کە وەک مۆدێلێک بووە بۆ عێراقییەکان لەدەستمان داوە، جارێکى تر بگەڕێنەوە ئەو بۆ تەوافقە، بۆ ئەوەى نە کورد و سوننە خۆیان بە پەراوێزخراون لە قەڵەم بدەن، نە شیعەش سووربى لەسەر ئەوەى کە باڵا دەستى خۆى لەڕووى ژمارەیى بسەپێنێ.

ئەم کۆنگرەیە پێموایە پێوستى بە نزیکبوونەوەى متمانەى زیاترى لایەنە سیاسییەکان هەیە بۆ ئەوەى دەستبەکار بێت، چونکە بچیە کۆنگرەیەک ئامادەکارى باشى بۆ نەکەى ڕەنگە ئەنجامەکە وەکو پێویست نەبێت. 

ــ زۆرجار گلەیى لە پارتى دیموکراتى کوردستان دەکرێ بەوەى کە بە جیا لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەن، بەتایبەى لەسەر مەسەلەى هەڵبژاردن، لایەنە سیاسییەکان باس لەوە دەکەن کە پارتى لەلایەک باسى یەکڕیزى لایەنە سیاسییەکان دەکات لەلایەکى دیکە لە بەغدا خەریکى دروستکردنى هاوپەیمانییەتى و بەرژەوەندى حیزبەکەى خۆیەتى، ئێوە چى دەڵێن لەسەر ئەو بۆچوونە؟ 

جەعفەر ئیمنیکى: ئەمە لەڕووى ڕووکەشەوە ڕەخنەیەکە لە جێگەى خۆیدایە، بەڵام ئەوەى لە سیستەمى تازەى هەڵبژاردن تێبگات، کە ئێمە وەکو پارتى دیموکراتى کوردستان دژى ئەم سیستەمە بووین، ئەوەى لەو سیستەمە تێبگات دەزانێ ئەم سیستەمە سیستەمى هەڵبژاردنى ڕێژەیى نییە، واتە دەستى حیزبەکانى کردەوە کە هەر حیزبێک بۆخۆى ئیش بکات، لەبەر ئەوەى بازنەیە تۆ ناتوانى هاوپەیمانى لەناو بازنەکان بکەى نەک تەنها لە هەرێمى کوردسان، لە نێوان سوننە و شیعەش هەمان گرفت هەیە، سەبارەت بە ئێمەى کورد ڕاستە زیانی ئێمە کەمترە لەلایەنى تر، بەڵام تەداخولێکى زۆر لە ناوچە شیعى و سوننەکان هەیە، لەبەر ئەوە ئەم سیستەمە بە نیسبەت ئێمە ئەوا گونجاو نییە، بۆیە تۆ ناچارى خۆت بگونجێ لەگەڵ سیستەمێکى ئەوهادا، دەچى لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا گفتوگۆى سیاسى دەکەى، بەڵام ماناى ئەوە نییە تۆ بتوانى هاوپەیمانى دروست بکەى.

ــ واتە سەردانى ئێوە بۆ بەغدا تەنها پەیوەندى بەوە هەیە کە یاساى هەڵبژاردنەکان گۆڕانکارى بەسەردا هاتووە؟ بۆچى لەگەڵ حیزبەکانى تر ئەم کارە ناکەن؟

جەعفەر ئیمنیکى: خۆى پێشتر لەگەڵ حیزبەکانى تر چووینەتە بەغدا، بەڵام لەم دواییانە هەستمان پێکرد لە بەغدا تیمەکان مەبەستم فراکسیۆنى پارتییە، هەستمان دەکرد پێویستیان بە نزیکبوونەوەیەکى ئێمە هەیە لەگەڵیان لەبەر ئەوە ئێمە چووین، دواتریش لێتان ناشارمەوە و با بەڕاشکاوانە قسان بکەین، هەستمان بەوەش کرد کە لە هەرێمى کوردستان هەندێ هێزى سیاسى گەمە بە قەزیەى کوردى دەکات لە بەغدا.

مستەفا کازمى لە ڕادەبەدەر متمانەى بە نێچیرڤان بارزانى هەیە، واى لە قەڵەم دەدات ئەوە بەختى عێراق و کوردستان کەسێکى وا لێهاتوو دروست ببی و بتوانى هەمیشە فاکتەرێکى چارەسەر بێ.

ــ لە چە ڕووێکەوە؟

جەعفەر ئیمنیکى: هەوڵ هەیە بۆ لاوازکردنى هەرێمى کوردستان، بۆ دروستکردنى دوو ئیدارەیى، بودجەى کوردستان، کە بودجەى هەرێمێکە ناکرێت بکرێتە بودجەى پارێزگایەک، هەستمان بە شێوەک لە شێوەکانى ئەوەى پێیدەڵێن موئامەرە و پیلان کرد کە لەسەر هەرێمى کوردستان، لەبەر ئەوەى ئەو دیدارانەى کە ئەنجاماندا وەک پارتى دیموکراتى کوردستان، لە پێناو ئەوە بوو کە ئێمە دژى هیچ هێزێکى کوردستانى ئەم کارەمان نەکردووە و خزمەتى کوردستانمان کردووە، پارتى هەر بۆ ئەوە دروستبووە، ئێمە تەنها دروشمێکى سیاسى  نین، پارتى هەر لە دروستبوونى تاوەکو ئێستا خاوەن قەزییە، ئیمانى بە قەزیەى کوردیى هەیە، وە خۆى بە تەواوکەرى لایەنە سیاسییەکانى تر دەزانێ.

ــ لە چاوپێکەوتنێکى پێشووتر باست لەوەکرد کە ئێوە نزیکن لە سەدەرییەکان بۆ هەڵبژاردن و گفتوگۆکردن، ئێستاش بەمشێوەیە ماوەتەوە و گەیشتوونەتە چە قۆناغێک لە گفتوگۆکانتاندا؟

جەعفەر ئیمنیکى: بەڵێ بەمشێوەیە ماوەتەوە و متمانەیەکى باش هەیە، هەم لەنێوان سەرۆک مسعود بارزانى و سید موقتەدا سەدر، هەم لە نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و ڕەوتى سەدر، متمانە و لێکتێگەشتنى باش هەیە، بۆ هەنگاوانەى ماون ئێمە چاوەڕێى شاندێکى باڵاى هەیئەى سیاسى ڕەوتى سەدرین بێنە هەرێمى کوردستان، وە هەردوولامان ئامادەین موزەکیرەیەکى لێکتێگەیشتن و هەماهەنگى ئیمزا بکەین، ئەمە بە داخراوى نامێنێتەوە، بەڵکو کراوەیە بۆ لایەنى دیکەى سیاسى هەم کوردى هەم سوننى و شیعى، بەڵام دەستپێخەریەکە بەحکوومى تێگەیشتنى ئێمە و ئەوان، ناکرێت هەمووان لەماڵى خۆیاندا دانیشن و پەیوەندییەکان بە ڕێگەى میدیاکان دروست بکەین، بەڵکو دەبێ هەنگاوى کردارى هەبێ، وە ئەو هەنگاوە کرداریانەش ئێمە وامان بینى کە ئەوانیش پەرۆشى ئەوەبوون هەنگاوێک بەو ئاراستەیە ئەنجامى بدەین. 

ــ دواین پرسیار لەسەر کۆنگرەى پارتى دیموکراتى کوردستان، ئایا لە کاتى خۆیدا بەڕێوەدەچێ یاخود هیچ پێشنیازێکتان هەیە بۆ دواخستنى، باس لەوە دەکرێ بە هۆى کۆرۆناوە ڕەنگە دوابخرێت؟ 

جەعفەر ئیمنیکى: کۆرۆنا گرفتێکى زۆر گەورەی ئینسانى و جیهانییە، نازانین چى بەسەر دێت و تەشەنەى کردووە، وە کاریگەرى هەبووە لەسەر ئامادەکارییەکانى ئێمە بۆ کۆنگرە، بەڵام جارێ کاتمان ماوە، هچی شتێکى تازەمان نییە، هەر ئەوەى پێشتر ڕاگەیاندراوە کاتەکە هەر ئەوەیە، بەڵام دەزانین تەشەنەکردنى ڤایرۆسى کۆرۆنا، کاریگەرى هەبووە لەسەر ئامادەکارییەکانى ئێمە بۆ کۆنگرە.

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە